لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | ئامانجی ڕۆژی جیهانیی جەمعییەت و کارنامەی کۆماری ئیسلامی

ئامانجی ڕۆژی جیهانیی جەمعییەت و کارنامەی کۆماری ئیسلامی

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ئامانجی ڕۆژی جیهانیی جەمعییەت و کارنامەی کۆماری ئیسلامی

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی مانگی ژوئییە بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی مانگی پوشپەڕ، ڕۆژی جیهانی جه‌معییه‌ته‌‌.

ڕۆژی جیهانی جه‌معییه‌ت لە ساڵی ١٩٨٩ی زاینی لە لایەن رێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناودێر کراوە. دیاریکردنی مێژووی ئەم ڕۆژە لەگەڵ ١١ی ژوئییە ی ١٩٨٧ ی زاینی بوو کە لەو ڕۆژەدا، جه‌معییه‌تی دونیا لە سنووری ٥ میلیارد کەس تێپەڕی. ئێستا جه‌معییه‌تی دونیا گەیشتۆتە زیاتر لە ٧ و نیو میلیارد کەس. ئامانج لە دیاریکرانی ڕۆژی جیهانی جەمعەیەت ئاوڕدانەوەیەکی ئەرێنی لە دوو بابەت بوو. یەکەم وشیار کردنەوەی کۆمەڵگای بەشەری سەبارەت بە گەشەی بێ بەرنامەی جه‌ماوه‌ر و دووهەم بە شێوەیەکی قوڵتر ئاوڕدانەوە لە کێشە و گرفتەکانی لاوان. با بەم بۆنەیەوە چاوێک بە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەم بوارانەدا بگێرین.

کۆماری ئیسلامی لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ و لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقدا، بە ناردنە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری بە ملیۆن کچی کەم تەمەن ، به کردەوە ئەم بەشەی کۆمەڵگای خستە بەر مەترسییه‌كی زۆر و موسیبەتی کۆمەڵایەتی و جەستەیی و ڕێژه‌ی گەشەی كۆمه‌ڵگای گەیاندە ٤ لەسەد. ئەم سیاسەتە پەیڕەوکرا تا حکومەت بتوانێ ئەو بنەماڵانەی کە منداڵە لاوەکانیان لە مەیدانەکانی شەڕدا لەدەست ئەدەن، ئارام بکاتەوە و لە ئەگەری نەمانی منداڵە گەورەکانیاندا ئەوان بە گەورە کردنی منداڵانی تازەوە سەرگەرم بکات، تا بەم شێوەیە ماشێنی شەڕی ڕژیم بە خەیاڵێکی ئاسودەتر مەسیری خۆی بپێوێ و لاوان بکاتە گۆشتی دەمی تۆپ.

لە ساڵەکانی دەیەی حەفتادا کە ساڵانی پەرەسەندنی هەژاری بوو و بێکار سازییەبەرینەکان لەژێر ناوی هاوسەنگ کردنی هێزی کاردا بەڕێوەدەچوون، ڕژیم سیاسەتی کۆنتڕۆڵی جەمعیەتی گرتە پێش و ڕەوتی گەشەی كۆمه‌ڵگای لەم دەورەیەدا کەم بۆوە و گەیشتە نزیکەی یەک و چوار دەهومی لەسەد. لە ساڵەکانی دەیەی هەشتادا کاتێک کە بۆ بەرز کردنەوەی توانایی نیزامی و ئەمنییەت و پەرەسەندنی دخاڵەت گەریە ناوچەییەکان پێویستی بە سەرچاوەی ماڵی زیاتر هەبوو، بوددجەی پێوەندیدار بە بێهداشت و دەرمان و تەنزیمی خانەوادە و باقی بوارەکانی تریان لەم پێوەندەدا کەم کردەوە و ئەم سیاسەتە دژی خەڵکییەیان لەژێر ناوی پێویستی زیادبوونی جەمعیەتدا پاساودا. خامنەیی بە دەرکردنی بڕیارێك ئامانجی ئەم سیاسەتەی گەیاندنی كۆمه‌ڵگای ئێران بە ١٥٠ ملیۆن کەس دیاریکرد.

