لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 ئاخێزی بەهێزتر لە ڕێ دان

چوارەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمونیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدەهەم لە رۆژی شەممە ٢٨ ی مانگی ڕێبەندان بەرابەر لەگەڵ ١٧ ی فێوریەی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەش وەک چاودێر بەشدار بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تەرخانکرا بۆ ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی و دواتر ڕاپۆرتی تەشکیلاتی کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب بە پلینۆم و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕاپۆرتانە. ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بە جەخت کردنەوەی سەرلەنوێ لەسەر بنەماکانی بەیانیەی کۆمیتەی ناوەندی حیزب " سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێستا و مەوقعیەتی ئاخیزە سەرتاسەریە جەماوەریەکان" زیاتر چووە سەر بەرداشت و ئیستنتاجاتی سیاسی و کرداری لە بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا. گرنگیدان بەم لایەنە لە باسەکان لەم ڕوەوە خاوەنی ئەهمیەتە کە سەرجەم فاکتۆرەکانی مەوجود لە بەیان و لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران وەک بوارە عەینی و کۆمەڵایەتیەکان و ئاستی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، درێژەی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاری و جەماوەریەکان و داماوی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازی هەنوکەیی و خێرای کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا ئەوە دەردەخات کە ئاخێزی بەهێز تر لە ڕێدان. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار وەک ئەزمونێکی کۆمەڵایەتی، نا ئامادەیی، خاڵە لاوازەکان و کەموکوڕیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کومونیستی و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکانی لە ئێران نیشاندا. بزوتنەوەی کرێکاری کە بە حوزوری چالاکانەی خۆی لە گۆڕەپانی خەباتدا یارمەتی فەراهەم بوونی بوارە زەینیەکانی روودانی ئاخێزێکی سەرتاسەری دابوو، نەچووە ئاستی ڕێبەریی کردنی ئەم ئاخێزەوە. ئەم بزوتنەوەیە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی هاوتەریب لەگەڵ ئاخێزە سەرتاسەریەکان لە ئارادا بوو، بەڵام لە پێگەیەکدا نەبوو کە بە سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنەکانی لە پشتیوانی کردنی ئاخێزە جەماوەریەکان بەردەوام بوونیان زەمانەت بکات. بزوتنەوەی کرێکاری کە لە ماوەی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی خەباتی خۆیدا لە ساڵ و مانگەکانی ئەم دواییەدا و بە بەرپا کردنی مانگرتنی درێژ ماوە نیشانی دابوو کە خاوەنی ڕادەیەک لە ڕێبەریی و ڕێکخراو بوونە، بەڵام ئاخێزەکانی ئەم دواییە دریخست کە ئەم ڕادەیە لە ڕێبەری و ڕێکخراو بوون بۆ بوون بە بڕبڕەی پشتی بزوتنەوەی جەماوەری و گەیشتن بە ئاستی ڕێبەرییەکەی بەس نییە و کەم و زۆر ئەو نیگەرانیە بوونی هەیە کە لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەریدا، بزوتنەوەی کرێکاری نەتوانێ مۆری چینایەتی خۆی لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی داهاتو بدات و سەرلەنوێ بۆرژوازی لە قامەت و ئاڕایشێکی سیاسی نوێدا درێژە بە حاکمیەتی خۆی بدات. لەم روەوە پێوستە کە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری لەسەر ناوەرۆکی هاوسەنگی هێزێکی نوێ کە بە تایبەت دوای ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییە بە قازانجی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گۆڕاوە و لە ناخی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکاندا هەموو توانا و زەرفیەتەکانی بۆ دروست کردنی تەشەکۆلە جەماوەری و چینایەتیە کرێکاریەکان لە شوێنەکانی کاردا بخاتە گەڕ. لە لایەکی دیکەوە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری نابێ لەم ڕاستیە غافڵ بن کە ڕێکخراو بوون لە حیزبی سیاسی کومونیستیدا بەشێکە لە ئیستراتیژی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی و بەبێ ڕیکخراو بوون لە حیزبی سیاسی کومونیستیدا تەنانەت لە دەورەکانی شۆڕشیشدا ناکرێت چوونە پێش بەرەو شۆڕشی کرێکاری زەمانەت بکرێت. لەم دەورەیەدا چالاکییە تەبلیغی، تەرویجی و سازماندەرانەکانمان دەبێ هەروا لە خزمەت زاڵ بوون بەسەر کەموکوڕیەکان لە بزوتنەوەی کرێکاریدا بێت. 

