لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | هه‌ڵوێست | کۆنگرەی "حیزبی داد و گەشە" و بەشداری حیزبەکانی باشور لەو کۆنگرە؟!

کۆنگرەی "حیزبی داد و گەشە" و بەشداری حیزبەکانی باشور لەو کۆنگرە؟!

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
کۆنگرەی "حیزبی داد و گەشە" و بەشداری حیزبەکانی باشور لەو کۆنگرە؟!

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢سپتامبری ٢٠١٥ پێنجەمین کۆنگرەی "پارتی داد و گەشەپێدان"(اک پارتی) به بەشداری هەزارن کەس لە هۆڵێکی وەرزشی گەورە لە ئانکارای پێتەختی تورکیە دەستی پێکرد. پاش شکستی اک پارتی لە هەڵبژاردنی ٧ژوئن ئەمسالدا ، ئەوە یەکەمین کۆنگرەی ئەو حیزبە ئیسلامییه کە بەرێوە دەچیت. کۆنگرەی اک پارتی لەکاتێکدا کاروباری خۆی دەستپێکرد کە کەسی یەکەم و سیاسەتدارێژی ئەو حیزبه ، واتە رەجەب تەیب ئوردۆغان کە خەون و خولیای به سوڵتانی عوسمانی بوونی لەسەردایە، به پێی یاسای بنەرەتی تورکیە و به هۆی سەرۆککۆمار بوونی ئەو وەڵاتە ناتوانێت ئەندامی حیزب بێت. بەڵام وەک باقی سەرکێشی و تاکرەویەکانی دیکەی، ناوبراو گوێی بەو یاسا نەداوە و کۆنگرەی حیزبەکەی رێبەری و هدایت دەکات.به رەواڵەت ئەحمەدداود ئۆغڵوو دەست راست و هاورێی نەزیکی ئوردۆغان کە رییس حیزب و سەرۆک وەزیرانی ئێستایە، لەغاوی حیزبی بە دەستە ، بەڵام و بە قسەی شارەزایانی بواری سیاسی لە تورکیە به بێ ئۆرۆغان قامک به ئاودا ناکات!

ئەم کونگرە پاش شکستی دوواین هەڵبژاردنی پارڵمانی سێ مانگ لەوە پێش کە حیزبی داد و گەشە نەزیکەی دە  لەسەدی دەنگەکانی لە دەستدا و ئوردوغان و داودئۆغڵو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە دەستیان داوەتە کۆمەڵێک سیاستی تاوانبارانه و شەرئنگێزانه ، کە لە راستیدا ئەم کۆنگرە بۆ یەک خستنەوەی ماڵی شپرزەی ئەو حیزبه و بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی هەڵبژاردنی رابردوو و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی مانگی یازدەی ئەم سالدا سازدراوە. اک پارتی و سەرۆکەکی چ لە بواری سیاسەتی دەرەکی و ناوچەیی و چ لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی، توشی شکەست و هیستریای سەخت هاتووەن. هیچکام لە پرۆژەکانی ئوردۆغان لە ئاستی ناوچەکە و لە هەموویان گرینگتر دیفاع و پشتیوانی سەروماڵی لە داعش سەری نەگرت. خەونی کەوتن و تەسلیم بوونی "کۆبانی" بوو به مۆتەکە و سەرودڵی ئوردۆغان و داوودئۆغڵوو بەرنادات. ناوچەی بەناو دژە فرین یان لە راستیدا تێکدانی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریە (رۆژئاوا)ی بۆ نەچووەه سەر. به ناچار پەڵاماری نیزامی بۆ سەر خەڵکی سویل و بی دیفاع و پارتی کریکارانی کوردستان(پ ک ک) ی دەستپێکرد کە تا ئێستا تێیدا سەرکەوتوو نەبووە. پەڵامار بۆ سەر بارەگاکانی "حیزبی دێمۆکراتیکی گەڵان"(ه د پ) به ئیزن دان به "گورگە بۆرەکان" کە تاقمێکی ئینسان کۆژ و خوێنرێژن و مێژوویکی دوورودرێژیان لە تاوان هەیە لە راستیدا داگیرسانی گڵۆپی سەوزی اک پارتی وەک حیزبیکی موسڵمان بۆ ناسیونالیستە نەتەوە پەرەستەکانی تورکیە بوو کە فەریایانبکەوەن و شەری بەری سکۆلار و آزادیخواز لە تورکیە بکەن و لە هەڵبژاردنی مانگی نوامبری ئەمساڵدا شکستیانبدەن. اک پارتی و سەرۆکەکی بەویش رازی نەبوون و پەلاماری دەرەندانەیان بردە سەر خەلکی بیدیفاعی شاری "جەزیرە" و به دەیان کەسیان لێکوشتن و بریندارکردن و زیاتر لە یەک حەوتوو حکوومەتی نیزامیان بەسەر ئەو شارە خۆراگرەدا داسپاند. جەنایەتێک کە لەو شارەکرا لە نەوعی جنایەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل لە "غەزە و فەلەستین" و تاوانەکانی داعشی دەستکردی اک پارتی لە "کۆبانی" بوو.

