لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | راگه‌یاندن | ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران سەبارەت بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٣٩٥

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران سەبارەت بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٣٩٥

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران سەبارەت بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٣٩٥

دوای چەند حەفتە هەراو هوریای تەبلیغاتی ناوەندە دژی کرێکاریەکانی سەر بە ڕژیم و وەزاڕەتی کار لەسەر دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٥، سەرئەنجام شوڕای باڵای کار ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراوی ڕاگەیاند. شوڕای باڵای کار کە لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی تەشەکولە " کرێکاریەکانی" سەر بە ڕژیم پێکهاتوە ناوەندێکی دژی کرێکاریە و پارێزگاری لە قازانج و بەرژەوەندی سەرمایەداران دەکات. لەسەر بنەمای بڕیاری شوڕای باڵای کاری کۆماری ئیسلامی ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی بە ١٤ لەسەد زیاد بوونەوە، ٨١١ هەزار و ٦٨٠ تمەن دیاریکردوە. مەبلەغی دیاری کراو لەگەڵ مەزایای وەک حەقی ئەولاد، حەقی بۆن و مافی مەسکەن و هیتر کە بەشێک لە حەقدەستی کرێکارانە و بەشێوەی بەش بەش ئەیاندرێتێ، دیسانیش سێ تا چوار جار لە خوار هێڵی هەژاریەوەیە. دەوڵەتی رۆحانی بە ڕاگەیاندنی زیاد کرانی ١٤ لەسەدی حەقدەستەکان گومانێکی نەهێشتۆتەوە کە دەیەوێ خەسارات و زیانەکانی دەورەی تەحریمەکان بە پێنانە سەر شانی چینی کرێکار و بە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەتی رۆژ لە رۆژ زیاتر بەسەر بە ملیۆن بنەماڵەی کرێکاریدا قەرەبوو بکاتەوە.

ڕاگەیاندنی زیاد بوونی ١٤ لەسەدی حەقدەستەکان لە حاڵێکدایە کە بانکی ناوەندی ئێران هێڵی هەژاریی بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە ساڵی ٩٤ دا ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن و کارناسانی ئابووری ڕژیم ئەم نرخەیان ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن ڕاگەیاندوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا زیاد بوونی حەقدەستەکان لەسەر بنەمای نرخی تەوەڕومی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی ناوەندیەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەزینەی دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی بنەماڵەیەکی کرێکاریدا نایەتەوە. بێجگە لەمە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابردودا بەردەوام نرخی تەوەڕومی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی ناوەندیەوە لەگەڵ نرخی تەوەڕومی ڕاستەقینە گەلێک جیاواز بووە، لە ئاکامی درێژەی ئەم ڕەوتەدا لە ماوەی ساڵانێکدا لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو چوار جار بۆژێر هێڵی هەژاری نزم بۆتەوە. بەشێوەیەک کە ئەگەر لانیکەمی حەقدەستی ٧١٢ هەزار تمەنی ساڵی ١٣٩٤ سێ سەد لەسەدیش زیاد بکەن نە تەنیا توانایی کڕینی کرێکاران قەرەبوو ناکاتەوە بەڵکو ناشیگەیەنێتەوە سەر هێڵی هەژاری ڕەسمی. لەم ڕوەوە لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا زیاد بوونی حەقدەستەکان تەنانەت لەسەر بنەمای نرخی تەوەرومی ڕاستەقینەش وڵامدەرەوەی نیاز و پێداویستیەکانی بنەماڵەیەکی کرێکاری نییە. لەم ڕوەوە داواکاری زیاد کرانی حەقدەست لەسەر بنەمای نرخی تەوەڕوم لە ئێران مەوزوعیەتی خۆی لەدەست داوە.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستیانە، هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری و تەشەکول و ناوەندە کرێکاریە سەربەخۆکان لە دەوڵەت لە ئێران بە بڵاو کردنەوەی چەندین بەیانیە خوازیاری زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەستی بانتر لە هێڵی هەژاری و گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی بوون. بۆ نمونە " کرێکارانی پرۆژەکانی پارسی جنوبی"، " کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیتروشیمیەکانی ناوچەی ماهشەر و بەندەری ئیمام"، " چالاکانی کرێکاری جنوب"، " کۆمەڵێک لە کرێکارانی مێحوەری تاران- کەرەج" و " هەڵسوڕاوانی کرێکاری شوش و ئەندیمشک لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا بە ڕێکەوتی ١٣ ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ جەختیان کردەوە کە " کرێکارانی موزدی زیاتر لە ٨٠ لەسەدی مەحسولات و خزمەتگوزاری وڵات بەرهەمدێنن. لەم ڕوەوە گەلێک سروشتیە خاوەنی حەقدەستێک بن کە هەزینەی مامناوەندی ژیانی بنەماڵەیەکی شاری دابین بکات. هەزینەی مامناوەندی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لەسەر بنەمای دراوەکانی << ئاکامی هەڵسەنگاندنی بوجەی بنەماڵەی ناوچە شاریەکانی ئێران، ساڵی ١٣٩٣ لە بڵاو کراوەکانی بانکی ناوەندی، مانگی گەلاویژی ١٣٩٤>> و لەبەرچاو گیرانی تەوەڕوم لە ساڵی ١٣٩٥ دا لە ڕەقەمی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا زیاتر دەبێت و موزدی مانگانەی کرێکاران دەبێ ئەم هەزینەیە داپۆشێت". هەروەها " سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە"، " سەندیکای کرێکارانی نەقاشانی ئوستانی ئەلبورز"، " ئەنجومەنی سینفی کرێکارانی بەرق و فلز کاری کرماشان"، " کومیتەی هاوئاهەنی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی تەشەکولە کرێکاریەکان"، " یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران"، " کومیتەی پەیگیری ئیجادی تەشەکولە کرێکاریەکان"، و " کانونی داکۆکی کارانی مافی کرێکاران" بە بڵاو کردنەوەی بیانیەیەکی هاوبەش بە ڕێکەوتی ٢١ ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ ڕایانگەیاندوە کە ڕێژەی حەقدەست دەبێ " هاوتەریب لەگەڵ ئیستانداردە مۆدێڕن و ئاساییەکان و لە سەروی هێڵی هەژاری( ٣،٥٠٠،٠٠٠ ) تمەن دیاری بکرێت و بەدوور لە هەموو بارودۆخێک کە ئابووری سەرمایەداری، لە دەرەوەی ئیرادەی کرێکاران گیرۆدەی بووە و تێیدا پەلەقاژەیەتی، دەستەبەر بکرێت". بەداوی ئەم بیانیانەدا " سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوسبوسڕانی تاران و دەوروبەر" لە ڕاگەیاندنێکدا بە ڕێکەوتی ٥ ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەم ڕاستیە کە حەقدەستی چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا لەگەڵ هەزینە ڕاستەقینەکانی ژیاندا نایەتەوە و سفرەی کرێکاران رۆژ لەگەڵ رۆژ بەتاڵتر دەبێت، " خوازیاری دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستێکی بانتر لە هێڵی هەژاری و بە ڕێژەی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لەمانگدا بووە.

