لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | دوسەدەمین ساڵیادی لە دایک بوونی ماڕکس و دەغەڵکاری بۆرژوازی

دوسەدەمین ساڵیادی لە دایک بوونی ماڕکس و دەغەڵکاری بۆرژوازی

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
دوسەدەمین ساڵیادی لە دایک بوونی ماڕکس و دەغەڵکاری بۆرژوازی

شاری "تریه‌ر"ی ئاڵمان دوسەدەمین ساڵیادی لە دایک بوونی ناودار ترین کەسی خۆی لە رۆژی شەممە پێنجی مای مەی به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٥ی مانگی گوڵان جێژن گرت. مەراسمی ڕێزگرتن شەوی هەینی دەستی پیکرد و لە رۆژەکانی داهاتودا درێژەی ئەبێت. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ لە شاری لە دایک بوونی مارکس دوسەد و هەشتا و شەش تائه‌تر، کۆنسێرت، میزگرد، نمایشگای ئاساری ماركس به‌ڕێوه ده‌چێ و لە کۆتاییدا پەردە لەسەر پەیکەری پێنج و نیو میتری ماركس لاده‌درێ. وێڕای شوێنی لە دایك بوونی مارس، كه‌ شاری "کمنیتس"ش لە رۆژهەڵاتی ئاڵمان کە بۆ ماوه‌ی ٣٧ ساڵ ناوی ئه‌و شاره‌ کارل مارکس بوو و دواتر لە یەکگرتنەوەی هەردو ئاڵماندا ناوەکەی گۆڕا، کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت به‌ڕێوه‌چوو. مەڕاسمی ڕەسمی لە شوێنی لە دایک بوونی مارکس بە ئامادەبوونی زیاتر لە سی هەزار کەس لە کاتژمێر نۆ و نیوی بەیانیەوە لە گەورە ترین کلیسای شار بۆ کەسایەتیەک دەستی پێکرد کە وتبوی:" دین ئەفیونی جەماوەرە" و زیاتر لە هەر خاوەن بیرێکی تر لە مێژوی دنیادا بە روون کردنەوەی ماتریتالیستی مێژویی چووبووە شەڕی سەرجەم فیرقە و باڵەکانی ئیدەئالیزم و" تەوەهوماتی ئینسان سەبارەت بە خۆی و دەوروبەری." هەڵبەت ئەوەش تەنیا تەنزی ئەم مەڕاسمە نەبوو. سەرۆکی کۆموسیۆنی یەکێتی ئوروپا و ئەندامی فراکسیۆنی ئەحزابی محافزەکار، سەرۆک کۆماری ئاڵمان، سه‌رۆك وەزیری ویلایەتی راینلند فالس، هەردو ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکرات و لە کۆتاییدا ڕێبەری حیزب ناچار بە ستایش کردن لە کەسایەتیەک بوون کە گەلێک جار مەرگی بۆچونەکانیان ڕاگه‌یاندبوو. بەڵام گەڕانەوەی گشتی بەره‌و مارکس بە تایبەت لە جەریانی قوڵترین قەیرانی دنیای سەرمایەداری لەم ساڵانەی دواییدا دوو ڕێگای زیاتر بۆ ئەوان نەهێشتبۆوە، یان دەبێ خۆیان لە کەڕی و کوێری بدەن و یان ئەوەی کە لە دەرفەتی بەدەستهاتوودا دەست بکەن بە پیاهەڵدانی، تا لەبەر رۆشنایی ئەم به‌ ڕواڵه‌ت ڕێز گرتنه‌دا تیرە ژاراویەکانیان بەره‌و ئەو بهاوێژن، هەڵبەت بۆرژوازی عاقڵتر لەوەیە کە لەم ڕێگایەدا قازانج نەکات. ئێستا کە ناکرێت پەردە بەسەر ئەندێشەکانی مارکس و ڕێگا چارەی شۆڕشگێڕانەیدا بكێشن، کە وێڕای تێپەڕ بوونی زیاتر لە سەدە و نیوێک هەروا هێزی بزوینەری پرولیتاریا و کومونیستەکان بۆ ئاڵوگۆڕ لە نەزمی ئێستادا، کەوایە دەبێ ئەو لە ڕواڵه‌تی ئەندیشمەندێک، فیلسوفێک، مێژوو نووسێکی بێ ئازاردا وێنا بکەن.

