لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | کۆنگەرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران بەڕێوەچوو

کۆنگەرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران بەڕێوەچوو

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
کۆنگەرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران بەڕێوەچوو

دوازدەهەمین کۆنگرەی حیزبی کومونیستی ئێران لە کۆتایی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٥ و لە نیوەی دووهەمی مانگی جولای ٢٠١٦ دەستی بەکارەکانی کرد و دوای ٥ رۆژ جەلەسات و کۆبونەوی پراوپر کۆتایی بە کارەکانی هێنا. ئەم کۆنگرەیە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تەشکیلاتی نهێنی، نوێنەرانی تەشکیلاتی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزب، نوێنەرانی تەشکیلاتی دەوەی وڵاتی حیزب، ئەندامانی کومیەتی ناوەندی و ژمارەیەک لە ئەندامی حیزب وەک چاودێر، هاوکات لە دوو شوێنی سەرەکی و هەروەها نوێنەرانی تەشیلاتی کانادا و ئوسترالیا کە لە شوێنی فەعالیەتی خۆیانەوە لە ڕێگای تۆڕی ئینتێرنێتەوە لە جەلەسەکاندا ئامادە بوون، بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە سرودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بە نیشانەی ڕێزگرتن لە یادی گیانبەخت کردوانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم دەستی بە کارەکانی کرد و بەشوێن پێشكه‌ش كردنی چلۆنایەتی بەڕێوەچونی هەڵبژرادنی نوێنەران لە حوەزە جۆراو جۆرەکانی هەڵبژاردندا لە لایەن هەیئەتی چاودێری گشتی هەڵبژاردنەوە و وڵام دانەوە بەو پرسیارانەی لەم بوارەدا هاتنە گۆڕێ، بە پەسند کرانی بروانامه‌ی نوێنەران و ڕاگەیاندنی ئامادە بوونی نزیک بە سەرجەم نوێنەرانی هەڵبژێردراو، ڕەسمیەتی خۆی ڕاگەیاند. کۆنگرە بە پەسند کردنی پێره‌وی نێوخۆ، دەستور جەلەسەکان و هەڵبژاردنیده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و دواتر سوخەنڕانی ئیفتیتاحیەی هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە درێژەی بەکارەکانیدا. " دەرێژەی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری، دنیا پێویستی بە سوسیالیزمه‌"، " ئاڵوگۆڕەکانیرۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست"، " بارودۆخی سیاسی، ڕیزبەندی هێزە چینایەتیەکان لە ئێران و ئەولەویەتەکانی ئێمە"، " ڕاپۆرتی توشکیلاتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە" و " قەیرانی ژینگە"، بەشێک لە دەستور جەلەسەکانی کۆنگرە بوون کە سەبارەت بە هەرکامەیان، کۆمیتەی ناوەندی پێشتر لە ڕێگای بوڵتەنی باسەکانی کۆنگرەوە ئەم بەڵگانەی خستبوە بەردەست نوێنەرانی کۆنگرە و ئەندامانی حیزب. 

