لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | به‌ڵگه‌نامه‌ | پەیامی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی گیانبەخت کردوان

پەیامی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی گیانبەخت کردوان

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
پەیامی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی گیانبەخت کردوان

هاوکات!
کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچو کە خۆڕاگری و ڕاوەستاوی ئێوە لە چواردیواری زیندانەکان و لە بەرانبەر شکەنجەگەران و دژخیمانی کۆماری ئیسلامی و عەزمی پتەوتان لە دیفاع لە ئازادی و مافی ڕەوای ئینسانیەکان دیواری ئیختیناق و سانسۆڕی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێکشکاندوە و لە دەرەوەی زیندانەکان بەرز بۆتەوە و هەستی هاودەردی هەموو ئینسانە شەریف و ئازادی خوازەکانی هەڵخڕاندوە. خۆڕاگری و پایەداری ئێوە لە بەرانبەر شکەنجەگەران و سوکایەتی هەموو رۆژە و لە دیفاع لە ئازادی و حەورمەتی ئینسانەکان دەنگدانەوەی عەزمی خەلکێکە کە سەرەڕای داسەپاندنی ڕەنج و ئازاری سەرچاوەگرتو لە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێبەش بوون لە سەرەتایی ترین مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێشتا لەبەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا سەری تەسلیمیان نەوی نەکردوە و بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیانداوەتە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داواکاریەکانیان و بۆ ڕوخاندنی کۆماوری ئیسلامی ئیدامە ئەدەن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە مەوجودیەتی لەگەڵ ئیختیناقی سیاسی ئاویتە بووە و هەموو دەنگێکی ئازادی خوازانە بە سەرکوتی بێ پەردە وڵام ئەداتەوە، بە توند کردنەوەی گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسی و داسەپاندنی بارودۆخێکی نا مرۆڤانە بەسەریاندا لەنێو زیندانەکاندا و بە هەوڵ بۆ گواستنەوەی فەزای زاڵ بەسەر زیندانەکان بۆ دەرەوەی زیندان و وەڕێخستنی شەڕی ڕەوانی خەڵک چاوترسێن بکات بەڵام کاریگەری خۆڕاگری و ڕاوەستاوی ئێوە لە بەرانبەر شکەنجەگەراندا ئەم سیاسەتەی ڕژیمی بێ ئاکام هێشتەوە.
ئێوە بە خۆڕاگری خۆتان نیشانتان داوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە توند کردنەوەی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنی رێبەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی خوێندکاری و ژنانی ئازادی خواز و توند کردنەوەی گوشار بۆسەریان لە نێو زیندانەکاندا، ئیرادەی خەڵکی ئێران تێکبشکێنێت و بیانترسێنێ.
کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران کە خەبات بۆ ئازادی بێ شەرت و مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە ئەرکی خۆی دەزانێ، هەموو ئیمکانات و هەوڵی خۆی بەکار دێنێ تا دەنگی ئازادی خوازانەی ئێوە زیاتر لە هەموو کاتێکیتر بگاتە گوێی هەمووان و خەباتی ڕەواتان لەنێو زیندانەکاندا بە بەهێز کردنی رۆحی هاوپشتی و پەرەسەندنی خەبات بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی لە دەرەوەی زیندانەکاندا درێژەی هەبێت.
ئەزمونی مێژویی نیشانیداوە کە ڕژیمە دیکتاتۆڕەکان ناتوانن بە پشت بەستن بە سەرکوت و زۆری سەرنێزە و بە زیندانی کردنی ئینسانە ئازادی خوازەکان و نەیارانی سیاسییان درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن. زەڕەیەک پاشەکشەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری هێرش بۆسەر ماف و ئازادیە سیایەکان تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی جەماوەری خەڵک بێت. سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە ئاخێزی جەماوەری دەروازەی زیندانەکان بشکێنێ و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و خەڵکی ئێران عەزیزانی زیندانی کراویان بە فرمێسکی شادی لەچاودا بگرنە ئامێز.

کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران
گەلاوێژی ١٣٩٣
ئوتی ٢٠١٤


پەیامی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەخت کردوان
کەسوکار و بنەماڵەی بەرێز و ئازیزی گیانبەخت کردوانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران! ئیوەی کۆشەیەک لە دڵ و گیانی جەریانێکن کە سەرەڕای ڕێگایەکی پڕ لە کەند و لەند کە پێواویەتی و مەسیرێکی دژوار و پڕ لە هەوراز و نشێو کە لەبەر دەمیدایە، هەروا لەسەر خەبات لەپێناو دەستەبەر کردنی ئەو ئارمانە بەرزانەی کە جگەر گۆشەکانتان لە ڕێیدا گیانیان بەخت کرد پێداگری دەکات.
ئەو پێوەندیە قوڵەی کە ئێوە بە لەدەستدانی ئازیز ترین ئازیزتان لە ڕیزی کۆمەڵەدا لەگەڵیدا بەستوتانە بە شێوەیەک پتەو و لە پچڕان نەهاتوە کە بۆعدی زەمان و مەکان و ئیختیناق و دوژمنیی ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی ناتوانێ شلوێی بکات.
لەمرۆکەدا بە تەئکید و پێداگری کۆمەڵە لەسەر درێژەی خەباتی شێلگیر لە ڕێگای دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و دوور لە هەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوە و هەڵاواردنێکی کە ئاڕمانی ئازیزانی گیانبەخت کردو بوو ئەم پێوەندیانە قایمتر و پتەوتر دەبن، چون ئەم ئاڕمان و ئاواتە ئینسانیانە نەتەنیا بوونەتە هێزی بزوێنەری خەباتی خەڵک لە کوردستان و ئێران بەڵکو بۆتە ئەنگیزەی خەباتی ئینسانە ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری دنیادا.
ئێمە کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵەش مان وەک هەموو کۆبوونەوە ئاساییە بەرینە تەشکیلاتیەکانی بە ڕاگەیاندنی دەقیقەیەک بێدەنگی بە نیشانەی رێز گرتن لە یادی هەموو گیانبەخت کردوانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم دەستپێکرد و عەهد و پەیمانمان لەگەڵ ئاڕمانی ئەم ئازیزانە نوێ کردەوە. ئەم نوێ کردنەوەی پەیمانە، بۆ ئێمە بە واتای خەباتی شێلگیرە لەدژی هێرشی هەمەلایەنەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژیان و بەڕێچون و سەرەتایی ترین مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش.
ئێمە لە تریبونی کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵەوە، وێڕای دەربڕینی گەرم ترین درود و سڵاوەکان، هاوپشتی قوڵی خۆمان لەگەڵ ئێوە بنەماڵەی ئازیزانی گیانبەخت کردو ڕادەگەیەنین و جارێکی تر لەسەر ئەمری خەباتی بێ پسانەوە و شێلگیرانە لە دژی نیزامی سەرمایەداری کە ڕەمزی مانەوەی خۆی لە توند کردنەوەی سەرکوت و زیندانی کردنی تێکۆشەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا دەزانێ، تەئکید دەکەینەوە.

کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران
گەلاوێژی ١٣٩٣
ئوتی ٢٠١٤
  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0