هه‌واڵنێری ڕۆیتێر ڕۆژی شه‌ممه 31 ژانویه، به‌رانبه‌ر به 11 ڕێبه‌ندان نووسیو‌یه‌تی:گه‌مارۆی بانگی ناوه‌ندی و به‌ناچار به‌ر‌ته‌سک بوونه‌وه‌ی کاروباری بانکی ئێران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بۆته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌کا‌رانی دانه‌وێله بۆ ئێران له خاڵی کردنی باری که‌شتیه‌کانیان له به‌نده‌ره‌کان خۆ ببوێرن". هه‌ر به‌پێی ئه‌م هه‌واڵه 10 که‌شتی که باره 400 هه‌زار تۆنیه‌که‌یان گه‌نم و باقی دا‌نه‌وێله‌کانی دیکه‌یه به‌م هۆیه‌وه له به‌نده‌ره‌کاندا ماونه‌ته‌وه و هیچ بانگێک ئاماده نییه به‌ڵگه‌ی ئیعتیباری باوه‌ڕ پێکراو بۆ هه‌نارده‌کاران ده‌ربکات.
به‌ڵگه‌ی ئیعتیباری به‌لێنێکه که هه‌ربانگێک به کڕیار و فرۆشیار قه‌راردادێک ده‌دات و له چوارچێوه‌ی ئه‌ودا، به‌ڵێنده‌درێ بڕه پوڵێکی که کڕیار ده‌بێ بیدات، له سه‌ری وه‌ختی خۆیدا بدرێت به فرۆشیار.
هه‌واڵی ڕاگیرانی ئه‌و 10 که‌شتیه تازه له‌سه‌ر سایته‌کان بڵاو کرابۆوه که نان سه‌نگه‌کی 500 تمه‌نی له هه‌ندێک له شوێنه‌کانی تاران گه‌یشته 1000 تمه‌ن.
گه‌مارۆکانی ئه‌مدواییه‌ی ئامریکا و یه‌کێتی ئوروپا، وه‌ک گه‌مارۆکانی پێشوو، له سه‌ر ئاستی ژیانی کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش کاردانه‌وه‌ی بووه و ده‌یبێت. له ئێران‌دا نان خۆراکی سه‌ره‌کی سێ له‌سه‌ر چواری خه‌ڵک پێکدێنێ. به تایبه‌تی توێژی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا زۆر به‌که‌می ده‌ستیان به مادده‌ی خۆراکی وه‌ک شیره‌مه‌نی و گۆشت و میوه و سه‌وزی و خۆراکی پڕۆتۆئیندار ڕاده‌گات. هه‌ربه‌م هۆیه‌وه ئه‌وان ناچارن لانی که‌م مه‌وادی پێویستی جه‌سته‌ییان له ڕێگای مه‌سره‌فی نانه‌وه دابین بکه‌ن.
دوای بڕینی یارانه‌ی سووته‌مه‌نی و گه‌نم له ساڵی ڕابردودا نرخی یه‌ک نان سه‌نگه‌کی گه‌یشته 500 تمه‌ن. ڕژیم له‌وکاته‌دا وتی ئه‌مه ده‌بیته هۆی باشتر بوونی که‌یفیه‌تی نان که ڕاست به پیچه‌وانه شکایه‌وه. چه‌ند مانگ له‌وه پیش وه‌زیری بازرگانی دانی به‌وه‌دا نا که که‌یفیه‌تی نان له ڕابردوو خراپتر بوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ڕژیم ئه‌وکات وتی که به‌هۆی هه‌رزانی نرخی ئاردی یارانه‌یی خه‌ڵکی ئێران چه‌ندین به‌رابه‌ری دانیشتوانی باقی وڵاتانی دیکه نان مه‌سره‌ف ده‌که‌ن و 35 له‌سه‌دیشی خه‌سار ده‌که‌ن و فڕیی ده‌ده‌ن. ئه‌مه ئیدیعایه‌کی درۆ بوو. ده‌فته‌ری ئاماری وه‌زاڕه‌تی که‌شاوه‌رزی ئامریکا ساڵێک له‌پێش ئه‌وه‌دا واته له‌ساڵی 1388 هه‌تاوی، سه‌رانه‌ی مه‌سره‌فی گه‌نم له ئێرانی له ساڵدا 194 کیلۆ ڕاگه‌یاند. هه‌رله‌م ساڵه‌دا به ته‌رتیب دانیشتوانی وڵاتانی ئوستڕالیا، ڕووسیه، تورکیه، کانادا، ئۆکڕاین و ئه‌لجه‌ایر سه‌رانه‌ی مه‌سره‌فی گه‌نمیان له خه‌ڵکی ئێران زیاتر بووه. له‌حاڵی حازردا خه‌ڵک به سه‌پاندنی بێ به‌شی به‌سه‌ر خۆیان و مناله‌کانیاندا مه‌سره‌فی ئه‌م خۆراکه‌شیان که‌م کردۆته‌وه. ئێستا مه‌سره‌فی سه‌رانه‌ی نان له ئێران له‌ساڵدا 190 کیلۆیه.
