لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگه‌یاندنی ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌حكووم كردنی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامیی له‌ شاری هه‌ولێر

ڕاگه‌یاندنی ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌حكووم كردنی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامیی له‌ شاری هه‌ولێر

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگه‌یاندنی ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌  سه‌باره‌ت به‌ مه‌حكووم كردنی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامیی له‌ شاری هه‌ولێر

پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له‌ ناحییه‌ی "بنه‌سڵاوه‌" سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێر كه‌ له‌ ماشینی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران دا دانرابوو، دوو كه‌س له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ به‌ سه‌ختی برینداربوون. كاك سه‌لاح و سه‌باح ڕه‌حمانی كه‌ له‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌دا برینداربوون باوك و فه‌رزه‌ندن و پێشتریش له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێ كرابوو.  

هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ سه‌باح ڕه‌حمانی به‌هۆی قووڵی برینه‌كانییه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌. شایانی باسه‌، ئه‌م بۆمبه‌ به‌ جۆرێك دانرابوو كه‌ له‌ كاتی ڕۆشن كردنی ماشینه‌كه‌دا بته‌قێته‌وه‌. هه‌موو به‌ڵگه‌كان ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ كۆماری ئیسلامیی و ئیتلاعاتی ئه‌م ڕژیمه‌ ده‌ستیان له‌م ڕووداوه‌دا بووه‌. پێویسته‌ ئاماژه‌ بكرێت كه‌ ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ كاتێكدا ڕوو ده‌دات كه‌ تاوانبارانی په‌روه‌نده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی تیرۆریستی مه‌قه‌ڕری حیزبی دێمۆكراتی كوردستان له‌ شه‌وی یه‌ڵدای ساڵی ٢٠١٦، له‌ لایه‌ن دادگای هه‌ولێره‌وه‌ هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا ته‌برئه‌ كراون. 

كۆمه‌ڵه‌ وێڕای سه‌رخۆشی كردن له‌ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری سه‌باح ڕه‌حمانی و هیوای ته‌ندرووستی بۆ سه‌لاح ڕه‌حمانی، ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ به‌ توندی مه‌حكووم ده‌كات و داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ زۆر به‌ جیددی هه‌وڵ بدات ده‌ستووپێوه‌نده‌كانی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ شناسایی و سزایان بدات. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ستی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی كه‌ بۆ نائه‌من كردنی دۆخی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن كورت كاته‌وه‌.  

ده‌بیرخانه‌ی كۆمه‌ڵه ـــ ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران 

١١ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٦ هه‌تاویی 
٣ی مارسی ٢٠١٨ی زاینیی

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0