لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | توند بوونەوەی نیزامیگەری زل هێزەکان، مەترسیەکی واقعی بۆسەر ئەمنیەتی دنیا

توند بوونەوەی نیزامیگەری زل هێزەکان، مەترسیەکی واقعی بۆسەر ئەمنیەتی دنیا

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
توند بوونەوەی نیزامیگەری زل هێزەکان، مەترسیەکی واقعی بۆسەر ئەمنیەتی دنیا

رۆژی سێشەممە ٢٢ی مانگی خاکەلێوە لە مۆسکۆ، ویلادیمیر پووتین بە ئاماژە کردن بە هێرشی شیمیایی لە "خان شه‌یخونی" سوریە وتی "ئێمە لە چەند سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە زانیاریمان دەست کەوتوە کە دەریدەخات، كەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لە باقی ناوچەکانی سوریە، لەوانە لە دەوروبەری باشوری دەمێشق لە حاڵی ئامادەکاری دایە".

پوتین لە دەرێژەدا وتی، دەیانەوێ دیسانیش لە مادە شیمیاییه‌كان کەڵک وەربگرن و دواتر دەوڵەتی سوریەی پێ تاوانبار بکەن. هاوکات وەزارەتی بەرگری روسیە ڕایگەیاند کە ڕژیمی بەشار ئەسەد، هیچ قازانجێکی لە بەکار هێنانی چەکی شیمیاییدا نییە. وێڕای ئەوە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٦ چەکە کیمیاییەکانی دەوڵەتی سوریە لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوە نێو نەتەوەییەکاندا، لەنێوبران. پوتین ئەم هێرشەی بە سیناریۆیەکی لەپێشدا داڕێژراو بۆ زەمینە خۆش کردنی هێرشی موشەکی ئامریکا، بۆسەر سوریە ناولێبرد.

گومانێک لە زەرفیەت و تواناییە دژی ئینسانییەکانی ڕژیمی بەشار ئەسەدا نییە. ئەم ڕژیمە گەلێک جەنایەتی گەورەتر لەوەی "خان شه‌یخونی" لە پەروەندەدا هەیە. سه‌ره‌ڕای ئەوەیکە لەم حاڵەتە دیاری کراوەدا، چ هێزێک ئەم هێرشە وەحشیانەیەی ئەنجام دابێت، هەموو ئەو کەسانەی لەم شەڕە نگریسەدا بەشدارن، دەبێ وەک جەنایەتکاری جەنگی وڵامدەرەوە بن. بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵان، ژنان و پیاوانێک کە بە هۆی هێرشی جەنایەتکارانە بە چەکی شیمیایی لە سوریە کەوتبونە سەرزەوی، ناتوانێ ویژدانی هیچ ئینسانێکی بەرپرسیار ئازار نەدات. بەڵام نابێ بێڵن کە ئیتر جەنایەتکارانی جەنگی، عەمەلیاتی دژه‌ ئینسانی خۆیان لەژێر پەردە و پۆششی "مرۆڤ دۆستانە"دا بشارنەوە. هیچ جیاوازیەک لە جەوهەری کوشت و کوشتارێکدا کە لە موسڵ ئەنجام دراوە لەگەڵ هێرشی شیمیایی بۆسەر خان شێخون نییە.

بێ گومان هێرشی ئاسمانی ئامریکا بۆسەر پێگەیەکی نیزامی سوریە بە بیانوی بەکار هێنانی چەکی شیمیایی لە لایەن ڕژیمی ئەسەدەوە، بەر لە هەر شتێک لە خزمەت زیاد بوونی مەترسی کێشەی نیزامی زیاتر و بەرینتر دایە. فەرمانی ترامپ بۆ هاویشتنی نزیک بە ٦٠ موشەک، بەرەو پێگەیەکی نیزامی سوریە بەر لە هەموو شتێک، دەبێ لە ناوەرۆکی پەرەگرتنی چالاکییە نیزامییەکانی، ئێمپریالیزمی ئامریکادا ببیندرێت. گومانی تێدا نییە کە بە پێچەوانەی تەبلیغاتی مێدیای بۆرژوازی و بە پێچەوانەی پشتیوانی دەوڵەتانی ئێمپریالیستی رۆژئاوا کە گۆیا ئەم کردەوەیەی ترامپ، سەرچاوە گرتوو لە هەستی مرۆڤ دۆستانەیەتی، دەبێ بپرسین کە ئەم هەستە بەشەر دۆستانەیە، بۆچی لە موسڵ کە فرۆکەکانی هاوپەیمانان بە سەدان کەسیان لە خەڵکی ئاسایی کە لەژێرزەمینی ماڵەکانیاندا پەنایان گرتبوو، کۆمەڵکوژ کرد، نەجووڵا و یان ئەم هەستە بەشەر دۆستانەیە، بۆچی کاتی هێرشە ئاسمانیەکانی عەرەبستان بۆسەر یەمەن، کار ناکات؟

