لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | نابێ جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لەدژی کۆڵبەران بێ وڵام بمێنێتەوە

نابێ جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لەدژی کۆڵبەران بێ وڵام بمێنێتەوە

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
نابێ جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لەدژی کۆڵبەران بێ وڵام بمێنێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هێرانا لە زمان ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی مانگی گەلاوێژ، کاسبکارێکی سەرسنوور بە ناوی " مەحەممەدباقر قیوتی" خەڵکی شاری پاوە و دانیشتووی سەلاسی باوەجانیی بە گومانی هه‌ڵگرتنی كه‌لووپه‌لی قاچاخ لە نزیک ئاوایی "کانی دانیاڵ" لە لایەن هێزەکانی سه‌ر سنوور بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و دوای ڕاگوێزرانی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری جوانڕۆ گیانی لە دەستدا. بە پێی هەوالێکی دیكه‌ هەر لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێک بە ناوی " فەرید محەممەد زادە" لە نزیک سنووری " شێخ سەلە" ی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانیی له‌كاتی ڕاكردن لەدست مەئمورانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و تەقە لێکرانی لە لایەن ئەو هێزانەوە، لە بەرزاییەوە دەکەوێتە خوارێ و لە بەشی پشت و ملیەوە بە توندی بریندار دەبێت.

ئەم کۆڵبەرانە لە حاڵێکدا بە تاوانی بەناو هه‌ڵگرتنی كه‌لووپه‌لی قاچاخ بوونەتە ئامانجی تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامیی کە بەپێی یاسای پەسند کراوی " کۆمەڵەی ناسینی بەرژەوەندییەکانی نیزام" سەبارەت بە شێوەی پەیڕەوکرانی تەعزیراتی حکوومەتی بەرانبەر بە قاچاخچیانی کالا دوای دەست بەسەردا گیرانی ماشێنەکان و وەسیلەی گواستنەوە، بە دانی جەریمەی دوو بەرابەری نرخی کالاکە مەحکوم دکرێن. بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەم ساڵانەی دواییدا سەدان کەس لە کۆڵبەران، ئەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانەی بە تاوانی " هه‌ڵگرتنی كه‌لووپه‌لی قاچاخ " کوشتووە و یان برینداری کردوون. هەرچەند ئامار و داتایەکی ڕاست لە ڕێژەی تەلەفاتی کۆڵبەران لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لای ناوەندەکانی داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، تەنیا لە سەرەتای هاتنە سەرکاری "حەسەن ڕووحانی"یەوە تا کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ٩٥، ٢١٢ کۆڵبەر لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە هۆی تەقەی هێزەچەکدارەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون. بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندانە لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردووشدا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان زیاتر لە ٥٠ کەس لە کرێکارانی کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕژیمەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، وێڕای تەحەمەل کردنی مەترسی و کەوتنە داوی بەکرێگیراوانی ڕژیمەوە و تەحەمەل کردنی تەلەفات، زۆرجار بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی دەورانی شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراق. کەوایە دەبێ دەیان کەسی دیكه‌ش کە ساڵانە بە گیرخواردن لە مەیدانەکانی میندا گیانیان لە پێناو دەستەبەر کردنی لانیکەمی بەڕێچوونی خۆیان و بنەماڵەکانیان لەدەست ئەدەن و یان کەم ئەندام دەبن بە ئاماری تەلەفاتی ئەو کۆڵبەرانەوە زیاد بکرێت کە بوونەتە قوربانی تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە کەمینگاکاندا.

