پاش ٢٥ سال!

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font

٢٥ سال لەوە پێش له رۆژی ٢٥ی گولانی سالی ١٣٦٧ هەتاوی مقەرەکانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه له دۆڵی بۆتی له ٢٥ کیلومتری شاری رانیه و ناوچەی بالیسان له کورستانی عیراق کەوتە بەر پەڵاماری شیمیایی فروکە شەرکەرەکانی رەژیمی فاشیستی بەعسی عیراق . لەم پەڵامارە دەرەندانەیەدا ٢٣ کادر،ئەندام و پێشمەرگەی ناو ریزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کمونیستی ئێران گیانی ئازیزیان له پێناو ئامانجی بەرزیاندا بختکرد و زیاتر لە ١٥٠ هاوری دیکەمان توشی مسمومیەتی شیمیایی هاتن .

ئەو روداوه یەکەمین پەڵاماری دەرندانەی ئەرتشی بەعسی عیراق بۆ سەر مقەرەکانی کومەڵه نەبوو. پێشتریش رەژیمی فاشیستی بەعس چەندین جاری دیکه مقەر و بارەگاکانی حەوانەوەی هێزی پیشمەرگەی کۆمەڵەی به بیانووی جۆراوجۆر تۆپباران و موشکباران کردبوو و چەندین هاوری دیکەمان شەهید و بریندار ببون.

ئەگەرچی کاربەدەستانی رەژیمی بەعسی عێراق، پاش ئەو تاوان و جەنایەتە پێیان لە تاوانەکەیان نا و وتیان هەڵە بووه و داوای لێبوردنیان لە کۆمەڵه کرد ، بەڵام له راستیدا هەڵەیەک روینەدابوو. بەرپرسانی بەعسی عێراق به ئەنقەست و پلان بۆ داریژراو لەو رۆژەدا پەڵاماریان هێنایه سەر مقەرەکانی کۆمەڵه . ئەوان به نیازی زەربەیەکی کاریتر و گورچک برتر لە کۆمەڵه بوون . هەر لەو دۆڵه و جەند رۆژ پێشتر کونگرەی ٦ی کۆمەڵه بەریوه چوو و هەموو ریبەرایەتی ئەوکاتی کۆمەڵە و ژمارەیەکی زۆر له کادرە ئەسلیەکانی کۆمەڵه که وەک نوێنەر له ناوچە جۆراوجۆرەکان هەلبژیردرابوون ، لەو دۆڵە و بەشداری کۆنگرەی ٦ی کۆمەڵه بوون . بێگۆمان ئەو کۆبوونەوه گەوره کە لە جنوب،ناوەراست و شیمالی کوردستان و هەروەها له دەرەوی وەڵات کادرەکانی بۆ بانگ هێشت کرابوو له چاو دەم و دەزگای مخابرات و جاسوسەکانی بەعس شاراوە نەبوو.

بەعسی عیراق ئەگەرچی به ناچاری و به پێی بەرژەوەندی خۆی کە شەر و ململانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لەگەل کۆمەڵه پیوەندی دامەزراندبوو و له ئاستێکی دیاریکراودا یارمەتی دەرمان،چەک و چۆل و پارەی به کۆمەڵه دەدا،بەڵام هیچکات لە هاوکاری لە گەڵ کۆمەڵه رازی نەبوو و دەیزانی که بەشێکی بەرچاو لەو یارمەتییه لە لاین کۆمەڵەوه له دەژی خۆی بەکار دێت.

