لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | ئاو لە شاری مێرولەدا!

ئاو لە شاری مێرولەدا!

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ئاو لە شاری مێرولەدا!

ئاخێزی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و لاوان و بە کورتی بزوتنەوەی نان و ئازادی کە لە مانگی بەفرانباردا بەشێکی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە، بە هاواری، ئیسلاح خواز، ئوسولگەرا، ئیتر تەواوە ماجەرا نەتەنیا وەرزێکی تازەی لە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی کردەوە، بەڵکو گرنگ تر لە گشت ئەو نارەزایەتیانە ئاڵوگۆڕێکی گرنگ لە وشیاری و ئیرادەی جەماوەردا بۆ بەرەو پێش چوونی زیاتری بەدی هێنا. بە تایبەت ئەوەی کە ئەم ناڕەزایەتیانە لەسەر بەستێنی بوونی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی هەمە جۆرە شکڵی گرت. گەشەی بزوتنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەم ساڵانەی دواییدا لەدژی بارودۆخی دژواری ژیان، بزوتنەوەی سەرتاسەری موعەلیمان و خانەنشینان، بزوتنەوەی خویندکاری، خەباتی ژنان لەدژی ئاپارتایدی ڕەگەزی، ناڕەزایەتی ئەو کەسانەی پارەکانیان لە دەست داوە و بە گشتی قین و نەفرەتی پۆنگ خواردو لەدژی هەڵاواردن و نایەکسانی لە بوارە جۆراو جۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا و دخاڵەتی مەزهەب لە ژیانی خەڵکدا ئەو بەستێنە گونجاوانە بوون کە بوارە عەینیەکانی ئاخێزی جەماوەریان فەراهەم کرد.

لەگەڵ ئەوەدا کە ڕژیم بە بێ ڕيحمانە ترین شێوە دەستی دایە سەرکوتی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بەڵام دەرێژەی مانگرتنی کریکاری، فڕێدانی حیجاب لە لایەن ژنانی خیابانی ئینقلابەوە، ناڕەزایەتی بەرین لە شارەکانی ئوستانی خوزستان، مانگرتن لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران بەگشتی نیشانەی بێ توانایی ڕژیمە لە سەرکوتی بزوتنەوەی ناڕازایەتی لە کۆمەڵگادا.

ئەم خەباتە هاوکات سەرجەم هێزە سیاسی و چینایەتیەکانی خستە جوڵە، جارێکی تر هەموان هەوڵیان دا تا ئیستراتیژی و بەدیلەکانیان بخەنە بەردەم کۆمەڵگە. بۆ هێزە چەپ و کومونیستەکان ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی ئیستا و داوای ئەو داخوازیانە دەکات کە ئەوان ساڵانێکە بۆ دەستەبەر بوونیان شەڕ دەکەن و ڕاست ئەم خەڵکەی بە هێزی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بینیوە و لە هەڵسوڕاوانی رادیکاڵ و پێشڕەوی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانیان ویستوە کە بە داواکاری ڕۆشنی خۆیانەوە بێنە مەیدان و بەدیلی سۆسیالیستی کە لە مەسیری روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیەوە تێپەر دەبێت، بخەنە بەردەم کۆمەڵگا. بەڵام بۆ بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی دەبێ ناڕەزایەتی ئێستا لە خزمەت جێگۆڕکێی دەسەڵات لە بانسەری خەڵکەوە و بە پشت بەستن بە دەخاڵەتی هێزە ئیمپڕیالیستی و ناوچەییەکان بەڕێوەبچێت. بەشێکی دیکەیان کە خۆیان بۆ دەورەیەک لە مێعمارانی ئەم نیزامە بوون و یان ساڵانێک پێشینەی کاریان لە ئۆرگانەکانی حکومەتیدا هەبووە و یان لە باشترین حاڵەتدا دەوری چارەسەر کەری ناکۆکی و ئاشتی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانیان هەبووە، ئێستا فڕێدروانەتە ئوپوزسیۆنەوە و بە دروشمی ڕیفڕاندۆمەوە هاتونەتەوە مەیدان. ئەم جەماعەتە بێجگە لەوەی کە خۆیان لە کام دەستە بەندی کۆماڵایەتیدا جێدەگرن، خاڵی پێوەندیان ترساندنی خەڵکە لە شۆڕش. ئەوان لە هەر دەرفەتێک کە دوورنمای ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی هەیئەت حاکمەدا دەبینن بە کوتە ئاڵای "هەڵبژاردنی ئازاد و یان ڕیفڕاندۆم" دێنە مەیدان. ڕادیکاڵ ترینیان کە بە دروشمی " تێپەڕ بوونی ئاشتیانە لە نیزامی کۆماری ئیسلامی" لە گەرماوگەرمی ئاخیزی مانگی بەفرانباردا هاتنە مەیدان، بە بێ شەرمی تەواوەوە لەبیریان چۆوە کە مەگەر کرێکارانی خاتون ئاباد بە چەکەوە هاتبوونە مەیدان وا درانە بەر دەست ڕێژی گوللە؟ و مەگەر جگه‌ له‌وه‌یه‌ کە لەم ئاخێزە جەماوەریەی دەی مانگدا خەڵک ئاشتی خوازانە هاتبوونە مەیدان و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە کێ بوو تەقەی لێ کردن و کێ بە هەزاران کەسی لی گرتن و ڕەوانەی زیندانەکانی کردن و کێ ژمارەیەکیانی لە زیندانەکاندا کوشت؟ دەبێ بوترێت دڵە ڕاوکێکانیان و ئەوەی کە ئەوان نیگەران و هەراسان دەکات دیمەنگای شۆڕش و ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکاڵە کە کۆمەڵگا پێەوە دووگیانە.