لە دەستور جەلەسەی پێوەنددار بە " بەردەوام بوونی قەیرانی سەرمایەداری، دنیان پێویستی بە سوسیالیزمه " وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر درێژەی قەیرانی دنیای سەرمایەداری و بێ ئاسۆیی نیزامی حاکم لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانەدا دواهات و ئاسەوارەکانی درانە بەر باس. توند بوونەوەی كێبركێی زل هێزە سەرمایەداریەکان، ئاستی کارەساتباری قەیرانی پەنابەرێتی، درێژەی بەرنامەکانی ڕیازەتی ئابووری، چالاكی گوروپە ڕاستەتوندره‌و و شێوە فاشیستیەکان بە پلاتفۆڕمی دژی پەنابەریەوە، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا و گەشە کردنی نفوزیمه‌یل و بۆچونی چەپ لە کۆمەڵگادا وەک بەشێک لە ئاسەوارەکانی ئەم قەیرانە درانە بەر باس. لەم باسانەدا لە هەمانحاڵدا کە سوسیالیزم وەک تەنیا بەدیلێک کە دەتوانێ کۆمەڵگای بەشەری لە چنگ بەڕبەڕیەتی نیزامی سەرمایەداری ڕزگار بکات جەختی لەسەر کرایەوە، بەڵام ئەوەش وترا کە ئامادە کردنی بارودۆخی زەینی و کردنی سوسیالیزم بە ئاڵترناتیوێکی بەردەست و بە بزوتنەوەیەکی سیاسی و حیزبی، تەنیا لە جه‌رگه‌ی نەبەردی رۆژانەی کرێکاران و وڵامدانەوەی مه‌یلی سوسیالیستی بەو کێشەو گرفتانەی لەبەر دەم ئەم خەباتەدان ئیمکان پەزیرە .

لە دەستور جەلەسەی پێوەندیدار بە ئاڵوگۆرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر مێژووی ئەم ناوچەیەدا سێ ڕەوتی سەرەکی کە لە ماوەی ئەم یەک سەدەی دواییدا ئه‌م ناوچه‌یان لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیانەوە قسەوباس کرا. لەم باسانەدا ناسیۆنالیزمی عەرەب، ئیسلامی سیاسی و سوسیالیزم کە دەرکەوتنیان بەرهەمی گەشەی سەرمایەداری و شکڵ گرتنی چینی کرێکار بووە وەک سێ ڕەوت کە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم ناوچەیان خستۆتە ژێر کاریگەریەوە جەختیان لەسەر کرایەوە. لەدرێژه‌دا وێڕای ئاماژە بە به‌ستێنی په‌ره‌سه‌ندنیره‌وتی ئیسلامی سیاسی لە شێوەی توند ڕەو و میانە ڕەویدا، دیاردەی داعش و هۆکار و بوارەکانی پەرەسەندنی ئەم ڕەوتە لە عێڕاق و سوریە درانە بەر لێکدانەوە. خاوەرمیانە هەروا وەک یەکێک لە ناوه‌نده‌كانی سەرەکی ڕقابەتی هێزە ئیمپڕیالیستی و ناوچەییەکان سرنجی خەرایەسەر. لەم باسانەدا مەسەلەی کورد و مەسەلەی فەلەستین وەک دوو بابەتی چارەسەر نەکراو کە ئاڵۆزیەکی تایبەتیان بەخشیوەتە بارودۆخی سیاسی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاوڕیان لێدراوەتەوە و لەسەر هەڵویستی ئوسولی حیزب لە بەرانبەر ئەم مەسەلانەدا جەخت کراوەتەوە. لەم سەنەدەدا بارودۆخی ئێستای عێڕاق وەک میراتی ڕژیمی جەنایەتکاری بەعس، دەستێوەردانەکانی ئامریکا و ململانیی دوو کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و ئەمیرانی حاکم بەسەر عەرەبستانی سعودی و بەش خوازی دەوڵەتی تورکیە لە داهاتی نەوتی ئەم وڵاتە درایە بەر هەڵسەنگادن و گرنگترین فاکتۆڕەکان لە پێناسە کردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێڕاق ئاماژەیان پێدرا. ئەم سەنەدە لە درێژەدا وێڕای دانی کۆبەندیەک لە قەیرانی سوریە ئاماژە بەو دەستەکەوتە گەورانەی کە بزوتنەوەی کوردستانی سوریە لە ناخی ئەم قەیرانەدا دەستەبەری کردوە دەکات و ئەو مەترسیانەی کە لە دەرەوە و ناوەوە، هەڕەشە لە بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی سوریە دەکەن وەبیر دێنێتەوە و دەست نیشانیان دەکات. لە باسی پێوەندیدار بە ئاڵوگۆرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژە بە قەیرانی هەمە لایەنەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و قەیرانی حکومەتی لە تورکیە و بێ توانایی دەوڵەتی ئۆدوغان لە بەرەنگار بوونەوەی ئەم قەیرانەش کراوە. لەم بەشەدا توند بوونەوەی هێرشی دەوڵەتی توركیه‌ لەدژی خەڵکی کوردستان بە ئامانجی تێکشکاندنی رۆحیەی خۆراگری خەڵک لەم ناوچەیەدا، بە سیاسەتێکی شکست خواردو داندراوە و کوشتاری خەڵکی کوردستان و هاوکات بوونی لەگەڵ گرتن و تیرۆر کردنی نەیاران و سیما ناسراوەکانی خەباتی مەدەنی، سانسۆڕی چاپەمەنیەکان و هێرش کردنە سەر مافەکانی خەڵک لە ئاستێکی سەرتاسەریدا بە کردەوە خەباتی خەڵکی کوردستانی بە خەباتی ئازادی خوازانەی سەرتاسەریەوە گرێداوە.

