لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | به‌ڵگه‌نامه‌ | راپۆرتێك له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ١٦ی كۆمه‌ڵه‌ (رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومۆنیستی ئێران) به‌شی سێهه‌م

راپۆرتێك له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ١٦ی كۆمه‌ڵه‌ (رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومۆنیستی ئێران) به‌شی سێهه‌م

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
راپۆرتێك له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ١٦ی كۆمه‌ڵه‌  (رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومۆنیستی ئێران) به‌شی سێهه‌م

باسه‌كانی كۆنگره‌ی ١٦ی كۆمه‌ڵه‌ سه‌رنجێكی تایبه‌تی دابوو به‌ بارودۆخی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له‌وڵاتانی عێراق و توركیه‌و سوریه‌.

كوردستانی عێراق:
له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌ئكید كرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچی كوردستانی عێراق له‌چاو به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق تا راده‌یه‌ك له ‌ئاسایش و سه‌قامگیری به‌هره‌مه‌نده‌، به‌ڵام ئه‌م ناوچه‌یه‌ش پێش هه‌موو شتێك كه‌وتۆته‌ به‌ر ده‌ستێوه‌ردانی دوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیه ‌و هه‌روه‌ها زه‌ختی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی عێراق.

هه‌ر كام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان نفوزی سیاسی و ئابووری و ئه‌منیه‌تی خۆیان له‌م به‌شه‌ له‌كوردستان په‌ره‌پێبده‌ن. هیچكام له‌وانه‌ قازانجێكیان له‌ ئازادی خه‌ڵكی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له ‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵكه‌وه‌ نییه‌و به ‌شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌وڵ ده‌ده‌ن كۆسپ بخه‌نه‌ سه‌ر رێگای گه‌یشتنی خه‌ڵكی كورد به‌م مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی خۆیان.
له ‌قۆناغی ئێستادا زه‌ختی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ ئه‌ساسدا ئابووری و دیپلۆماتیكه‌. كوردستانی عێراق ناوچه‌یه‌كه‌ كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خۆی ته‌نیا به‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات پشت ئه‌ستووره‌، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌فرۆشتنی راسته‌وخۆی نه‌وت یان بوودجه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌ری ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م بوودجه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌ ببڕدرێت، حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی دیكه‌ی بێجگه‌ له‌فرۆشتنی نه‌وت له ‌به‌رده‌ستدا نابێت و ده‌روازه‌ی فرۆشی نه‌وتیش توركیه‌ یان له ‌بازاڕی ره‌شداو به ‌شێوه‌ی قاچاخ ئێرانه‌. له‌راستیدا به‌ بێ ره‌زامه‌ندی لانیكه‌م یه‌كێك له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌م داهاته‌ راناگات.
پاشه‌كشه‌ی ئه‌رته‌شی عێراق له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی وه‌كوو كه‌ركووك و خانه‌قین و شوێنه‌كانی تر كه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ره‌ و دانی كۆنترۆڵی ئه‌م ناوچانه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی خستۆته‌ بارودۆخێكی تازه‌وه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم له‌هاوسه‌نگیه‌كی له‌بارتر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیدایه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ كێشه ‌و گیر و گرفتی تازه‌ به‌ره‌وڕوو كردووه‌. گیر و گرفتگه‌لێك كه‌ به‌تایبه‌ت له ‌بواری ئابووری و له ‌كورت ماوه‌دا رێگاچاره‌یه‌كی بۆ نابیندرێت. ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌رانبه‌ر دوو بژارده ‌دایه‌. بژارده‌ی یه‌كه‌م: بڕینی هه‌ر چه‌شنه‌ پێوه‌ندیه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی؛ دووهه‌م ده‌ستپێكی ده‌ورێكی تازه‌ له ‌گفتگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی ماده‌ی ١٤٠ی قانوونی ئه‌ساسی و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر رێگه‌پێدان به‌ فرۆشتنی راسته‌وخۆی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌؛
سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌توانین هه‌ڵوێستی كۆنگره‌ له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه‌: یه‌كه‌م، جیابوونه‌وه‌ی كوردستانی عێراق له‌ وڵاتی عێراق و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ مافی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای خه‌ڵكی كوردستانه‌. به‌ڵام راگه‌یاندنی به‌كرده‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ بارودۆخی ئێستادا رێگاچاره‌یه‌كی واقیع بینانه‌ بۆ كۆتایی هێنان به ‌ره‌نج و ئازاری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك كه‌ له ‌چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا ته‌حه‌مولیان كردووه‌، نییه‌. راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له ‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئاواتی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی كوردستانه ‌و ئه‌م ئاواته‌ی خۆیان به ‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌ربڕیوه‌. له ‌بارودۆخی ئێستادا به ‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ له ‌به‌غدا رژیمێكی سیكتاریستی مه‌زهه‌بی و دژی دیموكرات له ‌سه‌ركاره‌، جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق بۆ خه‌ڵكی كوردستان دڵخوازیه‌كی تایبه‌تیشی هه‌یه‌. به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئه‌و ویسته‌ پێویستی به‌دابین بوونی بارودۆخێك هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو به ‌هه‌نگاو لێی نزیك بێته‌وه‌، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستانی عێراق ره‌نج و موسیبه‌تی زۆریان له ‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیاندا دیوه‌. سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بێ به ‌واتای ئازادی و ریفاه و ئاسووده‌یی زۆرتر و ژیانی باشتر بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بێت. وه‌ها بارودۆخێك دابین نابێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بتوانێ له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ له‌سه‌ر پێی خۆی رابووه‌ستێ و ئابووریه‌كه‌ی ته‌نیا به‌فرۆشتنی نه‌وت كه‌ ئه‌ویش له‌ده‌ست ده‌وڵه‌تانی سه‌ركوتگه‌ری خه‌ڵكی كورد دایه‌، پشت نه‌به‌ستێت. بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و كارشكێنی ده‌وڵه‌ته‌كانی وه‌كوو توركیه‌، ئێران و ئه‌مریكاو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌، پێویسته‌ بنه‌ماكانی حقوقی سه‌ربه‌خۆیی پێشتر مه‌حكه‌م كرابن. هه‌مووی ئه‌وانه ‌و گه‌لێك مه‌لزووماتی دیكه‌ پێویستی به‌ بوونی پڕۆژه‌یه‌كی شه‌فاف و عه‌مه‌لی هه‌یه‌، پڕۆژه‌یه‌ك كه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له ‌به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی نزیك بكاته‌وه‌. هێرشی داعش بۆ ناوچه‌كه‌ نه‌ك فورسه‌تێك بۆ خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكوو دژه‌ فورسه‌ت و كۆسپه‌. سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێش ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ره‌سمی رابگه‌یه‌ندرێت، پێویسته‌ به‌شێوه‌ی دیفاكتۆ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتبێت.

