لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ١٦ ی ئازەر ڕۆژی دانشجوو ( ١٣٩٥)

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ١٦ ی ئازەر ڕۆژی دانشجوو ( ١٣٩٥)

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی  ئێران  بە بۆنەی ١٦ ی ئازەر ڕۆژی دانشجوو ( ١٣٩٥)

لە شازدەی سەرماوەزدا بە پێی نه‌ریتی هە‌ر ساڵه‌، دانشجوو و دانیشگا، ته‌ئسیر دەكه‌نه‌سه‌ر فەزای کۆمەڵگه‌. ئەمەش به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئێران وەک یەکێک لە شاخەکە هەستیارەکان، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بەرانبەر بە گۆڕانكارییه‌كانی ناو کۆمەڵگه‌ و ئامادەکاریی بۆ نەبەردی داهاتوو، ڕۆڵیان گێڕاوە. ئەگەرچی ٦٣ ساڵ بەسەر گیانبەختکردنی "قەندچی"، "بۆزۆرگنیا" و "ڕەزەویی" لە شازدەی ئازەری ساڵی ١٣٣٢ لە بەرەنگاربوونەوەیه‌ك دژبه‌ کوده‌تای ئه‌مپڕیالیستیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، لەگەڵ ئەوەشدا شازدەی ئازەر بووه‌تە یەکێک لە ڕۆژە ڕەمزیی و نومادینەکانی بزوتنەوەی خوێندکاری. جوڵە و حەرەکەتی ساڵانەی بزووتنەوەی خوێندکاریی لە سەروبه‌ندی نزیکبوونەوە لەم ڕۆژەدا، بەشێک لە مێژووی بزووتنەوەی دانێشجویی ئێرانە. مێژوو سه‌لماندوویه‌تی کە خوێندکاران سەرەڕای ئەوەیکە وەکوو پۆلێن به‌ندییه‌كی کۆمەڵایەتیی ویست و داخوازیی تایبەت به‌ خۆیان هەیە بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی، لەژێر کاریگەریی جەمسەربەندییە سیاسیی و چینایەتییەکانی ناو کۆمەڵگه‌دا، ئەرک و ڕه‌ساڵەتی خۆیان بەجێ گەیاندووە. چ لەو شوێنەی کە به‌هۆی غیابی ئەحزابی سیاسیی ڕادیکاڵ، دەست دەدەنە خەبات و خۆڕاگریی و چ لەو جێگایه‌ش کە كرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستیان لەگەڵ ئەم حیزبانەدا هاوئاراسته‌یه‌، چ ئه‌وكاته‌ی کە زانکۆکان دەبنه‌ مه‌یدانی نەبەردی شۆڕش و دژه‌شۆڕش و چ ئەو کاتانه‌ش کە بەهۆی شکستی شۆڕش، ناچار بە پاشەکشە و تووشی سستیی سەرچاوەگرتوو لە شکستی بزوتنەوەی جەماوەریی و چینایەتیی دەبنەوە، لەگەڵ گشت پێشڕەوی و پاشەکشەکان، ئەوەیکە ناکرێ حاشای لێبکرێت، هه‌بوونی نه‌ریت و سوننەتی شۆڕشگێڕانە، سوننەتی مه‌یل و گه‌رایشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوەی خوێنداکارین.


خەڵکی ئێران مانگەکانی بەر لە ڕووخانی ڕژیمی په‌هله‌ویی، قۆناغی چه‌قی شۆڕش و دژه‌شۆڕش، ڕیزبەستنی هێزە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگه‌ و ناو زانکۆکان، چوونی خوێندکاران بەرەو بیر و بۆچوونی پێشڕەو و سۆسیالیستیی و هه‌روه‌ها خۆڕاگریی لێبڕاوانە و پڕشوری ئه‌وان لە بەرانبەر په‌لاماری دژه‌شۆڕشی بەرهەمی شۆڕشی جەماوەرییان لەیاده‌. ئاڵوگۆڕەکانی ئەو قۆناغه‌ لە مێژووی ئێراندا تۆمار کراون. لەو کاتەدا زانکۆ ببووە یه‌كێك له‌ سەنگەره‌كانی دیفاع لە درێژە و بەردەوامبوونی شۆڕش.

