لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | بۆ ڕێزگرتن لە ٢٩ هەمین ساڵیادی گیانبەختکردوانی بۆمبارانی شیمایی هەڵەبجە و پێشمەرگەکانی گوردانی شوان

بۆ ڕێزگرتن لە ٢٩ هەمین ساڵیادی گیانبەختکردوانی بۆمبارانی شیمایی هەڵەبجە و پێشمەرگەکانی گوردانی شوان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
بۆ ڕێزگرتن لە ٢٩ هەمین ساڵیادی گیانبەختکردوانی بۆمبارانی شیمایی هەڵەبجە و پێشمەرگەکانی گوردانی شوان

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ ی مانگی ڕەشەمەی ساڵیادی بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجە لە لایەن ڕژیمی جەنایەتکاری بەعسی عێڕاقەوەیه‌. ٢٩ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لە وەها ڕۆژێکدا لە گەرماوگەرمی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا، هەڵەبجە بووە ئامانجی هێرشی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئەڕتەشی عێڕاق کە هەڵگری گازی کوشەندەی شیمایایی بوون و لە ماوەیەکی کەمتر لە چەند خولەکدا بە هەزاران کەس منداڵ و پیر و لاو لە خەڵکی بێ دیفاعی ئەمشارە گیانیان لەدەستدا، هەزاران کەسی دیكه‌ش بریندار بوون و ساڵانێکی دوورودرێژیان بەم ئازارەوە کە بە هۆی گازی شیمایایی ئالووده‌ بوون تێپه‌ڕكردووه‌. توێژینەوە بەڵگەمەندە پزیشکییەکان نیشانی ئەدەن کە ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتوو لە ژاراوی بوون بە گازی شیمیاییەوە داوێنگیری نەوەی دواتری زۆرێک لە خەڵکی ئەمشارەش بووە.
بەڵام ئەم جەنایەتە چۆن ڕوویدا؟ شەڕی دژی خەڵکی ئێران و عێڕاق هەشتەمین ساڵی خۆی بەڕێ دەکرد. دیاردەکان نیشانیاندا کە ئەم شەڕە هەشت ساڵەیە لە کۆتاییەکانی نزیک دەبێتەوە. نە خومەینی توانیبوی ڕێگه‌ی قودەس لە کەربەلاوە بکاتەوە و ئیسلامی جێی سرنجی لە ناوچەکەدا پەرەپێبدات و نە سەدام حوسێن توانیبوی بە سەرکەوتن بەسەر ڕژیمی ئێراندا پێگەی ڕێبەریی ناسیۆنالیزم لە دنیای عەڕەبیدا دەستەبەر بکات. بەڵام ڕژیمی ئیسلامیی لە لایەکەوە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی لە درێژەدان بەشەڕ، واتە سەرکوتی شۆڕشی گه‌لانی ئێران لە سایەی شەڕدا گەیشتبوو و لە لایەکی دیکەشه‌وە لە باری کرداریشەوە توانایی درێژەدان بە شەڕی نەمابوو. ئەڕتەشی عێڕاقیش هیلاک و ماندو و بێتوانا ببوو. شەڕی نەوتکێشەکان، هەناردەی نەوتی لە ناوچەی کەنداودا توشی مەترسی جیددی کردبوو و درێژەی شەڕ چیدی وەک ساڵانی سەرەتا بۆ سەرمایەی ئیمپڕیالیستی جیهانی بە قازانج نەبوو. لە ئاوا بارودۆخێکدا هەردوو لایەن کە هەستیان بە کۆتایی هێنان بەشەڕ کردبوو، بەشوێن دەستەبەر کردنی ئیمتیاز بۆ بەهرەبەداری دواتر لە پشت مێزی وتووێژدا بوون. هەردوو لایەن پێویستیان بە سەرکەوتنێکی کاتی خێرا هەبوو بۆ دەستەبەر کردنیشی لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێکی سڵیان نەدەکردەوە. ڕژیمی بەعس دەستی بە چەکی شیمیایی ڕاگەیشتبوو وە بەشێوەیەکی بەرین لە بەرەکانی شەڕدا و هەروەها لەدژی خەڵکی ئاسایی بەکاردێنا و ڕژیمی ئیسلامیش لە هەوڵی فەراهەم کردنیدا بوو.