سەرۆکی کوموسیۆنی یەکیتی ئوروپا وتی کە "هەڵەیەکی گەورەیە کە گشت ئەو جەنایەتانەی بەناوی مارکسەوە لە دنیادا رویانداوە بە حیسابی ماڕکس بنووسرێت." سەرۆک وزیری ویلایەتی فالسیش بە وتنی ئەوەیکە " ناکرێ ئەو جەنایەتانەی کە لەدژی بەملیۆن ئینسان لە سەدەی ٢٠ دا لەژێر ناوی مارکسدا روویداوە بخرێتە ئەستۆی مارکس." ئەویش هەر ئەو فەرمایشتەی سەرۆکی کۆموسیۆنی ئوروپای دووپات کردەوە. یەکێک بە نوێنەرایەتی ئەحزابی محافزەکار و یەکێکی تر بە نوێنەرایەتی لە ئەحزابی سۆسیال دیموکرات. ئەوە چ هاو جیهەتیەکی تاڵە بۆ ئەحزابی سۆسیال دیموکراتی ئاڵمان کە سەردەمێک حیزبی ماڕکس و ئینگڵس بوون. سەرۆک کۆماری ئاڵمان دەڵێ ئەگەر بمه‌وێ لە کورت ترین ڕستەی مومکیندا باسی ماڕکس بکەم دەبێ بڵێم" کارل مارکس سەرەرای هەموو ناکۆکیەکانی، بیرمەندێکی گەورەی ئاڵمانی بووە." 

لەم رۆژانەدا بە تایبەت لە ئاڵمان کەمتر بونگایەکی چاپه‌مه‌نی هەیە کە بیوگرافیایەکی نوێی سەبارەت بە مارکس بلاو نەکردبێتەوە. کەمتر دامەزاوەیەکی بەناو زانستی هەیە کە لانیکەم بەرنامەیەکی تایبەت بە مارکسی بەڕیوەنەبردبێت و لە کۆتاییدا کەمتر گۆڤارێک و یان رۆژنامەیەکی بۆرژوازی هەیە کە لاپەرە و یان ستونێکی بۆ مارکس تەرخان نەکردبێت. گشت ئەمانە لە حاڵێکدایە کە تیئۆریسیەن و خاوەنڕایانی زانستی ئابووری و کۆمەڵناسی بۆرژوازی به‌ ده‌یان جار كتێبی كاپیتاڵیان به‌ بەرهەمێکی" کۆن بوو" ناو بردووه‌ کە گۆیا " دەلیلی بەهێز لە ڕەد کردنەوەیدا" هەیە. ئەگەر هەموو ئەم ئیدیعایانە راستن دەبێ لەم بەناو خاوەن نەزەر و تیئۆریسیەنانە بپرسین کەوایە بۆچی بەردەوام زەحمەت بە خۆتان ئەدەن و بەردەوام لەبیری هێنانەوەی دەلیلی نوێدان بۆ نیشاندانی بەناو "بی ئیعتیبار بوونی" هەزاران لاپەڕەی بیوگرافی، کتێب، گۆڤار بۆ نیشاندانی بەناو کۆن بوون و بێ ئیعتیبار بوونی بلاو دەکەنەوە. مەگەر جگه‌ له‌وه‌یه‌ کە دەبێ لە کۆڵ "مردو" بیتەوە.؟ بەڵام راستیەکە ئەوەیە کە چاوگێرانێک بەسەر قەیرانە دەورەییەکانی سیستمی سەرمایەداریدا، توند بوونەوەی ڕقابەتی نێوان شیرکەتە ئینحساریەکان و هێزە ئه‌مپڕیالیستیەکان، بەرین تر بوونەوەی کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت، وێران بوونی ژینگە ئاشکرا ترین بەڵگەی راستی تیئۆری و لێکدانەوەکانی مارکسە لە روون کردنەوەی لۆژیکی نیزامی سەرمایەداریدا.