لە راستیدا دەبێ بوترێت کە کەوایە په‌س لەرزەکانی ئاخیزی مانگی بەفرانبار بە تێپەڕ بوونی نزیک بە دوو مانگ لێی و سەرکوتی ڕێژەیی، هێشتا هەروا هەست پێ دەکرێت. ئەم پەس لەرزانە دەتوانن هەم لەنێو بەشێک لە ئوپوزسیۆنی ڕژیمدا کە لە لایەن حاکمیەتەوە تەحەمول دەکرێن و خۆیان لە چوارچێوەی میللی- مەزهەبیدا دەناسێنن و هەم لە جەناح بەندیە حکومەتیەکاندا ببینی. دەقی بەیانیەی نێهزەتی ئازادی بە بۆنەی ساڵی تازەی ١٣٩٧ وە دەرخەری بەشێک لەم پەس لەرزانەیە. عونسوری ناوەندی لە بەیانیەیەکەیاندا ترس لە " توندوتیژی گشتگیر"ە کە " ناڕەزایەتی ماڵ باختەکانی دامەزراوەی ماڵی و ئیعتیباری، خه‌باتی کرێکارانی بێکار کراو و کەسانێک کە چەندین مانگە حقوق و حەقدەستیان وەرنەگرتوە، تێکهەڵچوونی بێ وێنە لەگەڵ دەروێشە گونئابادیەکان، پێکدادان و کێشمەکێش لەسەر شێوازی دابەش کردنی سەرچاوەی ئاو لە شارەکانی ئوستانی ئیسفەهان" کە باس لە سەرهەڵدانی گەلێک تۆفانی مەترسیدار لە بواری مناسباتی کەڵانی کۆمەڵگادا دەکەن"، دایه‌. نێهزەتی ئازادی بەوانەی کە لە دەسەڵاتدان پێشنیار دەکات کە " دەست بدەنە ئیسلاحاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی تا " بەر بە دروست بوون و پەرەگرتنی قەیرانی گشت گیری ئەمنیەتی و توندتیژی سازمان دراو لە وڵاتدا بگرن،" ئەگەر وا نەکەن کۆمەڵگا دەتوانێ ببێتە" به‌ستێنی روودانی حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی لەشکری برسیەکان" و هەڵبەت پەیامی سەرەکی بەیانیەکە هیچ شتێک نییە بێجگە لە ترس لەم " لەشکره‌ برسیانە" و نێهزەتی ئازادی بۆ ئەوەی کە وەها بە ئیسلاح موسیبەتێک روو نەدات داوا لە حاکمیەت دەکات " سادقانە بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی قانونی ئەساسی" کە " دەتوانێ وڵات لە کەوتنە هەڵدێری لێک هەڵوەشانی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕزگار بکات."

هاتنە مەیدانی پڕ دەنگ و سەدای ئەحمەدی نیژادیش ئەساسەن دەتوانێ لە بەر ڕۆشنایی ئەم مەترسیەی " حەرەکەتی ناڕەزایەتی لەشکری برسیەکاندا" روون بکرێتەوە. دەبێ لیباسی درۆینەی قارەمانیی لەبەر دەر بهێندرێت و پەردە لەسەر عەوامفریویە پپۆپۆلیستیەکانی هەڵبماڵدرێت. رەنگە ئەحمەدی نیژاد بتوانێ بەشێک لە پایەکانی کۆنەپەرستی ڕژیم لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە بەڵام بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە کۆمەڵگادا توشی لەبیرچوونەوە نەهاتون و کارنامەی ئەم پاڵەوانە درۆینەیە و سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی ٨ سال سەرۆک کۆماری ئەویان لەبیر نەچۆتەوە. ئاو وەها چۆتە شاری مێرولەکانەوە کە ٣٠٠ کەس لە هەڵسوڕاوانی پێشوی گوروپە بەسیجیەکانی دانشجویی کە خۆیان باسکی درێژ کراوی ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە زانکۆکاندا بوون، لەم رۆژانەی سەرەتای ساڵی نوێدا بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک باسیان لە " گەندەڵی و زوڵم" لە گشت ناوەندەکانی ژێر چاودێری خامنەیی لە قوەی قەزاییەوە تا شوڕای نیگابان و سازمانی ئیتلاعاتی سپا کردوە.