تەرح و گەڵاڵەی هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆسەر ناوچەی هەڵەبجە لە وەها بارودۆخێکدا دارێژرا. لەم دەورەیەدا هێزە سیاسیی و چەکداره‌کانی کوردستانی عێراق ناکۆکییەکانیان خستە لاوە و لە بەرەی کوردستانیدا کۆبوونەوە. کۆماری ئیسلامیش ڕەزامەندی ئەم هێزانەی بۆ هاوکاری کردن لە هێرش بۆسەر ئەم ناوچەیە دەستەبەر کردبوو. نیوەشەوی ٢٤ ی مانگی ڕەشەمە هێرشی هاوبەشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرەی کوردستانی بۆسەر ئەم ناوچەیە دەستی پێکرد. خەڵکی شاری هەڵەبچە و شارۆچکە و دێهاتەکانی دەوروبەری کە لە مەنگەنەی هێزەکانی هەردوو لایەنی شەڕدا گیریانخواردبوو، بۆ پاراستنی گیانیان لە ژێر زەمینی ماڵەکانیادا خۆیان پەنادابوو. ئەڕتەشی عێڕاق لە بەرانبەر هێرشی هاوبەشی ڕژیمی ئێران و بەرەی کوردستانیدا نەیتوانی خۆی ڕابگرێت و ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی ئێرانەوە کۆنترۆڵ کرا. بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر سەدام و ڕێبەریی حیزبی بەعس، لە حاڵێکدا کە تەنانەت سەربازەکانی خۆشیان بە تەواوی ئیمکانی پاشەکەشەیان لە بەرەکانی شەڕ نەبوو، فەرمانی جەنایەتکارانەی بۆمبارانی شێمیایی ناوچەکەیان دەرکرد.
ئەو پەناگایانەی کە قەرار بوو گیانی خەڵکی بێ دیفاع بپارێزن بە ڕژانی گازە شیمیاییەکان بۆ نێویان بوونە قەتڵگا و کوشتارگه‌ی ئەو خەڵکە. ناوی نزیکەی ٥ هەزار کەس منداڵ و پیر و لاو لە ئاکامی ئەم کوشتارە بە کۆمەڵەدا کە دەبێ لە ڕیزی كۆمه‌ڵ كوژی و قەڵاچۆ کردنەکانی مێژووی سەدەی بیسته‌مدا دابندرێت تۆمار کراون. کۆماری ئیسلامیی ماوەیەکی زۆر لەم ناوچەیەدا نەمایەوە و پاشەکشەی کرد و هێزەکانی ڕژیمی بەعسیش سەرلەنوێ کۆنترۆڵی ناوچەکەیان گرتەوە دەست، بەڵام ئەو برینە کاریەی کە لە لایەن ئەو جەنایەت پیشانەوە وا ساڵانی دواتر، ژمارەیەکیان بە داری سزادا هەڵواسران، لە جەستەی ئەم خەڵکە ئازار چەشتوو زۆر لێکراوەدا چێکرابوو هێشتا و دوای تێپەڕ بوونی ٢٩ ساڵ سارێژ نەبۆتەوە.
کۆماری ئیسلامیی لەم كۆمه‌ڵ كوژییه‌ی حکومەتی عێڕاق، بە قازانجی خۆی زۆر ترین کەڵکی وەرگرت و ڕیاکارانە بۆ قوربانیانی ئەم کاره‌ساته‌ فرمێسکی درۆینەی ڕشت و هەم ئەوکات و هەم ئێستا بە تەبلیغاتی درۆینە و بێشەرمانە وای نیشان ئەدات کە گۆیا لە جەریانی بۆمبارانی خەڵکی هەڵەبجەدا فریای خەڵک و قوربانییان کەوتووە. بەڵام لەمڕۆدا خەڵکی ناوچەکە دەزانن کە کۆماری ئیسلامیش بە ئەندازەی ڕژیمی بەعس لەم جەنایەتەدا بەشدارە و دەستی ئەم ڕژیمە ئینسان کوژەش وەک دەستی بەعسیە قاتڵەکان بە خوێنی گیانبەخت کردوانی ئەم کارەساتە سوورە. کارەساتی هەڵەبجە یەکجێ دەستی هەموو ئینسان کوژەکان لە کۆماری ئیسلامیی و بەعسییەکانی عیڕاقەوە تا ئامریکا و ڕۆژئاوا و تا دەڵاڵەکانی چەکی شیمیایی و سەوداگەرانی مەرگی ئاشکرا کرد و نەفرەتی خەڵکی دنیای لەدژیان هەڵخڕاند.
ئەگەر بیروڕای گشتیی جیهانی سەدام و خومەینی بە هۆكاری سەرەکی و ڕاستەوخۆی ئەم جەنایەتە گەورەیە دەناسن، گەلێک لە خەڵکی سەرتاسری جیهان دەزانن کە کێ ئەم ئینسان کوژانەی بە چەکی شیمیایی و کۆمەڵ کوژ تەیار کردووه‌. دەزانن کە کێ ئەم جەنایەتکارانەی بۆ تاقیکردنەوە و بەکار هێنانی ئەو چەکانەی تاقی نەکرابونەوە هاندا. دەزانن کە بۆچی سەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەپێی بەرژەوەندی ئابووریان کە لە پێش ئەم شەڕەوە بوویانە، گوێی خۆیان لە ڕوودانی ئەم كۆمه‌ڵ كوژییه‌ ئاخنی و ورتەی لێویان نەدەهات.