كوردستانی سوریه:‌
حیزبی "یه‌كێتی دیموكراتیكی نه‌ته‌وه‌یی" ناسراو به‌ "پ ی د" به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ فورسه‌تی لاوازبوونی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی سوریه‌ و ئاماده‌یی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بۆ پێشگرتن به‌ نفوزی گروپه‌ ئیسلامیه‌كان له‌م مه‌نته‌قه‌یه‌، كۆنترۆڵی به‌شێكی به‌رین له‌و ناوچانه‌ی كه‌ دانیشتووه‌كانی كورد و عه‌ره‌بن، به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌. گروپ گه‌لێكی بچووكتریش هه‌ن كه‌ ئه‌گه‌رچی حزوری سیاسییان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن "پ ی د"وه‌ له‌هه‌بوونی هێزی چه‌كداری سه‌ربه‌خۆ بێبه‌ش كراون. به‌شێك له‌وانه‌ چوونه‌ ناو به‌ره‌ی "ئه‌رته‌شی ئازادی سوریه‌" و به‌شێكی دیكه‌شیان له‌به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ناوچه‌كه‌دا به‌شدار كراون. "پ ی د" كه‌ ئێستا زیاتر له‌ په‌نجا هه‌زار هێزی چه‌كدار له‌ژێر كۆنترۆڵی دایه‌، به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوریه‌، به‌شگه‌لێك له‌و وڵاته‌ی كه‌ زۆربه‌یان كوردنشینن، تا راده‌یه‌كی زۆر له ‌شه‌ڕ و كاولكاری دوو-سێ ساڵی رابردوو له‌سووریه‌ پاراستووه‌. ئه‌م ناوچانه‌ ئه‌گه‌رچی مه‌ترسی هێرشی گروپی داعشیان له‌سه‌ره‌، بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌ت و ده‌سكه‌وته‌كانی خۆیان له‌ئاستێكی جه‌ماوه‌ریدا هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان. ده‌وڵه‌تی توركیه‌ سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی له‌داهاتووی ره‌وتی تووندڕه‌وی ئیسلامی، بۆ درێژه‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردنشینه‌كان ئاسانكارییان بۆ ده‌كات و باجیان پێ ده‌دات.

كوردستانی توركیه‌:
له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییانه‌ی شاره‌داریه‌كان له ‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كان ئه‌گه‌رچی حیزبه‌ قانوونیه‌كانی كوردستان زۆرینه‌یه‌كی لاوازیان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام ده‌نگی باڵای حیزبی "دادو گه‌شه‌پێدان" و جیاوازی كه‌می ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی حیزبه‌ كوردیه‌كان، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ پڕوپاگه‌نده‌ له‌سه‌ر ره‌وتی ئاشتی له ‌كوردستانی توركیه‌ قازانجه‌كه‌ی له ‌ئه‌ساسدا چۆته‌ گیرفانی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغانه‌وه‌. له ‌پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته‌ی كه‌ "پ ك ك" و ده‌وڵه‌تی توركیه‌ پێی ده‌ڵێن پڕۆسه‌ی ئاشتی، سه‌ره‌ڕای هه‌را و هوریایه‌كی زۆر كه‌ به‌ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ڕێ، له ‌راستیدا له ‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ به‌ڵێنی نافه‌رمی و هه‌را و هوریای ته‌بلیغاتی هیچی تر نه‌بووه‌. پاشه‌كشه‌و نیشاندانی نه‌رمی له ‌لایه‌ن "پ ك ك"وه‌ به‌ ته‌واوی یه‌ك لایه‌نه‌ بوو. له‌ماوه‌ی دوو ساڵێك كه‌ له ‌ده‌ستپێكی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت، ده‌وڵه‌تی توركیه‌ ئامانجه‌كانی خۆی پێكاوه‌. ئاوری سیلاحی "پ ك ك" خامۆش بووه‌و به‌شێك له‌هێزی چه‌كداری "پ ك ك" كوردستانی توركیه‌یان به‌جێهێشتووه‌. بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مه‌ده‌نی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ زیندانه‌كان كه‌ پێشتر به‌رده‌وام درێژه‌ی هه‌بوو، دامركاوه‌ته‌وه‌ و بزووتنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری و بزووتنه‌وه‌ی كوردستان لێكدابڕاون. ئێستا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر كام له‌و دوو لایه‌نه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵك هیوادار رابگرن و پێیان ده‌ڵێن كه‌ ره‌وتی ئاشتی رانه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ كارێكی بۆ ناكرێ. ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان به‌ ته‌بلیغات له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ و دانی به‌ڵێنی گه‌لێك به‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌جه‌ریانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌داریه‌كاندا توانی ده‌نگێكی به‌رچاو بۆ حیزبه‌كه‌ی به‌ده‌ست بێنێت.
ماویه‌تی…

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0