لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | نوێنه‌رایه‌تی | ڕاگه‌یاندنی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ عه‌تا خه‌یات

ڕاگه‌یاندنی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ عه‌تا خه‌یات

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگه‌یاندنی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ عه‌تا خه‌یات

به‌ داخ و كه‌سه‌ره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ ئاگادار بوون كه‌ هاوڕێی خۆشه‌ویستمان عه‌تا خه‌یات، پێشمه‌رگه‌ی فیداكاری كۆمه‌ڵه‌ و ئه‌ندامی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، شه‌وی ١٨ی مانگی نۆوامبر له‌ كاتی سه‌فر به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئۆروپا له‌گه‌ڵ دۆستی خۆشه‌ویستی كاك فوادی براخاس و ١١ كه‌سی دیكه‌ له‌
هاوچاره‌نووسانی به‌ هۆی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مه‌كه‌یان له‌ ئاوه‌كانی یوناندا كه‌وتنه‌ ناو ده‌ریا و گیانیان له‌ده‌ستدا و بۆ هه‌میشه‌ به‌ جێی هێشتنین. جه‌نازه‌ی هاوڕێ عه‌تا و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ لایه‌ن گاردی ساحلی یونان دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ڕوانه‌ی شاری "دیدم"ی ئێزمیری توركییه‌ كراونه‌ته‌وه‌.
هاوڕێ عه‌تا له‌ ساڵی ١٣٦١ له‌ داوێنی بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش له‌ تورجان له‌ دایك بوو. عه‌تای بچكۆله‌ وه‌ك میلیۆنها مناڵی كرێكاری دیكه‌ به‌ هۆی ده‌ست ته‌نگی بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه‌ ناچار بوو واز له‌ خوێندن بێنی و بۆ یارمه‌تیی دان به‌ دابین كردنی بژیوی بنه‌ماڵه‌ روو بكاته‌ كار كردن. نه‌مامی له‌شی ساوای هاوڕێ عه‌تا هه‌ر به‌ مناڵی له‌ ژێر كاری تاقه‌ت پڕووكێنی ته‌ون و قاڵی بافیدا ژاكا و ده‌وره‌ی مناڵی له‌ جیاتی خوێندن و كایه‌ كردن به‌ ڕه‌نج و زه‌حمه‌ت تێپه‌ڕ كرد. دار ته‌ونی كار كه‌ بۆ قازانجی سه‌رمایه‌ ڕووی كردبووه‌ ماڵه‌ بچكۆلانه‌كه‌ی و جێگای خه‌و و كایه‌كردنیشی لێ داگیر كردبوو، ببوه‌ به‌ڵای گیانی و له‌شی ناسكی چه‌ماندبووه‌وه‌. هاوڕێ عه‌تا هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ هه‌ستی به‌ نه‌زمی به‌رئاوه‌ژووی ئه‌م دنیایه‌ و زوڵه‌م و زۆر و نابه‌رابه‌ری دنیای سه‌رمایه‌ ده‌كرد. كه‌ گه‌وره‌تر بوو له‌ ده‌وره‌ی سه‌ربازیش دا زیاتر ساغ بووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆی بكرێ هه‌وڵ بدا بۆ گۆڕینی ئه‌م نه‌زمه‌ چه‌واشه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ دوای ته‌واوكردنی سه‌ربازی ڕێگای خۆی دیته‌وه‌ و ساڵی ١٣٨٠ بۆ خه‌بات و تێكۆشان له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ ئامانجی پیرۆزی هاته‌ ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌. ئه‌م ده‌وه‌ره‌ له‌ ژیانی هاوڕێ عه‌تا پڕ بوو له‌ گه‌شه‌ و ئۆمێد و هه‌ڵسووڕانی دڵسۆزانه‌ و هه‌ست به‌ 
به‌رپرسایه‌تیی بۆ هاوڕێیان و بۆ ته‌شكیلات. شه‌خسییه‌تی هاوڕێ عه‌تا و ڕه‌فتار و كرداری ڕۆژانه‌ و خۆشه‌ویستی ئه‌و وای كردبوو كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا جێی خۆی له‌ ناودڵی هه‌موو هاوڕێیانی دا بكاته‌وه‌ و ببێته‌ خۆشه‌ویست و جێی متمانه‌یان. 
به‌ مه‌رگی هاوڕێ عه‌تا كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی لێهاتوو و دڵسۆزی خۆی له‌ ده‌س دا. به‌م بۆنه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ دره‌وه‌ی وڵات پڕ به‌ دڵ سه‌ره‌خۆشی له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی هاوڕێ عه‌تا و هه‌موو هاوڕێیان حیزبی و پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و دۆستان و هاوخه‌باتانی ئه‌و هاوڕێ ئازیزه‌ ده‌كات و خۆی به‌ شه‌ریكی خه‌م و په‌ژاره‌یان ده‌زانێ.
نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌روه‌ی وڵات 
٢٦ی نۆوامبری ٢٠١٦

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

1.00