ترس لە قەڵەم!

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font

شەوی پێنجشەمە  ٥ی دیسامبری ٢٠١٣ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراو به‌ ئۆتۆمبیلێكی جۆری‌ لاندكرۆزه‌ری وه‌نه‌وشه‌ له‌به‌رده‌رگای‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌ركه‌وتنی‌ قه‌زای‌ كه‌لار ده‌ستڕێژی‌ گولله‌یان له‌كاوه‌ گه‌رمیانی‌، په‌یامنێری‌ ئاوێنه‌ و سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ "ڕایه‌ڵ" كرد و به شێوەیەکی دڕندانه تیرۆریانكرد. رۆژی هه‌ینیش ته‌رمی‌ كاوه گەرمیانی له مەراسمێکی شایستەدا‌ له‌گۆڕستانی‌ كه‌لاری‌ كۆن به‌خاكسپێردرا.  

کاوە گەرمیانی یەکەمین و دوایین رۆژنامه‌نوس نییه که لە هەرێمی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی تیرۆر دەکرێت و به‌داخەوه ئاخرین رۆژنامه نووسیش نابێت. جیاواز له لێدان و تۆقاندن و هەڕشەی کوشتن و تۆماری سکاڵای یاسایی و نایاسایی له دژی رۆژنامه نوسان، تیرۆری چەندین چالاکی بواری نوسین لەوانه "فەرهاد فەره‌ج، سۆرانی مامه‌حه‌مه‌، سه‌رده‌شت عوسمان‌، عه‌بدلستار تاهیر شه‌ریف ‌و یه‌عقوب ره‌سول " و دوێنیش "کاوه گەرمیانی" بووه به دیاردەیەکی ترسناک لە هەرێمی خۆبەرێوەبەری کوردستان. به پێی سەرچاوەکانی هەواڵ و رۆژنامەنووسانی هاورێ و هاوکاری کاوە گەرمیانی، ئەم رۆژنامه نووسه "له‌ژیانی پیشه‌یی خۆیدا چه‌ندین جار توشی لێدان ‌و گرتن ‌و ئازاردان‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆی‌ به‌رپرسه‌ حیزبی ‌و حكومی ‌و ئه‌منیه‌كانی گه‌رمیان‌ و كوردستان بۆته‌وه‌". هەڵبەتە تۆقاندن و هەڕەشەی کوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن تا ئێستا بەردەرکی چەندین رۆژنامه نووس، به تایبەت رۆژنامەنووسانی ناحکومی و ناحیزبی و سەربەخۆی گرتووه و دیارترینیان هەوڵدان بۆ تیروری رۆژنامه نووسی دیار و سەربەخۆ "ئاسوس هەردی" بووه. 

