لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٣٩٦-١٣٩٥

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٣٩٦-١٣٩٥

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٣٩٦-١٣٩٥

به‌ نزیک بوونەوە لە ساڵی نوێی خوێندن بە ملیۆن منداڵ، تازەلاو و لاو خۆیان بۆ چوون بۆ مەدرەسە و زانکۆ ئامادە دەکەن. لەپاڵ ئەمانەدا بە ملیۆن منداڵ، تازەلاو و لاوی کەسەربار ئیمکانی چوون بۆ مەدرەسە و زانکۆیان نییە. لە حاڵێکدا دەستپێکی ساڵی خوێندن و حوزوری زیاتر لە یازدە ملیۆن کەس لە مەدرەسەی دەوڵەتی و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە مەدرەسەی غەیرە دەوڵەتیدا جمجوڵێک دەبەخشێتە فەزای شارەکان، وێنایەکی تریش هەموو ویژدانێكی به‌خه‌به‌ر ئازار ئەدات. وێنای بەملیۆن مناڵانی کار، ئەو مناڵانەی کە لە ژێر قەبارەی گەورەی ئەو کەلوپەلانەی وەک بار بەشان دەیانگوازنەوە، ون دەبن، ئەو مناڵانەی کە لە سەر چوار ڕێیانەکان بە هیوای ڕاوەستانی چەند ساتێکی ماشێنێک و ئەگەری فرۆشتنی بەستەیەک دەستماڵ کاغەزی و یان خاوێن کردنەوەی شوشەی ماشێنێکی تر بە درێژایی رۆژ دەبێ گازی ژاراوی ماشێنەکان هەڵمژن، ئەو مناڵانەی کە لەژێر زەمینە شێدار و تاریکەکاندا ئاخرین تواناییەکانیان بە تاڵان دەبرێت. دەوترێت ٣٠ لە سەدی مناڵانی کار لە کەسانێک پێکدێن کە ناچنە قوتابخانە. ئاخرین ئاماری ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئاماری ئێران باس لە نزیک بە دوو ملیۆن مناڵی کار دەکات، هەڵبەت ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە. بەشێک لەم مناڵانە نان ئاوەری بنەماڵەن. بەشێکیان مناڵی ئەو کرێکارانەن کە بە لانیکەمی حەقدەستی ٨٠٠ هەزار تمەنی تەنانەت بە دژواری دەتوانن کرێی ئەو چواردیواریە بدەن کە بەناوی ماڵ تێیدا دەژین.

١١ ملیۆن حاشیە نشین، ١٠ ملیۆن کەسی بەتەواوی نەخوێندەوار، بێکاری ملیۆنی، قەراردادە کاتیەکان، ژیان بەسەربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوە گرتوو لێیانەوە زۆربه‌ی دژوارییه‌كانی به‌ سه‌ر مناڵانی كاردا ده‌شتكێته‌وه‌. پێویستە مناڵانی کۆچبەر و پەنابەریش بە خێڵی بەرینی به‌م مناڵانی کاره‌ زیاد بکرێن کە یان بە هۆی نەبوونی پێناس و یان بەهۆی قەبوڵ نەکرانیان لە مەدرەسە دەوڵەتیەکاندا لە خراپترین بارودۆخدا و بە ترس و لەرزەوە لە زاغەکاندا هەموو شادی و خۆشیەکی مناڵانەیان هەرزان فرۆش دەکەن. بەپێی ئامار ٩٠ لەسەدی منداڵانی کار لە ئێران خاوەنی سەرپەرستن و زیاتری ئەم مناڵانە لەژێر تەمەنی ١٢ ساڵیدان. ئەگەر سرنج بدەین کە ٣٤ لەسەدی منداڵانی کار و خیابانی دەرس دەخوینن و ٢٤ لەسەدیشیان قەت نەچونەتە قوتابخانە، پێوەندی نێوان منداڵانی کار و بارودۆخی ئابووری بنەماڵەکاندا ئاشکرا تر خۆی ده‌نوێنێ. 