لە جەریانی ئاخێزی مانگی بەفرانباردا سەرەڕای حوزوری بەرچاوی ژنان لە خۆپیشاندان و مانگرتنە خیابانیەکاندا، داواکاریە تایبەتەکانیان کەوتە ژێر کاریگەری باقی داخوازیەکانی دیکەوە. بەم حاڵەوە ئەم ئاخێزە سەرتاسەریە خاڵێکی ئەرێنی لە خەباتی ژنان لەدژی نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی بوو. حەرەکەتی نمادین و بوێرانەی " کچانی خیابانی ئینقلاب" لەدژی حیجابی ئیسلامی لە جەریانی ئەم ئاخێزەدا و تێکرار بوونەوەی ناڕەزایەتیەکی سیاسیە بە ڕژیمێک کە سیاسەت و یاسا دژی ژنەکانی بۆتە بەشێک لە هۆویەت و پێناسەی سیاسی ئیدئۆلۆژیکی. ژنانی خیابانی ئینقلاب بەم حەرەکەتە جەسورانەیان، حیجابی ئیسلامیان وەک هێمای ئاپاڕتایدی ڕەگەزی و بێ مافی ژن لە کۆمەڵگادا توشی کێشە وگرفت کرد. بۆ ڕژیمێک کە کرداری هەڵاواردنی ڕەگەزی ناسنامە و هۆویەتی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکیەکەی پێکدێنێت، خەباتی ژنان لە هەر بوارێکدا وەک هێرشێکی سیاسی بە ئەژمار دێت. ئەم حەرەکەتە و کاردانەوەی بەرینی لە ڕاگەیەنەرەکان و تۆڕە جۆاراو جۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا و ئەو پشتیوانیانەی کە هەڵیخڕاند نیشانی ئەدات کە هێرشی بزوتنەوەی ژنان بۆسەر قانون و سیاسەتە دژبە ژنەکان تا چ ئاستێک خاوەنی مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتیە. ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە بە تێپەڕ بوون لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی و بە کۆتایی هێنان بە سوڵتەی گوفتمانی ڕێفۆڕمخوازی کە خەبات لە چوارچێوەی تەسکی یاسا ئیسلامیەکاندا وەک بەستێنی سەرەکی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی فەلاکەتباری مەوجود پێناسە دەکەرد، بزوتنەوەی ژنانی خستۆتە مەوقعیەتێکی باشترەوە بۆ بەرەوپێش چوون. جەریانی ئیسلاح تەڵەبی بە مەیدان دان بە فیمینیزمی ئیسلامی و بە دروست کردنی پەڕاوێزێکی ئەمن بۆ فیمینیزمی لیبڕاڵ بزوتنەوەی ژنانی بەلاڕیدا بردبو وە بەری بەوە گرتبوو کە هێزی بزوێنەری و پاڵنەری بەرەو پێشەوە وە حەرەکەت بکەوێ. ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش هێزی سەرەکی بەرەو پێش بەری بزوتنەوەی ژنانن. هەڵسوڕاوانی سۆسیالیست بە چڕ کردنەوەی چالاکی لە حاشیه‌ی شارەکاندا، بە پەرەدان بە پێوەندیەکانیان لەگەڵ ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە شوێنەکانی کاردا و جەخت کردنەوە لەسەر داخوازی و داواکاریەکانیان و نیشاندانی نا کارایی ئیستراتیژی هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان بۆ دەستەبەر کردنی خواستەکانیان، دەتوانن ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە بەرینە وەجوڵە بخەن و لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستیدا بەسیجیان بکەن.