به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی نان سه‌نگه‌کیه‌ک بۆ نزیک به هه‌زار تمه‌ن له به‌شێک له شوێنه‌کانی تاران ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که نانه‌واخانکان که نان به پێی ده‌ستوراتی ده‌وڵه‌تی ده‌فرۆشن دیسانیش که‌یفیه‌تی بێننه خواره و مادده‌ی زیانهێنه‌ری زیاتر ئاوێته‌ی نانه‌کانیان بکه‌ن. هه‌ر له ئێستاشدا به هۆی ئاوێته‌کردنی مه‌وادی زیانهێنه‌ره‌وه نه‌خۆشی گوارشی و به‌دخۆراکی له نێو توێژی که‌م داهاتدا په‌ره‌ی گرتوه.
دیاره گه‌مارۆی ئابوری ئاسه‌واره ڕه‌وانیه‌کانی ته‌نیا به‌سه‌ر نرخی نانه‌وه نییه. نرخی باقی پێداویستیه‌کانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکیش به شێوه‌ی ڕۆژانه چۆته سه‌ره‌وه و ده‌چێته سه‌روه. به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو هه‌ر له‌م ڕؤژانه‌دا نرخی هه‌ر کالایه‌کی مه‌سره‌فی لانی که‌م 10 له‌سه‌د و 100 له‌سه‌د به‌رز بۆته‌وه. له پاڵ شه‌پۆلی گرانیی ئه‌م دواییه‌دا و دواکه‌وتنی دانی یارانه نه‌غدیه‌کان و یان لابردنی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌م یارانه‌یه دۆخه‌که‌ی بۆ ژماره‌یه‌کی زۆر له بنه‌ماڵه‌کان ئاڵۆزتریش کردوه.
كاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی و ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی وێرای خه‌تابارکردنی ئامریکا و یه‌کێتی ئوروپا سه‌باره‌ت به‌م بارودۆخه داوای له دانیشتوانی شاره گه‌وره‌کان کرده‌وه بچنه‌وه بۆ دێهات و شاره بچوکه‌کان. به‌ر له‌هه‌ر شتێک ئاشکرایه، که گه‌ڵاڵه‌ی کۆنه‌په‌رستانه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ دێهاته‌کان كه‌مترین شانسی سه‌رکه‌وتنی نییه و که‌سیش ئه‌مه به جیددی ناگرێت. بۆ نموونه دانیشتوانی تاران له‌به‌رچاو بگرین، چۆن مومکینه دانیشتوانی ئه‌م شاره گه‌وره‌یه شوێنی کار‌و ژیانی خۆیان به‌ره‌و دێهات و شاره بچوکه‌کان به‌جێبێڵن؟
هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌ی که ده‌بیندرێت به‌رین بوونه‌وه و به‌رده‌وامی گه‌مارۆ ئابووریه‌کان ده‌بێته هۆی ئاوسان و گرانی و توند بوونه‌وه‌ی ڕه‌وه‌ندی بێکار کردنه‌کان و وه‌زعێکی فه‌لاکه‌تبارتر به‌سه‌ر کرێکاران و خه‌ڵکی هه‌ژار و ده‌سته‌نگی ئێران دا ده‌سه‌پێنێ و شک له‌وه‌دانیه که ئه‌گه‌ر ئاگری شه‌ڕێکیش هه‌ڵگیرسێ دۆخێکی کاره‌ساتبارتر به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌سه‌پێ.
به‌رین بوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌کان و هه‌ڕه‌شه‌ی نیزامی ئه‌و ماجاله به ڕژیمی ئیسلامی ده‌دات تا به بیانووی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی فه‌زای زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا نیزامیتر و پۆلیسی تر بکات، گرتن و زیندانی کردنی هاڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان درێژه پێبدات و که‌ش و هه‌وای ترس و وه‌حشه‌ت له کۆمه‌ڵگادا په‌ره پێبدات. له حاڵێکدا که به‌بێ به‌کرده‌وه ده‌رهاتنی گه‌مارۆکانێش قه‌یرانی ئابووری له ئێران ژیان و به‌ڕێچوونی خه‌ڵکی خستبوه ژێر گوشاره‌وه، درێژه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌کان ئه‌و بواره بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خۆشده‌کات تا عه‌وامفریوانه هێزه خاریجیه‌کان به سه‌به‌بکاری سه‌ره‌کی گشت هه‌ژاری و فه‌لاکه‌ته ئابووریه‌کان بناسێنێ، ڕووی نفره‌ت و بێزاری خه‌ڵک بکاته هێزه ڕۆژئاوایه‌کان و تاڕاده‌یه‌ک خۆی له‌ژێر گورزی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک دوور بگرێت.
به هۆی قه‌یرانی ئابووری سه‌رمایه‌داری ئێرانه‌وه، که گه‌مارۆ نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش کاری کردۆته سه‌ر ئاست و توند بوونه‌وه‌یان، هه‌ر ئێستا 35 ملیۆن که‌س له دانیشتوانی ئێران و به‌تایبه‌ت مناڵان له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری به‌ته‌واوه‌تیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. شه‌پۆلی نوێی گرانی و ڕوو له چوونه سه‌ره‌وه‌ی نرخه‌کان به خێرایی ئه‌م ئاماره ده‌باته سه‌روه. ئه‌م بارودۆخه بواره‌کانی گه‌شه و به‌رین بوونه‌وه‌ی خه‌باته کرێکاری و جه‌ماوه‌ریه‌کانی خۆش کردوه.
سه‌رانی کۆماری ئیسلامی له هه‌مانحاڵدا که گه‌ڵاڵه‌ی کۆنه په‌رستانه‌ی به‌جێهێشتنی شاره‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ دێهاته‌کانی هێناوه‌ته پێشێ به‌باشی ئاگاداری ئه‌وه‌ن که خه‌ڵک گه‌لێک رێگاچاره‌ی دیکه‌شیان له‌به‌ر ده‌مدایه. یه‌کێک له‌م رێگاچارانه خۆڕێکخستن و توندکردنه‌وه‌ی خه‌بات دژبه ڕژیمه که زیاتر له 30 ساڵی ته‌واو هه‌وڵیداوه خه‌ڵکی ئێران له ڕێگای سه‌رکوتی هه‌مه‌لایه‌نه، خورافاتی مه‌زهه‌بی و جێ خستنی فه‌رهه‌نگی دواکه‌وتوانه‌وه به‌چۆکدا بێنێ. خه‌باتی ڕۆژانه‌ی کرێکاران و به‌ربه‌ره‌کانێی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان پیشانده‌ری ئه‌م ڕاستیه‌یه که پیلانی سه‌رکوتی ڕژیم نه‌یتوانیوه کرێکاران و خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئیران بترسێنێ.
له‌حاڵێکدا که ماشێنی سه‌رکوت و ده‌زگای فریو و درۆی ڕژیم ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتر کاریگه‌یه‌کانی له ده‌ست ئه‌دات، کرێکاران و خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئێران ده‌زانن ده‌بێ به ده‌رس وه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌کانی خه‌باتی تا ئێستایان و ده‌رس وه‌رگرتن له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و ئاخێزه شۆڕشگێڕانه‌کان له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شومالی ئافریقا، ڕیزه‌کانی خۆیان یه‌کگرتووتر و پته‌وتر بکه‌ن. ته‌نیا به پاڵپشتی ڕێکخراوبوون و به هێزی خه‌باتی یه‌کگرتوانه‌یه که ده‌توانن به‌ربه ده‌ست درێژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسه‌ر ئاستی ژیانی خه‌ڵک بگرن و ئامراز و پێداویستیه‌کانی ڕووخاندنی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن.