بۆ زۆرێک لە دایکان و باوکان دەستپێکی ساڵی خوێندن گەلێک نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لەگەڵدایە. نیگەرانی لەوەی کە جگەرگۆشەکانیان بەهۆی هەژاری و نەداریەوە لە درێژەدان بە خوێندن دوابکەون، ئەوەی کە منداڵەکانیان دوای وەرگرتنی دیپلۆم بۆ چوون بۆ زانکۆ چ کۆسپ و بەربەستێکیان لە سەر ڕێدایە، ئەوەی کە تەنانەت دوای تەواو کردنی دانشگاش ئاسۆیه‌كی روون بۆ دۆزینەوەی کار و پیشەیەکیان نییە. ئەمانە تەنیا گۆشەیەک لە ئاسەوارەکانی کارکردی ئەم نیزامە ئاموزشیەیە. بەشێکی دیکە لەم کارکردە لە شوێنەکانی تردا دەبێ ببینینەوە. لەسەر بنەمای ئەو ئامارە ڕەسمیانەی بڵاو بوونەتەوە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە دانش ئاموزان لە مەدرەسەی کۆن و نا ئەمندا لەسەر کلاسەکان ئامادە دەبن. ئه‌گه‌ر وابڕوات ٥٠ ساڵ کاتی دەوێ کە ئەم مەدرەسە کۆنانە نۆژەن بکرێنەوە. ئەوەیکە ئێران لە باری خوێندەواریەوە لە پلەی ١٤٠ تا ١٥٠ دایە لە دنیادا و نرخی نەخوێندەواری ژنان دوو بەرابەری پیاوانە. ئەوەیکە ژنان لە خوێندەن لە زۆربەی ڕشتەکانی خوێندنی زانکۆ بێبەش کراون. ئەوەی کە ئەو موعەلیمانەی کە کاری ئاموزشیان لە ئەستۆیە خۆیان بۆ دابین کردنی بەڕێچوون چەند شوغڵیان هەیە و تەنیا بە تاوانی خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانیان دەخرێنە زیندان. ئەمانە تەنیا بەشێک لەو کێشە و گرفتانەن کە نیزامی ئاموزشی لە ئێران به‌ ده‌ستێوه‌ گرفتاره‌.. ئەم بارودۆخە نابەسامانە لە ناوچە هەژار و دێهاتەکاندا له‌ ئاستێکی گەلێک به‌رین تردایه‌.

ئاشکرایە کە ئەم نیزامە ئاموزشیە ڕەنگدانەوەی جیاوازی چینایەتی، گەلێک ستەمی جنسیەتی، مەزهەبی و نەتەوایەتیە و بە نۆبەی خۆی بەرهەمهاتنەوەی ئەم جیاوازی و هەڵاواردنانە سه‌ر له‌ نوێ به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌. ئاوێتە بوونی دین و دەوڵەت نیزامی ئاموزشی کردوەتە ناوەندێکی ئاوێتە بە جەهل و خورافە پەرستی، تێکەڵ بە داب و نەریتی داڕزیوی دەرهێندراو لە گۆرستانی مێژوو کە خۆی بەربەستی گەورەی بۆ فێر بوون و دەست ڕاگەیشتن بە ئاموزشە زانستیەکان لە بەردەم دانش ئاموزاندا پێكهێناوه‌. ئەم هەڵاواردن و کەلێنانە لە لایەن دەوڵەتی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیەوە به‌رده‌وام پەرەیان پێئەدرێت. ئەم نیزامە ئاموزشیە رۆحی داهێنان و خەللاقیەت لە منداڵان و دانش ئاموزان زەوت دەکات و تا ئەو جێگایەی بتوانێ ئەوان مل کەچ و کۆیلەی ئەفکار و سوننەتی کۆنەپەرستانە باردێنێ. کچان بە رۆحیەی جنسی دووهەم بوون و گوێڕایه‌ڵ و پەیڕەوی پیاوان تەربیەت دەکات. ئایا ئەمە بێشەرمی و زۆرداری نییە کە تەنیا لە ساڵی ١٣٩٤ دا نزیکەی ٨٩٠ هەزار کەس لە کچانی ژێر ١٨ ساڵ تەمەن واتە لە تەمەنی منداڵیدا ناچار بە هاوسەرگیری کراون. ئەم نیزامە ئاموزشیە بە پەرەدان بە فەرهەنگی شۆوینزمی عەزەمەت خواز، لەنێو لاوانی سەربە نەتەوە جۆراو جۆرەکان چەندبەرەکی دروست دەکات و بە چاوی سووک دەڕوانێتە خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەکورتی ئەم ڕژیمە رۆح و ڕەوانی منداڵەکانمان تێکدەشکێنێ تا بە ڕازی بوون بە کۆیلەتی بچنە خزمەت نیزامی چینایەتی و سیاسی حاکمەوە.