لەمرۆدا ڕەخنەگرانی بۆرژوازی مارکس و چەپی ڕیفۆرمیست جورئەتی ڕەد کردنەوەی کۆمەڵە بەرهەمەکانی مارکسیان نییە. هەردووکیان و هەر کامیان بە شێوەیەک هێندێک لە لێکدانەوەکانی مارکس قەبوڵ دەکەن تا ناوه‌رۆكی شۆڕشگێرانەی ئەندیشەکانی ڕەد بکەنەوە. به‌ هه‌ڵكه‌وت نییه‌ کە گشتیان ناچارن تاریفی وردبینی ڕەخنەگرانەی مارکس سەبارەت بە ئابووری سەرمایەداری بکەن و دانی پێدا دەنێن کە دەبێ " ئیدۆلۆژی بۆرژوازی لەم وشیاریە دەرس وەربگرێت" بەڵام هاوکات له‌ ئاکامی ڕەخنەکانی سەبارەت بە کۆمەڵگای سەرمایەداری و پەڕینەوە بۆ قۆناخی شۆڕشگێرانە وەک نەزریەیەک کە گۆیا یەک لایەنەیە، کە گۆیا نادروست بوونی سەلمێندراوە و یان لە باشترین حاڵەتدا "دەربڕی ئاواتەکانی مارکسە"، خۆ بەدور بگرن. هەڵبەت قەبول کردنی چەند بەشیک لە تەحلیلەکانی لە کۆمەڵگای سەرمایەداری وەک کارێکی زانستی دیاردەیەکی نوێ نییە و تەنیا تایبەت بە ئاکادیمیسیەنە بۆرژواییەکان بە تایبەت دوای شکستی سەرمایەداری دەوڵەتی لە بلۆکی رۆژهەڵات کە ئاگاهانە وەک سۆسیالیزم تەبلیغی بۆ دەکرا، نییە. پێش هەموو ئەمانە لە هەمان کاتدا کە کێشەی مارکس و ئینگڵس لەگەڵ هەموو جۆرە لادانێكی ورده‌ بورژوایانه‌ی پرودونیستی و ئانارشیستی بوو، ده‌ستیان كرد به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بنەما، بنچینە و سەرچاوەکانی نەزەری ماركس و لە ناوەندیدا رەد کردنەوەی ڕێگا چارەی شۆڕشگێرانە. لە ڕاستیدا گۆڕانی ماهیەتی حیزبی سۆسیال دیموکراسی ئاڵمان وەک بەهێز ترین و خاوه‌ن نفوز ترین شاخەی ئەحزابی سۆسیال دیموکرات و خیانەتی مێژوویی بە بزوتنەوەی کرێکاری لە سەرەتای سەدەی ٢٠ دا بەرهەمی ئەم جۆرە بەرخوردە بە مارکس واتە قەبوڵ کردنی بەشێک لە بۆچوونەکانی و هاوکات ڕەد کردنەوەی ڕێگا چارەی شۆڕشگێرانەی بوو. دەبێ ڕێگا چارەی شۆڕشگێرانە و دەورو نەخشی ناوەندی پرولیتاریا وەک گۆڕ هەڵکەنانی نیزامی سەرمایەداری ڕەد بکرێتەوە تا مه‌وعیزه‌ی ئاشتی چینایەتی، هەتاهەتایی بوونی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی و لە باشترین حاڵتەدا تێپەڕ بوون لە کۆمەڵگای سەرمایەداری بەبێ لەنێو چوونی پێوه‌ندیه‌كانی چەوسێنەرانە و ستەمگەرانه‌ ته‌بلیغ بكرێت. لەگەڵ گشت ئەم هەوڵانەی بۆرژوازی و چەپی ڕیفۆڕمیستدا نابێ هیچ گومانێک هەبێت کە ئەندیشەکانی مارکس پەرچەمی ڕزگاری پرولیتاریا و پەرچەمی ڕزگاری کۆمەڵگای بەشەریەتە.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0