لە به‌ڵگه‌نامه‌ی " بارودۆخی سیاسی، ڕیزبەندی هێز و چینەکان لە ئێران و ئەولەویەتی ئێمە"دا سەرلەنوێ جەخت لەسەر ئەم ڕاستیە کراوەتەوە کە قەیرانی سەرمایەداری ئێران نە تەنیا دانەشکاوە، بەڵکو قوڵ تریش بۆتەوە. بەڵام سەرەڕای بەردەوام بوونی قەیرانەکە، شیوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ئێران لە ماوەی ئەم دوو، سێ دەیەی دواییدا لەسەر بنەمای قانون مەندیەکانی ئەم نیزامەی بەهەمهێنان، کامڵ بووە و ئەم قەیرانەی ئێستا نەیتوانیوە بەری ڕەوتی کامڵ بوونی شێوەی بەرهەمهێنای سەرمایەداری بگرێت. لەم سەنەدەدا جەخت لەسەر ئەم ڕاستیە کراوەتەوە کە سەرمایەداری ئێران لە دەورەی دوای شەڕی ئێران و عێڕاقدا لەسەر بنه‌مای ڕانت خۆری، معافیەتی گومرکی، بەهرەمەند بوونی سەرانی سپا، بونیادەکان، رۆحانیەکان و ئاغازادەکان لە ئیمتیازاتی تایبەتی دەوڵەتی و لەسەر بەستێنی گەندەڵی بەرین و بێ قانونی و توند بوونەوەی بێ مافی و چەوساندنەوە و داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەتی بێوێنە بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا درێژه‌ی به‌ حه‌یاتی خۆی داوه‌.

 

ئەم سەنەدە لە دڕێژەدا دامەزران و پەرەسەندنی بانکە تایبەتەکان لە ئێرانی لەم دوو دەیەی دواییدای خستۆتەبەر باس. ئەم بانکانە بەرە بەرە ڕاکێشانی سەرمایەی پوڵی و سپاردەکانی خەڵکیان لە پاوانی بانکە دەوڵەتیەکان درهێناوە تا لە بواری سەرمایەگوزاری لە مەیدانەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی، لە بواری هه‌ناردە و هاوردە کردندا بەکار بێنن. لەم باسەدا جەخت کراوەتەوە کە لەگەڵ پەرەسەندن لە مەیدانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵدا لە دوو دەیە ونیوی دواییدا بارودۆخ لەم بوارەشدا گۆڕانی بەسەردا هاتوە. لەم سەندەدا ئاماژە بە گەشەی چینی مامناوەندی له‌ ژیر کاریگەری ئەم ئاڵوگۆڕانە کراوە و دڵخۆش بوونی ئه‌و چینه‌ بە پاراستنی بارودۆخی مەوجود و هیوادار بوون بە ئیسلاحات لە سەرەوە یەکیک لە ڕەمزە سەرەکیەکانی مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە. لەم سەنەدەدا قەیرانی حکومەتی و کێشەی باڵەکانی نیوخۆی ڕژیمی ئیسلامی وەک ڕژیمێکی سەرمایەداریش لەسەر بنەمای ئەو وڵامانەی کە هەر یەک لە باڵەکان بە پێویستیەکانی سەرمایەداری ئێرانی ئەدەنەوە و ستراتیژیەکی سیاسی جیاواز کە بۆ زەمانەتی مانەوەی نیزامی ئیسلامی هەیانە، درواوەتە بەر باس و لیکدانەوە. لەم باسەدا مەوقعیەتی هێزە ئوپوزسیۆنەکانی بۆرژوازی ئێرانیش لەسەر بنەمای ئەم پێوانەی کە لە هه‌ر دەورەیەکدا تا چ ڕادەیەک دەتوانن وڵامدەرەوەی نیازی چینی سەرمایەداری ئێران بن باس و لێکدانەوەی لە بارەوە کراوە.

