لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی چینی کرێکار ( ٢٠١٦)

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی چینی کرێکار ( ٢٠١٦)

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی چینی کرێکار ( ٢٠١٦)

کرێکاران لە بارودۆخێکدا لە رۆژی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی هاوپشتی چێنایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی خۆیان نزیک دەبنەوە کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر تەوافوقاتی لۆزان سەبارەت بە قەیرانی هەستەیی و چەند مانگ لە به‌ كرده‌وه‌ ده‌رهاتنی بەرجام و لاچوونی تەحریمەکاندا تێدەپەڕێت. بەڵام بە پێچەوانەی وەعدەکانی دەوڵەتی رۆحانی و لایەنگرانی، کە گۆیا لە رێگای سازش لەگەڵ ئامریکا و لاچوونی گەمارۆ ئابووریەکانەوە بارودۆخی بەڕێچونی کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا باشتر دەبێت، بارودۆخی کار و ژیانی کرێکاران و هەژاران نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکوو هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچونیان بە توندی درێژەی هەیە. ئەگەر لە دەورەی قەیرانی ئەتۆمی و کێشمەکێش لەگەڵ رۆژئاوادا باری قورسی تەحریمەکان کەوتە سەرشانی چینی کرێکار، لەم دەورەیەشدا، دەوڵەتی رۆحانی بۆ هاندانی سەرمایە گوزاری دەرەکی و ڕاکێشانی سەرمایەی نێوخۆیی بۆ سەرمایەگوازاری کردن لە بواری بەرهەمهێناندا هێرش بۆسەر ژیان و مافەکانی کرێکارانی درێژە پێداوە. دیاری کردنی حەقدەستی چوار جار لەخوار هێڵی هەژاری بۆ ساڵی ١٣٩٥، بەرنامە داڕشتن بۆ لابردنی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لەوانەی یارانەیان وەردەگەرت و درێژەدان بە خوسوسی سازی و بێکارسازیەکان، بەشێک لە بەرنامەی توند کردنەوەی ڕیازەتی ئابوورین کە ئاستێکی نوێی داوەتە هەژاری و فەلاکەتی گشتی. حەقدەستی چەند جار لەخوار هێڵی هەژاریەوە، کارەساتی کۆمەڵایەتی بێکاری و مەترسی لەبەین چوونی ژیان، بە شێوەیەک بنەماڵە کرێکاریەکانی لە په‌نجه‌كانی خۆیدا گوشێوە کە ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی قەراردادە کاتی و سپی ئیمزاكان و تاڵانچێتی شیرکەتە پەیمانکاریەکانی خستەوەتە پەڕاوێزەوە. پایەیەکی تری ئەم سیاسەتانەی ڕژیم توند بوونەوەی سەرکوت، درێژەی گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوراوانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی و پەیڕەو کردنی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگەدایە. ڕژیم کە نیگەرانی ئاخێزە کۆمەڵایەتیەکانە، به‌م هه‌وڵانه‌ ده‌یهه‌وێت په‌نجه‌ره‌ی هەناسەدانی کۆمەڵگا بگرێت.

لە بارودۆخی ئێستادا نە باڵە جۆراوجۆرە حکومەتیەکان و نە هیچکام لە بەشەکانی سه‌رمایه‌داری ئێران ڕێگا چارەیەکی خێرایان بۆ وڵام به‌ کارەساتی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی گشتی نییە. ئەگەر باڵیک لە ڕژیم تەپڵی ئابووری مقاومەتی دەکوتێ، دەوڵەتی رۆحانی و بەشێكی دیكه‌ لە سه‌رمایه‌داری ئێران تەنیا ڕێگا چارەیان بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە لە ئاسایی کردنەوەی بەتەواوەتی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا، تێکەڵ بوونی بەتەواوتی سەرماداری ئێران لەگەڵ سیستمی جیهانی سەرمایە، پەیوەست بوون بە سازمانی توجارەتی جیهانی و ڕاکێشانی سەرمایە گوزاری کەڵاندا دەبینن. بەرهەمی هەردووی ئەم سیاسەتانە توند کردنەوەی کەمەربەندەکان و توند کردنەوەی بەرنامە ڕیازەته‌ ئابووریەکان لە کورت ماوەدا و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و قوڵ بوونەوەی کەلێنە چینایەتیەکانە لە داهاتودایه‌.

