لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | کێشە لەسەر داهاتووی عێڕاق دوای نەمانی داعش

کێشە لەسەر داهاتووی عێڕاق دوای نەمانی داعش

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
کێشە لەسەر داهاتووی عێڕاق دوای نەمانی داعش

ڕاست حەفتەیەک پێش، دوای ئەوەی سەربازانی ئەڕتەشی عێڕاق چوونە ناوچەی مزگەوتی وێران کراوی "نووری" لە گەڕەکی قەدیمی شاری موسڵ، حەیدەر عبادی سەرۆک وەزیری عێراق کۆتایی داعشی ڕاگەیاند. وتەبێژی ئەڕتەشی ئەم وڵاتەیش لە هەواڵێکی بەپەلە دا کە لە تەلەویزیۆنی دەوڵەتی عێڕاقەوە بڵاو بۆوە وتی: "دەوڵەتی خورافەی ئەوان روخا". بەڵام بە تێپەڕ بوونی حەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە هێشتا شەڕ لە چەندین گەڕەکی لای باشوری قەدیمی شار درێژەی هەیە و گیانی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئاسایی کە لەم ناوچەیەدا دەژین لە مەترسیدایە. لە جەریانی شەڕی ئەستاندنەوەی موسڵەوە لە داعش تا ئێستا بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئاسایی گیانی خۆیان لەدەست داوە و یان بریندار بوون و زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. بە پێی ڕاپۆرتی سەرۆکی چاودێری مافەکانی مرۆڤی عێراق "لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە تا ئێستا لە هیچ شەڕێکدا ئەوەندە تەلەفاتی غەیرە نیزامی لە مەودایەکی کورتدا وێنەی نەبووە. بە وتەی ئەو لە ماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا یەک هەزار و ٢٥٠ کەس لە ناوچەکانی موسڵی قەدیم، شیفا و زەنجیلی بریندار بوون. هەر لەو ماوەیەدا ٧٠٠ کەسی غەیرە نیزامیش گیانی خۆیان لەدەستداوە. "بەم جۆرە شەڕی وێرانگەری موسڵ کە ٨ مانگ و نیو لەوەپێش دەستی پێکرد لە رۆژەکانی کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە.

لە رۆژانی داهاتودا لەگەڵ داگیرکرانەوەی بە تەواوی موسڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتیلافەوە ناوەندی خەلافەتی داعش دەڕوخێ. بەم سەرکەوتنە لە گۆڕەپانی نیزامیدا کێشە لەسەر داهاتوی عێڕاق دەچێتە قۆناغێکی تازەوە. مەوقعیەتی شاری موسڵ لەو ڕووەوە کە گەورە ترین شاری سوننی نشینی عێڕاقە و خاوەنی سەرچاوەی ئاوە بۆ ناوەند و باشوری عێڕاق و خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتیشە و هەروەها بە هۆکاری مەوقعیەتە ستراتیژیکیەکەی نەقشێکی گرنگی لە چارەنووسی ئەم کێشمەکێشانە دا دەبێت.