گەشەی په‌یوه‌ندیه‌كانی سەرمایەداری لە ئێران لە ماوەی ئەم دوو، سێ دەیەی دواییدا و درێژەی ڕەوتی بە پیشەسازی بوون، پێگەی چینی کرێکار و بزوتنەوەی ئەم چینەشی گۆڕیوە. شەپۆلی دووهەمی هاتنی زەحمەتکێسانی دێهات بەرەو شارەکان بەتایبەت لە دەورەی دوای شەڕی ئێران و عێڕاق، جەمعیەتی کرێکارانی ئێرانی زیاتر لە دوو بەرابەر کردوە. ژمارەی کرێکارانی لەسەرکار لە کەرتی پیشەسازیدا چەند بەرابەر بووە. ڕەنگدانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕانە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی رۆژانەی کرێکاران لەم یەک دەیەی دواییدا و پەروەردە بوونی تەیفێکی تا رادەیەک بەرین لە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری کە خۆیان بە کۆمەڵگا ناساندوە، دەبینین. ئەگەرچی چینی کرێکاری ئێران بەهۆی نەبوونی رێكخراوی چینایەتی و جەماوەری سەربەخۆ لەدەوڵەت و بە حیزبی نەبوونی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی نەیتوانیوە مۆری بەرژەوەندی چینایەتی خۆی لە ئاڵوگۆرەکانی نێو کۆمەڵگا بدات، بەڵام سەرەڕای ئەوە بزوتنەوەی کرێکاری زیندو ترین و پڕ جموجۆڵ ترین بزتنەوەی کۆمەڵایەتیە لە ئێران. 

لەم سەنەدەدا ئاماژە بە بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان کە بەهۆی ماهیەتی هێزی بزوێنه‌ریان و ناوه‌رۆكی ویست و داواکاریەکانیان لە زومڕەی هاوپه‌یمانانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێرانن کراوە. هه‌روه‌ه اته‌وه‌ره‌كانی ستراتیژی سوسیالیستی کۆمەڵە لە بزوتنەوەی کوردستاندا و پێداویستی و پێش مەرجەکانی بەرەو پێش چوون و سەرکەوتنی جەختی لەسەر کراوەتەوە.