ئێستا و لەسەروبه‌ندی نزیک بوونە لە رۆژی جیهانی کرێکار، جارێکی دیكه‌ ئەم پرسیارە لە بەردەم هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریدا قەرار دەگرێت کە ئایا چینی کرێکار ئیجازە ئەدات کە چینی سەرمایەداری ئێران و ڕژیمەکەی بە پێنانە سەر پشتی کرێکاران و بە قیمەتی نابوودکردنی هەست و نیستیان درێژە بە مانەوەی خوێنمژانە و جەنایەتکارانەی خۆیان بدەن؟

بەیانیە هاوبەشەکان و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی رێكخراو، ناوەند و جەمعیەتەکانی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری لە پێوەند لەگەڵ دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی ١٣٩٥ و كاردانه‌وه‌ و جیهەتگیریەکانی بەشی پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە ئەوەڵی مانگی مەی و جەختکردنەوەیان لەسەر پێویستی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە کارەسات بارە و پڕاتیکی خەباتکارانەی ئەم تەیفە بەرینە لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەم ساڵانەی دواییدا نیشانی ئەدات کە عەزمی چینایەتی بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە بوونی هەیە. لە لایەکی دیکەوە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە زیاتر لە دوو دەیەی رابردوودا و وێنایەکی عەینی لە هه‌لوومه‌رجی ئەم بزوتنەوەیە لە بارودۆخی ئێستادا نیشانی ئەدات کە ئیراده‌ی هەڵسوڕاوانی کرێکاری بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە خاوەنی بنەمایەکی مادییە. جەمعیەتی کرێکارانی ئێران لە دوو، سێ دەیەی ڕابردودا دوو بەرابەر بووە. ئەگەرچی هاتنی جەماوەرێکی ملیۆنی خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش لە دێهاتەکانەوە بۆ شار و جێگیر بوونیان لە په‌راوێزی شارەکاندا بۆ دەورەیەک کاریگەری لەسەر ئاستی چاوەروانی و خەباتی کرێکاران دانا، بەڵام چینی کرێکاری ئێران ئەم دەورەیەی پشت سەر ناوه‌. ئاكامی سیاسی و کۆمەڵایەتیە بەرینەکانی ئەم ئاڵوگۆرە لە کۆڕەپانی کۆمەڵگەدا خۆی نیشان ئەدات. مەوقعیەتی چینی کرێکار لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا زیاتر لەپێشوو چەسپاوە و مۆناسباتی لەگەڵ چینی سەرمایەدار زه‌ق تر بۆتەوە. چاوەروانیی کرێکاران لە ژیان زیاتر بووە. چاوەڕوانیەک کە چینی سەرمایەداری حاکم ناتوانێ وڵام دەرەوەی بێت. گەشەی خەباتی کرێکاری لە یەک دەیەی ڕابردودا، ڕاگەیاندنی پێکهاتنی چەندین رێكخراو و ناوەندی سەربەخۆی كرێكاری لە دەوڵەت ، بوونی تەیفێکی تا ڕادەیەک بەرین لە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری کە خۆیان بە کۆمەڵگا ناساندوە، هەڵکردنی ئاڵای داواکاری سیاسی و ئابووری لە بۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاردا کە داواکاری زۆربەی خەڵکی ئێران نوێنەرایەتی دەکات و ڕاکێشانی پشتیوانیە نێونەتەوەییەکان، نیشاندەری گەشە و بەرەو پێشەوە چوونێکی بەرینی بزوتنه‌وه‌ی كرێكارییه.‌ ئەمانە كه‌ ئاماژه‌یان پێكرا گۆشەیەکی دیكه‌ لە ئاسەوارەکانی ئاڵوگۆڕی قوڵ لە کۆمەڵگای ئێراندا نیشان ده‌ده‌ن. 

هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران پێویستە بۆ وڵام دانەوە بە نیازەکانی ئەم دەورەیە لە خەباتی چینایەتی، خۆیان ئامادە بکەن. بەڵام بۆ وڵام دانەوە بە نیازەکانی ئەم دەورەیەی خەباتی کرێکاران، تەنیا عەزمی چینایەتی و فەراهەم بوونی زەمینە عەینیەکان بۆ بەرەو پێشەوە چوون کافی نییە، بەڵکو پێویستە ئاسۆ و نەخشە ڕێگای روونیش هەبێت. لە بارودۆخی ئێستادا دخاڵەتی چالاکانە لە خەباتێکدا کە لە ئارادایە و بزوتنەوەی مۆتالباتی کرێکاران و هەوڵدان بۆ بەیەکەوە گرێدانی خەباتی پڕژوبڵاویان لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکارییە. پەرەدان بەم خەبات و هەوڵدان بۆ بەیەکەوە گرێدانی ئەم ناڕەزایەتیانە، تەنیا ڕێگای واقعبینانەیە بۆ یارمەتیدان بە پێکهاتنی رێكخراوه‌ چێنایەتی و جەماوەریە کرێکاریەکان و وڵام دانەوە بەم پێویستیە، هاوکاری و یەکگرتویی بەردەوامی ناوەند و رێكخراوه‌ سەربەخۆ کرێکاریەکان و هەڵسوراوانی کرێکاری دەوێت. ئێستا کە بە دروست بابەتی تەحەزوب یابی کرێکاران و یان بە واتایەکی دەقیق تر ئەمری تەحەزوب یابی کومونیستی کرێکاری بۆتە مەشغەڵەی زەینی تەیفێکی بەرچاو لە هەڵسوراوانی کرێکاری، پێویستە قسەوباس سەبارەت بەم ئاستەنگەی بزوتنەوەی کرێکاری لە مەسیرێکدا هیدایەت بکرێت کە بتوانێ هەموو زەرفیەتەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و سوسیالیستی ئێرانی لەبەرچاو بێت. قسەوباس سەبارەت بە تەحەزوب یابی کرێکاران پێویستە لەدەوری بنەما سه‌ره‌كیه‌كانی ئیستراتیژی سوسیالیستی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەنگاونان لە ڕێگای ڕێکخستنی ئابووری سۆسیالیستی بە ئەرکی چینی کرێکاری ڕێکخراو دەزانێ چڕ بکرێتەوە. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری تەنیا ئەو کاتەیە کە دەتوانن دەور و نەخشێکی کاریگەر و یەکلا کەرەوەیان بۆ لە یەکتر نزیک کردنەوەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و لە بەحسی نەزەریدا لەسەر ئەم گرفتەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی ئێران هەبێت.

