لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | هاتنە خواری ئەرزشی پوڵی ئێران و گرانی زۆر بە دوایدا

هاتنە خواری ئەرزشی پوڵی ئێران و گرانی زۆر بە دوایدا

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
هاتنە خواری ئەرزشی پوڵی ئێران و گرانی زۆر بە دوایدا

دوێنێ نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد دا لە ئێران لە سنوری ٧ هەزار تمەنیش تێپەڕی. هاوکات نرخی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی خەڵکیش بەرز بوویەوە. رۆژنامەی جیهان سەنعەت ی چاپی تاران لە ژمارەی دوێنێیدا سەبارەت بە گرانی دوای نزم بوونەوەی ئەرزشی پوڵی ڕەسمی نووسی:" ڕەنگە کەس بیریشی لێ نەدەکردەوە کە دوای وەعدە و وەعیدەکانی سەرۆک کۆمار سەبارەت بە ئارام بوونەوەی بازاری ئەرز، هەڵکشان و داکشان تا مانگی گوڵانی ئەمساڵیش بەردەوام بێت و شەپۆلێکی نوێ لە گرانی لە بازارە جۆڕاو جۆرەکاندا بە تایبەت لە بازاڕی کالا ئەساسیەکانی بە شوێنەوە بێت.”

ڕاگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز بوونەوەی زۆری نرخی ئه‌رز بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ دەرچوون لە بەرجام دەزانن. قەرارە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەم زوانە بڕیاری کۆتایی خۆ سەبارەت بە مانەوە یان دەرچوون لە بەرجام ڕابگەیەنێت. بێ گومان دەرچوونی ئەمریکا لە پەیمانی بەرجام و یان هەڵوەشاندنەوەی بە پەیرەوی کردن لە ئەمریکا لە لایەن باقی لایەنەکانی دیکەوە؛ گوشاری ئابووری و سیاسی نوێ دەخاتەسەر کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە هەمانحاڵدا هەژاری و بێکاری و گرانی و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوە گرتو لێیەوە بۆ زۆربەی خەڵکی ئێرانی بەشوێنەوە دەبێت. بەڵام مانەوەی بەرجامیش لەگەڵ ئەمریکا و بەبێ ئەمریکا، لە هەر حاڵدا کاریگەریەکی ئەساسی لە هێور کردنەوەی قەیران و شپرزەیی ئابووری کۆماری ئیسلامیدا نابێت. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە بەرجام و بەبێ بەرجام ڕێگایەکی بۆ دەرچوون لە قەیرانی بەردەمیدا نییە. هۆکارەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە روونن:

" لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەی کە بەسەر مۆر کرانی قەراردادی بەرجامدا تێپەڕیوە، کۆماری ئیسلامی بە هیچکام لە ئامانجە ئیستراتیژیکەکانی کە لە بەرجامی چاوەڕوان دەکرد نە گەیشتوە. یەکەم، ئەوەی کە ئازاد بوونی پولە بلۆکە کراوەکان کە بە نەسیب خەزانەی کۆماری ئیسلامی بوو، لە مەودایەکی کەمدا کرا بە قوڕگی ماشێنی جەنگی کۆماری ئیسلامیدا لە سوریە و یەمەن و لە نێوخۆی وڵاتدا. چاوگێڕانێک بەسەر زیاد بوونی بوجەی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیدا نیشانی ئەدات کە پارە ئازاد کراوەکان لە چ مەسیرێکدا خەرج کراون. ئەگەر ڕێژەی زیاد بوونی بوجەی ئەڕتەش و سپا و ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم لەگەڵ ڕێژەی ئەو پارانەی ئازاد کراون بەراورد بەکەین، بە روونی دەردەکەوێ کە ئەم بەناو دەستکەوتە سەرەتاییەی بەرجام هیچ یارمەتیەکی بە دەرچوونی ئابووری کۆماری ئیسلامی لە قەیران نەکردوە. دووهەم، یەکێک لە بنه‌ماكانی ستڕاتیژی ئابووری دەوڵەتی روحانی کە دەبوو لە ئاکامی بەرجامدا دەستەبەر بێت، ڕاکێشانی سەرمایە دەرەکیەکان بوو. بەڵام وادیارە سەرمایە گوزارانی خاریجی سەرەڕای ڕێككه‌وتنی بەرجامیش، کۆماری ئیسلامی هێشتا ئەوەندە بە سەقامگیر نا بینن کە بۆ بردنی سەرمایەکانیان بۆ ئێران بکەونە پەلە. لەم ماوەدایەدا سەرمایە نێوخۆییەکانیش بە هۆی ڕکودی بازاڕەوە، بەرز بوونەوەی هەزینەی بەرهەمهێنان، نا دڵنیایی سەبارەت بە داهاتو و هیتر یان ڕێگای دەرچوون لە وڵاتیان گرتۆتە بەر و یان زیاتر بەرەو بازرگانی و توجارەت ڕۆیشتوون. کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیش کە لە ئیختیار دەوڵەت و سپای پاسداراندان بەهۆی لاوازی بەڕێوەبردن و گەندەڵی ئیداری و ماڵی بەردەوام لەژێر زەرفیەتی خۆیانەوە کاریان کردوە.