لەم باسەدا تەئکید کراوە کە داماوی بۆرژوازی و دەوڵەت لە وڵامدانەوە بەو داواکاریە هەنوکەییانەی کە کرێکاران، ژنان، موعەلیمان، لاوان و خەڵکی زەحمەتکێش رۆژانە لە پێناویاندا خەبات دەکەن و داخوازیەکی ئازادای خوازانەی کە لە ناخی کۆمەڵگادا ڕیشەی داکوتاوە، نیشانی ئەدات کە ڕێگا چارەی سوسیالیستی بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە ئابووری و بارودۆخە کارەسات بارە خاوەنی پایەیەکی بەهیزی مادیە. هەموو ئەو داواکاریە ئابووری، ڕیفاهی و ئازادی خوازانەی کە کرێکاران، ژنان و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران رۆژانە خەباتیان بۆ دەکەن، بەدرێژایی مێژوو بەشێک لە پێناسه‌ی خەباتکارانە و سیاسی کومونیستەکانی پێکهێناوە. دەستەبەر بوونی بە تەواوەتی ئەم داواکاریانە بەبێ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بەبێ پێكهێنانی میکانیزمێک لە جۆری شوڕاکان کە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا دابین بکات و بەبێ گۆڕینی بناغەی ئابووری سەرمایەداری و هەڵوەشاندنەوەی خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌ت ناچنە بواری کرداریەوە. بەڵام سەرەڕای ئەو بوارە مادیە بەهێزانەی کە بۆ ئاڵترناتیوی سوسیالیستی چینی کرێکار بۆ جارەسەری ئەم قەیرانە لە ڕاستای بەرژەوەندیە چیانیەتیەکەیدا و سەرجەم کۆمەڵگادا بوونی هەیە، ئەگەر ڕەوتی سوسیالیستی نەتوانێ بزوتنەوەی چینی کرێکار به‌ ئاراسته‌ی سیاسەتە سوسیالیستیەکانیدا ڕیبەری بکات، بۆرژوازی دەتوانێ پێ لەسەر شانی چینی کرێکار و بە داسەپاندنی بارودۆخێکی فەلاکەتبار تر لە بارودۆخی ئێستا سەرمایەداری لە قەیرانێکی داوێنگیریەتی دەرباز بکات و یان هەر بەم بارودۆخە قەیراناویەوە درێژە بە ژیانی خۆی بدات. گەشە کردنی مه‌یلی سوسیالیستی لە گرەوی ئەوەدایە کە لە پرۆسەیەکی خەباتی بە کردەوە و سیاسیدا، بزوتنەوەی کرێکاری به‌ ئاراسته‌ی سیاسەتی سوسیالیستی دا بەرەو پێش بەرێت. ئەم کارەش تەنیا بە لێکدانەوەی دروست و واقع بینانە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و بارودۆخی خەباتی چێنایەتی، بە وڵامدانەوەی لە کاتی خۆیدا بە نیاز و گرفتەکانی سەر ڕێی خەباتی کڕێکاران و بە نیشاندانی پێوەندی بەجێی ئەم وڵام و یان تاکتیکانەی کە دەگیرێتە بەر لەگەڵ ستراتیژی شۆڕشی کڕێکاریدا دەتوانێ ئەنجام بدرێت. 

 