بەرژەوەندی کۆمەله و بەعسی عیراق له هاوکاری لەگەڵ یەک، یەکی نەدەگرتەوه.راسته لەو سەردەمەدا دوژمنێکی هاوبەش واته کۆماری ئیسلامی ئەو دوو لایەنەی لە یەک نەزیک کردەبووه ،بەڵام نە سیاستی هاوبەش،نە ستراتژی هاوبەش ، نە رێگای بەربەرەکانی هاوبەش لە دژی کۆماری ئیسلامی و نه دوستان و نەیارانی هاوبەش لەم هاوکاریەدا وەک یەک نەبوون. بیجگە لەوانه کۆمەڵه لایەنێکی بێ ئازار و دەستەمۆ لەو هاوکارییه بۆ دەوڵەتی عێراق نەبوو،بەلکوو هێزەکی سەربەزێو و یاغی بوو که گۆشتی دەوڵەتی عێراقی لە برینی خۆیدەدا.رەژیمی بەعسی عیراق یش ئەو راستییەی به باشی دەزانی . بەعسی عێراق دەیزانی که یەکەم گیانبختکردوو،یەکەم کادر و یەکەم پێشمەرگەی کۆمەله واته هاوری سەعید موعینی "خانه" ٣١جۆزەردانی سالی ١٣٥٧ لە کاتی مآموریەتێکی تشکیلاتی که بۆ لای سەرکردایەتی ئەو کاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانی عێراق دەچوو، لە ئاوای "دری" له نزیک ناوچەی "ماوەت" له شەر لەگەڵ ئەرتشی فاشیستی بەعسی عیراق گیانی بختکردبوو. هەر وەها ئەوان باش دەیانزانی که مقەر و بارەگاکانی کۆمەڵه له هەموو شوێنەکانی کوردستان ببوون به شوێنی یارمەتی و حەوانەوەی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق ، به تایبەت هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان. دەیشیانزانی ئەو پارە و چەک و چۆڵەی کۆمەڵە لە بەعسی عێراقی وەردەگرێت نیوەی دەدات به یەکیتی نیشتمانی و لە دژی خۆیان بەکار دێت. هەر وەها باش دەیانزانی که کۆمەڵێک تێکۆشەری کۆمۆنیست و چەپی عیراقی که سیاست و رێبازی حیزبەکانی کوردستانی عێراق یان قەبوول نەبوو له ناو ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا خەبات دەکەن و ئەوانه دەنگ و رەنگیان له سەر بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی له کوردستانی عێراق دەبێت. هەروەها کەم نەبوون ئەو گروپ و کەسایەتیه کۆمۆنیست و چەپانەی کوردستانی عێراق که له نێو شارەکانی ئەو وەڵاته خەباتیان دەکرد و له ژێر تەسیر و بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵه و مارکسیزمی شورشگیری ئەو کات خۆیان پێناسه دەکرد و رۆژها و هەفتەها لە مقەرەکانی کۆمەڵه دەمانەوه و دەراسه و خۆێندنەوه و قسە و باسیاندەکرد .بەعس رۆژانە حوزوور و بوونی سیاسی و فکری کۆمەڵەی لە کوردستانی عێراق هەست پێدەکرت و پێی تنگەتاو بوو.زەربه لێدان لە کۆمەڵه دژه کردەوەیەک بەرانبەر بەم کردارانه و بۆ بێدەنگ کردن و چاوترسن کردنی کۆمەڵه بوو.

ئەنجامی هەموو ئەو ئەرکانه بۆ کۆمەڵه بەشێک له سیاستی چینایەتی و ئەنترناسیونالیستی و خزمەت به بزوتنەوەی رزگاریخۆازانەی کوردستانی عێراق و بزوتنەوەی چەپ و کریکاری ئەو وەڵاتە و له راستیدا بەشداری و ئەدای سەهمی کۆمەڵه لەو بزوتنەوانەدا بوو. بۆ کۆمەڵه پرنسیپ و پرستیژ بوو که مانەوەی له کوردستانی عێراق نابێت له سەر ئارق و رەنجی ئەو خەلکه و خەباته رەواکەیان بێت ، بەلکوو دەبێت یارمەتیدەریان بێت و رەنج و ئازارەکانیان له سەر کەم کاتەوه و لەگەلیان بەشدار بێت. بەڵام هەموو ئەوانه بۆ رەژێمی فاشیستی بەعسی عێراق که لە پێش چاوی ئەنجام دەدرا هێلی سوور و یاری به ئاگر بوو. فەشار و زەختی عێراق بۆ کۆمەڵه به بیانووی پارستنی ئەمنیت و دوور خستنەوه لە سنورەکان،لە راستیدا بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵه له جەماوەری خەلک و لەو ئەرک و سیاسەتانه بوو کە ئەنجامدانیان بۆ کۆمەڵه پرنسیپ بوو.