ئەمرۆ هەلومەرجی تورکیە لە سەردەستی ئاک پارتی به ئاقارێکی مەترسیداردا تێدەپەرێت. دارمانی زیاتری ئابوری ئەو وەڵاتە، بەردنی وەڵات بەرەو شەری ناوخۆ به بیانووی شەر لەگەڵ پ ک ک ، بەڵام لە راستیدا بۆ بەرگری لە چالاکی ئاشکرای ه د پ و دەنگ نە هێنانی لە هەڵبژاردنی مانگی نوامبری ئەم سال،  بەرتەسکبوونەوەی زیاتری ئازادییە سیاسی ، کۆمەڵایەتی و تاکە کەسیەکان، نایەکسانی زیاتر دژ به ژنان ، لەژێرپێنانی مافی کەمایتییە نەتەوەیی و ئاینیەکان، بەرتەسکتردنەوەی زیاتری کاری رۆژنامەگەری ئازاد و نادەولەتی و ناحیزبی و لە یەک وەشەدا کپکردنی ئەو کۆمەڵگا سکؤلار و نائەینیە لەژێر پەردەی رەشی ئایین و ئیسلام ، ئەو سیناریو و خەونانەیە کە ئۆردۆغان و داوودئۆغڵو لەم گۆنگرە هەوڵی بۆدەدەن. بەلام پەرچەکرداری بەرەی سکۆلار،ئازادیخۆاز و چەپ کە خاوەنی سونەتی به هێزەن لە تورکیە دەتوانێت هەموو خەونە ئاڵۆزەکانی ئوردۆغان و اک پارتی بکات به بەڵقی سەرئاو.

ئەو هەلوومەرجەی کە باسکرا بێجگە لە بزووتنەوەی گۆران ، چوار حیزبه دەسەلاتدار و بێدەسەڵاتەکی کوردستانی باشور واتە(پارتی،یەکیەتی،بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی) به هیئەتی پایەبەرەز وەلامی بانگەوازی اک پارتی یان داوەتەوە و لە کۆنگرەی ئەو حیزبه لە ئانکارا بەشداربوون. ئەم بەشداربوونه دەنگۆ و مشتومەری زۆری لە میدیا و دنیایی مەجازای لە لایەن خۆێنەری کوردزمانه هەڵگیرساندوە. زۆر کەس ئەو چوونه به نامسئولانه و بێ پرنسیپی سیاسی باسدەکەن. بەڵام من رآی و بۆچوونم تەواو به پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانەیە. من لاموایە ئەوە هەموو پڕنسیپ و راستگۆیی ئەوانه و هەر دەبوو ئەو کارە 
بکەن. چوونی ئەو لایەنانە لە راستیدا درێژەی سیاسەتی تائێستایانه لە هەڵسووکەوت لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی حیزبی داد و گەشەپێدان. پرسیار ئەوەیە ئەگەر نەچووبان بۆ ئەو کۆنگرە ،بەچووبان بۆکوێ؟ دەکرا بچووبان بۆ "جەزیری" و دیفاعیان لەو خەلکە بێتاوانه بکردبا؟
یان ئەی دەبوو پەلامارەکانی تورکیەیان بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتیکی گەلان(ه د پ) مەحکوم کردبایت؟! ئەو ئینتزار و تەوەقۆعە لە جیگای خۆی نییه؟ ئەمانە دەستەمۆی دیلیەتی و نانخۆری دەستی دەوڵەتانی داگیرکەرەن. ئەمانه به دەیانجار چوونەتە سەر گۆری خۆمینی و ئاتاتورک و دەستە گوڵیان داناوە و فاتیحایان بۆخۆێندەوەن و پارەیان وەرگرتووە؟ حیزبە ئیسلامیەکان ئەگەر بۆیان بکرێت لە کوردستان هەر ئەوە دەکەن کە هاوفکر و هاوبیرەکانیان لە سوریە،عیراق،ئەفغانستان، سودان ، لیبی و شوێنەکانی دیکە کردویانه. ئەمرۆ لە هەمووکات زیاتر کاتی خۆرزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە دەست حیزبە عەشیرەیی و ئیسلامیەکان هاتووە ، ئەگینا چارەنووسێکی تاڵ و نادیار لەوەی کە هەیە زیاتر چاوەرێیان دەکات.

شەممه ١٢ سپتامبری ٢٠١٥

حەسەن رحمان پەناه

 

 

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0