ساڵێکی تر لەسەر بەستێنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“
ئـەلف– نافەرمانی مەدەنی بەهێزتر دەبێت،
١– ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، هێشتاکەش کاریگەرترین فاکتەرە لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا، سیاسەت، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگ و ئابووری وڵات. ئەوانەی کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی ڕووکەش هەڵدەسەنگێنن، باس لە دامرکانەوەی ئەو بزووتنەوەیە دەکەن. بەڵام لە شەڕی بەشێنەیی و هەنگاو بە هەنگاوی نێوان خەڵک و حکومەتی فاشیستی و کۆنەپەرستی ئیسلامیدا، ئەوە بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنین کە ئاراستەی ڕەوتی ڕووداوە جۆراوجۆرەکان دیاری دەکەن. لە هەناوی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری، پۆشینی جلوبەرگی دڵخواز لەلایەن ژنانی ئازادیخوازی وڵاتەوە بۆتە بابەتێکی جێکەوتوو. ڕووخساری شەقامەکان، خواردنگەکان، پارک و شارەکانی وڵات، هۆڵەکانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆنی عەتری پرچی پەرێشانی ئەو کچ و ژنانەی گرتووە کە بەردەوام دڕکی چاوی کۆنەپەرستانی دەمارگرژ و دژە ژن بوون. هەموو هەوڵی ئەم توێژە دواکەوتوو و کۆنەپارێزە لە ساڵی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی لایحەی پەسەندکراوی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی “حیجاب و عیفاف“، شکستی هێناوە. لە کۆتایی ساڵیشدا کە ٢٠٩ کەس لە نوێنەرانی ٤ لەسەدی مەجلیس خوازیاری جێبەجێکردنی ئەم یاسا پەسەندکراوە بوون، سەرۆک کۆمارەکەیان ڕایگەیاند کە لەو فەزایەی ئێستای کۆمەڵگادا ئیمکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بوونی نییە. ئەم لێدوانە، نیشانەی شکستی بە تەواو مانای دەسەڵاتە لە بواری سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ دا. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا سەرەڕای بەخشینەوەی پارە لە ٢٧ دامەزراوە و ناوەند و ڕێکخراو بەمەبەستی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، ئێستا لەگەڵ کۆمەڵگایەک بەرەوڕوو بوونەتەوە کە سیاسەتەکانی ئەوان قبووڵ ناکات و لە بەرامبەریدا، نافەرمانییەکی مەدەنی و شۆڕشێکی مەدەنی بەربڵاوی وەرێخستووە.
٢– ئەم بزووتنەوە بەردەوام و کۆمەڵایەتییە، تەنها لە چوارچێوەی خەبات لە پێناو جلوبەرگی دڵخوازدا قەتیس نەماوە. خەباتی ئێستای کۆمەڵگا بە پێشەنگایەتی ژنان، کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا وەک گڕکانێک بووە لە ژێر پێی کۆماری ئیسلامیدا، خەبات لە دژی جیاکارییە فرە ڕەهەندە سەپێندراوەکانی لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامییەوە پەرەپێداوە و هەماهەنگی کردووە. خەبات بۆ یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان لە ناوەندەکانی کار و بنەماڵەدا، خەبات لە دژی جیاکارییە نەتەوەیی، ئایینی، فەرهەنگییەکان و هەروەها خەبات لە پێناو مافی پەلکەزێڕینەکان و “ئێل جی بی تی“ەکان، یەکێکی ترە لە بوارەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی. هاوپشتی خەباتی نەتەوەیی نەتەوە ژێردەستەکان لەگەڵ خەباتی بەشەکانی تری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەندووە. فەرهەنگی ئیسلامی ماتەمینی و ڕێوڕەسمە ئایینیەکان، چیتر هیچ گوێی لێ ناگیرێ و زۆربەی هەرەزۆری نەوەی گەنج ئەو کولتوورە سەپێنراوەی ڕژێمیان ڕەت کردۆتەوە. فشاری دەسەڵات لەسەر کەسایەتییە ناسراوەکانی بواری مۆسیقا، سینەما و هونەر، نیشانەی قووڵایی و بەرفراوانیی ئەم بزووتنەوەیە و هاوپشتی و هاوخەباتی ئەوانە. بەرهەمهێنانی فیلمە کۆمەڵایەتییەکان و گرینگی نەدان بە ڕێوشوێن و بەربەستی کۆنەپەرستانەی دەسەڵات لەلایەن سینەماکارانی وڵاتەوە، بەڵگەیەکی جێگای شانازییە بۆ هونەری بە دەروەست و هونەری بەرگری. ئەم هونەرە بە دەروەست و جەماوەرییە لە ساڵی ڕابردوودا، گەلێک دەستکەوتی بەرچاو و گرنگی لەخۆی بەجێهێشتووە. مۆسیقای ئێرانیش هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا دەستکەوتی بەرچاوی هەبووە. کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەم بوارە، لەوانە تۆماج ساڵحی، مەهدی یەراحی، پەرەستوو ئەحمەدی، هیوا سەیفی زادە، بیتا سادقیان و دەیان کەسایەتی تر، بزووتنەوەی نافەرمانی مەدەنییان بە مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی، زیندوو ڕاگرتووە.
