لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | وتاری ڕۆژ | بێ بنه‌مابوونی پلاتفۆڕمی موتالباتیی لیبڕاڵەکان

بێ بنه‌مابوونی پلاتفۆڕمی موتالباتیی لیبڕاڵەکان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
بێ بنه‌مابوونی پلاتفۆڕمی موتالباتیی لیبڕاڵەکان

هێزە بوورژوا _ لیبڕاڵ"ەکانی ئێران کە تەیفێکی جۆراوجۆر لە حیزب، سازمان و جەریاناتی ئۆپۆزۆسیۆن، كه‌ هه‌ر لە پاشماوەکانی "حیزبی تودەوە هه‌تا سازمانی ئەکسه‌رییەت، لە نێهزەتی ئازادییەوە هه‌تا ئەو حیزبانەش کە خۆیان بە سۆسیال دێمۆکرات دەناسێنن، بەشێک لە ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی ئێران پێکدێنن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی ئێران له‌ڕووی هیواداربوون به‌ پشتیوانیی هێزە ڕۆژئاواییەکان لە کاتی هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی سیاسیی لە ناوخۆی ئێرانه‌وه‌، خۆیان بە بەدیلی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی دەزانن. ئەمانە به‌هۆی دژایەتیکردنیانەوە لەگەڵ شۆڕش، لەژێرناوی دژایەتیکردنی تووندوتیژیی، هێشتاش بەدوای ئەوەوەن كه‌ لە ڕێگه‌ی گۆڕانكاریی له‌ یاسای تایبه‌ت بە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی نیزامی کۆماری ئیسلامیی، یاخود لەگەڵ بەکردەوەدەرهاتنی جاڕنامه‌ی "هه‌قی شه‌هروه‌ندی"یه‌كه‌ی ڕوحانیدا، دەریچەیەکیان بۆ خزانه‌نێو دەسەڵات لێ بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر هه‌تا ئێستا چەندین جار وه‌هماویبوونی ئێستراتێژیی سیاسیی "لیبڕال"ە ئێرانییەکان بۆ خزانەنێو دەسەڵاتی سیاسییەوە سەلمێندراوە، بەرنامە مۆتالێباتییەکەشیان هیچ بنەمایەکی ماددیی نییە.

تەقریبەن تێكڕای ئەم ڕەوت و هێزانەی کە لە تەیفی هێزە لیبڕاڵەکاندان، لە بەرنامەیاندا بۆ گۆڕانكاریی له‌ناو کۆمەڵگه‌دا باسی داخوازیی ڕیفاهی، ئازادیی ئەندێشە، تەشەکۆل و تەحەزۆب و یەکسانیی مافی ژنان و پیاوان دەکەن. بەڵام گوونجاندنی داخوازیی ڕێفاهی، و جەختکردنەوە لەسەر ئازادییە سیاسییەکان و بەرابەریی نێوان ژن و پیاو لە پلاتفۆڕمی لیبڕاڵەکانی ئێراندا بەبێ ئاماژەکردن بە بەرنامەیه‌كی ئابووریی کە بتوانێ بوار بۆ ئازادیی و مۆتالباتی ڕیفاهی لەناو کۆمەڵگه‌ هه‌موار بكات، بێ بنەمابوونی پلاتفۆڕمی لیبڕالیزمی بوورژوایی ئێران نیشان دەدات.

