لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | ڕیزی بەرینی کار و زەحمەت، بۆڕزگار بوون، پێویستی بە هەرا و هوریای هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو نییە

ڕیزی بەرینی کار و زەحمەت، بۆڕزگار بوون، پێویستی بە هەرا و هوریای هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو نییە

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕیزی بەرینی کار و زەحمەت، بۆڕزگار بوون، پێویستی بە هەرا و هوریای هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو نییە

خامه‌نەیی لە سوخەنڕانی ئەم دواییەدا لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خۆبرەگان، جارێکی دیكه‌ باسی لە " ئابووریی مقاومەتی" کرد و خوازیاری بەڕێوەچوونی بوو. وادیارە کە ئەو لە به‌ڕێوه‌نه‌چوونی ئەم سیاسەتە لە ئابووریدا کە شتێک نییە جگە لە مه‌یل بەرەو ئابووریەکی دەوڵەتی، یان لە چەشنی کۆماری ئیسلامییەکەی هەمان ئابووریی پادگانی، گلەیی هەیە و ڕاستەوخۆ ڕووی لە دەوڵەتی ڕووحانی بوو. خامنەیی وتی، "ئەگەر هەموو کارە پێویستەکان لە بابەت ئابووریی مقاوەمەتیدا بەڕێوەچوو بایەن، ئه‌مڕۆ جیاوازیەکی هەست پێکراومان لە بارودۆخی ئابووریی وڵات و ژیانی خەڵکدا دەبینی". ئەو لە درێژەدا وتی، "بە سەرۆک کۆماری بەڕێزیشم ڕاگه‌یاندووه‌ کە دەربڕین و باس کردن لە پێوانه‌ گشتییه‌كان باشە، هەڵبەت ئەگەر ئامارەکان دەستکاری نەکرابن، بەڵام بەهەر حاڵ ئەمانە لە ژیان و بەڕێچوونی خەڵک لە کورت ماوە و درێژماوەدا گاریگەری دانانێت". جەختی لەسەر ئەوەشكرده‌وه‌ كه‌ کۆمەڵێک ڕێگه‌ بۆ کاریگەری دانان لەسەر ژیانی خەڵک بوونی هەیە، هه‌روه‌ها وتیشی، "شکایەتەکانی خەڵک و بۆچوونی خاوەن ڕایان دەگاتە دەست ئێمە و دەبێ بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکرێت کە خەڵک کاریگەریەکەی لە ژیانی خۆیاندا، بە تەواوەی هەست پێبکەن، بەڵام ئێستا وا نییە". بەم جۆرە خامه‌نەیی یەکەم، دەوڵەتی ڕووحانی لە به‌ڕێوه‌نه‌بردنی ئابووریی مقاومەتیدا بە خەتابار زانی، دووهەم بە دروست کردنی گومان و دودڵی لە دانی ئامارە دەوڵەتییەکان، دەوڵەتی ڕووحانی بە سەبەبکاری بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی خەڵک ناساند.
ئەگەرچی سیاسەتە گشتییەکانی سپا و باڵی حاکم لە پێوەند لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتودا هێشتا ڕوون نەبوتەوە، بەڵام بە سرنجدان بە نزیک بوونەوەی کاتی هەڵبژاردن، ڕیزبەندیە تازەکانی باڵەکانی نێو حاکه‌مییەت بۆ گەرم کردنی تەنوری هەڵبژاردن و سەهم وەرگرتن لە دەسەڵات، لە حاڵی شکڵ گرتن دایە. قسەکانی خامه‌نەییش دەبێ لەم چوارچێوەیەدا ببیندرێت. ئەم جۆرە قسانە دەستی ئەو لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان، لە پێوەند لەگەڵ هەڵبژاردن کراوەتر دەکات. ئەم باڵە لە ئێستاوە خەریکی هەڵسەنگاندنی سەهمێکە لە دەسەڵات کە قەرارە لە ڕێگه‌ی ئەم بەناو هەڵبژاردنەوە بدرێت بە میانە ڕەو یان ڕیفۆڕم خوازەکان. سەرجەمی ئەم پرۆسەیە كه‌ ڕژیم هەر چەند ساڵ جارێک بە وەڕێ خستنی هەرا و هوریا و بازاڕ گەرمی بۆ تەئیدی مەشروعییەتی خۆی لە شانۆگەرییەکانی بەناو هەڵبژاردندا بەرەو پێشی دەبات. خاسیەتەکەشی ئەوەیە کە بە خەڵک بڵێن، ئەگەر هەژاری هەیە، ئەگەر بێکاریی هەیە، ئەگەر گرانی هەیە، ئەگەر ئازادییەکانی خەڵک پێشێل کراوەن، بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا، ڕێگه‌ چارەیه‌كه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌.