لەگەڵ ئاخێزی مانگی بەفرانبار و کۆتایی هاتنی سوڵتەی گوفتمانی ئیسلاح تەڵەبانی حوکومەتی، ڕیزبەندی سیاسی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی خویندکاریشدا دەگۆڕێ، بە تێپەڕبوونی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری لەو قاڵب و چوارچێوانەی کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود دەیانخستە بەرەدەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتی، دەور و نەخشی هێژمونیکی ڕێکخراوەکانی خوێنداکاری سەربە ڕیفۆڕم خوزانی حکومەتی کۆتایی دێت و زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ گەشە کردنی گرایشی چەپ و ڕادیکاڵ لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا فەراهەم دەبێت. بەرەوپێش چوونی بزوتنەوەی خوێندکاری کە بە ڕشتە و ڕایەڵی جۆراو جۆر بە کۆمەڵگاوە پێوەندیەکی نەپساوەی هەیە لە گرەوی ئەوەدایە کە هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆماڵایەتیەکانی وەک بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە روون ترین شێوە بەرژەوەندی ئازادی خوازانە و ڕیفاهی ئەم بزوتنەوانە لە ئاستی کۆمەڵگادا وێنا بکات. بەشی چەپی بزوتنەوەی خوێندکاری وەک هەستیار ترین بەشی رۆشبیرانی کۆمەڵگە دەتوانن دەورێکی بەرچاویان لە ئاشکرا کردنی ماهیەتی هێزە کۆنەپەرستەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوا لیبڕاڵی ئێران کە خۆیان وەک ئاڵترناتیوی حکومەتی مەتڕەح دەکەن هەبێت. بزوتنەوەی خوێندکاری لەو دەورانەدا کە دەتوانێ لە داخوازییە سینفیەکانی واوەتر بچێت و ئەرکە مێژووییەکانی ڕاپەڕێنێت توانیویەتی دەوری پێشڕەوانەی خۆی لە بزوتنەوەی ئازادی خوازنەی خەڵکی ئێراندا بنوێنێ. دوای ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییە و بە دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە خەبات بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتنەکان و خەباتی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان هەر ئەم ڕسالەتە لە بزوتنەوەی خوێندکاری دەخوازێت.

ئاڵوکۆڕەکانی ئەم مانگانەی دوایی لە کوردستان و خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵک لە بوارە جۆراو جۆرەکانی خەباتدا دەرخەری ئەوەیە کە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان هەروا پوتانسیەل و زەرفیەتی خۆی بۆ بەهێز کردنی بزوتنەوەی سەرتاسەری پاراستوە. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار و هاوسەنگیەکی نوێ کە بە قازانجی بەرەی خەباتی خەڵک بەدی هاتووە بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیشی خستۆتە موقعیەتێکی گونجاو ترەوە بۆ بەرەو پێشەوە چوون. لە کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی نفوز و ئیعتیباری کومونیزم و بە سەرنجدان بەوەی کە کۆمەڵە بە پشت بەستن بە تەیفیکی بەرین لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و خەباتکارانی سیاسی کە لە جەریانی چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا لەگەڵ یەکتر ئاشنا بوون و پەیوەندییان بەیەکەوە گرتوە، دەورێکی یەلاکەرەوەی لە ڕێبەریی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا هەیە و كۆمه‌ڵه‌ هه‌روه‌ها دەتوانێ نه‌ ته‌نیا بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی سەرتاسەریدا زەمانەت بکات، بەڵکو دەتوانێ ڕۆڵی ئۆلگویەکی پێشڕەو و ڕادیکاڵیش لە ڕاستای ئاڕاستە کردنی بزوتنەوەی سەرتاسەریدا بنوێنێ. ئەنجامدانی ئەم ڕیسالەتە لەم دەورەیەدا لە گرەوی پەرەگرتن و ڕێکخستنی تۆڕ و شەبەکە و تەشکیلاتە حیزبیەکان لە شوێنەکانی کار و لە نیوخۆی شارەکانی کوردستان دایە. 