ئەم جەنایەتکارانە ئەوەندە سەرخۆشی فرۆشتنی چەک و چۆڵەکانی شەڕیان بوون و وەها بۆنی نەوتی هەزران بایی بێ هۆشی کردبوون کە نەیاندەتوانی بۆنی خوێنی بە هەزاران ئینسان کە تەنها لە ماوەی چەند خوڵەکێکدا کەوتبوونە سەرخاک هەست پێبکەن. زۆر بەسەر ڕوودانی کارەساتەکەدا تێنەپەڕیبوو کە بیروڕای گشتیی جیهان زانییان کە حکومەتی بەعس لە چ ڕێگه‌یەکەوە و لە لایەن کامیەک لە وڵاتانەوە و لە کاناڵی کام کۆمپانیاوە بە چەکی شیمیایی تەیار کراوە. ئه‌م ڕۆژانه‌ هه‌روه‌ها ساڵهاتی گیانبه‌ختكردنی هاوڕێیانی گوردانی شوانه‌ كه‌ له‌ ڕۆژه‌كانی كوتایی ساڵی 1367ی هه‌تاوی له‌ كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ڕوویدا. پێشمه‌رگه‌كانی گوردانی شوان كه‌ پێشتر له‌ ئاوایی "بیاره‌" جێگیر ببون به‌ مه‌به‌ستی خۆ ده‌رباز كردن و خۆ دوورگرتن له‌ به‌ره‌كانی شه‌ر، ده‌ستیان كردبوو به‌ پاشه‌كشه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنه‌ ئه‌منه‌كانی خۆیان، له‌ كاتی كشانه‌وه‌ به‌ گازی شیمیایی مه‌سموم ببون و هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامیش به‌ هه‌موو ئیمكاناته‌وه‌ به‌ شوێنیانه‌وه‌ بوون.
پێشمه‌رگه‌كانی گوردانی شوان له‌ ناو قامیشه‌ڵانێكدا، خۆیان حه‌شار دابوو تا له‌ تاریكایی شه‌ودا له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند به‌له‌مێكه‌وه‌ كه‌ له‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌کە بۆیان ئاماده كرابوو خۆیان له‌ بەره‌كانی شه‌ر ده‌رباز بكه‌ن، به‌م جۆره‌ له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و به‌ره‌یه‌دا ته‌قه‌ی بێ وه‌ستانه‌وه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك، هه‌روا به‌رده‌وامبوو، له‌ كاتێكدا شه‌پۆلی خه‌ڵكی ئاواره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ پرژ و بڵاوی به‌ولاو ‌ئه‌ولادا به‌ ڕێوه‌بوو، له‌ ڕۆژه‌كانی 26 و 27ی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی 1366ی هه‌تاوی، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ 16 و 17ی مارسی 1988ی زاینی، هاورێیانی گوردانی شوان له‌ حالێكدا كه‌ ئازاری جینایه‌تی ڕژیمی به‌عس به‌ سه‌ر له‌شیانه‌وه‌ بوو له‌ گه‌ڵ هیزه‌كانی ڕژیمی ئیسلامیش ده‌رگیر بوون. له‌م شه‌ره‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ و نابه‌رابه‌ره‌دا، كۆمه‌لێك له‌ كارامه‌ترین و تێكوشه‌رترین پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه، تا دوایین فیشه‌ك خۆڕاگریان كرد و‌ گیانیان له‌ پێناو ئامانجی به‌رزیاندا به‌خت كرد. 11 كه‌سیان به‌ دیل گیران و بران بۆ زیندانی سنه‌. هه‌ر 11 كه‌سه‌كه‌یان دوای ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار به‌ ده‌ستی جه‌للادانی ڕژیمی ئیسلامیی ئیعدام كران. خامه‌نه‌یی كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆك كۆماری ئێران بوو، هه‌واڵی كاره‌ساته‌كه‌ی گوردانی شوانی وه‌كوو سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بۆ كۆماری ئیسلامیی له‌ نوێژی جومعه‌ دا ڕاگه‌ێاند.
ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا یادی 5000 قوربانیانی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بچه‌‌ و 69 كۆمۆنیستی گیانفیدای گوردانی شوانى كۆمه‌له، رێز لێ ده‌گرین، كه‌ ده‌وڵه‌تی فاشیستی به‌عس له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستی ئیسلامیی ئێران وه‌ك لایه‌نێكی ئه‌و تاوانه‌، هێشتا له‌ ده‌سه‌ڵات دایه‌ و كۆمه‌لگای ئیران مه‌یدانێكی به‌رینی خه‌بات و به‌ره‌روو بونه‌وه‌یه‌ به‌ ئامانجی ڕووخاندنی ئه‌و ڕژیمه‌ و دابین كردنی كۆمه‌لگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان و به‌خته‌وه‌ر، كه‌ ئامانجی هاورێیانی گوردانی شوان بوو.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0