لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران
بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار

( ٢٠١٧)

ئەمساڵ کرێکارانی ئێران لە بارودۆخێکدا بە پێشوازی ئەوەڵی مانگی مەی، رۆژی هاوپشتی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستیەوە دەچن کە ماوەیەکە هەرا و هوریای تەبلیغاتی ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەڕێوەچوونی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شوڕا ئیسلامیەکانی شار و دێ دەستی پێکردوە. لە سه‌روبه‌ندی ئەوەڵی مانگی مەیدا و لە هەنگامەی ئەم شانۆگەری هەڵبژاردنەدا، ڕیزەکانی ڕژیم لە هەمیشە شپرزەتر دیارە. دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق و کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و ئیجرای بەرنامە ڕیازەتییە ئابووریەکانی "ڕەفسەنجانی" نە "خاتەمی" ئیسلاح خواز کە بە دروشمی ڕەخساندنی هەلی کار و تەوسعەی سیاسی و دیالۆگی تەمەدونەکان هاتە سەر کار و نە "ئەحمەدی نژادی" ئوسولگەرا کە بە وەعدەی خەبات لەدژی گەندەڵی و کورت کردنەوەی دەستی ئاغازادەکان لە سەرچاوەکانی دەسەڵات و پوڵی نەوت و هێنانە سەر سفرەی خەڵکی هەژار، پۆستی سەرۆک کۆماری گرتە دەست و نە "رۆحانی" ئێعتدالگەرا کە قەرار بوو لە ڕێگای سازشی قارەمانانە لەگەڵ رۆژئاوا، چەرخی ژیانی خەڵک وەگەڕ بخات، هیچکام نەیانتوانی باشتر بوونێکی هەرچەند کەمیش لە کار و ژیانی خەڵکدا بەدی بێنن. لە دەورەی رووحانیدا گرفتی هەژاری و بێکاری، ئاستێکی کارەساتباری بە خۆیەوە گرتوە. ژمارەی ئێعدامەکان بە بەراورد لەگەڵ دەورەی ئەحمەدی نژاد، ٣٠ لەسەد زیادی کردوە و گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان زۆرتر بووە، نزیکەی دە ملیۆن بنەماڵەی ئێرانی دەرگیری گرفتی ئیعتیادن، ئاستی مەرگ و میر بە هۆی رووداوی شوێنی کار و نائەمن بوونی جادەکان، ڕیکۆردە جیهانیەکانی بەزاندوە، پیس بوونی هەوا لە تاران و ئەهواز و هێندێک لە شارە گەورەکانیتری ئێران، گەیشتۆتە ئاستی قەیراناوی و "سازمانی شەفافیەتی نێونەتەوەیی" لە نوێترین هەڵسەنگاندیدا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی گەندەڵترین ڕژیمەکانی دنیادا داناوە. روحانی بەم کارنامەیەوە، قەرارە ڕەقیبی سەرەکی "ئیبڕاهیم رەئیسی" یەکێک لە عاملانی ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ لە شانۆگەری هەڵبژاردنی داهاتودابێت. لە ڕاستیدا هیچکام لە باڵەکانی حکومەتی بە کارنامەی جەنایەتکارانەیانەوە، بەرنامەیەکیان بۆ تێپەڕبوون لە بارودۆخی کارەساتباری ئێستا نییە. کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی بە ئاگادار بوون لەم ڕاستیە کە خەڵکی ئێران، گشت باڵە حکومەتیەکانیان تاقی کردۆتەوە بۆ موهەندیسی کردنی ئەم شانۆگەرییەی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکان، توشی سەر لێ شێواویی بوون.

