لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | وتەیەک بۆ دیفاع لە ناڕەزایەتی ماف خوازانەی خەڵکی خوزستان

وتەیەک بۆ دیفاع لە ناڕەزایەتی ماف خوازانەی خەڵکی خوزستان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
وتەیەک بۆ دیفاع لە ناڕەزایەتی ماف خوازانەی خەڵکی خوزستان

لە دەرێژەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی شارە جۆراو جۆرەکانی خوزستاندا، خەبەر دێت کە دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیم ٤٠٠ کەسیان لە خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ماهشەهر، ئەهواز، حەمیدیە، خوڕەمشار و ئابادان، دەست بەسەر کردوە.

ناڕەزایەتیەکان لە رۆژی دووی مانگی خاکەلێوەدا دەستی پێکرد کە کاناڵی ٢ ی تەلەویزیۆنی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەیکی نەورۆزیدا، و لە نمایشێکی بوکەڵەییدا، بوونی میللیەتی عەرەبی لە ئێران لەبەرچاو نەگرتبوو. ئەم نمایشە تەلەویزیۆنییە بوو بە بیانویەک تا خەڵکی عەرەب لە ماهشەر و دواتر لە کوت عه‌بدوڵڵا و ئەهواز بڕژێنە سەر شەقامەکان و قین و توڕەیی پۆنگ خواردویان کە لە ٤ دەیە حاکمیەتی ڕژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامیە بە دانی دروشم و خۆپیشاندانی خیابانی دەرببڕن.

لەگەڵ پەرەگەرتنی ئاستی ناڕەزایەتیەکان بۆ شار و دێهاتەکان، هێزە نیزامی و ئینتیزامی و گاردی تایبەت لە ئوستانەکانی دیکەوە نێردران بۆ شارەکانی ئەم ئوستانە. ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەی شارەکان بە جێگیر کرانی چەندین پۆستی پشکنین خراونەتە ژێر کۆنترۆڵەوە. لەنێو شارەکانیشدا ماتۆڕسوارانی ئەمنیەتی و هێزە دژی شۆڕشەکان بۆ دروست کردنی ترس و وەحشەت لەنێو خەڵکدا دەستیان کردوە بە مانۆڕ دان. ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە شارەکانی خوزستان، تەنیا گۆشەیەکە لە هەڵچوونی قین و توڕەیی خەڵکی ستەم دیتوی ئەو ناوچەیە لەدژی سیاسەتە دوو بەرەکی دروست کەر و مەزن خوازییە ناسیۆنالیستیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی عەرەب و باقی نەتەوەکانی تری ئێران. ڕەد کردنەوەی بوونی نەتەوەی عەرەب و باقی نەتەوەکان لە ئێران، بە ئامانجی لەبەرچاو نەگیرانی مافەکانیان بەڕێوەدەچێت. ڕەد کردنەوەی مەوجودیەت، سوکایەتیە ڕەگەز پەرستانەکان و بەکار بردنی لەفزی سوکایەتی ئامێز بەرانبەر بە نەتەوەکان، فەرهەنگەکان، زمان و مەزهەبە ناحکومەتیەکانی خەڵکی ئیران، لە ڕێگای سەدا و سیماو و باقی ڕاگەیەنەرەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە بابەتێکی تازە نییە. ئەگەر سیاسەتی تەبعیز ئامیز بەرانبەر بە نەتەوە، مەزهەب و فەرهەنگەکانی تر، بەشێک لە ماهیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەبوایە، ئەگەر ئەم کردارە تەبعیز ئامێزانە لە ساختاری سیاسی و ئیجرایی ڕژیمدا نیهادینە نەبوایەن، هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەری بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی بە تەنیایی لە وەها ئاستێکدا، قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی هەڵنەدەخڕاند.