لە چوارچێوه‌ی نیزامی سەرمایەداریی ئێراندا کە بەپێی ئامارە ڕەسمیی و ناڕەسمییەکان، زیاتر لە نیوەی جەمعییەتی ئەم وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەشێکیان تەنانەت کالۆریی پێویستیش ناگاتە جەستەیان، لە کۆمەڵگایەکدا کە دیاردەی منداڵانی خیابانیی، گۆڕخەویی و بێکاریی میلیۆنیی، تەنها گۆشه‌یه‌ك و نموونه‌یه‌كی چكۆله‌ی کارەساتێکی کۆمەڵایەتیی گه‌وره‌ن، بەبێ هەوڵدان به ‌ئاراسته‌ی دابین كردنی یەکسانیی ئابووریی و دروستبوونی پێداویستیی ماددیی بۆ کەڵکوەرگرتن لەم ئازادییانە، زۆر عەوامفریوانەیە. لە ئێرانێکدا کە سەرجەمی ئیمکاناتی ماددیی و فەننیی و فەراغەتی کافیی بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئازادییە سیاسیەکان، ته‌نها لە دەست خاوەنانی سەروەتدا کۆبۆتەوە، کرێکارێک کە ئەگەر شانسی هەبێت و هێشتا کارەکەی لەدەست نەدابێت، ناچارە هه‌ر له‌ بەیانییه‌وه‌ هه‌تا ئێوارە کار بکات و ئەگەریش بێکار بوو، دەبێ هەموو ڕۆژەکەی بەشوێن کاردا بگەڕێ، ئه‌ی كه‌واته‌ ئه‌م كه‌سه‌ چۆن دەتوانێ لە ئازادییه‌ سیاسییه‌كان، بۆ نموونه‌ ئازادیی بەرپاکردنی میتینگ و کۆبوونەوە کەڵک وەربگرێت.

هه‌تا کاتێک کە موناسباتی سەرمایەداریی نه‌کەوێتە بەر هێرش و ده‌ست نه‌برێت بۆ موڵكایه‌تیی تایبه‌ت، هه‌تا کاتێک کە تێكڕای ئیمکاناتی چاپ و بڵاوکردنەوە و فەراغەتی کافیی هه‌ر له‌دەست سەرمایەداراندا بێت، کرێکاران و هەژارانی ناو کۆمەڵگە، ناتوانن کەڵک لە ئازادیی سیاسیی و ئازادیی قەڵەم و ڕاگەیاندن وەربگرن. لە کۆمەڵگه‌یەکدا کە هەموو شتێک مۆری چینایەتیی پێوەیە، کرێکاران بەبێ هێرشکردنەسەر سەرمایەداران، بەبێ کەمکردنەوەی سه‌عاته‌كانی کاركردن، بەبێ درووستکردنی فەراغەت و کاتی ئازاد، ناتوانن هه‌لومه‌رجی بەهرەمەندبوون لە ئازادییە سیاسییەکان فەراهەم بکەن.

