لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان

ڕۆژی ڕابردوو له‌ ده‌وه‌ری باڵه‌كایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئاكامی ته‌قه‌ كردن له‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ خه‌ڵكی ئاوایی "گونده‌ ژۆر" له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، له‌ ڕووداوێكی نه‌خوازراودا دوو برا گیانیان له‌ده‌ستدا و دوو برای دیكه‌ش بریندار بوون. له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووداوه‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك به‌ پێویست ده‌زانین: 
یه‌كه‌م، ئه‌م ڕووداوه‌ پێوه‌ندییه‌كی به‌ كۆمه‌ڵه‌ (ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)ه‌وه‌ نییه‌ و هیچ هێزێكی ئێمه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر نیین.
دووهه‌م، به‌ درێژایی زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ی ڕابردوو كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی كوردستانی عێراق جێگیر بوون و له‌و ساڵانه‌شدا كه‌ هه‌رێمی فیدڕاڵی كوردستان دامه‌زراوه‌، پێوه‌ندی نێوان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، خه‌باتكارانه‌ و‌ مه‌سئولانه‌ بووه‌ و‌ ئێمه‌ به‌ تایبه‌ت به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه‌ كه‌ خه‌باتی ئێمه‌ له‌ كوردستانی ئێران نه‌بێته‌ هۆكاری هیچ چه‌شنه‌ زه‌خت و ئازارێك بۆ سه‌ر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان. ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وام مانه‌وه‌ و پته‌وتر كردنی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ پێداگری ده‌كه‌ین.
سێهه‌م، خه‌باتی چه‌كداری له‌ ناوخۆی كوردستانی ئێران به‌رهه‌می بارودۆخی له‌بار له‌ كوردستانی ئێرانه‌ و ناتوانێ له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی ئاسته‌نگی بۆ ژیانی ئه‌وان به‌ڕێوه‌ بچێت.
چواره‌م، كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ فورسه‌تێك بۆ بیانوو پێگردن به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ست نادات. ئه‌و ڕژیمه‌ تا سه‌ر ئێسقان دژ به‌ مافی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كورده‌ و به‌رده‌وام بۆ شكاندنی هه‌یمه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستان فرسه‌ت له‌ ده‌ست نادات. تۆپباران كردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌ سیاسه‌تی دژایه‌تی كردن له‌ گه‌ڵ مافی گه‌لی كورد له‌و هه‌رێمه‌یه‌ و هیچ پاساوێك ناتوانێ ڕه‌وایی پێ بدات.
پێنجه‌م، تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ پێوه‌ندی به‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌ هه‌یه‌، پێوه‌یسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ ڕێگا چاره‌یه‌كی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ نه‌ مافی ڕه‌وای خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ و بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردووان پێشێل بێ و كه‌سانێك كه‌ ده‌ستیان له‌ ڕوودانی ئه‌و تاوانه‌دا هه‌بووه‌ سزای عادڵانه‌ی خۆیان وه‌ربگرن. له‌ هه‌مان كاتدا ڕێگا نه‌درێت به‌وه‌ی كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندی خه‌باتكارانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م دووبه‌شه‌ی كوردستان خه‌وشدار بكات. 

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ (ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)
٤ی خه‌رمانانی ١٣٩٦
به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٦ی ئوتی ٢٠١٧

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0