"ئینقلابه‌ فەرهەنگییه‌كه‌ی دژه‌شۆڕشی ئیسلامیی، شتێک نەبوو جگەلە سەرکوتی یەکێک لە پێگەکانی شۆڕش نه‌بێ و په‌لامارێك بوو به ‌مه‌به‌ستی پتەوکردنی ئیدئۆلۆژیی و فەرهەنگیی هه‌تاسەر ئێسقان کۆنەپەرستانە و دواکەتووی زاڵكراو. هێرشی هەوسارپچڕاوانەی باندەکانی حیزبۆڵڵا هاوكات له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ناسراو به‌ "شۆڕشی فەرهەنگیی" هێنرایه‌ خزمەت تێکشکاندنی سەنگەری خۆڕاگریی زانکۆکان. هێرشێکی جەنایەتکارانە بوو کە بەهۆیەوە بە هەزاران ئۆستاد و دانشجوو گیانیان لەدەستدا یاخود گیران و دەرکران. زانکۆ بەردەوام شوێنی نەبەردی هزره‌كان، ئیدەكان و مه‌یل و گه‌رایشه‌ جۆراوجۆره‌كان بووه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كانیش چووه‌ته‌ ژێر کاریگەریی ململانێی نێوان "باڵا دەستان و ژێردەستان". بزووتنەوەی خوێندکاریی لە هه‌ندێ قۆناغدا کە کۆمەڵگه‌ لە حاڵی جۆش و خرۆش و ئاڵوگۆڕدا بووە، هیچكات تماشاوان و په‌ڕاوێزخراو نەبووه‌. نەبەردە خیابانییەکانی ١٨ی تیری ١٣٧٨، خەبات بۆ دوورکەوتنەوە لە باسکی به‌ناو ئیسلاحخوازانی حکومەتیی لە زانکۆکان لەو ساڵانەدا کە خوشباوەڕیی بە ئیسلاحخوازانی حکومەتیی لە ناخەوە ببووە مایه‌ی مشتوومڕی زاڵ به‌سه‌ر کۆمەڵگە و هه‌روه‌ها به‌شداریی چالاکانە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ٨٨ ،دەرخەری ئەم ڕاستییەن.

ئێستاش لەچه‌قی قەیرانی هەمەلایەنەی ناو كۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ناو دڵی ململانێی باندە حکومەتییەکاندا و لە بارودۆخێکدا کە ئەم باندانە لە سەروبه‌ندی "شازدەی ئازەر"دا وەخۆ کەوتوون و هەرکامەیان لە زانکۆیەکدا و لەسه‌ر زاری کارگێڕه‌كانیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ هەوڵ دەدەن كه‌ بارودۆخی مه‌ینه‌تباری ئێستا پاساو بده‌ن یاخود بیخه‌نه‌ ئه‌ستۆی سیاسەتەکانی باڵی ڕەقیبیان، بەشی ڕادیكاڵی ناو بزووتنەوەی خوێندکاریی و مه‌یل و گه‌رایشی سۆسیالیستیی ناو ئەم بزووتنەوەیە ناتوانێ مەیدان بۆ تەراتێنی باندە حکومەتییەکان چۆڵ بکات. نابێ ڕێگه‌ بدرێت كه‌ حەسەن ڕوحانیی سەرۆکی دەوڵەتی "تەدبیر و ئومید" په‌ره‌ به‌ چه‌واشه‌كاریی و ته‌وه‌هۆمی گەشەی ئابووریی قۆناغی دوای بەرجام بدات، ئەویش لە بارودۆخێکدا کە گشت وەعدە و بەڵێنەکانی بۆ بە باشتركردنی بارودۆخەکە یەک لە دوای یەک پووچ و بێناوەڕۆک دەرچوون. نابێ ڕێگه‌ بدرێت كه‌ ململانێی باندە حکومەتییەکان بۆ کەڵکوەرگرتن لە فەزای دانیشگا ببێته‌ بوار و به‌ستێنێك بۆ پێكهێنانی خۆشباوەڕیی بە تەشەکول و ناوەندەکانی سەر بەم باندانە لەناو زانکۆکان. نابێ ڕێگه‌ بدرێت کە باندە حکومەتییەکان قەبوڵکردنی بارودۆخی مه‌ینه‌تبار و پڕ له‌ نه‌هامه‌تیی ئێستای ناو کۆمەڵگه‌ وەک تاكه‌ چارەسه‌ر و بژارده‌ی به‌رده‌ست جاڕ بده‌ن. زانکۆش هه‌روەک کۆمەڵگه‌ لەناو ئاگری هەڵاواردنی چینایەتیی و جنسیەتیدا، لە نەبوونی ئازادیی سیاسیی و بێبەشیەکاندا دەسوتێت. ئەگەر توێژی منداڵانی کار لە مەدرەسە بێبەشن و ئەگەر زۆبه‌ی مناڵه‌ کرێکار و زەحمەتکێشه‌كان دوای ته‌واوكردنی دەورەی دەبیرستان ڕێگه‌یان نه‌كه‌وتووه‌ته‌ زانکۆ و بە ئەڕتەشی زەخیرەی بێکارانەوە پەیوەست دەبن و ئەگەر ساڵانە بەسەدان هەزار کەس لەو کەسانەی خوێندنی زانکۆ تەواو دەکەن، لە بازنەی بێکاریدا جه‌سته‌ و ڕەوانیان له‌ناو ده‌چێت، کەواتە کامه‌ مەنتیقه‌ كه‌ ده‌ڵێت ده‌بێ به‌م بارودۆخە کارەساتبارە ڕازی بین. لەم ڕووەوە دەبێ دەست بکرێت بە بەرەنگاربوونەوەی ئه‌و مه‌یل و گه‌رایشه‌ی كه‌ ده‌بێ بەم بارودۆخه‌ ڕازیی بین. ئەم بارودۆخەی ئێستا بارودۆخێکی ئینسانیی نییە. بەڵکوو بارودۆخێكه‌ بۆ بەرهەمهاتن و به‌رهه‌مهاتنه‌وه‌ی هەژاریی، ستەم، چەوساندنەوە، سووکایەتیی، دواکەوتویی، ژن ئازاردان و بەکورتیی پاراستنی نەزمی ئێستا بە قازانجی چەوسێنەران و ستەمگەران. 

