لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | کۆبوونەوەی ساڵانەی کومیتەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و خلافکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی

کۆبوونەوەی ساڵانەی کومیتەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و خلافکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
کۆبوونەوەی ساڵانەی کومیتەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و خلافکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی مانگی خه‌مانان بەرانبەر لەگەڵ یازدەی سێپتامبر، کومیتەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حەفتا و شەشەمین کۆبونەوەی خۆی لە ژێنێڤ دەستپێکرد. دەستوور کاری ئەم دانیشتنه‌ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مافەکانی منداڵان و ئیجرای یاسا و ڕێساکانی کۆمیسیۆنی مافەکانی منداڵانە لە وڵاتانی جۆراوجۆرە. ڕاپۆرتی کردنەوەی ئەم کۆبونەوە ئەساسەن تایبەت بوو بە پرسی کۆچبەر و ئاوارە بوونی منداڵان. بەڵام قەرارە کە ئەم ئیجلاسە لە درێژەی کارەکانیدا بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانه‌ بکات کە سەبارەت بە پێشێل بوونی مافەکانی منداڵان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا کراون. لەم ڕاپۆرتەدا لە نێو ٨٥٠٠ پەنابەر و کۆچبەردا کە لە هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای مەدیتەرانە گیانیان لە دەستداوە، ژمارەیەکی زۆریان منداڵ بوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٩٢ لەسەد لە ١٣ هه‌زار و ٧٠٠ منداڵی کۆچبەر کە تەنیا لە ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا هاتونەتە ئیتالیا بەبێ سەرپەرست کۆچیان کردووە. هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا نووسراوە کە تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ٦٥ میلیۆن کەس ئاوارە بوون کە ٢٢ میلیۆن و ٥٠٠ هه‌زاریان پەنابەر بوون و زیاتر لە نیوەشیان منداڵ بوون.

ئەم کومیتەیە لە ڕاپۆرتێکدا کە سەبارەت بە پێشێل بوونی بە ئاشکرای مافەکانی منداڵان ساڵی ڕابردوو لە کۆماری ئیسلامیدا بڵاوی کردەوە و قەرارە لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێ بکرێت، وتویەتی، "کۆمەڵیک یاسای زاڵمانە لەدژی منداڵان لە ئێڕان ئیجرا دەکرێت. لەوانە بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی هاوسەرگیری کوڕان لە ١٥ ساڵ و کچان لە ١٣ ساڵیدا قانونییە. هەروەها بەپێی ناوەرۆکی قانونی مەدەنی، ئەگەر سەرپەرستی کچەکە بە مەسڵەحەتی بزانێ، ئەو پێش تەمەنی ١٣ ساڵیش دەتوانێ هاوسەرگیری بکات. بەم جۆرە لە ئێران بە کردەوە بەربەستی تەمەنی بۆ هاوسەرگیری کچان بوونی نییە و هاوسەرگیری لە هەموو تەمەنێکدا مومکینە. تەمەنی مەسئولیەت پەزیری بۆ ئەنجامدانی تاوان زۆر لە خوارەوەیە؛ ئەم تەمەنە بۆ کچان ٩ ساڵ دیاری کراوە و لە حاڵێکدا بۆ کوڕان ١٥ ساڵە. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها داوا لە کۆماری ئیسلامیی کراوە کە کۆتایی بە ئێعدام کردنی ئەو کەسانە بێنێ کە لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵیدا تاوانی وەک کوشتنیان ئەنجام داوە." ئەو خاڵانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا وەک ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی ٢٠١٦ دا مەتڕەح بوون، نە تەنیا کەم نەبوونەتەوە، بەڵکوو لە ٩ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا زیاتریش بوون. کۆماری ئیسلامیی پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی مۆر کردووە. پەیماننامەی مافەکانی منداڵان پەسەندکراوی کۆنوانسیۆنێکی نێونەتەوەییە کە مافە مەدەنی، سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی منداڵان بەیان دەکات. ئەو دەوڵەتانەی کە ئەم پەیماننامەیان مۆر کردووە وەزیفەیانە بە کردەوەی دەربێنن. بەڵام کۆماری ئیسلامیی لە سەروی ئەو ڕژیمانەوەیە کە بە شێوەی ڕەسمی و یاسایی مافە سەرەتاییەکانی منداڵان پێشێل دەکات. کۆماری ئیسلامیی تا ئێستا ناوەرۆکی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە خۆشی موری کردووە پەیڕەو ناکات، بەڵکوو هەڵسوڕاوان و ئەو ناوەندانەش کە داکۆکی و پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان دەکەن دەخاتە ژێر گوشارەوە و دەیانگرێت و زیندانیان دەکات. هەر ئێستا ژمارەیەک لەو هەڵسوڕاوانە لەبەر دیفاع لە مافەکانی منداڵان زیندانی کراون.

