لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | دەرسەکانی هێرشی داعش بۆسەر "شەنگاڵ" لە سەروبه‌ندی نزیکبوونە لە سێهەمین ساڵیادیدا

دەرسەکانی هێرشی داعش بۆسەر "شەنگاڵ" لە سەروبه‌ندی نزیکبوونە لە سێهەمین ساڵیادیدا

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
دەرسەکانی هێرشی داعش بۆسەر "شەنگاڵ" لە سەروبه‌ندی نزیکبوونە لە سێهەمین ساڵیادیدا

دوازدەی مانگی گەلاوێژ سێهەم ساڵیادی هێرشی وەحشیانەی داعش بۆسەر ناوچەی " شەنگاڵ"ه‌. کاتێک کە لە بەرەبەیانیی ئەو ڕۆژەدا هێزەکانی داعش هێرشیان کردە لەسەر شاری" شەنگاڵ" و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا شارەکە داگیر بکەن. ئەڕتەشی عێڕاق بە ڕاکردنیان لە مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری و بێ دیفاع هێشتنەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕێگای بۆ داگیر کردنی ناوچەی شەنگاڵ لە لایەن داعشەوە بە کردەوە کردبووه‌وە. لەم بارودۆخەدا، هێزی پێشمەرگەش لە بەرانبەر هێرشی داعشدا پاشەکشەی کرد و هێزەکانی داعش تا دەروازەکانی هەولێری پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە پێشێ. ئەگەرچی پێشڕەوی داعش ڕاوەستا بەڵام ئەوەی کە بە کردەوە ڕوویدا کوژرانی هەزاران کەس لە خەڵکی بێ دیفاع بوو لەو کاتەدا و ئاوارە بوونی دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچه‌كانی " شەنگاڵ"، " زومار"، " ڕەبیعە" و ئاواییەکانی دەوروبەری. سەرکەوتن بەسەر بەرزایی و کێوە چڕ و هەڵكدێر و وشکەکاندا و لەژێر گەرمای تاوی سوتێنەردا و بەجێهێشتنی کەسانی ئازیز لە نیوەی ڕێدا لەبەر ئەوەی توانایی ڕۆیشتنیان بەسەر زنارە وەحشیەکاندا نەمابوو، تەنیا بەشێک بوو لە تراژیدییەکی موسیبەت بار. چەند ڕۆژێکی پێ چوو تا مێدیای جیهانی بتوانن تەنیا بەشێکی چكۆله‌ لەم کارەساتە وێنا بکەن. ئەوانەی کە توانایی هەڵاتنیان نەبوو وە یان دەرفەتیان نوبوو تووشی چارەنووسێکی دڵته‌زێن بوون. پیاوەکان کۆمەڵ کوژ کران، ژن و منداڵەکان بە دیل گیران و داعش شانۆی جەنایەتەکانی لە سەر بڕین و سەر بەداردا کردنی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە مێدیا مەجازیەکاندا وێنا کرد. ئەوان یان دەبوو ببنە موسڵمان، یان بە شێوە و نه‌ریتی ١٤٠٠ ساڵ لەوە پێش غەرامەت بدەن و ئەگەر وانەکەن سزای مەرگ لە چاوەڕوانیاندا بوو. لانیکەم تا ئێستا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لە پەیکەری ئەو ئێزیدیانەی کە لە لایەن داعشەوە کۆمەڵ کوژ کراون، دۆزراوەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ خۆیان گەیاندە هەرێمی کوردستان و یان هێندێک لە دێهاتەکانی کوردستانی سوورییە و لەوێ گیرسانەوە. چارەنووسی ئەو ژنانەی کە بەدیل گیراون خۆی وه‌رزێكی خوێناوی تری ئەم وەحشیگەریبە بوو. ئەوان یان کرانە کۆیلە و وەک بەردە فرۆشران، یان کرانە کۆیلەی جینسی و یان بە دیاری بەخشرانە شەڕکەرانی داعش. چارەنووسی ئەوانەی کە ساڵانێک دواتر دەرفەتیان هێنا لەدەست داعش ڕزگار بوون و یان بە دانی پارەیەکی زۆر وەک غەرامەت درانەوە بە کەسوکاریان و لێرەو لەوێ توانیان تەنیا گۆشەیەکی چکۆلە لەوەی کە بەسەریان هاتبوو، بگێڕنەوە ئاست و لایەنێکی وەحشەتناک تریان لە جەنایەت و وەحشیگەریەکانی داعش ئاشکرا کرد.