بی گومان قوڵ بوونەوەی کەلێنی نێوان باندە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم و سەر هەڵدانی ڕواڵەتێکی دزێوی وەک ئەحمەدی نیژاد و یان بڵاو کرانەوەی بەیانیەی لەم جۆرە خۆی یەکێک لە پەس لەرزەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی نان و ئازی بووە و دەربڕی توند بوونەوە و قوڵ بوونەوەی قەیرانی سیاسی لە کۆمەڵگادایە. ئێستا ئیتر هەم ئوپوزسیۆنی یاسایی و هەم وتە بێژانی باندە جۆراو جۆرە کانی ڕژیم بوونی وەها قەیرانێک ناشارنەوە، بەم جیاوازیەوە کە هەرکامە و باندی ڕەقیب بە خەتاباری بارودۆخەکە دەزانێ و ڕێگا چارەی خۆی بۆ دەرچوون لێی پێشکەش دەکات. باڵی ئوسولگەرا ڕێگا چارە لە کۆنترۆڵ کردنی سەرجەم ئۆرگانەکاندا دەبینی و لە ئێستاوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە خەریکی ئامادە کارییە. ئەوەی کە ئەندامیکی کوموسیۆنی حقوقی مەجلیسی ڕژیم و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی ئوسولگەرا لەم رۆژانەی کۆتایی سالدا دەڵی " ئەگەر نیزامیەک ببێتە سەرۆک کۆماری بێ گومان دەتوانێ وڵات لەم کێشە و گرفتانە ڕزگار بکات" و بە خێڕایی راگەیەنەرکانی سەر بە ئوسولگەراکان و نەزەریە پەردازانی ئەم باڵە لە حاکمیەت ئەم بەناو نەزریە گەورە دەکەنەوە؛ هیچ شتێک نییە بێجگە لە ڕێگا چارەی بەشێک لە ڕژیم بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەل قەیرانی سیاسی حاکم. "فەیاز" یەکێک لە نەزەریە پەردازانی ئوسولگەرا بۆ ئیسپاتی ئەم نەزریە لوتێک لە مێژوو دەژەنی و دەڵێ "هاوشێوە مێژوییەکەی دەقیقەن دوای مەشروتە و سەردەمی دەوڵەتی قاجارە کە ئێران داگیر دەکرێت و خاریجیەکان دەیانەوێ ئێران لە نیوان خۆیاندا دابەش بکەن، لایەنی نیوخۆییش گەلێک قەیراناویە و نا ئەمنییه‌ توندی لە حاڵی پەرەسەندن دایە". ئەو لە درێژەدا دەڵێ کاتێک " ئەم دووە بە یەکەوە یەکبگرن کەسێکی وەک رەزاخانی دەوێ". لە راستیدا بە سەرنجدان بە هاوسەنگی هێزی موجودی جیهانی تەرحی دابەش کردنی ئێران زیاتر ترساندنی بەشە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی نیوخۆییە. بەڵام پەیامی سەرەکی ئەو نیگەرانیەکەیەتی لە " ئاستی نیوخۆیی کە هەم بەتوندی توشی قەیران و نا ئەمنیە و هەم ئەم نائەمنیانە بە توندی لە حاڵی پەرەگرتندان".

بی گومان بۆچوونی لەم جۆرە کە لە لایەن بۆرژوازی ئوپوزسیۆنەوە و یان باندێکی ڕژیمەوە تەرح دەکرێن، سیناریۆیەکن کە هەڕەشە لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک دەکەن. بەڵام لە عەینی حاڵدا نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە نزیک بە ٤ دەیە سەرکوت و دەستدرێژیەکانی بە ئاشکرای باندە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم، ڕیگا چارەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی بۆ جێگرەوەی ئەم ڕژیمەی لەسەروی خەڵکەوە و ئاڵوگۆرێکی بە ئاشکرا کە لە ئاگاهی و ئەفکاری خەڵکدا بەدی هاتوە، بەگشتی ئەو فاکتۆڕە عەینیە لەبارانەن کە خەڵک دەخاتە ئەم بارودۆخەی ئێستاوە، تا بتوانێ بە وریایی پێویستەوە سەنگەر بە سەنگەر کۆسپەکانی سەر ڕێگای لا بەدات و کۆمەڵگا لە مناسباتی ستەمگەرانە و چەوسێنەرانەی زاڵ بەسەریدا ڕزگار بکات.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0