بەڵام سەربەخۆ لەوەی کە خامه‌نەیی چ باڵێک بە سەبەبکاری بارودۆخی نابەسامانی ئابووریی ئێران و ناڕاست بوونی ئامارەکان دەزانێ، هەم ئامارە درۆینەکان و هەم ناڕەزایەتی خەڵک کە خامه‌نەیی باسیان دەکات، واقعین. چاو گێڕانێکی خێرا بەسەر بارودۆخی ئێستادا، وێنای شپرزەییەکی هەمە لایەنە ئەدات بە دەستەوە. قەیرانی کەسری بوودجە، قەیرانی داهاتە دەوڵەتییەکان، قەیرانی قەرزەکان، قەیرانی ئاوسان، قەیرانی سیستمی بانکی، قەیرانی ماڵی نرخی ئەرز و دراو، لەگەڵ گەندەڵی دارایی و ڕانت خۆری سیستماتیک، لە زومڕەی هۆکارەکانی پێکهێنەری ئەم قەیرانە هەمە لایەنانەن. بەڵام بەشی خامه‌نەییش لە دروست بوونی ئەم بارودۆخەدا کەمتر نییە لە ڕووحانی. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم شپرزەییە دەخاڵەت و بەهێز بوونی سپای پاسداران لە بواری ئابووریدا و بوونی ئەم هێزە بە ئیمپڕاتۆڕێکی گەورەی ماڵی لە ڕێگه‌ی چەوساندنەوەی توندی کرێکاران و بەهەرەمەند بوونی لە هاسانکاری لە ڕادەبەدەری دەوڵەتەوەیە. سپای پاسداران خۆی به‌شێوه‌ی دەوڵەتێک لە نێو دەوڵەتدا ده‌رهێناوه‌. شه‌خسی خامه‌نەیی بەردەوام ڕێگه‌ خۆشەکەری بەرەو پێش چوونی وەها سیاسەتێک لە ئابووریی ئێراندا و بەهێز تر بوونی سپا بووە. بەڵام ئەوە گشت ماجەراکە نییە. قەیرانی ئابووریی لە عەینی حاڵدا خاوەنی کۆمەڵێک ڕیشە و بنەمای ناسراوە. کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی حاکمییەتی سیاسیی خۆی، به‌رده‌وام ئاگاهانە په‌ره‌ی به‌ كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی سیاسیی داوه‌ كه‌ کاریگەریان لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دەبێ. لە داگیر کردنی باڵیۆخانەی ئامریکاوە لە تاران گرتویەتی تا فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی، وەک نمونە کۆن ترەکان، تا تیرۆر کردنی نەیارانی ڕژیم لە وڵاتانی ئۆرووپایی، تا قەیرانی ئەتۆمی، تا دخاڵەت کردن لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییدا، هەموویان لە زومڕەی ئەو سیاسەتانەن کە ڕاستەخۆ کاریگەریان لەسەر ئابووریی ڕژیم هەیە. بەڵام لە گشتیان گرنگ تر و بێ گومان مەترسیدار تر بۆ ڕژیم، قەیرانی بێزاری و نەفرەتی خەڵک و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاری و جەماوەرییە. 
کێشمەکێشە پاڕلمانییەکان و نەبەردی هەڵبژاردن تەنانەت لە دێمۆکراسییە ناسراوەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریشدا نەیتوانیوە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکاران لەم کۆمەڵگایانەدا نوێنەرایەتی و دابین بکات، تا چ بگات بە شانۆی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا کە سەرتا پای ئاوێتە بە جەعل و تەزویر و درۆ و ته‌قه‌لوبه‌. ئەو شانۆگەریانەی کە هێندێک جار تێیاندا کار دەگاتە جێگایەک، کە باڵە جۆراو جۆرەکان تەنانەت یاساو ڕێسای تەوافوق کراوی نێوان خۆشیان كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون پێشێل ده‌كه‌ن.
زۆربەی خەڵکی ئێران واتە ڕیزی بەرینی کارو زەحمەت کە بە چنگ هەژاری و دەستکورتی و بێ مافییەوە گیریان خواردوە، بۆ ڕزگار بوونیان پێویستیان بە هەرا و هوریای هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو نییە. ئەم خەڵکە سەربەخۆ لە بەرنامە ڕێژی و ئامادەکاری سیاسی ئەم یان ئەو دەستە و تاقم لە حاکمیەتدا، سەربەخۆ لە کوتان بەسەر و سەکتی یه‌کەتردا و پاشقول لە یەکتر گرتنی باڵەکان، بۆ شکڵدان بە ئاڵترناتیوی سیاسی خۆیان هەنگاو هەڵدێننەوە. ئاڵترناتیوێک کە لە ڕێگه‌ی پەرەدان بە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و دابین بوونی ڕێبەرییە سیاسیەکەیەوە مسۆگەر دەبێت و سەرئەنجام لە بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەدا کارەکە یەکلایی دەکاتەوە.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0