لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات لە پێناو هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات لە پێناو هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات لە پێناو هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات لە پێناو هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام
( ٢٠١٧)

لە حاڵێکدا کە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ئاکامی خەباتی جەماوەریدا سزای ئێعدامیان تێدا هەڵوەشاوەتەوە و یان بەڕێوەچوونی هەڵدەپەسێرن رووی لە زیاد بوونە، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕژیمە ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان لە ئێران، عەرەبستانی سعوودی و عێراق بە یەکەوە بەرپرسی ٩٥ لەسەدی ئەو ئێعدامانە بوون کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ساڵی ٢٠١٦ دا تۆمار کراون. بریاری ئێعدام لەم وڵاتانە بە شێوەیەکی بەردەوام دوای دادگایی کرانی گەلێک نادادپەروەرانە کە زۆرجار بە ئیستناد بە " ئیعتیڕافەکان"ی بە دەست هاتوو لەژێر ئەشکەنجە و باقی هەڵسوکەتە خراپەکانی تر، دەر کراون. ئەگەرچی نەبوونی شەفافیەت لە سیستمی قەزایی ئێراندا بەر بەوە دەگرێت کە ئامارێکی جێی بڕوا و متمانە لە ژمارەی درووستی ئەحکامی ئێعدام بدرێت بە دەستەوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ماشینی کوشت وکوشتاری ئێعدام کە خستویەتە ڕێ، هەروا لەسەروی ئەو حکومەت و دەوڵەتانە دایە کە هێشتا سزای ئێعدام بە کردەوە دەردێنن. ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی مامناوەند ڕۆژانە دوو کەس دەکات بە گەروی مەرگدا. ئەم ڕژیمە سەرەڕای هۆشدارەکانی ئەنجومەنە مەدەدکارییە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە دواهاتە کۆمەڵایەتی و ڕەوانییەکانی ئیجرای حوکمی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، لە مانگی خه‌رمانانی ئەمساڵدا لانیکەم ٩ کەسی لە بەرچاوی خەڵک ئێعدام کردووە. 

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ئێعدام کردنی به‌ندكراوان بە بەرچاوی تماشاکەرانەوە و ئامادە کردن و بڵاو کردنەوەی وێنە و ویدئۆی هەواڵی لێی، بە ئاشکرایی لە کردەوەی ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ تەبلیغ و تەرویج و تۆڵە ئەستاندنەوە لە کۆمەڵگە و درووستکردنی ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵکدا کەڵک وەردەگرێت. ڕژیم دەیەوێ بە ترساندنی خەڵک و ڕەواجدانی رۆحیەی تەسلیم تەڵەبی لەنێویاندا هەموو جۆرە رۆحیەیەکی خۆڕاگری و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر زۆروێژی و بێ مافییەکانی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر لە کۆمەڵگادا لەنێو بەرێت. 

دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی فریوکارانە دەر کردن و ئیجرای ئەحکامی سزای ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی ئەنجامدانی جورم و جەنایەت، بەرز کردنەوەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و دابین بوونی عەداڵەت و دادپەروەری لە کۆمەڵگادا پاساو دەکەن. بەڵام ئەزمونی هەموو کۆمەڵگای بەشەری و تەجروبەی خودی ئێران و ئەو ئامار و زانیارانەی جێگای پشت پێبەستنن نیشانی ئەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا لە ڕێگای سزای ئێعدام و کوشتنی سیستماتیکی دەوڵەتییەوە، ناکرێت ڕێژەی ئەنجام درانی جورم و جەنایەت کەم بکرێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە نەفسی تۆڵە ئەستاندنەوە و ڕەوانشناسی توندوتیژی بەهێز دەکات. کاتێک کوشتن لەبەرانبەر کوشتندا لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەبچێت، سروشتییە کە ئەگەر کەسەکانیش هانبدرێن تا بە دەستی خۆیان ئەم بەناو دادگەرییە ئیجرا بکەن. هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوەیە کە گیانی ئینسان خۆی لە خۆیدا بەنرخە و بە هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام سەرەتا گیانی ژمارەیەکی زۆر پارێزراو دەبێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئیجرای سزای ئێعدام نە تەنیا ڕۆڵێكی لە کەم کردنەوەی ڕێژەی جەنایەتدا نییە، بەڵکوو کاتێک دەوڵەتەکان بە شێوەی یاسایی دەست دەدەنە کوشتنی ئینسانەکان لەژێر ناوی سزای ئێعدام لە ڕاستیدا بە کەم کردنەوە لە ئەرزشی پاراستنی گیانی ئینسان، ڕێگا بۆ تێکرار بوونەوەی لە کۆمەڵگادا خۆش دەکەن. 

