لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | پەردەلادان لەسەرلایەحەی مەنعی تووندوتیژیی ناوماڵ لەدژی ژنان

پەردەلادان لەسەرلایەحەی مەنعی تووندوتیژیی ناوماڵ لەدژی ژنان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
پەردەلادان لەسەرلایەحەی مەنعی تووندوتیژیی ناوماڵ لەدژی ژنان

چەند ڕۆژ لەمه‌وبه‌ر، لە ماڵپه‌ڕی "تابناک"دا نووسرابوو کە "کانوونی وۆکەلای دادگوستەریی، میوانداری دانیشتنێك بوو كه‌ هەڵسووڕاوانی حەوزەی ژنان ده‌مێك بوو چاوەڕوانیان دەکرد. هەوڵدان بۆ نه‌هێشتنی تووندوتیژیی ناوماڵ لەدژی ژنان، دەبوو بگه‌یشتبایه‌ خاڵی یاسادانان". لەبەر ئەمە لەم دانیشتنه‌دا به‌ڵگه‌ی "لایەحەی پێشنیارکراوی مەنعی تووندوتیژیی ناوماڵ لەدژی ژنان" پەردەی لەسەر لادرا.

بۆ هه‌موو هەڵسووڕاوانی بواری ژنان بەتایبەت کۆمۆنیستەکان کە خەبات لەدژی هەڵاواردنی جنسییەتیی و تووندتیژیی لەسەر ژنان، بە یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی چالاکیی خۆیان دەزانن، هەر هەنگاوێگی وه‌له‌و بچووکیش کە به‌ ئاراسته‌ی لابردنی ئەم هەڵاواردنە و سڕینەوەی تووندتیژیی هەڵبهێنێتەوە، بەنرخە. ئەویش لە کۆمەڵگه‌یەکدا کە ڕژیمی حاکم تێیدا، یەکێک لە "دژه‌ ژن"ترین ڕژیمەکانی ئێستای جیهانه‌. به‌ڵام ئایا داڕێژه‌رانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ ده‌توانن هه‌نگاوێكی وه‌له‌و بچووكیش له‌ بواری نه‌هێشتنی تووندوتیژیی له‌دژی ژنان هه‌ڵبگرن؟ له‌ نیزامێكدا كه‌ هێرش بۆسه‌ر ژنان و سه‌ركوتیان، یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌ گرنگه‌كانی پته‌وتربوونی بووه‌ و تووندوتیژیی له‌دژی ژنان له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ و له‌ ته‌واوی بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌ ڕێگه‌ی یاسا شه‌رعییه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ سه‌پێندراوه‌، به‌رگرتنی یاسایی له‌ سه‌پاندنی تووندوتیژیی ناوماڵ له‌دژی ژنان، له‌ ته‌وه‌هوم و خۆشباوه‌ڕییه‌ك واوه‌تر نییه‌، به‌ڵام با بزانین كه‌ داڕێژه‌رانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ چی ده‌ڵێن.

لەسەر بنەمای لێدوانی یەکێک لە ئامادەکارانی ئەم لایەحەیە "٦٦ لەسەدی ژنان له‌ ئێران لە سەرەتای ژیانی ژن و مێردایەتییاندا دەکەونەبەر تووندوتیژیی بنەماڵەیی و ناوماڵ. نزیکەی ٧٠ لەسەدی ئازارە جنسییەکان بۆسەر کچان بووە و ٥٠ لەسەدیشی لە لایەن بنەماڵەوە ئەنجام دراوە و ئەم تووندوتیژییانە تەنانەت لەدژی ژنانی دووگیانیش بەڕێوەچووە". هەڵبەت دەزانین کە بوونی مەحدودییەتە حقوقیی، مەزهەبیی و واوه‌تر لە گشتیان، مەحدودییەتەکانی سەرچاوەگرتوو لە کۆمەڵگه‌ی پیاوسالارییەوە بوون، کە گەلێک لە ژنان ناوێرن باس لەو توندوتیژییانە بکەن کە لەدژیان ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوە بە جورئەت دەکرێ بڵێین کە ئاماری ڕاستەقینە، زۆر لەوە زیاترە. بەڵام هەر ئەم ئامارەش دەرخەری کارەساتباربوونی دیاردەیەکە کە زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگه‌ بەسەر بەشێکی بەرین لە حەیاتی کۆمەڵگه‌ و لەم بارەیەوە بەتایبەت لە بەناو چوادیواریی ناوماڵدا لەگەڵی بەرەوڕوون.