زۆر لەوەپێش هێندێک لە جەریانات و گروپە سوننیەکان پێکهاتنی ویلایەتی سوننی بە ناوەندێتی موسڵیان وەک ئامانجی خۆیان دانا و هەوڵی بۆ ئەدەن. بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ناوەندەکانی دەوڵەتی ناوەندی و نیگەرانی لە درێژەی بێ مافی و ئەو جەنایەتانەی کە بە تایبەت لە دەورەی حکومەتی مالکیدا لە دژی خەڵکی ناوچە سوننی نشینەکان پەیڕەو دەکرا و هەروەها ترس و خۆف لە نفوزی میلیشیای حەشدی شەعبی سەربە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ روخانی بە تەواوەتی داعش لە موسڵ، ئەم هەوڵانە زیاتر دەبن. دەوڵەتی تورکیە کە قەت ئارەزوی پەیوەست بوونەوەی سەرلەنوێی موسڵی بە خاکی تورکیەوە نە شاردۆتەوە و لە هەمان سەرەتاوە وێڕای بەهێز کردنی هێزەکانی لە خاکی عێڕاقدا پێداگری لەسەر بەشداری کردن لە شەڕی وەرگرتنەوەی ئەم شارەدا دەکرد، ئێستا بە هەر ڕێگایەکدا بووە دەیەوێ لە دیاری کردنی چارەنووسی موسڵدا دەستی هەبێت. دەوڵەتی تورکیە دەیەوێ گوروپە سوننیەکانی هاوپەیمانی لە کۆنترۆڵ کردنی شاری موسڵدا بەشدار بن. لە لایەکی دیکەوە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە ڕێگای نفوزی بەسەر دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا و بە پەرەدان بە مەیدانی حوزوری حەشدی شەعبی و بە پشت بەستن بە پیوەندەی کە لەگەڵ بەشێک لە هێزە سیاسیەکان لە کوردستان هەیەتی دەیەوێ بەر بە نەخشەکانی دەوڵەتی تورکیە بگرێت. ڕقابەتی ئەم دوو دەوڵەتە کۆنەپەرستە ناوچەییە لەسەر داهاتوی موسڵ دەتوانێ زەمینە خۆشکەری دەورێکی نوێ لە شەڕ و خوێن ڕشتنی فیرقەیی و مەزهەبی بێت. لە هەر حاڵدا تەنانەت ئەگەر نەخشەی شێوەیەک لە حکومەتی فیدڕاڵی لە ناوچە سوننی نشینەکاندا نزیک بێتەوە لە بەکردەوە دەرهاتن بە لەبەرچاو گرتنی ئاوێتە بوونی ناوچە سوننی نشین و شیعە نشینەکان و بە لەبەرچاو گرتنی دخاڵەتگەریەکانی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و حاکمیەتی دەوڵەتێکی مەزهەبی لە عێڕاقدا بوار بۆ پەرەسەندنی شەڕێکی خوێناوی فیرقەیی و مەزهەبی ئامادە تر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە لە کاتی داگیر کرانی مەسڵەوە لەلایەن داعش و هەڵاتنی هێزەکانی ئەڕتەشی عێڕاق، ناوچەیەکی بەینابەینی و جێی ناکۆکی کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێندێک لە شار و دێهاتەکانی ئەم ناوچانە هێزی پێشمەرگە لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی داعشدا لە دەست ئەو هێزەی دەرهێناون. بە سەرنجدا لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ناوەندی و هەڵسوکەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە ئێستا بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێڕاق پێکدێنێت، هیچ دوور نییە کە سەرلەنوێ دەوڵەتی ناوەندی هەوڵبدات کە ئەم ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەرێمی کوردستان دەربێنێ. ئەمانە لە حاڵێکدایە کە قەرارە لە مانگی سپتامبردا گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق بەڕێوە بچێت. ئەم گشت پرسیە لە حاڵێکدا کە ئامادەکاری ئابووری و سیاسی سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق فەراهەم نەبووە و لە حاڵێکدا کە خەڵک بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دواهاتە پێش بینی نەکراوەکان ئامادە نەکراون زیاتر نەخشی ئامڕازێکی گوشاری سیاسی بۆسەر دەوڵەتی ناوەندی و وەرگرتنی ئیمتیازی دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە لەم رۆژانەی دواییدا، "فەوزی ئەکرەم تەرزی ئۆغڵو، نوێنەری پێشوی تورکەمەنەکانی عێڕاق، لە مەجلیس لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئاناتولی وەتویەتی: "كوردەکان ئەمڕۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزاڕەتیان لە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا لە ئیختیار دایە، تورکەمەنەکانیش دەبێ خاوەنی ئەم مافانە بن لە هەرێمی کوردستان و لە بوارە نیزامی و ئەمنیەتیەکانیشدا خاوەنی پێگەی گونجاوی خۆیان بن." حەسەن تۆران، جێگری ڕێبەری بەرەی تورکەمەنەکانیش ڕایگەیاندوە کە بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی یەکگرتووی هێز و گروپە " تورکەمەنه‌کان" و دیاری کردنی نەخشە ڕێگای تورکەمەنەکان بۆ بارودۆخی دوای داعش هەوڵ ئەدەن. هەوڵی تازەی تورکەمەنەکان ڕەنگە بەشێک لە نەخشەی دەوڵەتی ناوەندی یان دەوڵەتی تورکیە بۆ خستنە ژێر گوشاری پڕۆژەی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم لە کوردستاندا بێت.

لەگەڵ ئەمانەدا تەجروبە نیشانی داوە کە داعش بە لەدەست دانی موسڵ لە عێڕاق پاک نابێتەوە. تا کاتێک کە دەوڵەتێکی کۆنەپەرستی مەزهەبی لە عێڕاقدا لەسەر کارە کە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ناوچە سوننی نشینەکان پێشێل و هەڕەشە لە ئەمنیەتیان دەکات، داعش لەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی ئەو ناوچانە و قین و نەفرەتێک کە لە دڵی ئەواندا پەروەردە دەبێت تەغزیە دەکات و دەرێژە بە ژیانی ئەدات.

ڕاستیەکەی ئەوەیە تا کاتێک کە لە عێڕاقدا هێزێکی کۆنەپەرست دەسەڵاتی لە دەستی خۆی گرتووە و هێزە کۆنەپەرستە ناوچەییەکانی وەک ڕژیمی ئیسلامی ئێران، ڕژیمی فاشیستی تورکیە و عەرەبستانی سعودی بە پشت بەستن بە هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و باڵەکانی قاعیدە، عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی ڕقابەتی خۆیان و بە پەرەدان بە تەفرەقە و دوژمنایەتی خوێناوی، جەماوەری خەڵکی ئازار چەشتویان خستۆتە پەراوێزی سیاسیەوە، نە موسڵ، نە بەغدا و نە هیچ جێگایەکی دیکەی عێڕاق ڕواڵەتی ئاشتی و ئازادی و ئەمنیەت و ڕیفاە بە خۆیانەوە نابینن. سەرئەنجام هەر ئەو جەماوەرەی خەڵک کە لە دوو ساڵی ڕابردودا گەلێک جار لە بەغدا و شارەکانی دیكه‌ هاتونەتە سەر شەقام و دروشمیان داوە کە دەوڵەتی مەزهەبییان ناوێ، دەبێ سەرلەنوێ بێنەوە مەیدان و بە یەکخستنی ڕیزەکانیان و شکڵدان بە ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕ لە جەریانی خەباتدا، خەڵکی عێڕاق لە کابوسی شەڕ و نائەمنی ڕزگار بکەن.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0