٣– بزووتنەوە بەردەوامە ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ڕابردوودا تەنها بە ئازادیخوازی و دەستکەوتە کولتووری و مەدەنییەکان ڕانەوەستاون. ئەم بزووتنەوەیە، ڕۆچووەتە ناو قووڵایی کۆمەڵگاوە و سیمایەکی دیکەی بە بزووتنەوە داواکاری تەوەر و چینایەتییەکان بەخشیوە. بە درێژایی ساڵی ڕابردوو شایەتی خەباتی بەربڵاوی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، زیانلێکەوتووانی دارایی، خانەنشینان و پەراوێزکەوتوان بووین. ئەوەی لەم بوارەدا زیاتر دەتوانرێت لەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە ڕەوتی خۆڕێکخستن و پەرەسەندنی هاوپشتی. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، سەرەڕای سەرکوتی زۆر و توندوتیژ، بەدواداچوون و لێپرسینەوە، هەڵپەساردن، زیندان و دوورخستنەوەی زۆرەملێ و نەخوازراوی هەڵسووڕاوانی پیشەیی، مامۆستایان، هەروا بەهێز و ڕێکخراو درێژە بە خەباتی پیشەیی خۆیان دەدەن. بزووتنەوەی پەرستارانیش لە ساڵی ڕابردوودا، ئەزموونی بەرچاویان لە خەباتی ڕێکخراوی خۆیان بەجێهێشتووە و دەسەڵاتیان ناچار کردووە بەشێک لە داواکارییەکانیان قبووڵ بکات. کرێکارانی بەشی پیشەسازی و بەرهەمهێنانیش سەرەڕای نیگەرانی لە ئەگەری لەسەرکار دەرکران، شێلگیرانە لە پێناو داواکارییەکانی خۆیاندا خەباتیان کردووە و بەردەوام لە هەوڵی ڕێکخستنی خۆیاندا بوون. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە بەڵگەیەکی جێگای شانازییە بۆ بزووتنەوەی سەندیکایی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینی. خاڵی هەرە گرنگ لە خەباتی داواکاری تەوەردا، بریتییە لە پەرەسەندنی هاوپشتی و هاوخەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری. هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی ئەم هاوپشتییە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لەم نێوانەدا. لە هەلومەرجی هەژاریی لەڕادەبەدەری ژنانە، لە هەلومەرجێکدا کە تەنانەت کارکردنیش، ڕێگایەک نییە بۆ ڕزگاربوون لە چنگ هەژاری، ژنان، وەک کرێکار، مامۆستا، پەرستار، خانەنشین، ژنانی ماڵدار و نیشتەجێی پەراوێزی شارەکان و ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە، ئاڵاهەڵگری خەباتی داواکاری تەوەر بوون و هەن. بەشێکی بەرین لە ژنان، لە زومرەی هەژارترین بەشی چینی کرێکارن کە بە حەقدەستێکی کەم و بەبێ بەهرەمەندبوون لە یاساکانی کار، خەریکی کارکردنن. هەروەها بەشێکی زۆر لە ژنانی کرێکار لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکاندا دەژین. ئەم ژنانەن کە ئابووری بنەماڵەکەیان بەڕێوە دەبەن و لە پێناو بەڕێوەبردنی ژیانی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەدا، باری قورسی نەداری و هەژاری تەحەمول دەکەن. ئەوانن کە بە ئێسک و پێستەوە فشاری هەڵاوسان، گرانی و بێ بەهابوونی دراوی وڵات، هەست پێ دەکەن. بە واتایەکی تر بزووتنەوەی ژنانی ئەمڕۆی ئێران چیتر بزووتنەوەی توێژی دارا و دەوڵەمەند و چینی مامناوەند و خۆشبژێو نییە. ئەم بزووتنەوەیە ڕۆچووەتە قووڵایی کۆمەڵگاوە و خەبات لەپێناو ئازادی لەگەڵ خەبات لەپێناو ناندا لێک گرێدراوە. ئەمە لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی نیشانداوە و یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا.