حیزبی کومونیستی ئێران ئەم هەوڵ و تەرحی داواکاریە وەک یەکانە لە بواری حەقدەستدا لە لایەن تەشەکولە سەربەخوکان و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە بە هەنگاوێکی گرنگ لە خەباتی کرێکارانی ئێراندا هەڵسەنگاندوە و پشتیوانی و پشتگیری لێدەکات.

ئەوەی کە ئاشکراو روونە دەوڵەتی رۆحانی لە دەورەی دوای بەرجامدا لە هەوڵدایە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی و زەمانەت کردنی سودئاوەری سەرمایەکان و قەرەبوی خەساراتی دەورەی گەمارۆکان، سیاسەتی ڕیازەت کێشی ئابووری و هێرش کردنەسەر ئاستی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا درێژە پێئەدات. دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی سێ، بۆ چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریوە لایەنی یاساییدان بەم هێرشەیە. لەم بارودۆخەدا تەنیا بە یەکگرتو کردن و سەرتاسەری کردنەوەی خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران دەکرێ زیاد بوونی حەقدەستەکان بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا بسەپێندرێت. خەبات لەپێناو یەکخستن و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم تێکۆشانانەدا لە هەمانحاڵدا بەستێنێکی گونجاویشە بۆ دەروست کردن و ئیجادی وەحدەت لە ڕیزی کرێکاراندا و زەمینە سازی کردنیشە بۆ پێکهێنانی تەشەکولی جەماوەری و چینایەتی کرێکاران. لە بارودۆخێکدا کە خودی کارگوزارانی ڕژیم باس لە هێڵی هەژاری ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنی دەکەن و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریەکان و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری لەسەر داواکاری زیاد بوونی حەقدەستەکان تا ئاستی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا جەخت دەکەنەوە، هەوڵی بەردەوام بۆ یەکپارچە کردن و سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و خەبات لە دەوری داواکاری زیاد بوونی حەقدەستەکان و باقی داخوازیە هەنوکەییەکانی چینی کڕێکار و ئیتیحاد عەمەلی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری سەبارەت بەم داخوازیانە دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت لە ڕاستای بەرەنگار بوونەوەی هێرشی هەمە لایەنەی ڕژیمی سەرمایەداری ئێران.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران
١٩ ی ڕەشەمەی ١٣٩٤
٩ ی مارسی ٢٠١٦
  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0