ئیستا پرسیار ئەوەیە کە ئەم هەموو هەوڵی تیرۆر و کوشتن و قەڵەم شکاندن و زمان برینی رۆژنامەنووسان بۆ دەدرێت و کێ لێی به‌رپرسیاره؟ بێگومان لە هەر وڵاتێک بەرپرسایەتی ژیان و ماڵ و ئەمنیەتی هاوڵاتیان لە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانه. لەو نێوەدا بەرپرسایەتی ژیان و ئەمنیەتی "ئوپوزسیون" و هەروەها رەخنەگرانی دەوڵەت لە هەموو کەس زیاتر لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانه. رۆناکبیرانی راستەقینه و دلسۆز، ئەوانەی خۆیان به پارە و پله به دەسەڵات نافرۆشن، ئەوانەی ئەرکی دانی زانیاری راست و دروست به جەماوەر، به بەشێکی جیانه‌کراوه لە پیشەکەی خۆیان دەزانن، ئەو روناکبیر و رۆژنامەنووسانەی که به ئاگاهاتنەوەی کۆمەلگا هەم و غەمیانه و له پاروە نانێک بۆ سفرەی خۆیان و ماڵ و منداڵیان به پێویست تری دەزانن، ئەوانه ئاوروونکەرەوەی گۆمی مەند و لێڵی دەسەڵاتداران و چقڵی چاوی حاکمانی سەروەت و قودرەت و گلێنەی چاوی خەڵکی تینوی راستی و هەقیقەتن. زیندان، پاسەوان، ئەشکەنجەگا و ئەشکەنجەدەر، تیرۆر و تیرۆرکران، به درێژایی مێژوو و تا ئێستاش بۆ ئەم توێژه هوشیار و به‌ئاگاهاتووە و چینی چەوساوه و سته‌ملێکراو سازکراوە. هۆی تیرۆر و کوشتنیشیان هەر لە وتنی راستیەکان و هەقیقەتەکان، لابردنی په‌ردەی رەشی تاریکی له سەر نهینیه داپۆشراوەکان و باسکردن لەو به‌ناو مافانەی که مافی دەسەڵاتداران نییه و دەرخستنی ئەو مافانەی کە مافی رەوای بێدەسەڵاتانه، سەرچاوه دەگرێت. زۆر جار دەسەڵاتداران، رۆژنامه نووسان به تاوانی "به خەتەر خستنی ئەمنیەتی نەتەوەیی و وڵات" دەستگیر، ئەشکنجه و ئیعدام و تیرۆر دەکەن. ئەو "ئەمنیەتەی" کە ئەوان باسی لێدەکەن، شتێک بێجگه له ئەمنیه‌تی دەسەڵات و سەروەت و سامانی خۆیان نییه که به زۆری فریو، یان سەرکوت به دەستیان هێناوه. ئەو وڵاتەیش که فرمێسکی درۆینەی بۆ هەڵدەڕێژن، رۆژی سەد جار لە بارەگای ئەم وڵات و ئەو وڵات، ئەم دراوسێ و ئەو دوژمن دەیفرۆشن و مێشێکیش میوانیان نییه، بەڵام ئاوا بێرحمانه نەیاران، روناکبیران و رۆژنامەنووسانی پێ تاوانبار و زیندان و ئەشکنجه و تیرۆر دەکەن.  دەسەڵاتداران و پارێزەرانیان هەست دەکەن به تۆقاندن، تیرۆر و کوشتن و برین دەتوانن پێش به وەخەبەر هاتنی کۆمەڵگا بگرن. ئەگه‌ر وابوایه‌ت مێژووی له جێگای خۆی چەقی دەبەست و کۆمەلگا و به‌شه‌ره‌یه‌ت بەرەوپێش نەدەچوو.

تا ئەو کاتەی تاوانبارانی تیرۆری "کاوە گەرمیانی" و باقی رۆژنامە نووسانی تیرورکراو ،چ بریاردەر و چ بکوژانی به‌ردەرگای مالەکانیان ئاشکرا نەکریت، حیزب و حکومەت له گه‌رمیان و هەرێمی کوردستان بەرپرسی ئەم تیرۆره  و باقی تیرورەکانی دیکەن.

تیرۆری رۆژنامه نووسێک، تەنیا تیرۆری جه‌ستەیی مروڤێکی خۆنەویست و دڵسۆزی کۆمەڵگا نییه که له خزمه‌تی ئازادی و رزگاری مرۆڤەکان له چنگ نەزانی و دواکەوتوویی زەحمەت دەکێشیت، بەلکوو تیروری راستەقینەی ئازادییه، تیرۆری هزر و قەڵەمە، تیرۆری فیکر و ئەندێشەیە، به واتایەکی دیکه، تیرۆری کۆمەڵگایه. ئەوانەی قەڵەم تیرۆر دەکەن، شمشێر و تفەنگ  به دیاری دێنن، ئەوانەی فیکر و ئەندێشه دەکوژن، جەهل و نەزانی جێگیر دەکەن. بەربەرەکانی له دژی تیرۆر رۆژنامەنووسان، تەنیا ئەرکی ئەم تویژەی کۆمەڵگا نییه، بەڵکوو ئەرکی هەموو کۆمەلگا و هەموو مروڤە ئازادیخوازەکانه که دڵیان بۆ ئازادی و سەربەستی مروڤ لێدەدات. یادی کاوە گەرمیانی بەخێر و نه‌فرەت له بکوژه‌كانی.

٦ی دیسامبری ٢٠١٣  

حەسەن رحمان پەناه

 

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0