لە مانگی ژوئێنی ساڵی ٢٠١٦ ی زاینی دا ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگەیاند کە " داعش لەدژی ئێزیدیەکان جینۆساید و نەسڵ کوژی ئەنجام داوە و بە شوێن لەنێوبردنی بە تەواوەتی ئەم کەمینە ئاینییه‌ و بە زۆر موسڵمان کردنیانەوە بووە." هەڵبەت ئەمە تەنیا بەشێک لە نەسڵ کوژی داعش بوو. باشتر وابوو کە باسی ژن کوشتنی داعش بکرایە. هەڵبەت لەم نێوانەدا دەرنەکەوت بۆچی ناوێک لەو هێزانەی کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و ستڕاتیژییەکانیاندا ئیمکاناتی لۆجستیکی، چەک و پارەیان خستە ئیختیار داعشەوە و تەنانەت سنوورەکانیان بۆ هاتوچۆیان کردەتەوە، نەهات. دیسان ئەوەی کە داعش وڵامی ڕەوتێکی کۆنەپەرست بوو بە گشت ئاکامە وەحشیانەکانی " نەزمێکی نوێ" کە دەسەڵات و هێزە ئیمڕیالیستی و ناوچەییەکان بەدیان هێنابوو. لەم ڕوانگەیەوە گشت ئەم هێزانە شەریکی ئەم نەسڵ کوژی و ژن کوژیەی داعش بوون. لەبیرمان نەچێتەوە کە داعش بەشێک لەم نیزامە گەنیوەی سەرمایەدارییە کە ئەگەرچی لە پێشکەوتو ترین تێکنولۆژی ئەوان کەڵک وەردەگرێت بەڵام لایەنێکی دیکە لە بەڕبەڕیەتی ئەوان دەخاتە ڕوو. بە ئاخرین چەکی پێشکەوتوو خەڵکی بێ دیفاع بۆمباران دەکات و خاکی شارەکان بە تورەکە دەبات و ئەویتر بە سەربڕینی ئینسانەکان بە کردەوە هەر ئەم ستڕاتیژییە پەیڕەو دەکات. یەکێک بەناوی دێمۆکراسی و ئازاد کردن لەشکرکێشی دەکات و ئەویتر بەناوی ئایین ترس و وەحشەت دەخوڵقێنێ جیاوازی تەنیا لە دەربڕینی ئەو ئیدئۆلۆژیانە دایە کە لە چوارچێوەیدا خەریکە کاردەکات.

ڕۆژی ١٢ی مانگی گه‌لاوێژ، ئه‌و كاته‌ی كه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر، شه‌نگاڵ به‌هه‌ر ڕاده‌یه‌ك كه‌ توانیان به‌ خێرایی هێزه‌كانی پاراستنی خۆیان ڕێكبخه‌ن، هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش توانیان خه‌ساره‌تی ئینسانی كه‌م كه‌نه‌وه‌. غافلگیری ڕوژانی سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌، كاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌ شوێنه‌وه‌ بوو، جێگای خۆیدا به‌ به‌ خۆڕاگری چه‌كدارانه‌ و ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری. خۆڕاگرییه‌ك كه‌ ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین ده‌رسی ئه‌و ڕووداوه‌یه‌.

لە سەروبه‌ندی نزیک بوونەوە لە سێهەمین ساڵیادی ئەم تراژیدییە قووڵەدا بە نرخ ترین هاوخەمی لەگەڵ کەسوکار و پاشماوەکانی ئەم کارەساتە پشتیوانی و به‌هێزكردنی ڕیزی خه‌باتی خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ دیفاع لە خۆیان و خه‌بات لەپێناو ئاسۆیەک واوەتر لە نەزمی دژی ئینسانی سەرمایەدارانەی حاکم.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

1.00