سه‌بارت به‌ یەکسانیی ژنان لەگەڵ پیاوانیش، بەر لە هەموو شتێک دەبێ زەمینە و بواره‌ ئابوورییەکانی ئەم یەکسانییە فەراهەم بکرێت. ده‌بێ یەکسانیی بەتەواوەتیی ژن و پیاو، بۆ نموونه‌ لە چوونەسەرکار، وەرگرتنی هەقدەستی یەکسان لەبری کاری یەکسان و هه‌روه‌ها بیمەی یه‌كسانیان بۆ دابین بکرێت. لەگەڵ ئەوانەدا ئەگەر دەوڵەت ئیمکاناتی پزیشکی و کۆمەڵایەتیی و چاودێریی وردی پێویست بۆ بەرگرتن لە حامیله‌بوون و هەروەها ئاسانکاریی و ئیمکاناتی پێویست بۆ هەموو منداڵان به‌ئاراسته‌ی بەهرەمەندبوون لە ئاگاداریی و هەروەها ئاموزشیان بۆ دابین نەکات، تەنانەت ناکرێ باس له‌ ئازادیی ژنان بۆ منداڵبوونیش بکرێت. گشت ئەم کردارانە هەزینەی ئابووریی دەوێ، ئایا دەکرێ بەبێ هێرشکردنەسەر موڵكایه‌تیی تایبه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی سوودی سەرمایەداران، کە ئۆپۆزۆسیۆنی "بوورژوا _ لیبڕاڵ"ی ئێران بەپیرۆزی دەزانێ، ئەم هەزینانە دابین بکرێن؟ هه‌بوونی نایەکسانییە حقوقیەکانی نێوان ژنان و پیاوان چ لە بواری ئابووریی و ماددیی و چ لە بواری مۆناسباتی بنەماڵەییدا، ڕیشەی لەناو نایەکسانییە ئابوورییەکاندایە. بۆ کۆتاییهێنان بەم نایەکسانییە حقوقییانە دەبێ زەمینە ئابووریی و ماددییەکانی فەراهەم بکرێت و بۆ فەراهەمکردنی ئەم زەمینە ئابوورییانەش، هیچ ڕێگه‌یەک بێجگەلە هێرشکردنەسەر مۆناسباتی سەرمایەداریی بوونی نییە. دەبێ لە هەنگاوی یەکەمدا سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان ناچار بکرێن کە هەزینە ئابوورییەکانی دابینكرانی یەکسانیی حقوقیی نێوان ژنان و پیاوان، دابین بکەن. دەبێ ئەوان ناچار بکرێن کە بەشێک لەم زێدەباییەی کە لە چەوساندنەوەی چینی کرێکار دەیخەنە گیرفانەوە، سەرفی دابینکردنی بیمەی بێکاریی ژنانی ئامادەی کاری و لەم ڕێگه‌یەوە، سەرفی زەمانەتی سەربەخۆیی ئابووریی ژنانی بکەن. دەبێ هەزینەی دابینكرانی ڕیفاهی ژنان و ئیمکاناتی پەروەردەکردنی تواناییەکانیان و دابینکردنی هەزینەی ئاموزش و پەروەرش و بێهداشتی بەخۆڕاییان، لە گەرووی سەرمایەداران دەربکێشرێت.

کاتێک کە لە پلاتفۆڕمی لیبڕاڵەکانی ئێراندا هیچ باسێک لە بەرنامە ئابوورییەکان ناکرێت، لەڕاستیدا هەموو هەنگاوێکی ڕیفاهی باسکراو لە پلاتفۆڕمەکەشیان، بێ بنه‌ما ده‌رده‌چێت و هه‌ر ئەمەش لە هه‌ره‌ زەقترین دژیه‌كییه‌كانی ناو پلاتفۆڕمی لیبڕالەکانی ئێرانە. لیبڕالەکانی ئێران ئەم ناکۆکیی و دژیه‌كییه‌ ئاشکرایەی ناو پلاتفۆڕمەکەیان، بەم باوەڕە به‌ناوبانگه‌ی لیبڕالیزم تەوزیح دەدەن کە لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، "ڕقابەتی ئازاد"دا، کەسەکان بەشوێن دەستەبەرکردنی قازانجی تاکەکەسیی خۆیان، قازانجی هاوبەش و سوودی گشتیی ناو کۆمەڵگه‌وه‌ن بۆ بەهرەبەرداریی لە نێعمەتە ماددییەکان و ئەو ئازادییانەش کە باسکران، دەستەبەر دەکەن، کە هەڵبەت ئەمە له‌ ته‌وه‌هۆم و خۆشباوه‌ڕییه‌ك واوه‌تر ناچێت. لەبەر ئەوەیکە موناسباتی ڕقابەتی ئازاد، کەسەکان ئازاد ناکات، بەڵکوو لەڕاستیدا سەرمایەدار ئازاد دەکات. مادام کە لە ڕوانگەی لیبڕاڵەکانی ئێرانەوە ده‌ست بۆ مۆناسباتی سەرمایەداریی نابرێت و هەریمی موڵكایه‌تیی تایبه‌ت بە پیرۆز دەزاندرێت، قسە لەسەر مۆتالباتی ڕیفاهیی و دابین بوونی ئازادیی تاکەکەسیی و سیاسیی، شتێکی بێناوەرۆکە. لەم مۆناسباتەدا کە دیارده‌ی بێکاریی، بەمیلیۆن کرێکار لە چنگی خۆیدا دەگوشێ، کرێکاران تەنانەت ئازاد نین کە خاوەنکارەکەشیان هەڵبژێرن.