٤– ساڵی ڕابردوو دەبێت بە ساڵی خۆڕاگریی درەوشاوەی ئەو ژن و پیاوە خەباتکارانە دابنرێت کە سەرەڕای سەرکوتی فاشیستی و هەوسارپچڕاوانەی دەسەڵات، ئاڵای خۆڕاگرییان لە ئەشکەنجەگا و زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرز ڕاگرتووە. سەرکوتی فاشیستی، تەنها چەکی دەسەڵاتە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەیەکی کە تا قووڵایی کۆمەڵگای گرتۆتەوە. دەستگیرکردنی بەربڵاوی هەڵسووڕاوانی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، هەڵسووڕاوانی پیشەیی کرێکاری، مامۆستایان و پەرستاران، ژینگەپارێزان، داکۆکیکارانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی وڵات، خوێندکارانی وشیار و خەباتکار، بیرجاوازانی ئایینی و غەیرە ئایینی و هەروەها پەلکەزێڕینەکان و «ئێل جی بی تی»ەکان، ئاکامەکانی ئەم سەرکوتە هەوسارپچڕاوانەی دەسەڵاتدارێتی ئایینییە. بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ زاڵکردنی فەزای ترس بەسەر کۆمەڵگادا و بێ سەرکردنی بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، زیندانەکانی سەرانسەری وڵات بوونەتە گۆڕەپانی خۆڕاگریی بەرچاوی زیندانیانی سیاسی و ئەقیدەتی. مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە زیاتر لە ٣٣ زیندان، ناڕەزایەتی بنەماڵەی زیندانیانی زیانە کۆمەڵایەتییە مەحکومکراوەکان بە ئێعدام، ناڕەزایەتی بەربڵاوی زیندانیانی سیاسی دژ بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ٣ ژن و ٥٤ پیاوی زیندانی سیاسی و بزووتنەوەی بەهێزی دادخوازی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بزووتنەوەی “نا بۆ لەسێدارەدان” و “هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان“ی کردۆتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان. بەرزکردنەوەی دروشمی “زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت” ئێستا بووەتە دروشمێکی هەمیشەیی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خانەنشیناندا.
