لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتار | با له‌به‌رانبه‌ر كوشتاری كرێكارانی كۆمپانیای نه‌وت له‌عێراق بێ ده‌نگ نه‌بین

با له‌به‌رانبه‌ر كوشتاری كرێكارانی كۆمپانیای نه‌وت له‌عێراق بێ ده‌نگ نه‌بین

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font

به‌پێی راپۆرته‌كان، ئێواره‌ی رۆژی جومعه‌ ١٣ی مانگی دێسامبری ٢٠١٣ دوو مینی بوسی هه‌ڵگری كرێكارانی نه‌وت كه‌ به‌ره‌و مه‌نده‌لێ ده‌ڕۆیشتن، له‌نزیك ئاوایی "مه‌حمو زیدانی خه‌لف" له‌رێگای "نه‌وتخانه‌ی-مه‌نده‌لی" له‌ده‌وروبه‌ری شاری خانه‌قه‌ین له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستدڕێژی گولله‌. به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ١٩ كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداو ٧ كرێكاری دیكه‌ش بریندار بوون. له‌نێو كرێكاره کوژراوە‌كاندا، ١٦ كه‌سیان كرێكارانی ئێرانی بوون كه‌ له‌به‌شی ته‌عمیری لوله‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن شیركه‌تی گازی ئێرانه‌وه‌ دامه‌زرابوون و ٣ كه‌سی دیکەیان خه‌ڵكی عێراقن. به‌وته‌ی به‌رپرسی پۆلیسی ناوچه‌ی خانه‌قه‌ین له‌وتووێژ له‌گه‌ڵ سایتی "خه‌ندان"، به‌چه‌كی "بی كه‌ی سی" هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر ئەو كرێكاران و كۆمه‌ڵكوژ كراون و ته‌رمه‌كانیان بۆ پزیشكی قانونی گواستراوه‌ته‌وه‌. هه‌واڵنێریه‌كانی حكومه‌تی ئێران، له‌وانه‌ "ئیلنا" ژمارەی  كرێكارانی کوژراوی ئێرانی له‌و هێرشه‌دا ١٦ كه‌س و ژماره‌ی بریندار بووانی ٨ كه‌س راگه‌یاندووه‌. كوشتاری كرێكاران چ له‌لایه‌ن كه‌سانی چه‌كداری نه‌ناسراوه‌و، چ له‌لایه‌ن ترۆریسته‌كانی ئیسلامی و چ به‌هۆی نائه‌منی شوێنی كار و نه‌بوونی یاسای كار كه‌ له‌سه‌ره‌تایی ترین مافی کرێکاران داکۆکی بکات، به‌تایبه‌ت كرێكارانی كۆچبه‌ر له‌عێراق و له‌به‌شی له‌حاڵی گه‌شه‌ی ئەم وڵاته ،واته ‌كوردستان ، بووه‌ به‌شتێكی ئاسایی و رۆژانه‌.

ئێواره‌ی سێ شه‌ممه‌ ١٩ی مانگی سه‌رماوه‌زیش چوار كرێكاری ئێرانی له‌دوو رووداوی جیاجیای گازگرتووییدا، له‌"هه‌ولێر و سلێمانی" گیانیان له‌ده‌ست دا. سێ كه‌س له‌و كرێكارانه‌ كه‌ له‌پڕۆژه‌ی بیناسازی "ده‌شتی به‌هه‌شت" له‌نزیك هه‌ولێر كاریان ده‌كرد،  به‌هۆی گازی خه‌ڵوزه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. به‌پێی راپۆرتی سایتی "ئاوێنه‌" له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زایینیه‌وه‌ تا ئێستا، لانیكه‌م ٦٥ كرێكار له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌زۆربه‌یان كرێكاری كۆچبه‌رن، به‌هۆی نائه‌منی شوێنی كار گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. چالاکانی هەلسووراوی بواری بزوتنەوەی کرێکاری رێژەی کرێکارانی گیانبختکردوو به هۆی نائەمنی شوێنی کار ٨٥کەس باسدەکەن . هه‌روه‌ها ده‌یان كرێكاری دیكه‌ش به‌هۆی رووداوی شوێنی كار، كه‌م ئه‌ندام بوون. كرێكارانی كه‌م ئه‌ندام، به‌هۆی به‌هره‌مه‌ند نه‌بوون له‌كه‌مترین ئیمكاناتی ده‌رمانی، خزمه‌تگوزاری و دابین نەبوونی ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌هه‌ر چه‌شنه‌ بیمه‌یه‌ك بێبه‌ش كراون، ئه‌وه‌ له‌حاڵێكدایه‌ كه‌زۆربه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ نان هێنەری  بنه‌ماڵه‌ن و پاش لە کارکەوتوویی لە شوێنی کار، ده‌بێ تا كۆتایی ته‌مه‌نیان ژیانێكی پڕ له‌ژان و ئازار و به‌كه‌م ئه‌ندامیه‌وه‌ تێپه‌ڕ بكه‌ن.

