لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ ٢ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران

ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ ٢ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ ٢ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران

ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی شاری بانه‌ كه‌ له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٣ی مانگی خه‌رمانانه‌وه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ كوژرانی دوو كۆڵبه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر فه‌رمانداری ڕژیم ده‌ستی پێكرد و ڕۆژی دواتری واته‌ سێشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی خه‌رمانان به‌ مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی خه‌ڵك درێژه‌ی هه‌بوو، هه‌روا به‌رده‌وامه‌. دوێنێ له‌ جه‌ریانی مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی خه‌ڵك، هێزه‌ ئینتزامییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاری فه‌رمانداری شار، خۆپشاندانه‌كه‌یان به‌ره‌و تووندوتیژی برد و له‌ دژی خه‌ڵكی ناڕازیی گازی فرمێسكڕێژ و گوله‌ی پلاستیكیان به‌كار هێنا. له‌ ئاكامدا ژوماره‌یه‌ك بریندار بوون و به‌ پێی دوایین ڕاپۆرته‌كان ١٥ كه‌سیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. ڕژیم هێزی دژه‌ شۆڕشی بۆ شاری بانه‌ ڕه‌وانه‌ كرد و له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌مشاره‌ جێگیر كران. ڕۆژی ڕابردوو به‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی شاری بانه‌، شه‌پۆلێك له‌ ڕاگه‌یاندنی هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌مشاره‌ و ده‌ربڕینی بێزاری له‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران، هه‌موو شاره‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌. خه‌ڵكی ناڕازیی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌وانه‌ "مه‌ریوان، سه‌قز، سه‌رده‌شت، پیرانشار و مهاباد له‌ لایه‌ن كه‌مپیه‌نه‌ خۆڕسكه‌كانی "پشتیوانی له‌ كۆڵبه‌رانی كوردستان" به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌ و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان له‌ داخوازی ڕه‌وای كۆڵبه‌ران و خه‌ڵكی بانه‌ ده‌ربڕی و خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران بوون.
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ گوزه‌راوه‌ كه‌ ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ریی كۆماری ئیسلامی بتوانێ به‌ ئاسانی له‌سه‌ر وه‌ها جنایه‌تێك سه‌رپۆش دابنێت و یان به‌ نومایش و به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی خه‌ڵك ناچار به‌ بێده‌گی بكات. 
بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌وا كه‌ به‌ درێژایی مێژوویی ته‌مه‌نی پڕ له‌ جورم و جه‌نایه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان له‌ ئارا دایه‌، زۆر جار به‌ حه‌ره‌كه‌تی به‌ربڵاو له‌وانه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ خه‌باتی لێبڕاوانه‌ و دواتر مانگرتنی گشتی، یه‌كگرتوو و سه‌رتاسه‌ری له‌ ناڕه‌زایه‌تیی به‌ ئێعدامی "شوانه‌ سه‌یێد قادری" له‌ مهاباد له‌ ساڵی ١٣٨٤ و هه‌روه‌ها مانگرتنی گشتی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی به‌ ئێعدامی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و چوار كه‌سی دیكه‌ له‌ به‌ندكراوانی سیاسی له‌ ساڵی ١٣٨٩، سه‌لماندیان كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ بێده‌نگ نابن. ئه‌مڕۆ ئه‌م ئه‌زمونه‌ كه‌ وه‌كوو خه‌باتێكی جددی له‌ دژی سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌ و جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان جێگه‌یه‌كی نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ زه‌ربی سه‌ركوت خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ قین و تووڕه‌یی خه‌ڵك، حكومه‌ت ده‌كات. ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی بانه‌ كه‌ به‌ خێرایی ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌ربڵاوی هه‌بوو و شه‌پۆلێك له‌ هاوخه‌می و پشتیوانی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانی به‌ دواوه‌ بوو، ده‌توانێ به‌ ناڕه‌زایه‌تیی په‌یگیر، به‌رده‌وام و سه‌رتاسه‌ری بۆ داسه‌پاندنی خواست و داواكاری ڕه‌وای خه‌ڵك به‌ سه‌ر ڕژیمێكدا بێت كه‌ جگه‌ له‌ جه‌نایه‌ت و هه‌ژاری و ده‌سته‌نگی شتێكی دیكه‌ بۆ خه‌ڵك به‌ دیاری نه‌هێناوه‌.
داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی شاری بانه‌ داواكاری هه‌موو خه‌ڵكی مافخوازی كوردستانه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ربڵاو و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆ به‌ مه‌به‌ستی به‌دیهاتنی پشتیوانی لێ بكرێت.
خه‌ڵكی بانه‌ ده‌یانهه‌وێت:
١_دادگایی کردن و سزا دانی ئامران و عامڵانی کوشتنی ئەو دوو کۆڵبەرەی رۆژی دووشەممە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا. ٢ – کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و پارێزراو بوونی ئەمنیەتیان له‌ ڕێگای پێكهێنانی كار یا بیمه‌ی بێكاری، بە شێوەیەک کە ناچار نەبن روو بکەنە کاری پڕ مەترسی کۆڵبەری. ٣ – ئاسایی بوونەوەی فەزای ئەمنیەتی له‌ بانه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان. ٤ – لابردنی فەرمانداری ڕژیم و دادگایی کردن و سزادانی بە هۆی دانی بڕیاری کوشتنی کۆڵبەران. ٥_ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوانی خۆپیشاندانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ بانه‌ خێرا ئازاد بكرێن.
كۆمه‌ڵه‌ درێژه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌ مه‌رجی پێویستی داسه‌پاندنی ئه‌م خواستانه‌ به‌سه‌ر ڕژیمدا ده‌زانێ و جارێكی دیكه‌ پشتیوانی خۆی له‌سه‌ر خواستی خه‌ڵكی ناڕازیی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ئێمه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ پێشكه‌وتوو خوازه‌كانی نه‌یاری ڕژیم له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ین به‌ هه‌ر جۆرێك كه‌ ده‌توانن پشتیوانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك له‌ شاره‌كانی كوردستان و جێبه‌جێ كردنی خواسته‌كانیان بكه‌ن.
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
١٥ی خه‌رمانانی ١٣٩٦

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0