سیاسەتی زیادکرانی ڕێژه‌ی كۆمه‌ڵگا لەسەر بنەمای قەدەغە کرانی بەرگرتن لە دووگیان بوون و لەبار بردنی کۆرپەڵە و قەدەغە بوونی نەزۆک کردن و لەبەرچاو گرتنی سزا بۆ پێشێل کرانی ئەم خاڵانە خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەم سیاسەتە، بە ئاشکرا دژی ژنە و لە ڕاستای کردنی ژنان بە ماشێنی منداڵ خستنەوە و ئاگاداری لە منداڵ و خانەنشین کردنی ژناندا بوو. گەلێک لە منداڵانی نەخوازراو کە باوک و دایکیان توانایی ئاگاداری و سەرپەرستی کردنی ئەوانیان نەبوو وێڵ کراو لە بەردەم گەلێک کێشە و موشکلاتی وەک کەوتنە داوی باندەکانی ماددەی هۆشبەر، لەش فرۆشی و دزی دا گیریان خوارد. گەلێک منداڵ بە جێگای مەدرەسە و شادی و یاری منداڵانە، سەریان لە زیندان دەرهێنا و گیرۆدەی نەخۆشی ڕەوانی و ئاسەواری خراپی تر بوون.

ئەم سیاسەتە بە تایبەت هێرشێک بوو لەدژی ژنانی سەربە چینی کرێکار و توێژی بێبەشی کۆمەڵگە. سیاسەتی زیاد کرانی جەمعیەت لە ئێڕان تەنیا ئاکامی بە کردەوەی بڕانی ئەو یارمەتی و خزمەتگوزاریانە بوو بۆ دایکان لە ڕاستای کۆنترۆڵ کردنی دووگیانیدا. وەها سیاسەتێک بە کردەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئاموزشی بەرگرتن لە دووگیان بوون، ڕابوەستێ، دەرمانەکان نەتەنیا بە نرخێکی گران دەگاتە دەست کڕیاران، بەڵکوو بە کەیفیەتێکی نزم و نابێهداشتی بڵاو دەکرێنەوە، کە خۆی دەبێتە هۆی دروست بوونی ئاسەواری خراپتر بە تایبەت لەنێو ژناندا. لەبار بردن بە شێوەی شاراوە، لە ژێرزەمین و ناوەندە ناسالمەکاندا و بە کەرسە و ئیمکاناتی غەیرە بێهداشتی و لە باشترین حاڵەتدا لە لایەن دوکتۆری ناشارەزاوە ئەنجام ئەدەرێت کە دەبێتە هۆی مەرگ و یان کەم ئەندام بوونی ژنان. هەڵبەت نەک ژنانی دەوڵەمەند و ئەوانەی کە دەستیان بە دەمیان ڕادەگات، لەبەر ئەوەی کە ئەوان تەنانەت ئەگەر لە ئێرانیش نەتوانن منداڵ لەبار خۆیان بەرن، لانیکەم لە وڵاتانی دراوسێ بە کەمێک هەزینە ئەم کارە لە ژێر چاودێری پزیشکی شارەزادا و لە نەخۆشخانە و دەرمانگایەکی جێی دڵنیایی ئەنجام ئەدەن و یان دەرمان و کەرسەی پێویستی بەرگرتن لە دووگیان بوون لە دەرەوە فەرهام دەکەن. ئەوانەی کە لەم نیوانەدا دەبنە قوربانی ژنانی کرێکار و خەڵکی هەژارن.

لە درێژەی وەها سیاسەتێکدا كۆمه‌ڵگای ئێران لە ئێستادا گەیشتۆتە زیاتر لە ٨٥ ملیۆن کەس. نزیک بە ٣٠ لەسەد لە جەمعیەتی ئامادەی کار لە ئێران بێکارن. زیاتر لە ٧ ملیۆن لە منداڵانی ئێران لە دەرەوەی چەرخەی خوێندندان و زیاتر لە ٣ ملیۆن لەم منداڵانە بە حەقدەستێکی مەمرە و مەژیەوە لە بارودۆخی نەبوونی ئیمنیدا خەریکی کارن. زیاتر لە نیوەی جەمعیەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بە ملیۆن کەس لە هەبوونی سەرپەنا و مەسکەنێکی گونجاو بێبەشن و گشت ئەم بێبەشیانەش ڕوویان لە زیاد بوونە.

