لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتار | تیرۆری رۆژنامەنووسێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان

تیرۆری رۆژنامەنووسێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
تیرۆری رۆژنامەنووسێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان

بە پێی هەواڵی سایتی "ئاوێنە" ، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٣ ئابی ٢٠١٦ تەرمی پەیامنێرێكی ماڵپەری ڕۆژنیوزی نزیكی پەكەكە لەسەر رێگای دهۆك سێمیل بەكوژراوی دۆزرایەوە. سۆران حسێن لەناوەندی رۆژنیوز بەئاوینەی راگەیاند “پەیامنێری شاری دهۆكمان بەناوی ویداد حسێن، تەمەنی ٢٤ ساڵە و ئەمڕۆ تەرمەكەی لەسەر رێگای دهۆك سیمێل دۆزراوەتەوە. ناوبراو به ئاوێنەی راگەیاند " ماوەی نزیكەی ٢ مانگە بەفەرمی لەگەڵ كەناڵی ڕۆژنیوز كاردەكات، پێشترێش هاوكاری كەناڵەكەمان بوە، لەم ماوەیەدا ئاسایشی دهۆك چەندین جار بانگی كردوە هەڕەشەی لێكردوە". ئەو بەرپرسەی كەناڵی ڕۆژ نیوز ئاشكرای كرد “ویداد كاری لەسەر كەیسە گشتیەكان كردوە و ئەندامی پەكەكەش بوە".

کەماڵ رەئوف ، رۆژنامە نوسی دیاری هەرێمی کوردستان، لە لاپەرەی فیسبوکی خۆی وتارێکی کورتی لە ژێر سەردێری " پارتی بەرپرسیارە لە خۆێنی ويداد!"دەنووسێت " لەتیرۆركردنی كاوەگەرمیانی وتمان یەكێتی بەرپرسیارە چونكە رووداوەكە لەناوچەی بندەستی ئەو روویداوە. ئێستاش لە هەمبەر تیرۆركردنی ویداد حسین، پارتی بەرپرسیارە، تا ئەوكاتەی بكوژە راستەقینەكە و ئەوانەی لەپشتی رووداوەكەن، دەدۆزرێنەوەوەو دەدرێنە دادگایەكی عادیلانە.

ئاسوس هەردی ، رۆژنامە نوسێکی ناسراوی دیکە لە هەرێمی کوردستان لە لاپەری فیسبوکی خۆی لە بابەتێکی کورت به ناونیشانی "دیسانەوە تیرۆری قەڵەم، دە نووسێت، "بە داخێکی گرانەوە، ئەمڕۆ دیسان گەنجێکی خاوەن قەلەمی خوێنگەرمی ئەم نیشتمانە، خەڵتانی خوێن کرا. ویداد نە یەکەم قوربانییەو نە دواهەمینیشیان دەبێت. هەتا عەقڵییەتی خۆ سەپاندنو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەو دامەزراندنی حوکمی دیکتاتۆری لەم وڵاتەدا هەبێتو بەدەسەڵاتیش بێت، دەبێ چاوەڕێی کارەساتی زیاتر بکەین."

ئەوەی کە ئەمرۆ رویدا و بە شێوەیەکی ترسنۆکانه و دڵڕقانه "ویداد حۆسین" ی رۆژنامەنوسی تێدا تیرۆرکرا ، یەکەمین تیرۆری رۆژنامەنوسان نییە کە لاپەرەی فایلە تایبەتەکان هەڵدەدەنەوە ، ئەنگوست لە سەر خاڵە ئاستەمەکان دادەنێن و به قیمەتی گیانیان

تەواو دەبێت و بی گۆمان تا مافیای نەوت دەسەڵاتدار بێت، ئاخریشی نابێت. پێشتر، فەرهاد فەرج ، د عبدالستار تاهیر شەریف، سوران مامه حەمە ، سەردشت عوسمان، کاوە گەرمیانی ، و چەندها بێ ناونیشانی دیکە، تەنیا به تاوانی وتنی راستیەکان تیرۆر کران و تا ئێستایشی لەگەڵ بێت قاتڵ و بکوژەکانیان لە لایەن دەسەڵاتەوە یان داڵدە دەراوەن یان نە دۆزراونەتەوە.

قەتڵی رۆژنامەنووسان یەکێک لە دزێوترین و تاوانبارانەترین دیاردەکانی وڵاتانی دیکتاتور لێدراوە کە هەست دەکەن به کوشتی رۆژنامەنوسانی بیدیفاع کە تەنیا ئەرکیان باسکردنی راستیەکان وەک خۆیەتی ، دەتوانن بەری خۆر به بێژنگ بگرن ، دەتوانن رەورەوی مێژوو راگرن و دەتوانن کۆمەڵگا لە دەست راگەیشتن به زانیاری کە وەک نانی سەر سفرە پێویستی پێیەتی بێبەشکەن. ئەگەر وابوایەت دەبوو هەموو دیکتاتورەکان تا مردن لە دەسەڵات بواین؟!

قەتڵی رۆژنامە نووسان به هەر بیانوویەک و لە لایەن هەر کەس و تاقم و دەسەڵاتێکەوە بێت لە راستیدا ، قەتڵی فکر،قەتڵی ئەندێشە، قەتڵی عقل، قەتڵی قەڵەم و قەتڵی کۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ داسەپاندنی عەقڵی "شوان و مێگەل" به سەر کۆمەڵگادایە.

دەرحەق بەم تاوانه تازە و قەتڵی جنایتکارانەی "ویداد حۆسین"ی روژنامە نووس، نابێت بێدەنگ بین. دۆزینەوە تاوانبار، هۆکاری ئەو تاوانه، سێبەر و تارمایەکانی پشتی قاتڵ، بریاردەر و هۆکارەکانی ، لەگەڵ دادگای ئاشکرا و عەلەنی تاوانباران و پاڵپشتەکانین و هەروەها پاراستنی گیان و سەروماڵی رۆژنامەنووسان دەبێت و پێویستە داخوازی هەر ئێستا و دەست بەجێمان بێت. دیفاع لە ئازادی بیروباوەر، دیفاع لە ئازادی ئەندیشە و قەڵەم ، دیفاع لە هەناسە کێشانی ئازادانەی کۆمەڵگایە کە به بێ دیفاع لە رۆژنامەنوسان و راگەیاندنی ئازاد و ناحکومەتی مسۆگەر نابێت. با تێکرا بۆی تێبکۆشین.

یادی ویداد حۆسین بەرێز و نەفرەت لە بکۆژانی و بریاردەرانی.

١٣اگوستی ٢٠١٦

حەسەن رەحمان پەناه

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0