بەرنامەی ئابووریی لێبڕاڵەکانی ئێران، پەیڕەویکردن لە هەمان ئۆلگووی ئابووریی نێئۆلیبڕالیزمە. لیبڕاڵەکانی ئێران نوسخەی هەمان بەرنامە دیکتەکراوەکانی بانکی جیهانیی و سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی پووڵیان بۆ بەرنامەی ئابووریی ئێران پێچاوەتەوە. تازە لیبڕالەکانی ئێران بۆ ئیجرای ئەم بەرنامانە، لە "سیفر"ەوە دەست پێناکەن. لەبەر ئەوەیكه‌ ئابووریی ئێران هه‌ر لە هەمان دەورەی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانییەوە، لەسەر بنەمای ئەم تەرحانەی ناوەندە داراییه‌كانی جیهانیەکان داڕێژراوه‌. دەوڵەتەکانی خاتەمیی و ئەحمەدینه‌ژاد و ڕوحانیش ئەم ئێستراتێژییە ئابوورییەیان درێژە پێداوە و ئەگەر لیبڕاڵەکانی ئێرانیش بەدەسەڵات بگەن، هەر ئەم بەرنامە ئابوورییانەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی بە هه‌ندێک ئیسلاحاتەوە درێژە پێدەدەن. ده‌ره‌نجام و دواهاتەکانی ئەم سیاسەتە ئابوورییە لە هیچ کەس شاردراوە نین. ئەمجۆرە سیاسەتانە لە ئەندۆنێزیی، فیلیپین، میسر، تورکییە، ئاڕژانتین، بڕێزیل، مێکزیک و وڵاتانی ئافریقایی، خراونەتە واری کرداریی و بەرهەمێکیان بێجگە لە په‌ره‌پێدان و قووڵتركردنه‌وه‌ی هەژاریی و فەلاکەت بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵک بەدینەهێناوە.

کەواتە دەستەبەربوونی مۆتالباتی ڕیفاهی و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران، تەنانەت لە هەمان چوارچێوەدا کە لیبڕالەکانی ئێران بە کەموکووڕییەوە مەتڕەحی دەکەن، تەنها لە توانا و زەرفییەتی خەباتی چینی کرێکاری ڕێکخراو و خاوەن ئاسۆی ڕوونی سۆسیالیستیدایە. چینی کرێکار ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە بگرێت، هەموو مۆتالباتە ڕیفاهییەکان کە لە بەشی لانیکەمی بەرنامەی کۆمۆنیستەکاندا بە وردیی باسكراوه‌ و لە قەتعنامەکانی کرێکاران و ژنانی ئێران، لە مەڕاسمەکانی یەکی مەی و ٨ی مارسەکانیشدا ڕاگەیه‌ندراون، بەکردەوە دەردێنێ. چینی کرێکار ئەگەر نه‌توانێ دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە بگرێت، لە هەر قۆناغێکدا به‌پێی هێزێک کە هەیەتی، ئەم داخوازییانە بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا دەسەپێنێ. لیبڕاڵیزمی بوورژوایی ئێران کە هەریمی موڵكایه‌تیی تایبه‌ت بە پیرۆز دەزانێ و به‌نیازه‌ له‌ڕێگه‌ی دانانی باری قورسی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر شانی چینی کرێکار، سەرمایەداری ئێران ئێستای پێ ڕزگار بكات، ناتوانێ هەڵگری داخوازیی و مۆتالباتی ڕیفاهی و ئازادیخوازانەی جەماوەریی بۆ خەڵک بێت. لیبڕاڵەکانی ئێران سەڵاحییەت و توانای ڕێبەریكردنی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک و دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی ئەوانیان نییە.

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0