كرێكارانی كۆچبه‌ری ئێرانی كه‌ به‌حه‌قده‌ستی كه‌متر له‌كرێكارانی خۆجێی، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی شوێنی گونجاو بۆ نیشته‌جێ بوون و به‌كه‌مترین ئیمكاناتی ته‌ندروستی و ژیان له‌وڵاتی عێراقی نائه‌من و شه‌ڕلێدراو و به‌شی سه‌قامگیرتری ئەم وڵاته، واته‌ كوردستان به ناچاری مل به‌كاری مه‌ترسیدار و دژوار دەدەن، خۆیان قوربانیانی ده‌ستی جه‌نایه‌تكارانی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ئێرانن كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی كار و دابین نه‌بوونی ژیان و به‌ڕێوە نەچوونی گوزەرانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان ناچار به‌كۆچكردنی بۆ وڵاتانی دراوسێ، له‌وانه‌ عێراقی نوقمی شه‌ڕ و كوشتار دەبن تا به‌ڵكوو پاروه‌ نانێك بۆ درێژه‌ی ژیان له‌جه‌هه‌نه‌می ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به‌ده‌ست بێنن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی زۆر له‌ئێران كه‌ چاوەروانی به‌دابین كردنی ژیانی خۆیان له‌لایه‌ن سه‌رپه‌ره‌ستی بنه‌ماڵه‌ له‌كوردستانی عێراقن‌، هه‌موو مانگێك چه‌ندین بنەماڵه له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ری بێ گیانی ئازیزانی خۆیان له‌وانه‌ باوك، براو نان هێنەری بنه‌ماڵه‌ به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌ كه دەبنه ‌قوربانی شوێنی كاری نائه‌من یان كوشتار به‌ده‌ستی جه‌نایه‌تكاران و گروپه‌ تیرۆریست و مرۆڤ كوژەکان له‌عێراق. ئه‌و جینایه‌تكارانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجی نامرۆڤانه‌ی خۆیان له‌هیچ جینایه‌تێك سڵ ناكه‌ن. كرێكارانی كۆچبه‌ری ئێرانی له‌عێراق یان له‌كوردستانی عێراق، له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌ قوربانی بێكاری، سته‌م، سه‌ركوت و چاره‌ڕه‌شیه‌كن كه‌كۆماری ئیسلامی ٣٤ ساڵه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێراندا، به‌تایبه‌تی چینی كرێكار و تووێژی كه‌م داهات و بێبه‌شی كۆمه‌ڵگادا سه‌پاندوویه،‌ كه‌ناچار ده‌بن ئا‌وه‌ها شوێنی ژیانی خۆیان بۆ به دەست هێنانی پاروه‌ نانێك به‌جێ بێڵن. كرێكارانی كۆچبه‌ر دواتر، قوربانی قازانجپه‌ره‌ستی و چه‌وساننه‌وه‌یه‌ك دەبن كه‌سه‌رمایه‌دارانی كورد و عه‌ره‌ب له‌كوردستانی عێراق و له‌گشت عێراق له‌هێزی كاری هه‌رزان و كه‌م ته‌وه‌قوعی ئەوان كه‌ به‌هیمه‌تی كۆماری ئیسلامی هاوپه‌یمانیان،پێشکەشیانکراوه، ئه‌وپه‌ڕی سوئیستفاده‌ ده‌كه‌ن. هه‌ژاری داسه‌پێندراوی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر چینی كرێكاری ئێران، هێزی كاری هه‌رزان و خاموشی خستووه‌ته‌ به‌رده‌ستی چینی سه‌رمایه‌داری عێراق و كوردستان و وڵاتانی دراوسێی، كه‌ هه‌موو رۆژێك له‌وپه‌ڕی بێ به‌زه‌ییدا قوربانیان لێ ده‌گرێت و سه‌رمایه‌دارانی میواندار، كه‌مترین به‌رپرساریه‌تیه‌ك وه‌ئه‌ستۆ ناگرن. زۆرترین كۆشكه‌كانی رازاوه‌و به‌وته‌ی خه‌ڵكی عێراق و به‌تایبه‌تی له‌به‌شی كوردستانی "گه‌ڕه‌كی فێرعه‌ونه‌كان، به‌هه‌شتی شار، گوندی ئاڵمانی، گوندی ئیتالی و هیتر" له‌نێو دڵی شارەکانی  سلێمانی، هه‌ولێر، دهوك و شوێنه‌كانی دیكه‌، به‌رهه‌می چه‌وساننه‌وه‌ی تووندو هه‌رزانی هێزی كاری چینی كرێكار، به‌تایبه‌تی هێزی كاری شاره‌زا و حرفەای هه‌رزانی كرێكارانی ئێرانیه‌ كه‌جه‌نایه‌تكارانی ئیسلامی به‌سه‌پاندنی به‌ملیۆن كرێكاری بێكار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێراندا، ٤٨٥ هه‌زار تمه‌ن حه‌قده‌ستی مانگانه‌ی كرێكاری له‌سه‌ركار به‌ ٥ یان ٦ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌وه‌، ئه‌گه‌ریش كارێك په‌یدا بكات، ٤٠ له‌سه‌د ئاوسان و له‌سه‌دا ٦٠ی ژیانی ژێر هێڵی هه‌ژاری و ده‌یان بابه‌تی سته‌م و چه‌وساننه‌وه‌ی دیكه‌ به‌سه‌ر چینی كرێكار و خه‌ڵكی سته‌مدیتووی ئێران؛ باشترین و گه‌وره‌ترین خزمه‌تی كۆماری ئیسلامی، به‌دۆستان و هاوپه‌یمانانی ئیسلامی له‌ودیوی سنووره‌كان و له‌خاكی عێراقه‌. هه‌روه‌ها ناردنی كچانی كه‌م ته‌مه‌نی ئێران بۆ شێخنشینه‌كانی خه‌لیج و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی یه‌كێك له‌ بەرهەمەکانی "هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی" بۆ ‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێرانه‌. هەروەها هەنارەکردنی هێزی كاری هه‌رزانی چینی كرێكار بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێرانیش كه‌ تا ئێستا به‌قیمه‌تی قوربانی بوونی ده‌یان و سه‌دان كه‌س له‌كرێكاران ته‌واو بووه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌به‌ره‌كه‌ته‌كان و خزمه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌رمایه‌ی جیهانی و ناوچه‌یی به‌ئه‌ژمار دێت.