ئێستا کە لە سەروبه‌ندی نزیک بوونەوە لە ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١٢ گوڵان رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکارداین و هەوڵدان بۆ بەرپا کردنی کۆڕو کۆبونەوەی کرێکاری لە یەکی مانگی مەیدا، یەکێک لە ئەولەویەتە گرنگەکانی کار و فەعالیەتی پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریە، دەورەی ئامادە کاری بەڕێوچوونی مەڕاسم و ئاکسیۆنەکانی یەکی مانگی مەی لە هەمانحاڵدا دەرفەتێکیشە بۆ ئاوڕدانەوە لەم گرفت و چ كردن کە لەبەر دەم بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی ئێراندا قەراریان گرتوە.

لە سەرودەمی ئەوەڵی مانگی مەیدا ڕاگەیاندنی داواکاریەکانی چینی کرێکار و پەرەدان بە خەباتی کرێکاری لەدەوری ئەم ویست و داواکاریانە و هەوڵدان بۆ سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەباتە هەنگاوێکی گرنگە لە بواری بەرەوپێش بردنی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران. لە بارۆدۆخی ئێستادا بە لەبەرچاو گرتنی تێک تەندرانی خەباتی کرێکاران و خەباتی سەرتاسەری موعەلیمان بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکانیان لە ساڵی ڕابرودا، هاوکاری هەڵسوراوانی بزوتنەوەی موعەلیمان لە ئاستی سەرتاسەریدا دەتوانێ دەورێکی حاشا هەڵنەگری لە بەڕێوەچوونی شکۆدار تری کۆبونەوەکانی ئەوەڵی مانگی مەیدا هەبێت. 

کرێکارانی ئێران لە ئەوەڵی مانگی مەیدا وێڕای ڕەدکردنەوەی ڕاگەیاندنی لانیکەمی حەقدەستی ٨١٢ هەزار تمەنی دیاریکراو لە لایەن شوڕای باڵای کاری ڕژیمەوە، لەسەر داواکاری حەقدەستی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا و گونجاو لەگەڵ دابین بوونی هەزینەی ژیانێکی ئینسانی، ئازادی بەخێرایی و بەبێ شەرت و مەرجی هەڵسوڕاوانی کرێکاری زیندانی کراو، دابین کرانی بیمەی بێکاری پێویست بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی توانایی کاریان هەیە و بێکارن، تێکەوە پێچرانی شیرکەتە پەیمانکاریەکان، دابین کرانی ئه‌منیه‌تی شوێنی کار، قەدەغە بوونی کاری حیرفەیی بۆ منداڵان و تازە لاوانی ژێر ١٨ ساڵ، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی رێكخراو و پێكهێنانی حیزب مانگرتن، ئازادی قەڵەم، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام، جیایی دین لە دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لەدژی ژنان و دابین بوونی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا جەخت دەکەنەوە.

به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌یكه‌ کە دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە ناوەندە دژی کرێکاریەکانی وەک خانەی کارگەر، شوڕای ئیسلامی و یان ئەنجومەنە سینفیەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی بزوتنەوەی کرێکاری کەڵک وەردەگرن، تەحریم کردنی لێبڕاوانەی کۆبونەوە زەرد و فەرمایشیەکان کە لە لایەن ئەم ناوەندانەوە بەڕێوەدەچن خاوەنی گرنگیەکی چێنایەتی و سیاسیە.

حیزبی کومونیستی ئێران وێڕای ڕێز گرتن لە سەرجەم ئەو هەوڵ و چالاکیانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی هەرچی شکۆدارتری مەڕاسم و کۆبونەوەکانی رۆژی جیهانی کرێکار لە ئارادان، ئەوەڵی مانگی مەی ئەم هێمای هاوپشتیە شۆڕشگێڕانه‌ چینایەتی و ئەنترناسیونالیستیەی چینی کڕێکار لە سەرجەم کڕیکاران پێرۆزبایی دەکات.

بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مەی
بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران


خاکەلێوەی ١٣٩٥
ئاوریلی ٢٠١٦
  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0