دووهەم، بنه‌مایه‌كی تری ستڕاتیژی ئابووری دەوڵەتی روحانی، لێدانی شۆکێکی ئابووری لە کۆمەڵگا بوو. دەوڵەتی روحانی بۆ هاندانی سەرمایە گوزارانی دەرەکی هیچ ڕێگایەکی نەبوو بێجگە لەوەی کە لە سەرەتاوە هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکار و بارودۆخی زاڵمانەی کار لە ئێران هاو شێوەی وڵاتێکی وەک بنگلادێش بۆ سەرمایە گوزارانی نیوخۆیی و خاریجی لێبکات، لە دانی سوبسید بەکالاکانی جێی پێداویستی خەڵک خۆی بپارێزێ و تەنزیمی نرخەکان بە میکانیزمی خودی بازاڕ بسپێرێ. بەم جۆرە دەوڵەتی روحانی بە گرتنەبەری سیاسەتە ئابووریە نیئۆلیبڕاڵیەکانی تەوسیە کراو لە لایەن ناوەندە ماڵیەکانی دنیاوە، بە توند کردنەوەی گرانی، بە دیاریکردنی حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاراندا، بە خوسوسی سازی ئاموزش و پەروەرش و بێهداست و دەرمان و هیتر، دەستی دایە ڕیسکێکی مەترسیدار کە هەڵبەت ئاکامەکەی لە ئاخیزی مانگی بەفرانباری پارەکەدا و لە ٦ هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاریدا لە ماوەی یەک ساڵدا بینیەوە.

ئاخێزی مانگی بەفرانباری پارەکە و ناڕەزایەتی بەرینی کرێکاری، ڕژیمی ناچار کردوە کە ستڕاتیژی ئابووری خۆ بنێتە لاوە و ئەمرۆ بۆ سبەی ئابووری وڵات بەڕێوەبەرێت. ڕژیم لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ خەڵک دەترسێت. لەم ڕوەوە جورئەتی چوونە نێو پرۆژەی درێژماوەی بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری نییە و وای پێ باشە لە ئێستادا ئەمرۆ بۆ سبەی وڵات بەڕێوەبەرێت تا ئەگەر بەخت یاری بێت لەم ڕێگایەوە ماوەیەکی تر بەسەر پێوە بمێنێتەوە.

بەڵام ئەگەر سەرمایەداری ئێران گیرۆدەی قەیرانە و بە شوێن ڕێگا چارەی خۆیدایە بۆ دەرچوون لێی، قەیران سەرتاپای ژیان و بەڕێچوونی چینی کرێکاریشی داگرتوە. ژیانی چینی کرێکار چ لە دەورەی ڕەونەقدا و چ لە قۆناغی ڕکودی ئابووری سەرمایەداریدا بەردەوام لەژێر گوشار دایە. سەرمایەداران لە دەورەی ڕکود دا کرێکاران بێکار دەکەن و دواتر گەشە کردنی خۆیان بە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران سەرلەنوێ دەستەبەر دەکەنەوە.

بەڵام گرفتی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری ئێستا گرفتێکی سیاسیە و گەرفتی چینی کرێکاری ئێران نەناسینی هێزی چاره‌نووس سازی خۆیه‌تی وەک چینێک. ئابووری کۆماری ئیسلامی بە فەراهەم کردنی پێداویستی سیاسی، ئابووری و حوقوقی تێکەڵ بوونی بە تەواوەتی لەگەڵ بازاڕی سەرمایەی جیهانی دەتوانێ بەرژەوەندیەکانی بە هەڵکشان و داکشانەکانی سەرمایەی جیهانیەوە گرێ بدات و له‌وانه‌یه‌ لەم ڕێگایەوە لە بونبەستێکی تێیکەوتوە ڕزگاری بێت و گرفتی چینی کرێکار بە پێنانە نێو مەسیری دروست کردنی تەشەکولە چینایەتیەکانی و کۆبوونەوە لە دەوری حیزبی سیاسی شایەستەی خۆی و بەهرەمەند بوون لە هاوپشتی جیهانی کرێکاران چارەسەر دەبێت.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0