٥– یەکێکی تر لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی جەماوەریی لە ساڵی ڕابردوودا، بریتی بووە لە تێپەڕین لە هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست کە ئیدیعای ڕێبەرایەتی خەڵک دەکەن و ئاراستەکردنی قۆناغی ڕاگوزەر بە مافی خۆیان دەزانن. ئەم دۆخە لە ساڵی یەکەمی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا کە میدیا گشتییە ئیمپریالیستییەکان هەوڵێکی بەربڵاویان ڕێکخست بە مەبەستی دروستکردنی ئاڵتەرناتیڤ، زۆر بەرچاو بوو. ئەم هەوڵە پڕتێچووەی دەسەڵاتخوازان، لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ نەکرا. گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە ساڵی ڕابردوودا، ڕەوتی ڕیسوایی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و پشتبەستوو بە دەسەڵاتە دەرەکییەکانی هەرچی زیاتر بەرجەستە کرد. لە ساڵی ڕابردوودا، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، چ سەڵتەنەتخوازان و موجاهیدین و چ پڕۆژە وەرگرانی لایەنگری گۆڕینی ڕێژیم، بە پشتگیری لە تاوانە دژە مرۆییەکانی دەوڵەتی ڕاست و ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ لە کۆمەڵکوژی خەڵکی فەلەستین و هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ لە پرسی زۆرترین گوشار و چڕکردنەوەی گەمارۆ دژە مرۆییەکان بۆ سەر خەڵکی ئێران، نیشانیان دا لە کوێی مێژوودا وەستاون. ئەوان سەلماندیان لە سبەی ڕۆژی دوای کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لەوەی کە داکۆکیکاری داواکاری و بەرنامە دێموکراتیک و ئازادیخواز و یەکسانیخوازانەی خەڵک بن، بیر لە دەسەڵاتی خۆیان دەکەنەوە تەنانەت لە ئەگەری گەمارۆی بەربڵاوتر لە دژی خەڵک و بۆمبارانکردنی شارەکانی ئێرانیش. ئەوان ئێستا ئیتر نەک هەر داکۆکی لە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ناکەن، بەڵکوو بانگەشەی دروشمی جێگرەوەی دڵخوازی خۆیان دەکەن. سەڵتەنەتخوازان تەنانەت دروشمی مەجلیسی دامەزرێنەر واتە مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی جۆری سیستەمی جێگرەوە و داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی سیستەمی نوێشیان وەلاناوە. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە نێوان بەرنامەکانی خۆیان و داواکارییە ڕوونەکانی جەماوەردا، هیچ وێکچوون و نزیکییەک نابینن. ئەواننەخوازیاریئازادییەبێشەرتومەرجەسیاسییەکانن،نەدیفاعلەدێموکراسیبەتەواومانادەکەن،نەڕوویەکیخۆشبەدروشمەکانیوەکخوێندنوتەندروستیبێبەرامبەرو
دەستەبەری کۆمەڵایەتی تەواو و گشتگیر نیشان دەدەن و نە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان و یەکێتی خۆبەخشانەی ئەوان لە ئێراندا داکۆکی دەکەن. بە کورتی ئەوان باڵی خۆجێیی دەسەڵاتە پاوانخوازە دەرەکییەکانن. گرنگی نەدانی خەڵک بەم هێزانە و جەختکردن لەسەر هێزی خودی خەڵک لە چوارچێوەی ڕێکخراو و ئۆرگانە جەماوەرییەکاندا، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ساڵی ڕابردوودا.
ب– دەسەڵات لەبەردەم داڕمان و داماویدا
١– دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە “یەکدەست کردنی دەسەڵات” لە ساڵی ١٤٠٠دا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە “هەنگاوی دووەمی شۆڕشی ئیسلامی“یان بە هێزەوە هەڵگرتووە و کۆمەڵگایان هێناوەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. بەڵام سەرهەڵدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە خەرمانانی١٤٠١ و بەردەوامبوونی لە ساڵی دواتردا نیشانی دا کە ئەم هەڵسەنگاندنەی دەسەڵات چەندە پووچ و بێ بنەما بوو. نافەرمانی مەدەنی بەربڵاو و خۆڕاگریی بەردەوام و ڕوو لە گەشەی جەماوەر، بەرپرسانی سەرەکی ڕێژیمی بەتایبەتی دوای بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، سەبارەت بە شکستی سیاسەتی “یەکدەست کردنی دەسەڵات” بە قەناعەت گەیاند. لەسەر بنەمای ئەم هەڵسەنگاندنە، دەزگای ڕێبەری