لێدوانی یەکێک لە بەشداربووانی ئه‌م دانیشتنه له‌سه‌ر ئەوەیکە "مەعمولەن ئەو کەسانەی كه‌ تاوانیان دیتووه‌، بەهۆی ڕه‌وشی دارایی خراپیانه‌وه‌، تووندوتیژیی ناوماڵ نادركێنن، لەبەر ئەوەیکە له‌باری داراییه‌وه‌ وابەستەن به‌ مێرده‌كانیان و لە ئەگەری گیرانی مێردەکانیشیان، هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نابێت". هەرچەند کە ئه‌میش ته‌نها ئاماژە بە یەکێک لەم فاكته‌رانه‌ دەکات كه‌ خۆی دەرخەری بەرینایی تووندوتیژییەكه‌ کە فراوانتره‌ لە ئاماری ڕاگه‌یه‌ندراو. لانیکەم ئاماری نێونەتەوەیی، ئێرانی لە پلەی ١٣٩هه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ داناوە کە تووندوتیژیی لەدژی ژنان ئەنجام دەدەن.

کاتێک كه‌ لە ئەسڵی ٢١ی قانونی ئەساسیدا دەوترێت، ئه‌وه‌ "ئەرکی دەوڵەتە كه‌ مافەکانی ژن لە هەموو بارێکەوە بە ڕه‌چاوکردنی یاسا و ڕێسای ئیسلامیی زەمانەت بکات"، یاخود له‌ ئەسڵی ١٠ دا "، باس له‌ پارێزگاریی لە قەداسەتی بنەماڵە و هێشتنه‌وه‌ی پێوەندیی بنەماڵەیی لەسەر بنەماکانی ئیسلامیی" دەکرێت، ئه‌وكاته‌ی كه‌ لە سەرەتای قانونی ئەساسیی ڕژیمدا، به‌ ئیستلاح "ئەرکی گرنگ و پڕبایه‌خی دایکایەتی، لە پەروەردەکردنی ئینسانی مەکتەبێکیی پێشاهەنگ"دا دیاریی ده‌كرێت، ئیتر قسەکردن لە تەرحی بەرگرتن لە تووندوتیژیی لەدژی ژنان، خۆماندووكردن و به‌ ئیستلاح ئاوهه‌سه‌وكردنه‌‌. ئه‌وه ‌نییه‌ کە ڕێك لەسەر بنەمای ئەم ئۆسوول و قانونە، ژنان وەک نیوەی پیاو بە حیساب دێن. ئه‌وه‌ نییه‌ کە لەسەر بنەمای ئەم یاسا و ڕێسایە، ژنان لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش دەکرێن. ئه‌وه‌ نییه‌ کە لەشفرۆشیی ڕسمی ئیسلامیی له‌ ژێر ناوی "سیغە" هەر بەم یاسا و ڕێسایە پاساو دەکرێت. کاتێک ژنان مافی هەڵبژاردنی پۆشاک و جلوبەرگ و تەنانەت لە زۆر حاڵه‌تدا ڕەنگی جلەکانیشیان نییە، کاتێک كه‌ ژنان تەنها وەک دایک، خوشک و کچ ده‌ژمێردرێن کە مێرد، برا و باوک بە سەریانەوە زاڵ كراون و ئه‌و كاته‌ش كه‌ ئەرکی ژنان "پەروەردەکردنی مرۆڤی مەکتەبیی پیشاهەنگ" بێت و ئامادەکارانی ئەم یاسا و ڕێسایانە، لەسەر کورسیی دەسەڵات بن، چۆن دەکرێت یاسای بەرگرتن به‌ تووندوتیژیی لەدژی ژنان پەسه‌ند بکرێت.

کاتێک به‌ ئیستلاح، هه‌ڵسووڕاوی سیاسیی ژنان بە ئاماژەدان بە "ڕوانینی پێشکەتووانەی ئیمام خومەینیی بە ئاماده‌بوونی ژنان"، شکایەتی لەوە هەیە کە "بەداخەوە ڕاوانینی خومەینیی بۆ ژن لە کۆماری ئیسلامیدا جێنەکەوتووە"، به‌ ئانقه‌ست ئه‌وه‌ له‌بیر دەکات کە هەر ئەم خومەینییە بوو کە فەرمانی حیجابی ئیجباریی و فەرمانی دەستدرێژیی بۆسەر کچانی دەرکرد. کاتێک به‌ ئیستلاح هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌ی ژنان دەڵێ، ژنان لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئێستا کاتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتە" و هەڵبەت " ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە بەرگی ئەخلاقیدا بێت"، کۆمەڵگه‌ مەدەنییەکەی لە دیفاعی موقەددەس و ئەخلاقه‌کەشی لە ئەخلاقی حاکمانی ئیسلامیی و دەسەڵاتەكه‌شی لە بێمافی ژناندا ده‌بینێته‌وه‌.

