لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە مەحکوم کردنی هێرشی جەنایەتکارانەی ئەڕتەشی تورکیە بۆ سەر عەفرین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە مەحکوم کردنی هێرشی جەنایەتکارانەی ئەڕتەشی تورکیە بۆ سەر عەفرین

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە مەحکوم کردنی هێرشی جەنایەتکارانەی ئەڕتەشی تورکیە بۆ سەر عەفرین

سەرئەنجام پاش چەندین رۆژ هەڕەشە و چنگ و ددان نیشاندانی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە لەدژی ناوچەکانی باکوری سوریە کە لەژێر دەستی هێزەکانی " یەکینەکانی پاراستنی گەل" ( ی پ گ) دان، رۆژی ٢١ ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ هێرشێکی توند و بەرینی هێزی ئاسمانی ئەم وڵاتە، لەگەڵ هێرشی زەمینی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر ناوچە کورد نشینەکانی خاکی سوریە و بە تایبەت " عەفرین" دەستی پێکرد. ئەم هێرشە فاشیستیە بە ڕواڵەت لە وڵام بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئەمریکا بۆ چەکدار کردنی ٣٠ هەزار کەس لە هێزەکانی " سوریای دیموکراتیک" بۆ دامەزراندنی " ئەمنیەت" لە باکوری سوریە بەڕێوەچووە. ئەگەرچی دەوڵەتی ئەمریکا دەستدانە وەها کردەوەیەکی بە " خراپ تێگەیشتن" لە سیاسەتەکانی ئەم وڵاتەی ناوبرد، بەڵام وادیارە، دیکتاتۆرەکەی تورکیە، لە بەدوادا چوونی ئامانج و بەرنامە شکست خواردوەکانیدا، جارێکی تر عەزمی جەزم کردوە کە شانسی خۆی لە سەرکوتی خەڵکی کوردستانی سوریە بە پشت بەستن بە دووهەمین ئەڕتەشی تەیاری " ناتۆ" و شەشەمین ئەڕتەشی دنیا تاقی بکاتەوە.

ئۆردوغان وەک یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکی داعش و باقی گروپە توندڕەو و تیرۆریستە ئیسلامیەکان، وەک داکۆکی کار و پشتیوانی هەڵاتوانی ئەڕتەشی سوریە ناسراو بە " ئەڕتەشی ئازادی سوریە"، پێشتر شانسی خۆی بۆ لەنێو بردنی " کانتۆنەکانی" باکوری سوریەدا چەندین جار تاقی کردۆتەوە و هەموو جارێک بەرەو رووی شکست بووتەوە. ئێستا جارێکی تر شمشێری لە کالان دەرکێشاوە لەدژی خەڵکێک کە بە دوور لە مەزهەب، نەتەوە و نیژاد، بڕیاری داوە لە بەیەکەوە ژیان و هاوچارەنووسیدا جارێکی تر ببنەوە خاوەنی ژیانێکی ئارام، لە هەوڵدایە سیاسەتە شکست خواردوەکانی لە ماوەی ساڵانی ڕابرودا قەرەبوو بکاتەوە.

بەڵام گومانی تێدا نییە کە هەنگاوی ئەم دواییەی ئۆردوغان لە پشتیوانی و هاوکاری زلهێز ئیمپڕیالیستیەکان لەوانە روسیە و هاوپەیمانەکانی، واتە ڕژیمی ئیسلامی دەسەڵاتدار لە ئێران و ڕژیمی دژی ئینسانی بەشار ئەسەد، سەرەڕای خۆ بە نەیار نیشاندانی بە ڕواڵەتی، بەهرەمەندە. دەرچوونی هێزەکانی روسیە لە عەفرین و ئیجازەی فڕین و بۆمبارانی بەرینی ناوچە جۆراو جۆرەکانی نێو شار و دەوروبەری عەفرین بە هێزی ئاسمانی تورکیە بەڵگە و شاهیدی ئەم پیلانە هاوبەشەن.

