لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | نوێنه‌رایه‌تی | راگه‌یاندنی نوینه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ عه‌بدوڵا به‌یگزاده‌

راگه‌یاندنی نوینه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ عه‌بدوڵا به‌یگزاده‌

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
راگه‌یاندنی نوینه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ عه‌بدوڵا به‌یگزاده‌

به‌ داخ و كه‌سه‌رێكی زۆره‌وه‌ ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ١٢ی مانگی ئووتی ٢٠١٥، رێكه‌وتی ٢١ی گه‌لاوێژی ١٣٩٤ی هه‌تاوی، هاوڕێی تێكۆشه‌ر و فیداكار و خۆشه‌ویستمان عه‌بدوڵا به‌یگزاده‌، له‌ ته‌مه‌تی ٦٠ ساڵیدا به‌ هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ وڵاتی دانمارك، دڵی سه‌بوور و پڕله‌ ئاواتی له‌ لێدان كه‌وت و ماڵاوایی یه‌كجاری له‌ بنه‌ماڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و هاوڕێیان و كه‌س و كار و دۆستانی كرد. به‌ مه‌رگی هاوڕێ عه‌بدوڵا، كومه‌ڵه‌ و حیزبی كومونیستی ئێران، كادرێكی لێهاتوو و فیداكار و دڵسۆزیان له‌ده‌ستچوو.

هاوڕێ عه‌بدوڵڵا به‌یگزاده‌ ساڵی ١٣٣٤ی هه‌تاوی له‌ ئاوایی "ده‌رزیوه‌لی" سه‌ر به‌ شاری بۆكان له‌ دایك بوو. هاوڕێ عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌ هه‌ڵسووڕاوانی ریزی یه‌كه‌می خه‌بات له‌دژی رژیمی پاشایه‌تی بوو. له‌ ساڵه‌كانی نێوان ١٣٥٧ تا ١٣٧١ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و هاوسه‌نگه‌ری هاوڕێ گه‌وهه‌ر، به‌ شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی له‌ به‌شی نهێنی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ شاره‌كانی سه‌قز و كرماشان، درێژه‌ی به‌ هه‌ڵسووڕانی خۆی دا. دوای ئاشكرا بوونی كاری ته‌شكیلاتی هاوڕێ عه‌بدوڵا بۆ ئیتلاعاتی رژیم، به‌ بڕیاری ته‌شكیلات له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی هاتنه‌ نێو ریزی ته‌شكیلاتی عه‌له‌نی و له‌وێش ئه‌رك و مه‌سئولیه‌تی جۆراوجۆری وه‌ئه‌ستۆ گرت. هاوڕێ عه‌بدوڵا له‌ ناو ریزه‌كانی ته‌شكیلاتی عه‌له‌نیشدا هه‌ر وه‌كوو چۆن ده‌وره‌ی چالاكییه‌كانی له‌ ته‌شكیلاتی نهێنی، كادرێكی پێشڕه‌و و كارزان و لێهاتوو و جێگای متمانه‌ی هاوڕێیانی بوو.

له‌ سالی ١٣٧٧ هاوڕێ عه‌بدوڵا به‌یگزاده‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی، له‌گه‌ل بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ره‌و وڵاتی دانمارك كه‌وته‌ڕێ و له‌و ماوه‌دا له‌و وڵاته‌ش هه‌ر به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیه‌وه‌ كار و ئه‌ركی ته‌شكیلاتی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌برد و هه‌روه‌ها جاروباریش بۆ به‌رێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی ته‌شكیلات، بۆ مه‌ئموریه‌ت ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌وێ درێژه‌ی به‌ فه‌عالیه‌ته‌كانی خۆی ده‌دا.

مه‌تانه‌ت، راستگۆیی و هه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی هاوڕێ عه‌بدوڵا، ئه‌وی كردبوو به‌ سیمایه‌كی خۆشه‌ویست و جێی متمانه‌ بۆ هه‌مووان. مه‌رگی هاوڕێ عه‌بدوڵا به‌یگزاده‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی خسته‌ ناو ریزه‌كانی ته‌شكیلاتی ئێمه‌.

به‌م بۆنه‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ لایه‌ن خۆی و هه‌موو هاوڕێیانیه‌وه‌، به‌وپه‌ڕی خه‌م و په‌ژاره‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی ده‌كا له‌ هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ به‌ تایبه‌ت هاوڕێ گه‌وهه‌ری هاوسه‌ری و رۆڵه‌كانی گوڵرێز و به‌یان و نینای ئازیز و هه‌موو هاوڕێیان و دۆستانی هاوڕێ عه‌بدوڵا و خۆمان به‌ شه‌ریكی خه‌می گه‌وره‌ی له‌ده‌ستدانی ئه‌و ئازیزه‌مان ده‌زانین.

نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات
١٢ی ئووتی ٢٠١٥ی زایینی
٢١ی گه‌لاوێژی ١٣٩٤ی هه‌تاوی
  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0