یەکێکی تر لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی کوردستان، پێکهاتنی ناوەندی هاوکاری حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی ئێرانە. پێکهاتنی ئەم ناوەندە و تەوافوقیان لەسەر ئاڕاستەی بەرنامەیی و ئیستراتیژیکی و هاوکاری بۆ دروست کردنی بەرەی کوردستانی لە کۆمەڵگایەکی تەحەزوبیافەتەی وەک کوردستاندا لەم ڕوەوە کە ڕیزبەندی خەباتی سیاسی لە کوردستان رۆشن تر دەکاتەوە، دەتوانێ لەباری مێژووییەوە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بێت. هەروەک ئەوەی کە گەلێک جار ڕاگەیەندراوە کۆمەڵە بە هۆکاری ناکۆکی ئیستراتیژیک لەم جۆرە یەکێتیە پایەدارانە و لە پرۆسەی پێکهێنانی بەرەی کوردستانیدا بەشداری ناکات. لە هەمانحاڵدا کۆمەڵە لە چوارچێوەی سیاسەتە پەسندکراوەکانیدا مناسبات و هاوکاری خۆی لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان درێژە پی ئەدات. هەروەها پێویستە کۆمەڵە ئیبتکاری عەمەلی کۆکردنەوەی سەرجەم هێزە چەپە چالاکەکان لە کوردستان بۆ شکڵدان بە جەمسەرێکی چەپی کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرێت.

ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر نیشانی دا کە بزوتنەوەی کومونیستی و حیزبی کومونیستی ئێران وەک بەشێک لەم بزوتنەوەیە لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ روداوە سیاسیە گرنگەکانی وەک ئاخێزەکانی ئەم دواییە و بۆ نواندنی نەخش و ئاڕاستە کردنی ئەم بزوتنەوانە تا چ ڕادەیەک نا ئامادەیە. ئەم ئەزمونە جارێکی دیکە نیشانیدا کە رۆشن بینی سیاسی لە لێکدانەوە و بەیانی بارودۆخەکە و ئاڕاستەی ئیستراتیژیکی درووست بە تەنیا بۆ کاریگەری دانان لەسەر رووداوە سیاسیەکان بەس نییە، بەڵکو بوونی تەشکیلاتێکی بەرین و ڕێکوپێکی حیزبی یەکێک لە پێش مەرجەکانی نواندنی دەورێکی کاریگەرە لەم قۆناغەدا. دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە بوونی چەند حەوزەی حیزبی لەم شار یان لەو شار کارێکی ئەوتۆیان لەدەست نایەت و دەبێ ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی بەریندا بەرەو چالاکی حیزبی و سازمانی ڕابکێشرێن. لە بارودۆخی ئیستادا کە فەزای گشتی کۆمەڵگا و ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکاریەکان بوارێکی گونجاوتری بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کرێکاران بۆلای ئاڵوگۆڕی سیاسی فەراهەم کردوە دەبێ پەرەگرتنی تەشکیلاتی حیزبی لەنێو کرێکاراندا لە گرنگ ترین ئەولەویەتەکانی هەڵسوڕانی ئێمە بێت. لەم دەورەیەدا دەبێ هەوڵبدرێت بەسەر ئەم خاڵە لاوازانەدا زاڵ بین. لە لایەکی دیکەوە هێزە چەپ و کومونیستەکان دەبێ بتوانن لە ئێستاوە بوارەکانی پەرەدان بە کاوکاریەکانیان فەراهەم بکەن و بتوانن لەدەوری مەنشورێکی سیاسی و متالباتی کە روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە مێحوەریدا قەراری گرتبێت لەیەکتر نزیک ببنەوە. پەرگرتنی هاوکاریەکان لە دەوری وەها مونشورێک دەتوانێ بواری سیاسی و ڕەوانی گونجاو تر بۆ ئیتیحاد عەمەلی گرایشاتی جۆراو جۆری چپ لەنێو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا لە ئێران فەراهەم بکات. تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران ده‌بێ سەرجەم زەرفیەتەکانی لە ڕاستای بەرەو پێش بردنی ئەم هاوکاریانەدا بخاته‌ کار.