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش بە سیاسەتی ئیمپڕیالیستی و بەرژەوەندی خوازانەی بۆ چەندەمین جار سەلماندی کە پشتیوانی ئەوان لە " یەکینەکانی پارساتنی گەل" لە رووی ناچاریی، ڕیاکارانە و بە ئامانجی کەڵک وەرکتنە لەوان لە شەڕی نێوخۆی سوریەدا و لە بەرانبەر ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکانیدا بووە.

لەگەڵ هێرشی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر عەفرین، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و هاوپشتی خەباتکارانە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ناوچە شەڕ لێداروەکان لە هەرسێ کانتۆنەکەدا، لەنێو خۆی تورکیە، لە وڵاتانی جۆراو جۆری ئوروپایی، لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، کەوتە ڕێ. ئەردۆغان و دەوڵەت و حیزبەکەی هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکیان لە نیوخۆی تورکیەدا بۆ پشتیوانی لە عەفرین قەدەغە کردوە. ناڕەزایەتی و خەباتی شوورو شوق بۆ پشتیوانی لە عەفرین، وەبیر هێنەرەوەی پشتیوانی جیهانی لە شاری کۆبانییە. خۆراگرییەک کە دەستپێکی حەرەکەتێک بوو، کە بوو بە هۆی شکستی یەکجارەکی خەلافەتی ئیسلامی " داعش".

خەڵکی کوردستانی ئێران کە دەرس و ئەزمونی بەنرخیان بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگری خەڵکی کۆبانی هەیە و هەر ئێستاش دەرگیری نەبەردن لەگەڵ ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی حاکم لە ئێران کە ٣٨ ساڵ لەوە پێش فەتوای جیهادی لەدژیان دەرکردوە، لە هەموو کەس باشتر ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی عەفرین و باقی ناوچە کورد نشینەکانی سوریەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەسەد، گروپە تیرۆریستەکان و ئێستا حکومەتی فاشیستی ئەردۆغان دەرک و هەست پێدەکەن. لە ئێستادا جارێکی تر ئەرکی خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی ئێرانە کە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت هەوڵ بدەن و جارێکی تر رۆحی ئینساندۆستی و هاوچارەنووسی خۆیان لەگەڵ خەڵکی عەفرین و ئەو ناوچانەی کەوتونەتە بەر هێرش، لە ناخی ناڕەزایەتی رۆژانەی خۆیاندا لەدژی کۆماری ئیسلامی، نیشان بدەن.

کۆمەڵە وێرای مەحکوم کردنی هێرشی دڕندانەی ئەڕتەشی تورکیە لەدژی خەڵکی عەفرین، پشتیوانی و پشتگیری لە داواکاری و خەباتی مافخوازانەیان، داوا لە خەڵکی کوردستان و ئێران، لە تێکۆشەرانی شۆڕشگێری دەرەوەی وڵات، لە حیزب و سازمانەکان، ناوەندە و رێکخراوە کرێکاری و ئینساندۆستەکان، دەکات بە سازماندانی ناڕەزایەتی و کەمپەینی خەباتکارانە، لە هەنگاوێکی یەکگرتوانەدا دەست بدەنە مەحکوم کردنی هێرشی جەنایەتکارانەی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر کانتۆنی عەفرین و بۆ پشتیوانی و پشتگیری لە خەڵکی ئازار چێشتوی ئەو ناوچەیە یەک دەنگ ڕاپەڕن و ئەزمونی پشتیوانی، پشتگیری و سەرکەوتن لە کۆبانی جارێکی تر زیندوو بکەنەوە. ئێمە گومانمان لەوەدا نییە کە ئەردۆغان و ئەڕتەشی داگیرکەری تورکیەش وەک " داعش" کە لە هێرش کردنەسەر کۆبانی شکستی خوارد، ئەوانیش لە عەفرین توشی شکست و سەرشۆری دەبن. شکستێک کە هیوادارین سەرەتای شکستی ئۆردوغان و " ئاک پارتی" لە نێوخۆ و دەرەوەی تەرکیە بێت. شکستێک کە بێ گومان هەنگاوێکی گەورەیە لە ئاستی کەم کردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی تورکیە و سەرجەم ناوچەکەدا.

کۆمەڵە- ڕیکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١ ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ ٢١ ی ژانویەی ٢٠١٨

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0