کۆنگرەی دوازدەی حیزب لەبەر ڕۆشنایی ئەم لێکدانەوانە لە بارودۆخەکە، ئەولەویەتەکانی فەعالیەتی حیزبی لەم دەورەیەدا دیاریی کرد و وەبیری هێنایەوە کە سەرجەم چالاکیە سیاسی و تەبلیغیەکان، کاری تەرویجی و زەرفیەتەکانی ته‌شكیلاتی حیزب دەبێ بخرێنە خزمەت رێكخستنی جەماوەری و چینایەتی چینی کرێکار و به‌ حیزبی بونی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە و جیهەتگیریە ئوسولیەکانی لەم بوارەدا شی کردەوە. لەسەر گرنگی خسڵەتی سوسیالیستی فەعالیەتی حیزب لە بواری تەبلیغ و تەرویج و کاری وشیاری دەرانە چ لە ڕێگای شەبەکەکانی تەلەویزیۆنی، ڕادیۆ و بڵاو کراوەکانەوە جەختی کردەوە کە کاری وشیاری دەرانەی ئێمە بەر لە هەموشتێک پێویستە لە خزمەت ئامادە کردنی چینی کرێکارادا بێت بۆ ئەنجامدانی ڕسالەتێکی مێژویی کە لە ئەستۆیەتی. کۆنگرە لە ئەولەویەتبەندی کردنی چالاکیەکانی حیزبدا جەختی کردەوە کە بەرژەوەندیەکانی خەباتی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران و دەوڵەتی بۆرژوازی و بەرژەوەندیان بۆ قەرار گرتن لە پێگەی ڕێبەریی کۆمەڵگادا دەخوازێ کە حیزبی کومونیستی ئێران بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک پشتیوانی لە هەموو ناڕەزایەتی و خەباتێکی ڕەواو و پێشکەوتوانە بکات و هەڵسوڕاوانی حیزب دخاڵەتگەری لەم خەباتەدا و پەرەپێدانی بە ئەرکی خۆیان بزانن. حیزب پێویستە لە درێژەی سیاسەتی تا ئێستایدا بە شێوەیەکی جیدی و بۆ لێک نزیک کردنەوەی سەرجەم ‌هێزەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێراندا لە دەوری مەنشورێکی سیاسی کە واتای بەکردەوەی روخاندنی کۆماری ئیسلامی و ئاسۆی بە دەسەڵات گەیشتنی کرێکاران بە روونی وێنا بکات، هەوڵ بدات. لە درێژەی دیاری کردنی ئەولەویەتەکاندا، کۆنگرە لەسەر پێویستی پەرەدان بە فەعالیەتەکانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کومونیستی ئێران وەک پڕ ئەژمار ترین به‌شی تەشکیلاتی حیزبی لە نێو هێزەکانی بزوتنەوەی کومونیستی و چەپی ئێراندا لە ڕاستای وڵامدانەوە بە نیازەکانی ئەم قۆناغە جەختی کردەوە.

 

ە باسی پێوەندیدار بە قەیرانی ژینگە وێڕای پێشكه‌ش كردنی وێنایەکی عەینی لە بارودۆخێکی کارەسات بار کە ژینگە له‌ ژێر حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری لە دنیادا هەیەتی، جەختی کردەوە کە لەژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆمارەی ئیسلامیدا مەسەلەی پیس بوونی هەوا و وێران بوونی ژینگە لە ئێرانیش گەیشتوەتە ئاستێکی قیراناوی. کۆنگرە لەبەر رۆشنایی خاڵە گرنگەکانی هه‌لسه‌نگاندنی قەیرانی ژینگەیی لەسەر جیهەت گیریەکان و ئەرکە گرنگەکانی چالاکی کومونیستەکان لەم مەیدانەدا جەختی کردەوە.

کۆنگرە دوای باس و هەڵسەنگاندنی هەرسێک ئەو به‌لگه‌نامانه‌ کە لە لایەن کومیتەی ناوەندیەوە خرابووە ئیختیار نوێنەران و ئەندامانی حیزبەوە و بیستنی ئەو تێبینیانه‌ی کە لە لایەن بەشدار بوانەوە مەتڕەح کران ئەم سەنەدانە بە زۆرینەی نزیک بە گشت دەنگی ئامادەبوان پەسند کران و ئامادە کردنی بۆ بڵاو بوونەوەی عەلەنی، بە لەبەرچاو گرتنی باسەکانی کۆنگرە، بە کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی خۆی سپارد.