کۆمیتەی ئیجرایی حیزب لە ڕاپۆرتی سیاسی خۆیدا جەختی کردەوە کە هێرشی سەربازی بەرینی دەوڵەتی ئیسلامی تورکیە بۆسەر عەفرین و بۆمباران کردنی شار و دێهاتەکانی ئەو ناوچەیە بۆتە بەشێکی جیا نەکراوە لە سیاسەتە میلیتاریستیەکەی بۆ تێکشکاندنی بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی تورکیە. دەوڵەتی تورکیە ئەزمونی خۆبەڕیوەبەریی دیموکراتیک لە هەرسێ کانتۆنەکە، بە یاسایی کردنی یەکسانی ژنان و پیاوان و فەراهەم کردنی زەمینە بۆ بەشداری بەرینی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا، دابین بوونی بە یەکەوە ژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیکی نەتەوە و مەزهەبە جۆراو جۆرەکان لەسەر بنەمای هۆویەت و ناسنامەی ئینسانی، بوونی رۆژئاوا بە پەناگایەکی ئەمن بۆ هەزاران سورییه‌ی ئاوارە و ئاموزشدان و چەکدار کردنی جەماوەر بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانەی بەردەوام وەک دڕکێک لە چاوی خۆیدا بینیوە و بۆ شکست پێهێنانی ئەم ئەزمونە لە هیچ جەنایەتێک سڵی نەکردۆتەوە. جەریانی ئێمە بەردەوام پشتیوانی لە بزوتنەوەی مافخوازنەی رۆژئاوا و دەستکەوتەکانی لەبەرانبەر دەوڵەتی تورکیە و باقی دەژمنانی ڕەنگاوڕەنگیدا کردوە و ئێستاش پشتیوانی لە بزوتنەوەی خۆڕاگری و مافخوازانەی عەفرین لەبەرانبەر هێرشی نیزامی دەوڵەتی ئیسلامی تورکیە و لە بەرانبەر سیاسەتە ڕیاکارانەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا و روسیە و هاوپەیمانەکانیان دەکات. هێرشی نیزامی تورکیە بۆسەر عەفرین و هەڵوێستی ڕیاکارانەی دەوڵەتانی روسیە، ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەریدا، ئەو دەرس و ئەزمونەی بۆ خەڵکی رۆژئاوا و خەڵکی ناوچەکە تێدایە کە ئەوان نابێ لەسەر پشتیوانی زل هێزە سەرمایەداریە جیهانیەکان و ڕژیمە کۆنەپەرستە ناوچەییەکان حیساب بکەن. لە بەرانبەر ئەم هێرشە نیزامیە و سیاسەتی ڕیاكارانه‌ی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا، خاڵی بەهێز و ڕەمزی سەرکەوتنی بزوتنەوەی خۆڕاگریی عەفرین لە جەماوەری بوونی دایە. خەڵکی ئەم ناوچەیە سەربەخۆ لە نەتەوە و مەزهەب و جنسیەت لەم خۆڕاگریە جەماوەریەدا بەشدارن. ئەم بزوتنەوەیە بەهۆی ئەم جەماوەری بوونەی و بە هۆی ڕەوا بوونی ئەو دەستەکەوتانەی کە دیفاعیان لێدەکەن زەرفیەت و قابیلیەتی ئەوەی هەیە کە دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆش بەچۆکدا بێنێت.

کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشی ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، ڕاپۆرتی کارو چالاکی کۆمیتە تەشکیلاتیەکانی نێوخۆ، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب، شەبەکەی تەلەویزیۆن و ڕادیۆی حیزب، دەفتەری پێوەندی نێونەتەوەیی و بڵاو کراوەکانی حیزبی خستە بەرباس و هەڵسەنگاندن و وێڕای ڕەخنە لە کەموکوڕیەکان جەختی لەسەر ئاڕاستەی چالاکیەکانی داهاتوی ئەم ئۆرگانانە کردەوە. کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسی پێوەندیدار بە تەقسیم کار و ئاڕایشی نێوخۆیی کۆمیتەی ناوەندی، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی نۆژەن کردەوە و یان لەجێی خۆیان داینانەوە. پلینۆم هەروەها لە بەشی کۆتایی کارەکانیدا و دوای پێڕاگەیشتن بە قەرار و قەتعنامە پێشنیار کراوەکان، بە ئامانجی هیدایەت کردنی چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حیزب لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا، کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی لەجێی خۆی دانایەوە.


کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کومونیستی ئێران
مانگی ڕەشەی ١٣٩٦ 
مارسی ٢٠١٨

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0