ڕژیم هەوڵی دا کۆتایی بەم سیاسەتە شکستخواردووە بهێنێت و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی حکومەت لەگەڵ خۆی هاوئاراستە بکات. گۆڕینی ئاراستەی ڕێبەری نیزامی ئیسلامی، بە پەسەندکردنی شایستەیی مەسعوود پزشکیان، کاندیدی دڵخوازی ڕیفۆرمخوازان، میانەڕەوەکان و ئوسوولگەراکانی میانەڕەو و هەروەها بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بە کردەوە دەرهات. دەوڵەتی “ویفاقی حکوومەتی” لە نێوان دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی بە ئامانجی پێکهێنانی ڕەزامەندی نێوان بەشێک لە خەڵکی ناڕازی و دروستکردنی کەلێن و دووبەرەکی لە بزووتنەوەی جەماوەریی هاتە مەیدان. ئەوەی که نیگەرانیی دەسەڵاتی هەرچی زیاتر پەرەپێدا، بریتی بوو لە بایکۆتی بەربڵاوی خەڵک هەم لە خولی یەکەم و هەم لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا. تەنانەت لایەنگرانی باڵەکانی سەر بە حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی حکوومەتیش لەڕووی ناچاری، پاسیڤبوون و سەرلێشێواوییەوە، لە هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. بە واتایەکی تر، پاشەکشەی دەسەڵاتداران لە “یەکدەست کردنی دەسەڵات” و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو “ویفاقی حکوومەتی“، لە بنەڕەتدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا ئاڕاستە و ئامانجی بریتییە لە ڕووخاندنی ڕێژیم، ئەگەرچی پشتبەستووە بە تاکتیکی نافەرمانی مەدەنی. سەرجەم ڕێکار و هەوڵەکانی دەوڵەتی “ویفاقی حکوومەتی” نیشان دەدات کە کاریگەرییەکانی ئەم تاکتیکەی دەسەڵات بە مەبەستی دروستکردنی کەلێن و دووبەرەکی لە ناو بزووتنەوەی جەماوەریدا، بەگوێرەی چاوەڕوانییەکانی ئەوان نەبووە.
٢– دەسەڵاتیکۆماریئیسلامیبۆخۆدەربازکردنلەدەست
خەبات و ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری وەزاڵەهاتوو و بێهیوا لەم ڕژێمە، سیاسەتی پاشەکشەی لە سیاسەتی دەرەوە و چڕکردنەوەی سەرکوت لە ناوخۆی وڵاتی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە. دەسەڵات هیوادار بوو کە بە کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، خوێنێکی تازە بێتەوە ناو دەمارەکانی ئابوورییە داڕماوەکەی و یەکێک لە هۆکارەکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک هەندێک کەمتر بکاتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە دەسەڵات گەیشتۆتە ئەو ئاکامەی کە چونکە لە بەرامبەر بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتی ناوخۆییدا توانای پاشەکشە کردنی نییە، ناچار دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەدا دەست بە پاشەکشە بکات. چڕکردنەوەی سیاسەتی سەرکوت و توندوتیژی ناوخۆیی، لەم هەڵسەنگاندنەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ئاکامی پێچەوانەی بەدواوە بوو. “قووڵایی ستراتیژیکی” ڕژێم کە ساڵانێکی زۆر ملیاردها دۆلار لە سەرمایەی وڵاتی لەپێناویدا خەرج کردبوو، لە ڕەوتێکدا و لە ٧ی ئۆکتۆبەر و هێرشی ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس بە دواوە، بوو بە دۆمینۆی شکستی دەسەڵاتی ئیسلامی. کوشتاری بێبەزەییانەی حکومەتی جینایەتکاری ئیسرائیل نەک هەر خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین و لوبنان، بەڵکوو شکستێکی قورسی بەسەر “میحوەری بەرگری” و حیزبوڵڵاشدا هێنا. سەید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی و زۆربەی فەرماندەکانی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناوبران و لە کۆتاییدا ناچار بە پەسەندکردنی ئاگربەستێک لەگەڵ ئیسرائیل بوون. جگە لەوەش ئەوەی کە ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریا و ئیفلیجبوونی حەشدی شەعبی لە عێراق لە ژێر گوشارە سیاسییەکاندا، بە کردەوە “میحوەری بەرگری“ی تێکشکاند. هاوکات لەگەڵ تێکشکانی “میحوەری بەرگری“، شەڕە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل وەک دوو هێزی ناوچەیی، بوون بە شەڕی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو. شەڕ لە سێبەرەوە بوو بە شەڕێکی دیار و بە ئاشکرا. لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا، پشتیوانی ئاشکرای ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکان لە ئیسرائیل و جینایەتەکانی و هەروەها بێ ئاکام بوونی سیاسەتی ڕوو لە ڕۆژهەڵات، دۆخی کۆماری ئیسلامی هەرچی زیاتر خستە ژێر کاریگەرییەوە. هیوا بە کرانەوە لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئورووپا و ئەمریکا، لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو بووەتەوە. سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا و هاوئاهەنگی ئاشکرای ئەو لەگەڵ سیاسەتەکانی بنیامین نتانیاهۆ و فاشیستە ڕەگەزپەرست و داگیرکەرەکانی ناو دەوڵەتی ئیسرائیل، مەیدانی لە کۆماری ئیسلامی سەختتر کردووە. هەڕەشەکانی ترامپ و چاوەڕوانییەکانی لە ڕژێم و هەروەها دووفاقیی وتووێژ یان بۆمباران، دەسەڵاتدارانی ئیسلامی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە. لە ئەنجامی ئەم دۆخەدا، دەزگای ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی کە پاشەکشە لە سیاسەتی دەرەوە و هاوکات گۆڕینی ئاراستە و شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی گرتبووە بەر بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی جەماوەری، لەگەڵ هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز ڕووبەڕوو بووەتەوە. بە واتایەکی تر، لە شەڕی بە شێنەیی و هەنگاو بە هەنگاوی خەڵک و دەسەڵاتدا، کات بە قازانجی خەڵک و بە زیانی دەسەڵات شکاوەتەوە.
٣– گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوونتربوونەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی، لە پاڵ شکستەکانی ڕژێمی ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەدا، هاوکات لەگەڵ بێتوانایی حکومەت لە چارەسەرکردنی قەیرانە ڕیشەدارەکانی وەک شکست هێنان لە دابینکردنی ئاو، کارەبا، گاز، هەوای پاک، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و هەروەها بێتوانایی ڕژێم لە ڕێکخستنەوەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان، دابەزینی بەهای دراوی وڵات و بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی هەڵاوسان، کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە توندی هێناوەتە لەرزە. ئەم بارودۆخە، قەیرانی ناو بەشەکانی حکوومەت ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەکاتەوە. پێکهاتەی نادێموکراتیک و ناکۆکی ئاشکرا لە نێوان بەشە دەستنیشانکراوەکان و بەشە بە ناو “هەڵبژێردراوەکان” و هەروەها جێبەجێنەکرانی یاسای بنەڕەتی خودی ڕژێم لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا، قەیرانی ناو پێکهاتەی دەسەڵاتی پەرە پێداوە. بەم شێوەیە هەموو هەوڵەکانی دەسەڵات بە مەبەستی دروستکردنی “ویفاقی حکوومەتی“، زۆر زوو لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبێتەوە. ناکۆکی نێوان مەجلیس و دەوڵەت، نێوان باندە مافیاییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، لە نێوان دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ دوو دەسەڵاتەکەی تر و هەروەها ڕۆڵ و پێگەی دەزگای ڕێبەریی لە هەموو بوارەکاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت. جۆرێک لە داڕمان لە سیاسەت داڕشتن و بڕیارەکانی حکوومەتدا بەرچاو دەکەوێت. تەنانەت هەندێک هێما و نیشانە لە ململانێی نێوان باندە مافیاییەکان سەری هەڵداوە. بێهۆ نییە کە عەلی خامنەیی بە درێژایی ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەکی بەردەوام ناچار بووە لەگەڵ لایەنگرانی ڕژێم کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی هێڵە سەرەکییەکان و ئاڕاستەی سیاسەتەکان دیاری بکات و جار جاریش ئاوێک بە ئاگری ناکۆکییەکاندا بکات. واقیعییەت