کۆڵبەری ئەم کارە سەخت و تاقەت پڕوکێنە لەگەڵ گشت دژوارییەکان و ئەو مەترسیانەی هەیەتی، بۆ خەڵکێک کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، وەک " کار" بە ئەژمار دێت و جەماوەرێکی بەرین لە کرێکارانی بێکاری ناوچەکە ڕووی تێدەکەن. پەرەسەندنی ئاستی بێکاری و هەژاری، ئەم " کار"ە پڕ لە مەترسییەی بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا سەپاندووە. له‌ ڕاستیدا ئاستی بێکاری لە کوردستان گەیشتووه‌تە ئاستێکی کارەساتبار. لەژێر ئەم بارودۆخەدا کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوورییەکان کەمتر لە هەر شوێنێکی دیکەی ئێران شانسی په‌یداكردنی کاریان هەیە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی کرێکارانی بێکار لە بیمەی بێکاریی و بیمەی دابین بوونی کۆمەڵایەتی بێبەشن. لەم ڕووەوە ژومارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە لە ڕووی ناچارییەوە و بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ڕوو دەکەنە کارێکی لەم جۆرە مەترسیدار و بە هەڵگرتنی بارێکی قورس ڕێگا سەخت و هەڵەتەکان و کەمینگاکانی نێوان پایەگاکانی هێزی ئینتیزامی ڕژیم کە هەر کامە و خۆی تێپه‌ڕگه‌یه‌گی مەرگە، تێپەڕ دەکەن تا بەڵکوو لەم ڕێگایەوە توانیبێتیان چەرخی ئەم ژیانە دژوارەیان وەگەڕخەن. ئەو کۆڵبەرانەی کە خەریکی کاری گواستنەوەی بارن لە ناوچە سنوورییەکان، لە ڕاستیدا هێزی کاری بەکرێگیراوی ئەو توجاڕ و دەڵاڵانەن بە دەفتەر و دەستەکێک کە لە شار و ئاواییەکانی سەر سنوور هەیانە، کالا لە خاڵێکەوە هەناردە یان هاوردە دەکەن و زۆرترین و بانترین قازانج بە بێ ئەوەی هیچ مەترسییەکیان لەسەر بێت دەخەنە گیرفانیانەوە و حەقدەستێکی کەمیش ئەدەن بە کۆڵبەرەکان.

کاربەدەستانی ڕژیم لە بارودۆخێکدا هەوڵ ئەدەن ئەم کۆڵبەرە زەحمەتکێشانە بە تاوانبار و قاچاغچی بناسێنن کە خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانن کە ئەم ئینسانە شەریفانە قوربانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین. کۆڵبەرانی سەرسنوور لە حاڵێکدا ئەم جادەی مەرگ و پڕ لە مەترسیانەیان بۆ دابین کردنی هەزینەی سەرسوڕ هێنەری لانیکەمی ژیان گرتۆتەبەر کە لە ژێر حاکمییەتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەدا هیچ ڕێگایەکی دیكه‌یان بۆ بەڕێچوون لەبەردەمدا نەماوەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە دۆخێکدا ڕۆژانە کۆڵبەرانی سەرسنوور بە تاوانی قاچاغچی دەکاتە ئامانجی هێرشی وەحشیانەی و دەیانکاتە قەربانی کە خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانن کە خودی مافیای سپای پاسداران، تاجرەکان و باندە گەورەکانی هاودەستی سپا هۆکاری سەرەکیی زیاد بوونی قاچاغچێتین لە ناوچەکە و لە سەرتاسەری ئێراندا.

ئەم دۆخە سەخت و دژوارە کە ڕژیم بەسەر زەحمەتکێشانی سەرسنووریدا سەپاندوە گۆشەیەکە لە ئاسەوارەکانی سیاسەتێکی شۆوینیستی کۆماری ئیسلامیی لەدژی خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە پشت بەستن بە میلیتاریزە کردنی ئەم ناوچانە و ڕەچاو کردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئەمنییەتی کردنی فەزای شارەکان بەرەو پێشی بردووە. خەڵکی کوردستان نابێ لە بەرانبەر ئەم جەنایەت و زۆر وێژیە ئاشکرایانەی ڕژیمدا دەست لەسەر دەست دابنێن.

خەڵکی شارەکانی کوردستان کە لەم ساڵانەی دواییدا لەدژی جەنایەتەکانی هێزی ئینتیزامی ڕژیم لەسەر سنوورەکان، لەدژی بێ مافی ژنان، لە دژی نائەمنی جاددەکان و کەمترخەمی کاربەدەستانی حکومەتی سەبارەت بەم بابەتە، لە دژی بە سزای ئێعدام، بۆ پشتیوانی لە ژینگە و هیتر کۆمەڵێک سەحنەی پڕ شوریان لە خەبات لەدژی زۆرداری و ستەمی ڕژیم پیشانداوە، نابێ سەبارەت بە کوشتاری کۆڵبەران بێ تەفاوەت بن. تەنیا بە هاتنەسەر شەقامەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی یەکگرتوانە دەتواندرێت ڕژیمی ئیسلامیی وادار بە دەست کێشانەوە لە هێرش کردنە سەر ماڵ و ژیانی کۆڵبەران بکرێت.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0