لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | به‌ڵگه‌نامه‌ | پەیامی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە بۆ کرێکاران

پەیامی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە بۆ کرێکاران

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
پەیامی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە بۆ کرێکاران

سەرمایەداری ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە قوڵترین قەیرانە ئابووریەکانی ژیانی خۆیدا پەلەقاژەیەتی. لە ئاکامی ئەم قەیرانەدا، وەرشکستەیی، داخران و هاتنەخواری زەرفیەتی بەرهەمهێنانی کارخانەکان، بێکارسازی هەموو رۆژەی کرێکاران بۆتە رەوتێکی گشتی. درێژەی ته‌حریمه‌ ئابوورییەکان لەسەر ناوەرۆکی قوڵ بوونەوەی ئەم قەیرانە، بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە هێندێک بەشی بەرهەمهێنان و پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵکیش لە بنەمادا پشتی بە بازرگانی خاریجی و هاوردە کردن بەستووه‌. خراپتر بوونی ئەم بارودۆخە شپرزەی زیاتر کردووە. هێرشی هەمه‌ لایەنە بۆسەر کار و ژیانی کرێکاران، پەرەسەندنی خێڵی ملیۆنی بێکاران، داسەپاندنی حەقدەستی ٣ جار لەخوار هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاراندا و دواکەوتنی دانی ئەم حەقدەستانە، تەوەڕۆم و گرانی هەوسار پچڕاو، توند بوونەوەی چەوساندنەوە و بێ مافی کرێکارانی ئەفغانستانی، پاڵپێوەنانی بنەماڵە کرێکارییەکان و زۆربەی خەڵکی ئێران بەرەو ژیانبەسربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا، پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و مەترسی بەرەو نابودی کێشرانی ژیانی کرێکاران لە ئاسەوارەکانی ئەم قەیرانە ئابووریەیە.

رژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ناتوانێ ئەم قەیرانە کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو خۆی بەهۆی ناموتەعارف بوونی سیستمی سیاسی و نیهادینە بوونی گەندەڵی لە پێکهاتە ئیداری و ئابووریەکه‌یدا هۆکاری توند بوونەوەی ئەم قەیرانە و وەرشکستەیی ئابوورییە.
لەژێر ئەم بارودۆخەدا خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەدژی هەژاری و فەلاکەتی بێوینە و هێرشی هەمه‌ لایەنەی سەرمایەداران و لەدژی بەڕبەڕیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ راوەستان درێژەی هەبوە و کرێکاران لەم مانگانەی دواییدا گەلێک دیمەنی شکۆداریان لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری پیشانداوە. ژنان و لاوان کە لە سیاسەتی دژبە ژن و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی وەگیان هاتوون، لە نەبەردێکی بەردەوامدا لەگەڵ ئەم رژیمەدان، بزوتنەوەی رەوا و شۆڕشگێڕانەی کوردستان هەروا لەسەر داواکاری و ئامانجەکانی پێداگری دەکات.
لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنیا بە حزوری چالاکانەی چینی کرێکار لە سەحنەی خەباتی سیاسی و بە نواندنی رۆڵی رێبەریی ئەم چینە لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانی توێژی زۆرلێکراوی کۆمەڵگا و خەبات بۆ لە دەسەڵات کێشانەخوارەوەی کۆماری ئیسلامی دەکرێ ئاسۆی بەرپابوونی کۆمەڵگایەکی ئازاد و موڕەفە و به‌دوور لەهەر جۆرە ستەم و چەوساندنەوە و هەڵاواردنێک بخرێتە بەردەم خەڵکی ئێران. تەنیا بە ئاوا دیمەنگایەک دەکرێ ئاڵای رزگاری بەتەواوەتی ژنان لە هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی رەگەزی، ئاڵای ئازادی بێشەرت و مەرجی سیاسی، ئاڵای جیایی بەتەواوەتی دین لە دەوڵەت، ئاموزش و سیستمی قەزایی، ئاڵای خەبات بۆ پێکهێنانی یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی لەدژی ئەفکاری گەنیوی شۆوینیستی و بۆ دەستەبەر بوونی سەرجەم مافە ئینسانی و شارۆمەندیەکانیان و لە کۆتاییدا ئاڵای خەبات لە پێناو رزگاری خەڵکی ئێران لە چنگ نیزامی ناعادڵانەی سەرمایەداری هەڵبکرێت.
بەڵام چینی کرێکار تەنیا لە ناخی خەبات و لە حالێکدا کە لە ئاستی جەماوەریدا لە رێکخراوە چینایەتیەکانیدا سازمان بدرێت و هەڵسوڕاوان و رێبەرانی لە حیزبی سیاسی کومونیستیدا کۆببنەوە، دەتوانن بە حزور لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەشێوەی عەینی لە رێبەری بزوتنەوە پێشڕەو و دیموکڕاتیکە کۆمەڵایەتیەکاندا قەرار بگرێت. ئەزمونی مێژویی نیشانیداوە کە چینی کرێکار نە تەنیا بە داواکاری سەربەخۆی خۆیەوە بەڵکو دەبێ بە تەشکیلاتی سەربەخۆ و بە چیدەبێ بکرێی روونی خۆیەوە و بە وێنایەکی رۆشن لە قۆناغی جۆراوجۆری پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری بێتە مەیدانی خەباتی سیاسیەوە تا بتوانێ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی دیکەی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی سۆڕشگێرانەی کوردستان لەگەڵ خۆی یەکگرتوو و هاوڕا بکات و ئەمەش بەبێ تەحەزوبی کومونیستی چینی کرێکار لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا مومکین نییە. گێڕانی رۆڵی چینی کرێکار وەک رێبەری خەبات لە پێناو رووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا و دامەزراندنی کۆماڵگایەکی ئازاد و بەرابەر تەنیا بە یەکگرتنی کرێکاران و لە پلەی یەکەمدا بە یەکگرتوو بوونی هەڵسوڕاوان و رێبەرانی کرێکاری لە ریزی حیزبی سیاسی کومونیستیدا ئیمکان پەزیرە.
کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە داوا لە کرێکارانی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکات کە بە پەیوەست بوون بە ریزی کۆمەڵە و حیزبی کۆمونیستی ئێران خۆیان بۆ رێبەری کردنی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی و گێڕانی دەور و نەخش لە کێشە یەکلاکەرەوە و چارەنووس سازەکاندا لە راستای هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ئامادە بکەن.

کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە ــــ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران
گەلاوێژی ١٣٩٣
ئوتی ٢٠١٤
  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

1.00