ئەوەیە کە جێگە و پێگەی ئوسوولگەراکان ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێ و پێگەی توندترین باڵی فاشیستی ناو ئوسوولگەراکان بەهێزتر دەبێت. لەم نێوانەدا شایەتی ململانێی نێوان سیاسەتە زۆر توند و فاشیستییەکانی باڵی پایداری، میسباحییەکان و جەلیلییەکانین لەگەڵ ڕیفۆرمخوازان و ئوسوولگەرایانی نوێ و ئوسوولگەرا نەریتییەکاندا. لە بەرامبەردا وا پێدەچێت کە پێگەی ڕیفۆرمخوازان بە نیسبەتی ڕابردوو بەهێزتر بووە. بەشی ڕادیکاڵی ڕیفۆرمخوازان هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ئارام لە یاسای بنەڕەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بن و ئەسڵی ویلایەتی فەقیه لاببەن. لەسەر بەستێنی ئەم گۆڕانکارییانە، توانایی دەسەڵات بۆ بەرەوپێشبردنى سیاسەتێکی ڕوون و یەکدەست، لەگەڵ کێشەی جیددی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
٤– دەسەڵاتی ئیسلامی لە ساڵەکانی ڕابردوودا بە سەدان ملیارد دۆلاری خەرجی بەرنامە ناوەکییە پڕ کێشە و بێ بەرهەمەکەی کردووە. وڵاتێکی کە لەسەر دەریای نەوت و گاز هەڵکەوتووە و خاوەنی ئیمکان و دەرفەتێکی بەرفراوانە بۆ پەرەپێدان بە وزە پاک و نوێبووەوەکان، لەسەر بەرنامەیەکی ناوەکی بێ بەرهەم، سەرمایەگوزاری کردووە. بەرنامەیەکی کە تا ئێستا هیچ کەڵکێکی بۆ وڵات نەبووە. بەرنامەیەکی کە بووەتە هۆکاری سەرەکی گوشارە نێودەوڵەتی و گەمارۆکان بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران. ئێستا بە هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ، دیسانەوە مەسەلەی ناوەکی ئێران بووەتەوە بە بابەتی سەرەکی کێشەکان. ئاشکرایە کە سیاسەتی ترامپ لە بارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران، لە هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ سیاسەتەکانی نتانیاهۆ دایە. دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەوڵدایە بە زەقکردنەوەی مەترسی ئێرانێکی ناوەکی، ئەمریکا بەرەو شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕابکێشێت. ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە کە ئێران بخاتە دۆخێکی هاوشێوەی سووریا یان عێراقەوە. بارودۆخێکی لەو شێوەیە، زەبرێکی کوشندە لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی ئیسلامی و باقی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانەش بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دەدات. ئێستا لەسەر بەستێنی قەیرانە ناوخۆییەکانی دەسەڵات و گوشاری ڕۆژبەڕۆژ زیاتری بزووتنەوە جەماوەرییەکان، کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە بەردەم دووڕێیانی وتووێژ یان بۆمبارانی ترامپ. ئاشکرایە کە سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە ئێران، سیاسەتێکی ئیمپریالیستی و زۆردارانەیە. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین ئەو هێزەی کە ئەم هەلەی بۆ سەرۆک کۆماری فاشیستی ئەمریکا و ئەم زۆرداریەی ناوبراو ڕەخساندووە، بریتییە لە سیاسەتی وێرانکارانە، سەرەڕۆیانە و ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پێویستیان بە هەلومەرجێک هەیە کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی تری جیهان لە پەیوەندیدا بن. گەمارۆ دژە ئینسانییەکان نەمێنن و هەلومەرجێکی ئاسایی لە وڵاتدا پێک بێت. بۆ گەیشتن بە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەش، پێویستە دەسەڵاتی ئیسلامی دەست لە سیاسەتی سەرەڕۆیانە و کۆنەپەرستانەی ئایینی هەڵبگرێت. دەوڵەتی ئێران دەتوانێت و دەبێت لە چوارچێوەی بەڵێننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان پەیوەندی دیپلۆماتیکی هەبێت. تەنها لەم ڕێگایەوەیە کە دەتوانرێت سێبەری شەڕ و بۆمباران لەسەر ئێران دوور بکرێتەوە و بەر بە کردەوە وێرانکارییەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیل بە ڕێبەرایەتی بنیامین نتانیاهۆش بگیرێت.
