لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | بانگەوازی كۆمەڵە بۆ بەریوەبردنی هەر چی شكۆدارتری رێو رەسمەكانی نەورۆز

بانگەوازی كۆمەڵە بۆ بەریوەبردنی هەر چی شكۆدارتری رێو رەسمەكانی نەورۆز

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
بانگەوازی كۆمەڵە بۆ بەریوەبردنی هەر چی شكۆدارتری رێو رەسمەكانی نەورۆز

کریکاران و زەحمەتکیشان ،كۆمەڵانی خەڵكی تێكوشەری كوردستان!

لە نەورۆز و سەری ساڵی تازە نزیك دەبینەوە. خەریكە وەرزی زستان و سەرما و سەخلەت تێ دەپەڕێ. چۆن سروشت و وەرزی جوانی بە پشكوتنی گوڵان و چرۆ كردنی دارستان، خەریكە خوی دەرازینیتەوە، چۆن سروشت تا قۆناغە دژوارەكانی تێ نەپەرینێ نوێ بونەوەی بە خویەوە نابینێ ، هەروایش كۆمەلگای ئیمە لە كوردستان و لە ئیران كە ئەمرۆكە یەخسیری دەسەڵاتیكی دیكتاتۆر و کۆنە پەرستە، خەریكە تەدارەكی نوێبونەوە و لە باوەش گرتنی مەڵی ئازادی دەبینێ‌. بەهاری ئەمسال رەنگ و بونێكی دیکەی بە خویەوە گرتووە ، لە راستیدا كۆتایی تەمەنی دەسەلاتێك كە دژ بە شادی و جوانیە و دوژمنی نوێبونەوە و پێشكەوتنە، لە ئاسۆ دەركەوتۆە. 40 ساڵه دەسەڵاتی ئەو رژیمە بە واتای سڕینەوەی چل بەهاری خۆشی و شادی بۆوە لە ژیانی بە دەیان ملیون ئینسانی رەنجدەر، ئەویش لە کاتێک دا کە هەمو پێداویستیەکانی ژیانێکی بەختەوەرانە بۆ هەموان فەراهەمە. بویە ئەمرۆكە هەنگاوەكان بۆ كۆتایی هێنان بە شەوەزەنگی دیكتاتوری خێراتر بونەتەوە و ئەمسال رووناك تر لە هەر سالێك، ئاسوی بەهاری ئازادی وبەختەوەری ئینسان لە "شەبەق شەوق ئەداتەوە.”

خەلكی شۆرشگێری كوردستان! 

نەورۆز و رۆژەكانی سەری ساڵ دەرفەتێكی گونجاوە، تا لە سەرتاسەری كوردستان ، بە ژن و پیاو و پیر و لاو، لە كۆر و كۆمەڵی گەورەدا، لە دەوری یەك كۆبینەوە و سرودی رزگاری بلێینەوە و درووشمەكانمان كە رەنگ دانەوەی ویست ئاواتەكانمانە ، ئاواتی رزگاری و بەختەوەری لە ژیان و بەهەرەمەند بوون لە ژیانیکی پڕ لە شایی و خوشی بە دەنگی بەرز دووپات كەینەوە. با لەم كۆر و كۆمەڵانەدا هەموو یەكدەنگ و یەكگرتوو لەگەل نوێبوونەوەی سروشت، بە گرو و تینێكی نوێ، وەك ئاگری نەورۆز، دڵی دوژمنانی بزوتنەوەی شۆرشگیرانەی خەلكی كوردستان و چەوساوەکانی ئەم نەزمە و نیزامە نا مروڤانیە وەلەرزە بێنین. با لەم دەرفەتە بە باشی كەلك وەرگرین و بەرێوەبردنی رێورەسمەكانی نەورۆز بكەین بە چقڵی چاوی كۆماری ئیسلامی ئیران. با نەوروزی ئەمسال مان لە هەمانكاتدا نەورۆزی دەربرینی پشتیوانی لە خەبات و خۆراگری قارەمانانەی خەلكی رۆژئاوا بێت کە بوێرانە دژی پەلاماری حکومەتی فاشیستی تورکیا و هاوپیمانانی، خۆراگرییان کردووە بە حەرکەتێکی بەرینی جەماوەری.

كۆمەڵانی خەلكی خەباتكاری كوردستان، کریکاران و زەحمەتکێشان!

لە كاتیك دا كە كۆماری ئیسلامی، كۆماری تیرور و سیدارە، کۆماری جەنایەت و سەرکوت بە هەمو پێک هاتەکانیەوە لە سەراسەری ئیران كەوتوەتە بەر شەپۆلی بیزاری خەڵكی وەگیان هاتوو، لە كاتیك دا ترس و دڵەراوكێ نیشتۆەتە گیانی كاربەدەستانی ئەم دەسەڵاتە، با ئیمە یش لیرە شان بە شانی هاوچارەنوسانمان لە سەرتاسەری ئیران، كوردستان بە رەنگی سور و ئاڵای سوور، بە نیشانەی هیوا و حەرەكەت و شادی، بە رەشبەڵەك و سروود و ئاواز، بەرانبەر بە رەشپۆشی و وەستان و ماتەم، برازێنینەوە. با هەموومان پێكەوە، لە شار و لە دێ، لە كۆر و كۆمەڵی گەورەو بچووك دا، بە كوێرایی چاوی دوژمن، شانۆی نەورۆز و رێو رەسمەكانی سەری ساڵ، هەر چی شكۆدارتر بەریوە بەرین. با بەرە بەرە خۆمان بۆ لە ئامیز گرتنی بەهاری ئازادی و رزگاری لە کویرەوەری و مەیەنەت، لە كوردستان و ئیران تەیار كەین. هەر لە ئیستاوە نوروزی رەنگین تان پێروز بێت.

كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە

ریكخراوی كوردستانی حیزبی كومونیستی ئیران

٢٢ی رەشەمە ١٣٩٦

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0