نارەزایەتیەکانی رۆژەکانی سەرەتای ساڵ، ئەگەرچی دەربڕینی قین و توڕیی بەرانبەر بە بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی ئەنگیزەکەی بوو، بەڵام نە لە باری هەڵسوکەوتی ڕژیم و نە باری کاردانەوەی خەڵکەوە بە هیچ شێوەیەک رووداوێکی لەخۆڕا و ئانی نەبوون. خەڵکی ئەهواز و باقی شارەکانی خوزستان، لە یەک ساڵی ڕابردودا چەندین جار لە ناڕەزایەتی بە کەم تەوجوهی ڕژیم بە پیس بوونی زۆری ژینگە دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی خیابانی. ناڕەزایەتی دژبە دروست کرانی سەدی کارناسی نەکراوی گتوەند، کە بووە بە هۆی دروست بوونی دەریاچەیەکی خوێ لە پشت سەدەکەوە و دار خورما و مەزراکانی وشک کردوە، بە شێوەی جۆراو جۆر لە ئارادایە. لە ماوەی ئەم مانگانەی دواییدا شاهیدی ناڕەزایەتی بەرینی کرێکارانی موجتەمەعی نەیشەکەری حەوت تەپە و فولادی ئەهواز بووین بۆ دەستەبەر کردنی مافە پێشێل کراوەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا ئوستانی خوزستان یەکێک لە کانونەکانی پڕ جوڵە و خورۆشی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردو بووە. خۆپیشاندانی ئەم رۆژانەی دوایی لە ناڕەزایەتی بە لەبەرچاو نەگیرانی هۆویەتی نەتەوەیی خەڵکی عەرەب، لە ڕاستیدا ئاڵقەیەک لە زنجیرەی ئەو ناڕەزایەتیە ماف خوازانەیە کە لەم ئوستانە و لە سەرتاسەری ئێراندا بە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆر لەدژی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە.

ناڕەزایەتی خەڵکی خوزستان لەدژی ڕەدکرانەوەی ناسنامەی نەتەوەییان، لە راستدا بەشێکە لە ناڕەزایەتی و نەفرەتی گشتی خەڵکی سەرتاسەری ئێران لەدژی بێ مافیەکان، هەڵاواردن و ستەم گەریەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. خەڵکی عەرەبی خوزستان لەگەڵ گشت نەتەوەکانی ژێر ستەم لە ئێراندا، لەگەڵ چینی کرێکار، لەگەڵ ژنانی کۆیلەی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی، لەگەڵ سەرجەم ئەو ئینسانانەی کە ڕژیمی ئیسلامی لەم وڵاتەدا مافە ئینسانیەکانیان پێشێل دەکات هاو چارەنووسن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام درێژەی حەیاتی خۆی لە گرەوی دووبەرەکی و چەند دەستەیی نانەوە لە ڕیزی خەباتی خەڵکی ئێراندا بینیوە. ئەم سیاسەتە ی کۆماری ئیسلامی دەبێ ڕێسوا و پوچەڵ بکرێتەوە. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەم دیتوی ئێران بە فارس، تورک، کورد، عەرەب، بەلوچ و هەموو نەتەوەکانی دیکەوە، قوربانی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و سیاسەتە سەرکوت گەرانەکانی ڕژیمی ئیسلامین و بۆ کۆتایی هێنان بەم بێ مافیانە دەبێ دەست لەنێو دەستی یەک، درێژە بە خەبات لەدژی ئەم ڕژیمەی جەهل و چەوساندنەوە و ستەمە بدەن. ئەگەرچی بەرژەوەندی ئەم ڕژیمە لە دروست کردنی تەفرەقە و چەند دەستەیی دروست کردن لە ڕیزی خەباتی خەڵک دایە، بەڵام کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش هیچ بەژەوەندیەکیان لە دروست بوونی تەفرەقەی نەتەوەییدا نییە، دابین بوونی بەرژەوەندیەکانیان لە گرەوی یەکێتی و هاوپشتی چینایەتی و خەباتکارانەیان دایە.

لە بارودۆخی ئێستادا تەنیا ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی دووبەرەکی نانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نەفرەت پەراکەنی ڕەوتە ناسیۆنالیستیەکان، پشتگیری و پشتیوانی لە نارەزایەتی ڕەوای خەڵکی خوزستان و پەرەدان بە خەبات لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران لە هەر جێگایەک بن لە ناڕەزایەتی ڕەوای خەڵکی عەرەب لە خوزستان پشتیوانی و ناسیۆنالیزمی مەزن خوازانە و سیاسەتەکانی چەند بەرەکی نانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی بۆسەر ڕیزی خەڵکی ناڕازی و گرتنیان مەحکوم دەکەن.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0