ج – کۆبەندی و دەرەنجام
بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.
بەرەوڕووبوونەوەی جەماوەر لەگەڵ ڕژێم شێوازێکی تەواو بەشێنەیی و هەنگاو بە هەنگاوی گرتووەتەبەر. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێکارە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی، هەندێک جار لەسەرەخۆ و هەندێک جاریش بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت. بواری خەباتی جەماوەر لە هەنگاوی یەکەمدا خەباتێکی فەرهەنگی، مەدەنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. بە واتایەکی تر ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی گشتی، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. شێوازە جیاوازەکانی ئەم بزووتنەوانە لە ڕێگەی خەبات و ناڕەزایەتییە مەدەنی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و داواکاری تەوەرەکانەوە بە ئاڕاستەی بزووتنەوەیەکی سیاسی هەنگاو دەنێت. لەسەر بەستێنی ئەم شێوازی بەرەوپێشچوونە، ڕێکخراوبوونی جەماوەر تا دێت زیاتر پەرەدەسێنێت.
دەسەڵاتی ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییەدا کە بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی ڕێژیمی ئیسلامی، ناتوانێت ڕاستەوخۆ دروشمی ڕووخاندن بدات، بەڵام جەوهەر و ناوەڕۆکی ئەم ئاخێزە، بزووتنەوەیەکی ڕاشکاوانەیە لە پێناو ڕووخاندندا، ناتوانێت هیچ کارێک بکات. پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی داماوتر لەوەیە کە توانایی بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە ڕادیکاڵ و کۆمەڵایەتی هەبێت.
ئەوەی کە هێشتا بەرەوڕووبوونەوەی بەشێنەیی و هەنگاو بە هەنگاوی خەڵک نابێت بە شۆڕشێکی سیاسی ئاشکرا لە دژی دەسەڵات، بەو هۆیەوەیە کە هێشتا زۆربەی جەماوەر ئاڵتەرناتیڤی دڵخوازی خۆیان لە ئاسۆدا نابینن. جەماوەر بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاوانە ئاڵتەرناتیڤە ڕاست، سەرمایەسالار و پشتبەستوو بە دەسەڵاتە دەرەکییەکانیان ڕەتکردووەتەوە. چاوخشاندنێک بەسەر داواکاری و دروشمەکانی جەماوەری خەڵکی ئێران لە سێ ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدات کە خەڵک خوازیاری ئاڵتەرناتیڤێکن پشت ئەستوور بێت بە ئازادییە گشتگیرەکان، دێموکراسی بە تەواو مانا، دابینکاری پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤایەتی، بە نوێکردنەوەی پێکهاتەی ئابووری لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی زۆرینەی خەڵک.
ئاڵتەرناتیڤێکی لەم شێوەیە تەنها بلۆکێکی بەهێزی سۆسیالیستی دەتوانێت بە کردەوەی دەربێنێت. ئەوەی کە لەلایەن خەڵکەوە لەم شۆڕشە مەدەنییەدا بەرەو پێش دەچێت، جۆرێک لە ڕێکخستنی جەماوەرییە کە ئیمکانی ڕێکخستنی دێموکراسییەکی ڕیشەدار و پشت ئەستوور بە چین و توێژەکانی خوارەوە، هەرچی زیاتر دەستەبەر دەکات. کۆماری ئیسلامی هیچ داهاتوویەکی نییە و گەیشتووەتە لێواری داڕمان و ڕووخان. لەمڕووەوە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە وشیارییەوە خەریکی بنیاتنانی بنەماکانی دێموکراسین لە کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی لە سبەینێی دوای کۆماری ئیسلامیدا، کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، دێموکراتیک، سێکولار، فێمینیستی و پشت ئەستوور بە ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری بنیات بنێن.
بڕووخێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
پێنج شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بەرامبەر بە ١٣ی مارسی ٢٠٢٥