لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | به‌ڵگه‌نامه‌ | پەیامی کۆنگرەی حەفدەهەمی کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران) بۆ زیندانیانی سیاسی!

پەیامی کۆنگرەی حەفدەهەمی کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران) بۆ زیندانیانی سیاسی!

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
پەیامی کۆنگرەی حەفدەهەمی کۆمەڵە ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران) بۆ زیندانیانی سیاسی!

کۆنگرەی حەفدەهەمی کۆمەڵە لە حاڵێکدا بەڕێوەچوو کە کۆمەڵێکی زۆر لە ئینسانە ئازادی خوازەکان، هەڵسوڕاوانی سیاسی و تێکۆشەرانی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان بە هۆکاری دیفاع لە مافی ئینسانی بەڵام پێشێل کراوی زۆربەی کۆمەڵگا‌، بەو گومانە پوچەی کە گۆیا ده‌توانن ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕەزایەتییه‌ی کە لە قوڵایی کۆمەڵگا له‌ دژی ستەم و نادادپەوەری لە ئێران بەرز دەبێتەوە، کپ بكه‌ن، لە سیا چاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئەسیرن. بەڵام ڕاستی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە سەرەڕای پەرەسەندنی ئاستی کرداری سەرکوتگەرانەی دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی ناڕەزایەتیەکان و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرینتر بۆتەوە و ئەمەش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێستای ئێرانی بە توندی نیگەران کردوە.

ده‌نگدانه‌وه‌ و ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستیانە لە بەرەنگاری و خۆڕاگری زیندانیانی سیاسیدا بۆ دیفاع لە ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک، لە زیندانەکان دا، بە روونی ده‌بیندرێت. ئه‌م خۆڕاگرییه‌ سنورەکانی تێپەڕاندووە و دیواری سانسۆڕی شكاندووه‌، تا ئەو جێگایەی کە لە ئاستی جیهانیدا لە هەموو شوێنێک ناوی کۆماری ئیسلامی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وه‌بیر دێنێته‌وه‌. له‌ ڕاسیتدا پێوەندیی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتیەک کە لە ئارادایە، داخوازی " زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت"ی کردۆتە داخوازی زۆربەی خەڵکێک کە لە دەرەوەی زیندانەکان بەڵام لە زیندانێکی گەورە تردا بۆ دیفاع لە مافە پێشێل کراوەکانی، لەگەڵ هەمان حاکمیەتدا کە ئێوە ئینسانە هەڵکەوتوەکانی لە زیندانی خۆیدا ڕاگرتوە، بەرەوڕوو بوونەتەوە. 

ئەم بەربەرەکانێ و بەرەوڕوو بوونەوەیە ئەگەرچی هێشتا لە سەرەتای کاردایە و هێشتا نەیتوانیوە وه‌ها دەوام و شکڵ و شێوەیەک بەخۆی بدات كه‌ بە هێزی بەرینی خۆی ده‌سه‌ڵاتی سەرتاپا شەرمەزاری و دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی ڕاماڵێ، بەڵام هەر ئەو جۆرەی کە تا ئێستا هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نەیتوانیوە بە زه‌بری سەرنێزە و پێك هێنانی کەش و هه‌وای سەرکوت و خەفەقان بۆ ماوەیەکی زۆر بەسەر پێوەبێت، بێ گومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش ئەو کاتەی کە ئەم هێزە، وزە و توانای پێویست بەدەست بێنێ، ڕێگای دەچوون لەم حوکمە مێژووییەی نابێت. سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە درگای زینداکان بە هیممەت و هێزی ئەم خەڵکە ناڕازی و بێزارە لە بارودۆخی بشکێت و گشت ئەوانەی کە ئێستا لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا دیلن سەربەرزانە بگەڕێنەوە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکانیان و ناو جه‌ماوه‌ری ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ ڕێز لە خەبات و خۆڕاگرییان دەگرێت. 

کۆنگرەی حەفدەهەمی کۆمەڵە وێڕای پێداگری لەسەر ئەم ڕاستیە و هەوڵدان بۆ ئامادە کردنی هێزی وشیار و ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هێزێک کە زۆرترین ئازاری لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا پێ گه‌یشتووه‌، وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی، هەوڵدان بۆ هەرچی بەرینتر کردنەوەی دروشمی "ئازادی زیندانیانی سیاسی"، گەیاندنی دەنگی ماف خوازانە و دادگەرانەی زیندانیانی سیاسی خستە دەستوری کار و چالاکیەکانیەوە. هەروەها کۆنگرەی حەفدەهەی کۆمەڵە بەم مەبەستە بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئەو ئیمکاناتەی کە لەبەر دەستیدایە، پەرەدان بە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و ئاشکرا تر و بەرز تر گەیاندنی دەنگی حەق خوازانەیان، هەوڵ و تێکۆشانێکی جیدی تری بۆ خۆی دیاری کرد.
بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی سۆسیالیزم
کۆنگرەی حەفدەهەمی کۆمەڵە
( ڕێكخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران)
مانگی گەلاوێژی ١٣٩٦
ژوئیەی ٢٠١٧

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0