لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | دەوڵەت بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری گرفتی مەسکەن نییە

دەوڵەت بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری گرفتی مەسکەن نییە

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
دەوڵەت بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری گرفتی مەسکەن نییە

عەباس ئاخوندنی وەزیری ڕێگا و شارسازی دەوڵەتی دوازدەهەم لەم دواییانەدا ئیعتیرافی کرد کە لە ئێراندا ١٩ میلیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵن. ئەو وتی " لە ئێراندا ٥ میلیۆن و ١٠٠ هەزار بنەماڵە تەنیا ژورێکیان هەیە بۆ ژیان تێدا بەسەربردن. ١٠ تا ١٥ میلیۆن کەس لە پەڕاوێزی شارەکاندا دەژین و ٨ میلیۆن کەسیش لە بافتی كۆنی شارەکاندا پشتگوێ خراون." ئەو قسانە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ڕابردوو سەرچاوە هەواڵییەکانی ڕژیم باسیان لە بوونی ١٩ میلیۆن کەس لە ئێران تەنیا وەک پەڕاوێز نشین کردبوو کە لە حەڵەبی ئاوا و حەسیرئاوا و نایلۆن ئاواکان و هه‌روه‌ها له‌ ناو گۆڕ و کارتۆنەکاندا بە بێ ئاو و بەرق و بێهداشت شەویان ڕۆژ دەکردەوە. عەباس ئاخوندنی کە لە هەمان سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامییەوە تا ئێستا لە پۆستە باڵاکانی حکومەتیدا بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆری هەبووە و لە کاتی دەوڵەتی ڕەفسەنجانییەوە تا ئێستا چەندین دەورەش وەزیری مەسکەن و شارسازی بووە، دەڵێ " لە ئێراندا ١٩ میلیۆن کەس بە بێ ماڵ و مەسکەن وێڵ کراون." دەبێ لەم کاربەدەستەی ڕژیم پرسیار بکرێت کە کێ بێجگە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە بەرانبەر بێ ماڵ و مەسکەنی دەیان میلیۆن لە خەڵکی ئێراندا بەرپرسیارە؟ ئایا کەس و ناوەندێک بێجگە لە دەوڵەتی ئیسلامیی دەتوانین ناوبەرین کە ئەو ١٩ میلیۆن کەسەیان پشتگوێ دابێت؟

بەڵام کۆماری ئیسلامیی نە تەنیا لە بەرانبەر بێ مەسکەنی زیاتر لە ٤٠ لەسەدی خەڵکی ئێراندا بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی دادەماڵێ، بەڵکوو دەستی کاربەدەستانی لە بانکەکان، بونگا و دامەزراوە ماڵی و ئیعتیبارییە گەندەڵەکانیشیدا بە کراوەیی هێشتۆتەوە تا پەلاماری سپوردە ماڵییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش بدەن. ئەوان سەروەت و دارایی کەمی ئەو کەسانەش کە بە تەحەمۆل کردنی ڕەنجێكی زۆر و بێبەشی بەسەر خۆیان و بنەماڵەکەیاندا پەسەنداز کردووە و ناویانەتە ئیختیار ئەو بونگایانەوەش تاڵان دەکەن و ئارەزوی خەڵکی بێ ماڵ و مەسکەن بۆ هەبوونی چواردیواریەک دەکەنە خەم و بێ هیوایی. کۆبوونەوەی ئەو کەسانەی ئەو داراییە کەمەشیان لە دەست چووە بۆ وەرگرتنەوەیان ڕۆژانە لەبەردەم مەجلیس و نووسینگه‌ی ئەم ناوەندە گەندەڵ و دزانە و لە بەردەم باقی ناوەندە حکومەتییەکاندا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی حەفتەی ڕابردووی مۆعه‌لیمه‌کانی شاری "قەرچەک" لە ئوستانی تاران نمونەیەکی دیکەیە لە سه‌رنج نه‌دانی دەوڵەت له‌ئاست بێ ماڵ و مەسکەنی خەڵکە. مۆعه‌لیمانی قەرچەک دوای ٨ ساڵ دانی پارە بە " تەعاونی مەسکەنی ئیسار" بۆ کڕینی زەوی و دابین کردنی ماڵ ئێستا دەزانن کە نە تەنیا نابنە خاوەنی ماڵ و مەسکەن، بەڵکوو قەتعە زەویەکیش کە کڕیبویان بەپێی یاسا و دەستورعەمەلی دەوڵەت لە دەستیان داوە. چەند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی دانی به‌وه‌دانا کە دەوڵەتی یازدەهەم بۆ چارەسەری گرفتی مەسکەن بەرنامەیەکی نەبووە. دەوڵەتی دوازدەهەمی ڕووحانیش تا ئێستا هیچ بەرنامەیەکی تەنزیم کراوی بۆ چارەسەر کردنی گرفتی مەسکەن ڕوو بە خەڵک ڕانەگەیاندوە.