کرێکارانی ئێران نە تەنیا ملیان بەم بارودۆخە کارەساتبارە نەداوە، بەڵکو ئاستێکی نوێتریان داوەتە خەباتی خۆیان. ناڕەزایەتی بەرین لەدژی نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکان، ناڕەزایەتی لەدژی بێکارسازییە بەردەوامەکان، ناڕەزایەتی لەدژی لە خوارەوە بوونی ئاستی حەقدەستەکان و بارودۆخی نائەمنی کار، تەنیا بەشێک لە خەباتێک بوون کە نیشانی ئەدات، کرێکاران بۆ باشتر کردنی بارودۆخی کار و ژیانیان، ساتێک هەدایان نەداوە. بەرز بوونەوەی ئاماری ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لەم ناڕەزایەتیانەدا بەشدارییان کردوە و درێژ ماوەتر بوونی کاتێک کە کرێکاران لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا ماونەتەوە، نیشانەی روون و بەرچاوی ڕەوتی روو لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاریە. دەوڵەتی روحانی بۆ هاندانی سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە گۆڕەپانی بەرهەمهێناندا هەولێداوە بە ئیجرا کردنی ئەم قانونه‌ کارە دژه‌ کرێکاریە، چکۆلەترین دەرەتانێک بۆ هەر چەشنە مانۆر و حەرەکەتێکی کرێکاری لە چوارچێوەی یاسادا، نەهێڵێت. بۆ ساڵێکیتریش، ڕەسمیەتیان داوە بە شگردی قانونی حەقدەستەکانی، چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا. بەڵام نە تەنیا ئەم هەوڵانە، بەڵکو زەبرو زەنگ نواندن لەدژی کرێکارانی ناڕازی، گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی و شه‌لاقکاری کردنیشیان، نەیتوانیوە بەر بە ڕەوتی روو لە گەشەی ناڕەزایەتی کرێکاری بگرێت. مەوقعیەتی عەینی بزوتنەوەی کرێکاری و بێتوانایی ڕژیم له‌ وڵام دانه‌وه‌ به‌ داخوازییه‌كانی كرێكاران، ئاسۆی سه‌رهه‌ڵدانی به‌هێزی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری كرێكاریی به‌ره‌وڕووی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران كردۆته‌وه‌. ەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هەژاری و فەلاکەت و ئەو بێ مافیانەی کە بەسەر کرێکاراندا سەپاوە، جوڵەی بەهێزتری بزوتنەوەی کرێکاری لە داهاتودا، کردۆتە بابەتێکی حەتمی. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کومونیستی بزوتنەوەی کرێکاری، پێویستە بە حزوری چالاکانەیان لە خەباتێکدا کە ئێستا لە ئارادایە بۆ دەورەی هەڵدانی بزوتنەوەی کرێکاریش، خۆیان ئامادە بکەن. لە غیابی ئەم ئامادەگیەدا و لە غیابی هێژمۆنی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیدا، ئەم نیگەرانیە بوونی هەیە کە چینی کرێکار، نەتوانێ مۆری چینایەتی خۆی لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی داهاتو بدات و دیسانیش چینی سەرمایەدار، بتوانێ بە ئاڕایشێکی سیاسیتر، پێ بنێتە سەر شانی چینی کرێکار و بە داسەپاندنی بارودۆخێکی فەلاکەتبارتر، درێژە بە حاکمیەتی خۆی بدات. هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە بە ئاسۆ و نەخشە ڕێگای روون و بە وڵامدانەوە بە نیازەکانی خەباتی کرداری و سیاسی کرێکاران، ئەم بزوتنەوە چینایەتیە لە ڕاستای سیاسەتە سۆسیالیستیەکاندا، هیدایەت و بەرەو پێش بەرن.

لە بارودۆخی ئێستادا، دخاڵەتی چالاکانە لە خەباتێکدا کە لە ئارادایە و بزوتنەوەی مووتالباتی کرێکاران و هەوڵدان بۆ بەیەکەوە گرێدانی خەباتیان لە گرنگترین ئەولەوییەتەکانی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکارییە. پەرەدان بەم ناڕەزایەتیانە، تەنیا ڕێگای واقعبینانەیە بۆ بەستێنسازی و یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی تەشەکولە چینایەتی و جەماوەریە کرێکاریەکان. هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاری بە حوزوری چالاکانە و کارزانیی خۆیان لە جەریانی بەرەو پێش بردنی ئەم خەباتە دایە کە دەتوانن سەرنجی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە هەڵسوڕاوانی پێشڕه‌وی بزوتنەوەی کرێکاری بۆ تێ گه‌یشتن له‌ به‌ حیزبی بوونی کۆمۆنیستی، کرێکاران ڕابکێشن. قسە و باس سەبارەت بە تەحەزوبیابی کرێکاران، پێویستە لەدەوری ئوسولی ئیستراتیژی سۆسیالیستی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و هەنگاونان لە ڕاستای ڕێکخستنی ئابووری سۆسیالیستیدا بە ئەرکی چینی کرێکاری سازماندراو دەزانێ، چڕ بکرێتەوە. 

لە ئێستادا کە لە سەروبه‌ندی یەکی ئەیار، بەرابەر لەگەڵ ١١ی گوڵان، رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار داین و هەوڵ بۆ بەرپا کردنی کۆڕ و کۆمەڵی کرێکاری لە ئەوەڵی مانگی مەیدا، خراوەتە دەستوری کار و هەڵسوڕانی پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە، دەورەی ئامادەکاری بەڕێوەچوونی مەڕاسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی لە هەمانحاڵدا دەرفەتێکە بۆ قسەوباس سەبارەت بەم گیروگرفتانه‌ی کە لەبەردەمی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆاسیالیستیدا، قەراریان گرتوە.