هەموو ئەم جیاوازی، هەڵاواردن و کەلێنانە ئەم پرسیارە لەبەر دەمماندا دائەنێ کە ئایا دەمانەوێ ڕازی بین بەم کۆیلەتیە و شاهیدی پێشێل بوونی مافی منداڵەکانمان بین و یان لەدژیان ڕاپەڕین. تا کاتێکی کە پێی ڕازی بین بارودۆخەکە لەوەی کە هەیە خراپتر ئەبێت. ئەم نیزامە ناتوانێ ئاسۆیه‌كی روون بنێتە بەردەم منداڵەکانمان. ئەم نیزامە پڕ لە ستەم و چەوسانەوە و سوکایەتیە، نیزامە ئاموزشیە، خۆی بەستێنێکە بۆ شکڵگرتنی خۆڕاگری و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەنێو بەرەی ئەو ئینسانانەی کە به‌ كۆیله‌ی گرتوون. تەنیا بە خەباتی وشیارانە، رێکخراو و شۆڕشگێرانەیە کە دەتوانین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە داسەپاندنی ئەم بارودۆخە کارەساتبارە وادار بە پاشەکشە بکەین. ئەم جەمعیەتە دوازدە ملیۆنیەی دانش ئاموزان و جەمعیەتی چەند ملیۆنی خوێندکاران و موعەلیمانی زەحمەتکێش لە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا هێزێکی بەتوانان بۆ گۆڕینی ئەم باردوۆخە دۆزەخیە. خەباتی ماف خوازانە و ڕەوا، یەکگرتوانە و سەرتاسەری موعەلیمان لەم ساڵانەی دواییدا پوتانسێل و زەرفیەتەکانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە بە باشی نیشان ئەدات. ئەگەر بیت و ئەم خەباتە ماف خوازانەیە ئاوێتەی وشیاری شۆڕگێڕانە و کومونیستی بکرێت و ئەگەر بێت و ناڕەزایەتی لەدژی مناسباتی زاڵ ئاسۆی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی بخاتە بەردەم، بەردەوام دەکرێ سەرچاویەکی مەترسیەکی گەورە بێت بۆ درێژەی حەیاتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی.

به‌ڵام دانش ئاموزان و خوێندکاران تەنیا منداڵانی کار و زەحمەت نین. بەشێکیان وەک کەسانێک کە لە ئاستی سەرەوەی زانستدا قەرار دەگرن، دەتوانن ببنە رۆشنبیرانی شۆڕشگێر و کومونیست و دەورێکی بە نرخیان لە خزمەت بە ئامادەکاری بۆ شۆڕش و بە سەرکەوتن گەیاندنیدا هەبێت. مێژوی ئێران پڕە لە شێوەی جۆراو جۆری بزوتنەوەی خەباتکارانە لەنێو دانش ئاموزان، خوێندکاران و موعەلیماندا کە گەلێک زیاتر لە خەباتی سینفی واوەتریان بردوە. خوێندکاران و موعەلیمانی تێکۆشەر لە دژوار ترین بارودۆخدا ئەرک و ڕسالەتی مێژویی چینی کڕێکاریان هەست پێکردوە و ڕسالەتی خۆشیان بەڕێوە بردوە. 

حیزبی کومونیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی تازەی خوێندن له‌ دانش ئاموزان، خوێندکاران، موعەلیمان و بنەماڵەکانیان، هەموویان بۆ خەباتێکی وشیارانە و ڕێکخراو لە دژی سیاسەتەکان و مەوجودیەتی ڕژیمی ئیسلامی و بۆ کۆتایی هێنان بە دخاڵەتی مەزهەب لە کاروباری ئاموزش و پەروەرشدا و کۆتایی هێنان بە سەرجەم ئەو بێبەشیانەی کە بەسەر ئەم بوارە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەپاوە، بانگەواز دەکات.

بروخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی 
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری 
مانگی خه‌رمانانی ١٣٩٥

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0