یەکێک لە بەشدارانی دیكه‌ی ئەم کۆبوونەوەیە، بە ئاماژەدان بە فەسڵی ٣٤ی ئەم لایەحەیە کە چووەته‌ سەر سازوکاری پشتیوانیی "یاسایی- قەزایی"، باسی لە " خێرایی پێڕاگەیشتن و بەکارهێنانی مه‌قاماتی قەزایی ژن لە دادسەراکان" دەکات کە گۆیا لە بیری چۆتەوە کە ژنان ئەساسەن لە بەشداریکردن لەم حەوزانەدا بێبەشن و گۆیا لەبیری چۆتەوە کە شایەتیی ژنان لە حەوزەی قەزاییشدا، بە لوتفی قانونه‌ ئیسلامییه‌كان، ڕەت کراوەتەوە و بە بێ بوونی شایه‌تێكی پیاو، تەنانەت شایه‌تیشیان، لایەنی یاسایی نابێت.

لەم نێوانەدا بەرپرسانی تیمی کارناسیی لایەحەی دابینکردنی ئەمنییەتی ژنان دەڵێ کە، "بەم ده‌ره‌نجامه‌ گەیشتووین کە کەسانی ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن بۆسەرێ، مەشموولی یاسا و ڕێسای نووسراو لە لایەحەی دابینکردنی ئەمنییەتی ژنان بن". ئەم بەرپرسەی تیمی کارناسیی ئه‌وه‌ لەبیر خۆی دەباتەوە کە تەکلیفی نزیکەی ٨٩٠ هەزار کەس لە کچانی کەمتر لە ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن کە تەنها لە ساڵی ١٣٩٤دا، ناچار بە شووکردن کراون، چییە. هه‌ڵبه‌ت به‌ باوه‌ڕی ئه‌و، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وان‌ کاتێک كه‌ دەگەنە تەمەنی ١٦ ساڵان، ئه‌وكاته‌یه‌‌ كه‌ تووندوتیژیی لەدژیان دەست پێدەکات. ئەو لە کۆتاییدا دەڵێ کە " ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌، دوای ئامادەبوونی دەقە تەواوکراوەکەی لە لایەن تیمی کارناسییەوە دەنێردرێت بۆ جێگری سەرۆک کۆماریی بۆ كاروباری ژنان" و هەڵبەت باش دەزانی کە ئەم معاونەتەی کاروباری ژنانی سەرۆك کۆماریی شەهیندۆخت مۆللاوێردییە کە هەر چەند هەفتە لەمه‌وبه‌ر بوو كه‌ ڕایگەیاند "ژنانی کارتۆن خەو دەبێ نه‌زۆك بکرێن هه‌تا ڕێژەی هەزینە و مەترسییەکان، کەم بێتەوە."

ئێمە دەڵێین كه‌ تووندوتیژیی لەدژی ژنان بەشێکە لە کارکردی سیستمێکی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵگه‌ی چینایەتیی کە ستەم لەدژی ژنان و ژن ئازاردان بە شێوەی جۆراوجۆر تێیدا بەرهەم دێتەوە. ئێمە دەڵێین تەنانەت لە کۆمەڵگه‌یەکدا کە ژنان توانیویانە بە هۆی خەباتی دوور و درێژیانەوە، کۆمەڵیک یاسا بە قازانجی خۆیان پەسه‌ند بکەن، هه‌مدیسان دەبیندرێت کە یەکسانیی حقوقیی بەواتای بەرابەریی نییە. ئێمە دەڵیین کە ئه‌زقه‌زا ئه‌وه‌ خۆدی پێكهاته‌ی بنەماڵە کە گۆیا زۆریش " پیرۆزە"، وەک هۆکارێکی بنەڕەتیی کۆمەڵگه‌ی چینایەتیی، بوار و به‌ستێنی ماددیی بۆ کۆیلەتیی ناوماڵی ژنان و تووندوتیژیی لە دژی ئه‌وانی هه‌موار كردووه‌ و ڕێك له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ کە دەڵێین، بۆ نه‌هێشتنی تووندوتیژی لەسەر ژنان، دەبێ ئەم کۆمەڵگه‌ چینایەتییە هه‌ڵپێچین.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0