تەنیا بەرنامە و به‌ڵێنی حەسەن ڕووحانی بۆ خەڵک لە پێوەند لەگەڵ چارەسەری گرفتی مەسکەنی خەڵک کاتی دیفاع لە وەزیری مەسکەنی دەوڵەتەکەی، دەربڕینی هیواداری بوو بۆ بەدواداچوونی دەوڵەتی دوازدەهەم لە ئاستی ڕزگار بوونی دەوڵەتەکەی لە تەرحی " مەسکەنی مێهر". ڕووحانی ئەم تەرحەی کە لە دەورەی ئەحمەدی نیژادەوە بۆ بەجێ ماوە،بە تەرحی درووست کردنی ئەو بینایانە زانی کە لە بیابانەکاندا و بەبێ بەهرەمەند بوون لە هەر چەشنە ئیمکاناتێکی ڕووبەنایی و ژێربەناییدا درووست دەکرێن. ڕووحانی وتی "بە باوەڕی من گرفتی مەسکەن لە ڕێگایەکی تایبەتەوە و بە هاوکاری کەرتی تایبەت لە مەیدانی پێکهاتە و بافتە کۆنەکاندا شیاوی چارەسەر کردنە. نۆژەنکردنەوەی بینا کۆنەکان نە تەنیا گرفتی خەڵک چارەسەر دەکات، بەڵکوو مەسکەنی جێی پێداویستی باقی کەسەکان لە وڵاتیشدا دابین دەکات." ئەم وتە نارۆشن و بێ ناوەرۆکانە ڕووحانی و پرۆژەکەی سەبارەت بە مەسکەن بەم واتایەیە کە نابێ خەڵک چاوەڕێ بن کە دەوڵەت کارێکیان بۆ بکات.

هەزینەی سەرسوڕ هێنەری کرێ ماڵ لە ئێران زیاتر لە ٥٠ لەسەد لە داهاتی بنەماڵە کرێکارییەکان و خەڵکی زەحمەتکێش هەڵدەلوشێ. بەم حاڵەشەوە ستاندار و کەیفیەتی زۆربەی ئەو ماڵانەی کە خەڵکی ئێران بە هەر دژواریەکەوە تێیاندا دەژین خاوەنی ئاستێکی ئەمنییەتی زۆر لە خوارەوەن. ئەم بینایانە لە بارودۆخ و ئیمکاناتێکی ژینگەیی گونجاو لەوانە ئاوی خواردنەوەی خاوێن و بەردەوام، بەرق، جاددە و ئیمکاناتی گواستنەوە و گەیاندن، ژینگەی بێهداشتی و هەوای خاوێن بەهرەمەند نین. کاربەدەستانی " سازمانی پارێزگاری کردن لە ژینگە"ی ڕژیم دان به‌وه‌دا ده‌نێت کە ساڵانە، ٣٥ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی پیسبوونی هەواوە دەبنە قوربانی.

بەداخەوە بە هۆی کەمتەرخەمی ڕژیم سەبارەت بە ته‌وه‌ری مەسکەنی خەڵک و کراوە هێشتنەوەی دەستی دەڵاڵەکان و ڕانتخۆران و خاوەن سەرمایەکان، ڕۆژانە لە کۆشە و کەناری شارەکاندا بە ژمارەی ئەو کەسانەوە کە بەهۆی بێتوانایی لە دانی کرێ ماڵ لە ماڵەکانیان وەدەر دەندرێن و بێ ماڵ و مەسکەن دەبن، زیاد دەبێت. ژیانی ئەم کەسانە ساڵ لەگەڵ ساڵ بە تایبەت بە نزیک بوونەوەی زستان و وەرزی سەرما بە سەختی دەکەوێتە مەترسییەوە. بەداخەوە هەر لە حه‌فته‌ی ڕابردوودا دوو کەس لە ئەندامانی بنەمالەیەکی بێ سەرپەنا کە بە ناچاری پەنایان بردبووە نێو کۆنە دووکانێک وەک ماڵ و مەسکەن، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە تێیدا گیانیان لەدەستدا.

لە حاڵێکدا کە قەیرانە هەمە لایەنەکان بەتوندی هەڕەشە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەکەن، لە بارودۆخێکدا کە بە سازشی ڕووحانی و سپای پاسداران بەشێکی گەورە تر لە بوددجەی دەوڵەت بە گەروی هێزە سەرکوتگەرە نیزامی و ناوەندەکانی خەڵەتاندن و فریوی ئاخوندەکاندا دەکرێت، نابێ چاوەڕوان ئەوە بین کە دەوڵەت بەرنامەیەکی بۆ دابین کردنی مەسکەن بۆ خەڵک هەبێت و باشتر بوونێک لەم دۆخە کارەساتبارەدا بەدی بێت. دابین بوونی مەسکەنی گونجاو تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی رێکخراو و یەکگرتووانەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بێت. تەنیا وەها خەباتێک دەتوانی ڕژیم ناچار بە دابین کردنی بوددجەیەک بۆ چارەسەر کردنی گرفتی مەسکەن و بە هەر کەم و کوڕیەکی دیکەوە لە کۆمەڵگادا، بکات. نابێ ئیجازە بدرێت سەروەتی کۆمەڵگا کە بەرهەمی کار و زەحمەتی کرێکارانە، بچێتە گیرفانی سەرمایەداران و باندە گەندەڵ و دزەکانەوە لە حکومەت و لە دەرەوەی حکومەتدا. دەبێ سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لە خزمەت دابین بوونی مەسکەن و باقی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بێت.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0