بەڵام لە بواری ئاوڕدانەوەیەکی ئەرێنی لە مەسەلەی لاوان کە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕۆژی جیهانی جەمعیەتە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەوەش تاریک ترە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵدا بووە تا لە لایەکەوە بە ئیجرای بەرنامەی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە شوێنەکانی ئاموزشیدا، بە گۆڕینی ناوەرۆکی کتێبە دەرسیەکان و لابردنی بەشێک لە دەرسەکانی زانستی ئینسانی لە زانکۆکان، بە پادگانی کردنی مەدرەسەکان وزانکۆکان و بە درووستکردنی هەموو جۆرە کۆسپێکی ئەخلاقی، لاوان وادار بە تەسلیم و بێدەنگی و بێ حەرەکەتی بکات و لە لایەکی دیکەوە لەترسی قین و توڕەیی ئەم جەماوەرە پڕ شور و پڕ هەوڵە، بەردەوام لەدژیان خەت و نیشانی کێشاوە. ڕژیمی ئیسلامی بە بەهەرە وەرگرتن لە سیستمی په‌روه‌رده‌ و بارهێنان، ڕاگەیەنەرەکان و مینبەری مزگەوتەکان و هیتر و بە کەڵک وەرگرتن لە ماشێنی سەرکوتی روحی و جستەیی هەوڵیداوە لاوان لە كۆمەڵێک چوارچێوەی لە پێشدا داڕێژراودا بگونجێنێ و لەوان کۆمەڵێک ئینسانی خورافی و مل کەچ درووست بکات. ئەگەرچی ئەم هەوڵانە ئاکامی جێی سەرنجی ڕژیمیان نەبووە و لەسەر ناوەرۆکی خۆڕاگری و خەباتێکی بەرین و بەربڵاو لە کۆمەڵگەدا بەرەوڕووی ناکامی بۆتەوە، بەڵام کاریگەریە ئازاردەرەکانی بەسەر ڕەوان و جەستەی لاوانەوە دەبیندرێت. ئەو لاوانەی کە لە دەورانی منداڵیدا بە جێگای بەهرەمەند بوون لە فەزای داهێنەرانە، فێركاری پڕ بەهرە و پەروەردە بوونی زانستی، لەژێر گوشاری ئەحکامی خورافی و فەرهەنگی مەزهەبیدا بوون، ئەم بوارەیان تێدا بەدی دێت کە توشی بێهیوایی بن و هەموو تواناییە داهێنەرانەکەیان نەکەوێتە کار. ئەم جۆرە لاوانه‌ کاتێک دەبینن هەڵپەڕین و شادی و تەفریح کردنی تاوانە، خەریک بوون بە هونەری پێشڕەوەوە سزای بە شوێنەوەیە و پێوەندی ئازاد لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر هێندێک جار سزاکەی مەرگە، لە نەبوونی فەزایەکی خەباتکارانەدا بەرەولای مەسرەفی ماددەی هۆشبەر دەکشێت. کاتێک پای لاوانی سەربە چینی کرێکار لە گۆڕێدایە، بێکاری، چەوساندنەوە، سووکایەتی، نەبوونی ئەمنییەتی پێشەیی، بە بێبەشییەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیستمی سەرمایەداری و ئیستبدادەوە زیاد دەبن. لەوێدا کە قسە لەبارەی کچان و ژنان دێتە ئاراوە، ستەمەکان چەند بەرابەر دەبنەوە. ستەمی ڕه‌گه‌زی لەسەر بەستێنی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی، قانونی دژی ژن و دەزگا سەرکوتگەرەکان باری ستەم لەسەر شانی ژنان و کچان دوو هێندە قورس تر دەکات.

تا ئەم ڕژیمە لەسەر کار بێت، ئەم موسیبەتانە کۆتاییان نایەت. تەنیا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە دەتوانێ ئەم کۆمەڵگایە بەرەو ئاسۆی ئازادی و یەکسانی و خۆشبژێوی بەرێت.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0