لە بەرچاو ترین حاڵەتی پێشێل بوونی مافەکانی منداڵان لە ئێڕان، بێبەش بوونیان لە خوێندن و کار کردن لە تەمەنی منداڵی دایە. ڕژیمی ئیسلامیی حاکم بەسەر ئێراندا یەکێک لە دزێوترین سیماکانی نیزامی سەرمایەدارییە لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ کاری منداڵاندا. لە ئێران هیچ چەشنە ئامارێکی شیاوی بڕوا و درووست سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار لەم وڵاتەدا لەبەر دەستدا نییە. ئامارە ڕەسمییەکان لە ئێران باس لە بوونی ٢ میلیۆن منداڵ دەکەن بەڵام، شەپۆلی منداڵانی کار لە ئێڕان بە ڕواڵەتی شارەکان بە تایبەت شارە گەورەکانەوە بە ڕوونی دیارە. ڕێكخراوی جیهانیی کار، منداڵانی کرێکاری لە ئێڕان ٥ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس ڕاگەیاندوە. بە لەبەرچاو گرتنی ٧ میلیۆن منداڵی بێبەش لە خوێندن، ئاماری ڕێكخراوی جیهانیی کار لە ڕاستییەوە نزیکە. دەبێ بەم ژمارەیەوە سەدان هەزار منداڵی کرێکاری ئەفغانستانیش زیاد بکرێت. زۆربەی ئەم منداڵانە کە لە تەمەنی ٥ تا ١٥ ساڵیدان، منداڵی ئەو بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشانەن کە بەهۆی هەژاری و بێکاری کەسوکاریان و بۆ یارمەتی دان بە چارەسەر کردنی برسیەتی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچار دەبن بە جێگای یاری و چوون بۆ قوتابخانە و هەوڵدان بۆ گەشە و پەروەردە کردنی خۆیان کە مافی سروشتیی هەموو منداڵێکە، خەریکی کاری دژوار و تاقەت پڕوکێن بن و نەمامی تەمەنیان لەژێر باری ئەم ژیانە دژاوەردا سیس بێت و بچەمێتەوە. ناچارن شەو و ڕۆژ لە قاڵی بافییەکان، لە کارگا چکۆلەکان، لە مەیدان و شەقامی شارەکاندا خەریکی باربەری، خاوێن کردنەوەی شوشەی ماشێنەکان، سیگار فرۆشی، فرۆشتنی دەستماڵ کاغەزی، کیسەی نایلۆنی و بنێشت فرۆشتن بن تا پارەیەک بۆ تێر کردنی سکی خۆیان دەستەبەر بکەن و یان تەنانەت لە زبڵدانەکاندا بەشوێن شتێکدا بگرێن بۆ خواردن.

ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا لە جەریاندایە، چارەنووسی حەتمی و بێ چارەسەری منداڵان نییە. ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامیی گوێ ناداتە ڕەخنەکانی کومیتەی مافەکانی منداڵان و کۆبوونەوە ڕەسمییەکان و ڕیاکاری و پەیمان شکێنی خسڵەتی زاتیی ئەم ڕژیمەیە، بۆ دابین بوونی مافەکانی منداڵان دەبێ ڕێگایەکی دیكه‌ بگیرێتە بەر. ئەم ڕێگایەش تەنیا دەست دانە دەستی یەکترە و خەبات کردن لەدژی ڕژیم و مناسباتێکە کە منداڵانی بێ تاوانی ئەم کۆمەڵگایەی بەم شێوەیە بێ ڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان بێبەش کردووە.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0