هەڵسەنگاندنی گوزارشی کارکردی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب، یەکێکی تر بوو لە دەستور جەلەسەکانی کۆنگرە. کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەم بوارەشدا پێشتر ڕاپۆرتی کار و فەعالیەتی ئۆرگانەکانی بە شێوەی کەتبی نابووە بەردەست نوێنەرانی کۆنگرە. ئەم ڕاپۆرتە کارکردی ئۆرگان و مەیدانە جۆراو جۆرەکانی هەڵسوڕانی کۆمەڵە لە کوردستان، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی تەشکیلاتی نێو شارەکان، شەبەکەکانی تەلەویزیۆنی حیزب و کۆمەڵە، ڕادیۆ دەنگی حیزبی کومونیستی ئێران، بڵاوکراوەی جیهانی ئیمروز و سایتە ئینترنێتیەکانی حیزبی لەخۆ گرتبوو. بەشدارانی کۆنگرە بە وشیاریەوە لەسەر بوونی وەحدەتی سیاسی و نەزەری لەدەوری جیهەت گیریە ئەساسیەکان و سیاسەتە کەڵانەکانی حیزب لەو بوارە جۆراو جۆرانەدا کە کۆنگرەی دوازدەش سەرلەنوێ جەختی لەسەر کردنەوە، بە باوەر بەخۆیی و رۆشن بینیەوە کەم و کوڕیەکانیان دایە بەر هەڵسەنگاندن و ڕەخنە و لەسەر پێویستی بەرز کردنەوەی ئاستی چه‌ندایه‌تی و جلۆنایەتی چالاکیەکانی حیزب و حیزبیەت لە پێوه‌ندی‌ تەشکیلاتیدا جەختیان کردەوە. کۆنگرە تەئکیدی کرد کە حیزب پێویستە ئەم زەرفیەت و ئامادەییە بەدەست بێنێ کە لە هەموو بارودۆخ و مەیدانێکدا ئەرکی شۆڕشگێڕانە و کومونیستی خۆی بەکردەوە دەربێنێ و تەعەهود بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە لە شێوە و فەعالیەتی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی حیزبدا بە کردەوە خۆی بنوێنێ.

یەکێکی تر لە دەستور جەلەسەکانی کۆنگرە هەڵسەنگاندنی قەرارە پێشنیار کراوەکان بە کۆنگرە بوو. لەم باسەشدا دوو قەرار لە لایەن کۆنگرەوە پەسند کران. یەکێک لە قەرارەکان وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی پێکهێنانی سازمانی جانبی لاوان لە دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵاتی موەزەف بە پێکهێنانی ئەم سازمانە کرد. قەراری دووهەم وێڕای ئاماژە بە کەم و کوڕیەکانی ئەساسنامەی حیزب، کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێراوی خۆی ڕاسپارد تا هەڵێنانەوەی هەنگاوی پێویست لەم بوارەدا لەوانە بەڕێوەبردنی سمینارێک بۆ بەشداری دانی ئەندامان بۆ ئامادە کردنی ڕەش نووسی ئەساسنامەی نوێ و پێشکەش کردنی بە کۆنگرەی داهاتو بخاتە دەستوری کاری خۆیەوە.

دوایین دەستور جەلەسەی کۆنگرە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی بوو کە لەم بەشەدا، کۆنگرە لەنێو کاندیداتۆڕەکاندا، ٢٣ کەسی وەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران هەڵبژارد کە بریتی بوون لە هاوڕێیان: وریا ئەحمەدی، هەڵمەت ئەحمەدیان، عادل ئەلیاسی، خوسرەو بۆکانی، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تەیمورزادە، عیسا جەمشیدی، ئەحمەد خورشیدی، فەرشید شوکری، حەسەن شەمسی، فەراسەت ساڵحی، ئەحمەد عزیز پور، ئیبڕاهیم عەلیزادە، مەحمود قارەمانی، سەلاح مازوجی، پویا محەممەدیان، جەلال محەممەد نیژاد، گەوهەر مێعمار زادە، عەباس مەنسوران، سروە ناسری، ڕەحمان نەجات، ئەردەشیر نەسرواللە بەیگی و مەرزیە نەزەری.

کۆنگرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران دوای 5 رۆژ کاری پر به‌ پر، بە وتەی کۆتایی هاوڕێ حەسەن شەمسی و سرودی ئەنترناسیۆناڵ سرودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار، بە سەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران

گەلاوێژی ١٣٩٥

جولای ٢٠١٦

 

 

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0