لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | جەنایەتی جەنگی لایەنە دەرگیرەکان لە شەڕی سوورییەدا

جەنایەتی جەنگی لایەنە دەرگیرەکان لە شەڕی سوورییەدا

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
جەنایەتی جەنگی لایەنە دەرگیرەکان لە شەڕی سوورییەدا

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگی خرمانان کۆمیسیۆنی توێژینەوەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ یەکەم جار بەرپرسیاریەتی هێرشی شیمیایی بۆسەر خان شیخونی لە ئوستانی ئیدلیب لە مانگی ئاوریلی ڕابردوودا خستە ئەستۆی دەوڵەتی سوورییە. کارناسانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆمبارانی شیمیایی خەڵکی خان شیخونیان بە گازی سارین کە بەهۆیەوە لانیکەم ٨٣ کەس گیانیان بەختکرد، وەک جەنایەتێکی جەنگی و لە ڕاستیدا جەنایەت لەدژی بەشەریەت ناوبردووه‌. لە حاڵێکدا دەوڵەتی ئاڵمان هەمان کات کۆماری ئیسلامیی و ڕووسییەی بە خەتابار و بکەری ئەم جەنایەتە ناساندبوو، ڕژیمی ئێران دەغەڵکارانە ئەوی مەحکووم کرد و وای نیشاندا کە ئەم ماددە شیمیاییە لە ئەنباری گورووپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بووە و بەهۆی بۆمبارانی سوورییەوە لە هەوادا بڵاو بۆتەوە. لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی توێژینەوەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا هەروەها هاتووە کە لەگەڵ خان شیخون، خەڵکی مه‌ده‌نی لە ناوچەکانی دیکەی سوورییەش کە لەدەست نەیاراندا بوون کەوتونەتە بەر هێرشی شیمیایی دەوڵەتی بەشار ئەسەد. 

بەڵام جەنایەتی جەنگی لە سوورییە لەدژی خەڵکی بێ دیفاع تەنیا لە بەکار هاتنی چەکی شیمیاییدا سنووردار نابێتەوە و تەنیا ڕژیمی سوورییە و کۆماری ئیسلامیی نین کە ڕۆژانە ئەم جۆرە جەنایەتە ئەنجام دەدەن. بۆمبارانەکانی ڕژیمی سوورییە بە بەرمیلی پڕ لە ماددەی تەقەمەنی کە هەرکامیان ناوچەیەک له‌گه‌ڵ زەوی تەخت دەکات و لە هەموو شار و شارۆچکەکان زۆر جار بەکارهاتووە کەمتر نەبوون لە جانایەتێک کە لە خان شیخون بە بۆمبی شیمیایی ئەنجام درا. کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک لەلایەن گورووپەکانی داعش، بەرەی نوسرەو و ئەڕتەشی ئازاد و باقی گورووپ و دەستە و تاقمە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانیشەوە دەبێ وەک جەنایەتی جەنگی بە ئەژمار بێن. بۆمبارانە شیمیاییە مەترسیدارەکانی فرۆکەکانی ڕووسییە و هاوپه‌یمانێتی بە ڕێبەریی ئەمریکا کە بە بەکارهێنان و تاقیكردنه‌وه‌ی نوێترین تێکنولۆژی نیزامی ڕۆژانە بەسەر خەڵکی ستەم دیتوی سوورییەدا دەبارێ هەروەها لە زومڕەی جەنایەتی جەنگی بە حیساب بێن. کۆمیسیۆنی توێژینەوەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە بەرانبەر گشت ئەم جەنایەتانەدا بێدەنگی هەڵبژاردووە. ناوەندە مافی مرۆڤە نێونەتەوەییەکان تەنیا کاتێک کە به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان بخوازێت، هێندێک حاڵەت لە پێشێل بوونی مافەکانی مرۆڤ لێرە و لەوێ ئاشکرا دەکەن. 

لەگەڵ پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی ئەڕتەشی سوورییە کە بە هاوکاری ڕووسییە و کۆماری ئیسلامیی و حیزبوڵڵا لە بەرەکانی شەڕدا بەدەستی هێناوە، باقی دەوڵەتە دەرگیرەکانی شەڕ لە ئەمریکاوە گرتویەتی تا دەوڵەتانی ناوچەکە "تورکییە، کۆماری ئیسلامیی، عەرەستانی سعوودی و قەتەر" هەرکامە و بە شێوەیەک لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی جایه‌گای خۆیان لە سوورییە و پەیگیری کردنی تەرح و پیلانەکانیان. دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بەردەوام درێژە بە لەشکر کێشی و تۆپباران کردنی کوردستانی سوورییە و بەهێز کردنی گورووپەکانی سەربە دەوڵەتی تورکییە دەدات. ئەم دەوڵەتە وێڕای هەوڵدان بۆ شکست پێهێنانی خەباتی خەڵکی کوردستانی سوورییە لە ڕاستای پەیڕەو کردنی حاکمییەتی خۆیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و تێکۆشانیان، دەیەوێ به‌شی خۆی لە سفرەیەک کە هێزە سەرمایەداره‌کان لە خوێنی خەڵکی شەڕ لێدراو و ستەم دیتوی سوورییە ڕایانخستووە، بەدەست بێنێ.

کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵا لوبنانیش بە چوونی بە ئاشکرایان بۆ نێو معامەلە لەگەڵ داعش و بەرەی نوسرە نیشانیاندا کە لەبەر درێژە کێشانی حوزوری جەنایەتکارانەیان لە سوورییە و دوژمانیەتی لەگەڵ خەڵک، خاوەنی هیچ پڕەنسیپێکی ئینسانی و ئەخلاقی نین. سەرەڕای تەبلیغاتی درۆینەی کۆماری ئیسلامیی لەدژی داعش، ئەم دەوڵەتە بەردەوام لەگەڵ ئەم گورووپە وەحشیەدا لە پێوەندی دابووە. معامەلەی ٢٦ی مانگی ئووتی کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵا لەگەڵ داعش بۆ ڕزگار کردنی ٦٠٠ کەس لە کەسانی سەر بە داعش لە بەرەکانی شەڕ لە بەرزاییەکانی قەلەمون لەسەر سنووری سوورییە و لوبنان و گواستنەوەیان بۆ ده‌یره‌الزوور بە ئامانجی بەکارهێنانیان لەشەڕەکانی داهاتوودا لەسەر سنووری عێڕاق و سوورییە ماهییەتی جەنایەتکارانە و ڕواڵەتی ڕێسوای کۆماریی ئیسلامیی بۆ خەڵکی دنیا ئاشکرا کرد. دەربڕینی بەداخەوەبوونی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیم لە مەرگی ٨٥ کەس لە كه‌سانی داعش بە هۆی هێرشی ئاسمانیی فرۆکەکانی هاوپه‌یمانان بە ڕێبەریی ئەمریکا بۆسەر کاروانی داعش کە بەرەو ده‌یره‌الزوور دەچوون، نیشانەی هاودڵی ڕژیمە لەگەڵ گورووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لەوانە داعش کە هەرکامە و بە شێوەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە پێوەندیدان. هاوکاری و ساتوسەودای کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵا لەگەڵ گورووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بابەتێکی تازە نییە. ئەوان پێشتریش لە حەڵەب سەودایەکی لەم جۆرەیان لەگەڵ بەرەی نوسرە و بە هەزینەی قەتەر ئەنجام دابوو.

پیلان و معامەلەی ڕژیمەکانی کۆماری ئیسلامیی، تورکییە، عەرەبستان و قەتەر لە دژایەتی کردن لەگەڵ بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی سوورییە و سەرجەم ناوچەکەدایە. شەش ساڵ بەسەر بڵێسەدار بوونی شەڕی سوورییەدا تێدەپەڕێت. شەڕێک کە هەموو ئوستانەکانی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە. خەباتێکی ڕەوا کە جەماوەری خەڵی زۆر لێکراوی سوورییە شەش ساڵ و نیو لەوەپێش لەدژی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعس لەم وڵاتەدا دەستیان پێکرد دوای چەند مانگ بە دەستێوەردانی هێزە سەرمایەدارەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و بە هاوکاری گورووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان توشی شکست هات. بەرهەمی دخاڵەت و جەنایەتی جەنگی سەرجەم لایەنەکانی دەرگیر لەم شەڕدا بۆ خەڵکی سوورییە تا ئێستا نیو میلیۆن کوژراو و زیاتر لە دە میلیۆن ئاوارە و وێران بوونی زۆربەی شار و دێهاتەکانی سوورییە بووە. وادیارە ئەم شەڕە بە شکستی داعش و باقی گورووپە تیرۆریستە وابەستەی کۆتایی نایەت.

حوزوری درێژ ماوەی ئەمریکا و ڕووسییە و هاوپەیمانەکانیان لە سوورییە بە واتای درێژە کێشانی شەڕ و کوشتار و زەوت کردنی ژیان و ئاسایش و ئەمنییەت لە خەڵکە. لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنیا ڕێگای ڕزگار بوونی خەڵک لە دۆزەخێک کە بۆ خەڵکی سوورییە بەدی هێندراوە کورت کرانەوەی دەستی ئەم جەنایەتکارانەیە لە سەر چارەنووسی خەڵکێک کە بە خەباتی یەکگرتوانە و یەکپارچەی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادی خواز لە دەرەوەی سوورییە نەبێت ئیمکان پەزیر نییە.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0