له‌وڵاتی شه‌ڕلێدراوی عێراقدا، هه‌ر خزمه‌تكار و به‌رپرسێكی سوپاو ئیداری ئەم وڵاته له‌رۆژی رووناكدا به‌ده‌یان ماشێنی هێزی چه‌كدار و جاروبار به‌هێلیكوپتێر سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن و پارێزگاریان لێده‌كرێت. به‌ڵام ده‌یان كه‌س له‌شه‌ریفترین مرۆڤه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌، كرێكار، پسپۆڕ و شاره‌زاو كه‌سانێك كه‌گشت سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌می كار و زه‌حمه‌تی ئه‌وانه،‌ له‌شه‌وداو له‌نێو دوو مینی بووسداو له‌ناوچه‌ی شه‌ڕلێدراودا، به‌بێ كه‌مترین پارێزگاری ئه‌منیه‌تی ده‌نێردرێنه قه‌تڵگای تیرۆریسته‌كان و كه‌سیش به‌رپرس و وەڵامدەرەوە نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر كام له‌كرێكارانی گیانبه‌ختكردوو ده‌ ده‌قیقه‌ یان نیو سه‌عات دەرەنگتر له‌شوێنی كاره‌كایه‌دا ئاماده‌ بن، ده‌یان جار له‌لایه‌ن خاوه‌نكار و نوێنه‌ره‌کانیەوه لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر كوشتاری ئه‌واندا و بنه‌ماڵه‌ بێ سه‌رپه‌ره‌ست و داغدارەکانیاندا، بێ گومان كه‌س وڵامده‌ره‌وه‌ نییه‌و به‌رپرساریه‌تی ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی بكوژان؟! گومانی تێدانییه‌ ئه‌و تاوانبار و ئینسان کوژانەی كه‌ئێواره‌ی رۆژی جومعه‌ به‌ره‌وڕووی كرێكارانی بێ دیفاع و ماندوو له‌كار، چه‌كیان كێشاو ئه‌وانیان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌، بكوژ و جه‌نایه‌تكار و هۆكاری مردنی ئه‌و ١٩ مرۆڤه‌ چه‌وساوه‌و بێ تاوانه‌ن. به‌ڵام به‌هه‌مان راده‌ش گومانی تێدا نییه‌ كه‌سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تانی پشتیوانی ئه‌وانیش له‌ئێران و عێراق كه‌بارودۆخ و ئیمكانات بۆ چه‌وساننه‌وه‌و كۆچكردنی زۆره‌ملی كرێكاران و نائه‌منی شوێنی ژیان و دەرئەنجام كوشتار و كۆمه‌ڵكوژی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌وان ده‌ڕه‌خسێنن، به‌رپرس و وڵامدەرەوه له‌به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵكوژی ئه‌م كرێكارانه‌و بنه‌ماڵه‌كانیان.

