لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات"

ڕاگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات"

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات"

به‌وپه‌ڕی داخ و په‌ژاره‌وه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ٢٣ی مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٩٦ی هه‌تاویی به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٤ی مانگی ژووئییه‌ی ٢٠١٧ی زاینیی، هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات" ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ڕووداوێكی كتوپڕه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

ئه‌م ڕووداوه‌ كاتێك ڕوویدا‌ كه‌ هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات" خه‌ریكی به‌تاڵكردنی جانتاكه‌ی بوو كه‌ ده‌مانچه‌كه‌ی كه‌ له‌ جۆری "ڕۆلۆر"یشی تێدابوو. ماشه‌ی ده‌مانچه‌كه‌ی له‌ شتێكی ناو جانتاكه‌ی گیر ده‌كات و له‌ كاتێدا كه‌ شته‌كه‌ ڕاده‌كێشێنێت، فیشه‌كێك ده‌رده‌چێت و هاوڕێ ڕه‌حمان بریندار ده‌بێت و‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵی پزیشكان كاریگه‌ر نابێت و پاش كاتژمێرێك گیانی له‌ده‌ست ده‌دات.

هاوڕێ "ڕه‌حمان " ڕۆژی ٥ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٤٣ له‌ شاری سه‌قز له‌دایك بۆه‌. له‌ ساڵی ١٣٥٨ و له‌ ته‌مه‌نی تازه‌لاویدا له‌ شاری سه‌قز له‌گه‌ڵ ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه‌ پێوه‌ندیی ده‌گرێت و له‌ نێو لاوان و تازه‌لاوانی ئه‌مشاره ده‌بێته‌ هه‌ڵسووڕاوێكی كۆمه‌ڵه‌‌.

به‌دوای ده‌وره‌یه‌ك چالاكیی له‌ ته‌شكیلاتی نهێنیی، له‌ ساڵی ١٣٦٢ به‌ ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت. هاوڕێ ڕه‌حمان به‌هۆی گوڕوتینی شۆڕشگێرانه‌ی‌ و به‌هۆی توانایی و لێهاتووییه‌وه‌، زۆر زوو ده‌بێته‌ سیمایه‌كی ناسراوی ناوی ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌. به‌دوای پێكهاتنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ده‌بێته‌ ئه‌ندامی حیزب و هه‌ڵسووڕانی خۆی له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌قز درێژه‌ پێ ده‌دات.

ئه‌ندامێتیی له‌ قۆناغه‌ جۆراوجۆره‌كانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ و كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و هه‌روه‌ها ئه‌ندامێتیی له‌ كومیته‌ی ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب، له‌ زومره‌ی ئه‌و بوارانه‌ بوون كه‌ هاوڕێ ڕه‌حمان نه‌جات چالاكی تێدا كرد. بێگومان گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات" خه‌سارێكی گه‌وره بوو‌ بۆ حیزب و بۆ كۆمه‌ڵه‌ له‌ ڕێكخراوی كوردستانی حیزب كه‌ هاوڕێ ڕه‌حمان یه‌كێك له‌ هه‌ڵسووڕاوانی بوو.‌ 

هاوڕێ ڕه‌حمان وه‌ك یه‌كێك له‌‌ سیما ناسراوه‌كانی ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزب، وه‌كوو كۆمۆنیستێكی هه‌ڵكه‌وتوو، ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ڕزگاریی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشدا تێپه‌ڕكرد. 

كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌ بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ "ڕه‌حمان نه‌جات"ه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشیی له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ تایبه‌ت ڕۆڵه‌ جگه‌رگۆشه‌كه‌ی "ئارام" و هه‌روه‌ها هاوژینه‌كه‌ی "مینوو" و تێكڕای هاوڕێیانی له‌ ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ده‌كات. 

كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٢٣ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٩٦ 
به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ
١٤ی مانگی ژووئییه‌ی ساڵی ٢٠١٧

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0