پەڵاماری هەوایی به فروکەی شەرکەر و بۆردمانی شیمیایی بارەگاکانی کۆمەڵه له رۆژی ٢٥ی گولانی سالی ١٣٦٧ی هەتاوی، ئەوپەری دەرەندەیی،بێ رەحمی و قین و تورەیی رەژیمی فاشیستی بەعسی عیراق لە کۆمەڵه و سیاسەتەکانی بوو که بەداخەوه به قیمەتی گیانبختکردنی ٢٣ هاوری قارمان و فداکار،سیمای ناسراو و خۆشەویستی ناو جەماوەری کوردستان و ئێران و هەروەها کوردستانی عێراق تەواو بوو.

هاوکاری و هاودەری و یارمەتی بێدرێغی خەلکی رانییه،دولی پلنگان و سەرکەبکان، لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی بەعس و سڵ نکردن له زیندان و مەرگ بۆ هاوکاری و نەجاتدانی گیانی ژمارەیەکی زۆر له مەسمووم و بریندارەکان، غمخۆری و تێکەلی سەرو مالی کۆمەڵه و جەماوەری رەش و رووتی کوردستانی عیراقی بۆ کۆمەله و سیاستەکانی نیشاندا. ئەو یارمەتی و هاوکارییه جارێکی دیکه نیشانی دا و ئیسباتی کرد که کۆمەڵه له خزمەت بەو خەلکه و دەژایەتی بەعسی عیراق،ئەگرچی به قیمەتی گەران بۆی تەواو بووه، بەڵام مایەی شانازیەتی و بەشێک له ڵاپەرە زێرینەکانی مێژووی کۆمەڵه و پیوەندی و دیپلماسیکی سالم و نەشاراوه، تەنانەت لەگەل دەرندەترین دەولەتی سەردەم واته بەعسی عێراق بووه.

ئەمرۆ لە کاتێکدا یادی ئازیزانی بمبارانی شیمایی دۆڵی بۆتی کۆمەڵه رێز لێدەگرین، که دە سال به سەر لە گۆرنانی رەژیمی فاشیستی بەعسی عێراق تێپەر دەبێت. بەلام بەداخەوه خەلکی عێراق و کوردستان هێشتا به ویست و ئاواتەکانیان که ئازادی و مافی ژیان و دیاری کردنی چارەنوسیان به دستی خۆیانه نه گەیشتوون . شەر،رۆژ رەشی ، بنیادگرایی ئیسلامی و کۆنەپرستانه،ترور و تەقینەوە و نەبوونی ئەمنیت، سێبەری بە سەر بەشی زۆری ئەو وڵاته کێشاوه . خەلکێک که بە دەستی خۆیان دیکتاتورەکان نەروخێنن و ئێرادەی خۆیان له جیگای دانەنێن ،دەبن به ئامرازی دەستی زەلهێزەکان و هیزە مەزهەبی و رەگەزپرستەکان و رەنج بەخەسار دەبن .

لە سالرۆژی گیانبختکردنی خۆشەویستانی بمبارانی شیمیایی دۆلی بۆتی دا، وێرای دانەواندنی سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو ئازیزانه و بنەماله سەربەرزەکانیان ، باشترین رێزگرتن لە یاد و فداکاریان ، تەنیا درێژەی ریگایان و سوور بوون لە سەر ئەو رێباز و ئامانجه پیروزانەیه که گیانیان له پێناویدا بختکرد .

یادیان بەرز و بەرێز بێت .

٢٥گولانی ١٣٩٢

حەسەن رحمان پەناه

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0