لە بواری ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیشدا ئەوە خودی کۆماری ئیسلامییە کە ئەمنییەتی لە ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتە هەڵگرتووە. لەبەر ئەوەی ئاستی ڕەچاو کردنی توندووتیژی و کوشتارەکان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە و ئەو مەترسیانەی کە لە ئاکامی دخاڵەتگەری نیزامی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەرەوڕووی ئەمنییەتی ئێرانی کردۆتەوە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێژەی توندووتیژی و جەنایەتە تاکە کەسیەکاندا شیاوی بەراورد کردن نییە. ئاستی پەرەدان بە ماددەی هۆشبەر لە کاناڵە مافیاییەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هیچ چەشنێک شیاوی بەراورد کردن لەگەڵ ئاست و قەبارەی چالاکی قاچاغچیانی فەردیدا نییە. ڕێژەی زەوتکرانی ئەمنییەت لە ژیانی خەڵک لە لایەن ڕژیمەوە لە ڕێگای دخاڵەتی بەردەوامەوە لە حەوزەی ژیانی تایبەتی خەڵکدا بەوەسیلەی بەسیج و گەشتەکانی " ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مۆنکەر" و لیباس شەخسییەکانەوە لەگەڵ ڕێژەی جورمی کەسێک کە بە ئەنگیزەی شەخسی ئەنجام ئەدرێت، هیچ تەناسوبێکیان بەیەکەوە نییە. لاپەڕەی ڕووداوی ڕۆژنامەکان چاو لێبکەن و ئەو ڕووداوانەی تێیدا هاتوون لەگەڵ ڕووداوە هاو شێوەکان کە بەڕەسمی لەلایەن ڕژیمەوە پەیڕەو دەکرێن بەراورد بکەن تا بێ بنەما بوونی ئەم جۆرە پاساوانەتان بۆ ئاشکرا بێت. کۆماری ئیسلامیی قوربانیانی نیزامێکی زاڵمانە کە خۆی بەسەر ژیانی ئینسانەکانیدا زاڵ کردووە، ئێعدام دەکات، تا بەرپرسیاریەتی خۆی لە دەروستکردنی بەستێن و بارودۆخێک کە ئەم جۆرە جەنایەتانەی بەردەوام تێدا بەرهەم دێتەوە، پەردە پۆش بکات.

بەڵام ئیدیعای ئیجرای دادپەروەری لە ڕێگای سزای ئێعدامەوە لەوەش بێ بنەما ترە. ئەگەر قەرار لەسەر ئیجرای عەداڵەت بێت، تاوانباری ڕیزی یەکەم خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە بە هەزاران ئینسانی لەبەر خاتری بیروباوەڕیان و بە خاتری خەبات بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان لەم کۆمەڵگایەدا کوشتووە و ماشێنی جەنایەت و کوشتاری بۆ ڕۆژێکیش ڕاناوەستێت. ئیجرای دادپەوەری چۆن دەکرێ لە ئاوا ڕژیمێکی گزی کار چاوەڕوان بکرێت؟ ئامانج لەم ئێعدامانە نەک ئیجرای دادپەروەری بەڵکوو وادار کردنی خەڵکە بە ملکەچ بوون لە بەرانبەر هێز و دەسەڵاتی دەوڵەتدا، دەسەڵاتێک کە خۆی سەبەبکاری گیانی بە هەزاران ئینسان و پەرە گرتنی دەیان خەساری کۆمەڵایەتی و زەوتکرانی مافە سەرەتاییەکانی بە ملیۆن ئینسانە. 

ئەو پاساوانەی کە لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام بوونیان هەیە، بێجگە لە درۆیەکی ئاشکرا هیچی تر نین، لەبەر ئەوەی کە ئینسانەکان زاتەن گزی کار، قاتڵ، قاچاغچی و جەنایەتکار لە دایک نابن، بەڵکوو لە ئاکامی ئەم بارودۆخە ماددیەی ژیانی کۆمەڵایەتیدایە کە ئەوان بەرەو گزیکاری و خراپە کاری پاڵ پێوەدەندرێن و دەوڵەت و چینی دەسەڵاتدار، بەرپرسی ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە بەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکدان. کەسانێک شیاوی سزا درانن کە ئەو بوارە کۆمەڵایەتیانەی کە دەبنە هۆی ئەنجامدانی جورم و جەنایەتیان بەدی هێناوە.

ئەگەر خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بابەتێکە کە بەردەوام و لە هەموو بارودۆخێکدا دەبێ لەبەرچاو بگیرێ، گرنگی ئەم خەباتە لە بارودۆخی ئێستادا کە ڕژیم بە ئاشکرایی ئامانجە سیاسییە دیاریکراوەکانیشی لە پەرەدان بە شەپۆلی ئێعدامەکاندا تاقیب دەکات، و لە بارودۆخێکدا کە هەر ئێستا بە هەزاران کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە چاوەڕوانی ئیجرای ئەحکامی ئێعدامدان، دوو هێندە پێویستە. بۆنەی ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی سزای ئێعدام دەتوانێ دەرفەتێکی دیکە بێت بۆ پەرەدان بە وشیاری لە ئاستی جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا و قۆناغێکی تر لە ئاستی پەرەدان بە خەبات بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام لە ئێران و سەرتاسری دنیادا.

برووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری
کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ 
٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0