له‌ راستیدا دەوڵەتی ئامریکا بۆ باشتر کردنی مەوقعیەتی خۆی لە قەیرانی سوریەدا، پێویستی بەم هێرشە هەبوو. ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا بەم هێرشە دەیەوێ، بە پاشکشە کردنی لە داخوازی لادانی بەشار ئەسەد، ڕواڵەتێکی ئابرومەندانە بدات. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا، دەست تێوەردانەکانی روسیە لە قەیرانی سوریە، هاوسەنگی تا ڕادەیەک بە قازانجی روسیە شکاندبۆوە، دەوڵەتی ئامریکا بەم کردارەی دەیەوێ لە وتووێژەکاندا، سەبارەت بە یەکلا کرانەوەی داهاتوی سوریە لە مەوقعیەتێکی باشتردا بێت. سەرکەوتنی هێزەکانی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە پاشەکشە کردن بە داعش و پەراوێز کەوتنی ئامریکا لە سوریە، ئەنگیزەی واقعی هێرشی موشەکی ئامریکا بۆسەر پێگەی ئاسمانی "شعیرات" بوو. ئەم هێرشە پەیامێکی روونی هەبوو کە ئامریکا بە هاسانی، سوریە ناخاتە ئیختیار ڕەقیبەکانی، بەتایبەت روسیەوە.

قودەرەت نمایی ئامریکا لەم رۆژانەی دواییدا، تەنیا بە هێرش بۆسەر سوریە بەرتەسک نەبۆتەوە.

دەوڵەتی ئامریکا دوو رۆژ دوای بۆمباران کردنی سوریە، فەرمانی جوڵاندنی ناوگانێکی جەنگی کە زەرفیەتی هەڵگرتنی ٨٥ جێتی جه‌نگی لەگەڵ دوو ناوشکەن و پەدافەندێکی دژی هەوایی هەیە بۆ حوزور لە حەوزەی رۆژئاوای ئوقیانوسی ئەتەڵەسدا دەرکرد. بەگوێرەی قسەکانی فەرماندەی هێزە ئامریکاییەکان لە حەوزەی "پاسفیک"، ئەم کردارە بۆ تەدارەک و ئامادە سازی حوزوری بەهێزی ئامریکایە لەم ناوچەیەدا. بەپێی قسەکانی، ئەمەش دەبێ لە خزمەت بەرەوه‌ڕوو بوونەوەی حەرەکاتی کورەی باکوردا بێت، هەڵبەت وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە چاوپێکەوتنیدا لە مانگی ماڕسدا لەگەڵ کاربەدەستانی ژاپۆن، کورەی باشور و چین بە ئاشکرایی ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتی "سەبر و تەحەموول" لە بەرانبەر کورەی باکوردا کۆتایی هاتوە و ئامریکا هەموو ڕێگاکانی "ئابووری، دیپلۆماتیک و نیزامی" تاقی دەکاتەوە. ترامپ تەنانەت حەفتەی ڕابردو ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر بێت و لە دیدار لەگەڵ سەرەک کۆماری چین، ڕێگا چارەیەک نەدۆزێتەوە، ئامریکا ئامادەیە کە بە تەنیایی دەست بەکار ببێت و ڕاست لە کاتێکدا کە ترامپ لەگەڵ سەرەک کۆماری چین لەسەر مێزی شام دانیشتبوو، یەکەم هێرشی موشەکی لە کۆی ٥٩ موشەکی ئاڕاستە کراو بەرەو سوریە هاویشترا و ئەمش دیارە پەیامێک بوو بۆ سەرۆک کۆماری چین.

هێرشی ئاسمانی ئامریکا بۆسەر سوریە لە هەمان حاڵدا نیشانی ئەدات کە ترامپ بۆ بە کرداری کردنی سیاسەتە ناسیۆنال شۆوینیستییەکانی ئامریکا، خۆی ئامادەی قەبوڵ کردنی ئەو مەترسیانەیە کە دەتوانێ ناسەقامگیری و پشێوی زاڵ بەسەر دنیادا، زیاتر بکات. بەڵام تەنیا هێزێک کە دەتوانێ، ستراتیژی شەڕ خوازانە و میلیتاریستی زل هێزە جیهانیەکانی سەرمایەداری بۆ دابەش کردنەوەی سەرلەنوێی ناوچەی نفوز، پوچەڵ بکاتەوە، خۆڕاگری بە ملیۆن ئینسانی کۆمۆنیست، ئازادی خواز و ئاشتی خوازە، لە بزوتنەوەیەکی یەکگرتوانە و هاوپشتی جیهانیدا. بزوتنەوەیەک کە خاڵی کۆتایی لەسەر شەڕەکان، کوشتار و نا ئەمنی ئێستای دنیا دابنێت. پێویستە لە بەرپا کردنی وەها بزوتنەوەیەکدا، بەشدار بین و دەوری خۆمان بنوێنین.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0