چینی كرێكار له‌ئێران و عێراق، به‌تایبه‌تی هه‌ڵسووڕاوان و تێكۆشه‌رانی ئه‌و چینه‌ پێویسته‌و ده‌توانن تۆڵه‌ی كوشتاری هاوڕێ و هاوچینه‌كانیان به‌ وشیاری، یه‌كگرتووی و خه‌باتی رێكخراو، بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌كانی هه‌نوكه‌یی و ده‌ستبه‌جێیان هه‌تا له‌گۆڕنانی نیزامی زاڵمانه‌و نامرۆڤانه‌ی سه‌رمایه‌داری، ده‌وڵه‌ته‌كانی پارێزه‌ری ئه‌وان و گروپه‌كانی تیرۆریست و مرۆڤ كوژ هه‌رچی زۆرتر له‌گه‌ڵ یه‌ك هاوئاهه‌نگ و هاوده‌نگ کەن. پێویسته‌ به‌رانبه‌ر به‌كوشتاری كرێكارانی شیركه‌تی نه‌وت له‌عێراق كه‌ گۆشه‌یه‌ك له‌جه‌نایه‌تی رۆژانه‌ له‌و وڵاته‌ شه‌ڕلێدراوه ‌و قوربانی "نه‌زمی نوێی ئه‌مپریالیستی" و شه‌ڕخوازی ئه‌مریكایه ‌و گه‌شه‌ی تیرۆریزم به‌رهه‌می ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌، بێ ده‌نگ دانه‌نیشین و وێڕای ناساندن و دۆزینه‌وه‌ی بڕیارده‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی كرێكارانی ئێرانی و عێراقی، به‌هاوكاری و یارمه‌تی مادی و مه‌عنه‌وی  بنه‌ماڵه‌ی داغداری كرێكارانی قوربانی له‌هه‌ر دوو وڵات بچین.

دسامبری ٢٠١٣

حه‌سه‌ن ره‌حمان په‌نا

و: ئاكام به‌سیم

 

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0