ئەگەر سیاسەتی نانه‌وه‌ی ترس و وەحشەت یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی دەسەڵاتدارانە بۆ چاوترسێنكردنی کۆمەڵگە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە ناڕەزایەتییه‌ك و هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵ و هەڵسووڕاوانی، كه‌واته‌ تێکشاندنی ئەم سیاسەتە خۆی بەشێکە لە خەبات بۆ بەرەوپێشچوون و پاشەکشەکردن بە ڕژیم. دیارە ئەمەش لە گرەوی یه‌كڕیزیی و هاوڕێیه‌تیی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ یەکتر دایە. لەم نێوه‌دا دەرکی ئەم واقعیەتە، ئەمرێکی حەیاتییە کە بزووتنەوەی خوێندکاریی بزانێت كه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ داخوازییە سیاسییه‌كانی و له‌وانه‌ دێمۆکڕاتیزەکردنی چوارچێوه‌ی زانکۆ و تێکشکاندنی فەزای پادگانیی ئەساسەن، لە سۆنگه‌ی خه‌بات و نەبەردی چینایەتیی ناوکۆمەلگه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی خوێندکاریی ده‌بێ به‌ئاراسته‌ی یەکێتیی و هاوپشتیی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەنگاو بنێت و ئیبتیکارات، توانایی، شوور و شەوق و زەرفییەتەکانی بخاتە خزمەت هه‌ر ئه‌و چینەی کە سووژەی سەرەکیی شۆڕش و پێکهێنەری به‌دیلی سۆسیالیسم و ڕزگاربوونی ئێجگاریی کۆمەڵگه‌ لە چنگ نیزامی بەڕبەڕییەتی سه‌رمایەدارییه‌.

مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئێران مێژووی پێشڕەویی و پاشەکشە بووە. هەڵسووڕاوانی وشیار و سۆسیالیستی ناو بزووتنەوەی خوێندکاریی نابێ به‌ مانه‌وه‌ و درێژه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا‌ ڕەزایەت بدەن. فەزای ئێستای زاڵكراو بەسەر زانکۆکان، بێگومان بۆ هه‌میشه‌ نابێت و شتێكی کورتماوەیە و تێپەڕ دەبێت. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و ڕادیکاڵی ناو بزوتنەوەی خوێندکاریی دەتوانن مه‌ودا و تەمەنی ئەم قۆناغه‌ تێپه‌ڕه‌، کورتتر بکەنەوە. بوێریی، باوەڕبەخۆیی، گرتنەبه‌ری تاکتیکی گونجاو لەگەڵ هاوسەنگیی ئێستای هێز، واوه‌ترچوون لە داخوازیی و داواکارییە سێنفییەکان، چوونه‌ده‌ر لە حه‌ساری زانکۆکان، پێوەندیگرتن لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاریی، ئه‌مانه‌ ڕێگه‌چارەی تێکشکاندنی ئه‌م فەزایه‌ و گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی لاسه‌نگی ئێستایە. ناكرێ چه‌رخی سه‌قه‌تی هەژاریی، هەڵاواردنی چینایەتیی و جنسیەتی و تێكڕای ئه‌م مه‌ینه‌تییانه‌ بە هیواداربوون بە ئیسلاحخوازان یان ئیعتێدال گەرایانی حکومەتیی یان هه‌ر بەشێکی دیكه‌ لە ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی ئێران په‌ك بخرێت. ئەم چەرخە سه‌قه‌ت و عەیبدارە دەبێ تێبشکێت. گومان له‌وه‌دا نییە كه‌ بزووتنەوەی بەهێزی خوێندکاریی بە ئاسۆ و ئێستراتێژیی سۆسیالیستییەوە دەتوانێ فاکتەریکی گرنگ بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخه‌ پڕ له‌ مه‌ینه‌تییه‌ی ئێستا.

پێرۆز بێت ١٦ی ئازەر، ڕۆژی دانشجو
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی
بژی ئازادیی، بەرابەریی، حکومەتی کرێکاریی

کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سەرماوەزی ١٣٩٥ 
دێسامبری ٢٠١٦

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

1.00