کرێکارانی ئێران لە قەتعنامەکانی خۆیان لە ئەوەڵی مانگی مەیدا، پێویستە وێڕای ڕەدکردنەوەی حەقدەستی ٩٣٠ هەزار تمەنی دیاری کراو لە لایەن شورای باڵای کاری ڕژیمەوە، پێداگری لەسەر داخوازی زیاد کرانی عەقدەستی چوار ملیۆن تمەنی لە مانگدا و گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی بکەن. کرێکاران پێویستە ڕایبگەیەنن کە بنەمای دیاری کرانی حەقدەستەکان نەک هێڵی هەژاری، بەڵکو دەبێ هێڵی ڕیفاهی کرێکاران بێت. کرێکاران پێویستە لەم رۆژەدا، جەخت لەسەر ئازادی خێرا و بێ شەرت و مەرجی هەڵسوڕاوانی کرێکاری زیندانیکراو بکەنەوە، خوازیاری دابین بوونی بیمەی بێکاری کافی بۆ سەرجەم کەسانی ئامادەی کار، تێکەوە پێچرانی شیرکەتە پەیمانکاریەکان، دابین بوونی ئیمه‌نی شوێنی کار، قەدەغە بوونی کاری حێرفەیی بۆ منداڵان و تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵ ته‌مه‌ن، ئازادی بەیان، ئازادی تەشەکوول و ڕێکخراوه‌كان، تەحەزوب، مانگرتن، ئازادی قەڵەم، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، جیایی دین لەدەوڵەت و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لەدژی ژنان و دابین کردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بن. 

کرێکاران پێویستە لە رۆژی کرێکاردا بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنن، لەوێوە کە هیچ یەک لەو داخوازیە ئابووری و سیاسیانەی کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتوی ئێران، ساڵانێکە خەباتی بۆ دەکەن لەژێر حاکمیەتی هیچکام لە باڵە حکومەتیەکاندا، دەستەبەر نەبوون، لە شانۆگەری هەڵبژاردنی ڕژیمدا بەشداری ناکەن. چوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، بە کردەوە بە واتای بوون بە هێزی زەخیرەی شەڕ و کێشەی باڵە حکومەتیەکانە لەسەر چلۆنایەتی دابین بوونی بەرژەوەندی سەرمایەداران و زەمانەت کرانی مانەوەی ڕژیم و هیچ قازانجێکی بۆ کرێکاران تێدا نییە. کرێکاران لە درێژەی ئەو سەحنە پڕ شور و شکۆدارانەی کە لە جەریانی خەباتی ماف خوازانەیاندا، بەرپایان کردوون، نە بە دەنگدان بە بژاردەی خراپ لە بەرانبەر خراپتردا، بەڵکو تەنیا بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان دەتوانن، پێگە و مەوقعیەتێکی لەبارتر بۆ درێژەدان بە خەباتی خۆیان فەراهەم بکەن.

لەوێوە کە ریفۆرم خوازان و ئێعتدال گەرایانی حکومەتی بە خزانه‌ نێو ناوەندە دژی کرێکاریەکانی وەک خانەی کارگەر، شورا ئیسلامی و یان ئەنجومەنە سینفییەکان، دەیانەوێ لە بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوە زەرد و فەرمایشییەکان لە رۆژی کرێکاردا، وەک دەرفەتێک بۆ بازاڕ گەرمی شانۆگەری هەڵبژاردنی ڕژیم و بە لاڕێدا بردنی کرێکاران کەڵک وەربگرن، ئەم کۆبونەوە زەردە دەوڵەتیانە، دەبێ تەحریم بکرێن.

حیزبی کومونیستی ئێران بە ڕێزگرتن لە خەباتی ماف خوازانە و پڕ شووری کرێکاران و قەدردانی لە گشت ئەو چالاکی و هەڵسورانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسم و کۆبوونەوەکانی رۆژی جیهانی کرێکار لە ئارادان، رۆژی یەکی ئەیار ئەم هێمایەی هاوپشتی شورئەنگیزی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستیەی چینی کرێکار بە سەرجەم کرێکاران، پێرۆزبایی دەڵێت. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، داوا لە گشت هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان، موعەلیمانی تێكۆشه‌ر، چالاکانی پشتیوانی لە مافی منداڵان، لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی پارێزگاری کردن لە ژینگە و گشت ئینسانە تێکۆشەرەکان دەکات بە بەشداری کردن لە کۆبوونەوە کرێکاریەکاندا لە رۆژی یەکی ئەیاردا، پشتیوانی لە داخوازییە ڕەواکانی کرێکاران بکەن.

بژی یەکی ئەیار

بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران

خاکەلێوەی ١٣٩٦

ئاوریلی ٢٠١٧

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

1.00