لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | به‌ڵگه‌نامه‌ | ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی ١٧ی کۆمەڵە

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی ١٧ی کۆمەڵە

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی ١٧ی کۆمەڵە

حەفدەهەمین کۆنگرەی کۆمەڵە "ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران"، لە حه‌فته‌ی کۆتایی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ ڕێكه‌وتی نیوەی دووهەمی مانگی ژوئییەی ساڵی ٢٠١٧ لە ماوەی چوار ڕۆژ کۆبوونەوەی پڕاوپڕ و بەڕێوەچوونی جەلەسەیەکی ئیختیامیە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

کۆبوونەوەکانی کۆنگرە لە دوو ساڵۆن لە دەرەوەی وڵات و لە مقەڕری ناوەندی کۆمەڵه‌ کە لە ڕێگای تۆڕی ئینتێرنێتەوە بە یەکەوە گرێدرابوون، بە بەشداری نوێنەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلات لە کوردستان و تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتی جیهانیی چینی کرێکار و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و بە یادی ئەو هاوڕێیانەی کە لە مەودای نیوان دوو کۆنگرەدا، گیانیان بەخت کردبوو، لەوانە هاوڕێیان: "ڕەحمان نەجات"، "فەڕوخ ئەمجەدیان"، "عەبدوڵڵا بەیگزادە"، "محەممەد غوڵام زادە"، "عەتا خەیات" و "هێمن قوربانیان" و چوار هه‌ڵسووڕاوی ڕێكخراوی ناوه‌وه‌ی وڵات، کۆبوونەوەکانی دەست پێکرد. یەکەم جەلەسەی کۆنگرە لە لایەن هەیئەت ڕەیسەی کاتییەوە بەڕێوەدەچوو کە تا هەڵبژاردنی هەیئەت ڕەئیسەی دایم، بەڕێوەبردنی جەلەسەکانی کۆنگرەی لە ئەستۆ بوو. سەرەتا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە چلۆنایەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لە حەوزە جۆراوجۆرەکانی هەڵبژاردندا لە لایەن چاودێری گشتی هەڵبژاردنەوە پێشکەش کرا و وڵامی ئەو پرسیارانە درایەوە کە لەم بوارەدا هاتبوونە گۆڕێ. کۆنگرە بە پەسند کردنی سەڵاحییەت و ئیعتیبارنامەی نوێنەران و ڕاگەیاندنی ئامادە بوونی نزیک بە سەرجەم نوێنەرانی هەڵبژێراو، ڕەسمییەتی خۆی ڕاگەیاند. دواتر كونگره‌ بە پەسند کرانی ئاین نامەی نێوخۆیی، دەستور جەلەسەکان و هەڵبژاردنی هەیئەت ڕەئیسەی دایم درێژەی بە کارەکانیدا. 

دەستور جەلەسەکانی کۆنگرە بریتی بوون لە، پێشكه‌ش كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاپۆرتی سیاسیی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرە، ڕاپۆرتی کاری و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵە لە مەودای نێوان دوو کۆنگرەدا، هەڵسەنگاندن و قسەوباس کردن سەبارەت بە بڕیارنامه‌ پێشنیار کەراوەکان و هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی. ڕاپۆرتی سیاسیی کومیتەی ناوەندی پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک سەردێر لەوانە، "قەیرانی ئابووری جیهانی سەرمایەداری و ئاسەوارە سیاسییەکانی كه‌ به‌ شوێنی داهاتووه‌"، "بارودۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کێشەوگرفتە چارەسەر نەکراوەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە"، "مەسه‌لەی فەلەستین"، "کێشەی کورد لە وڵاتانی ئێران، عێڕاق، سوورییە و تورکییە"، بنەما سیاسیی و ستڕاتیژییەکانی کۆمەڵەی به‌رانبه‌ر به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ کردەوە. 

دواتر کۆنگرە لە چوار چێوەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیدا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران قسەی کرد. هەڵسەنگاندی پێگەی چینی کرێکار و دەور و نەخشی ئەم چینەوە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، به‌پێی ئامار و داتاكانی پێوه‌ندیدار سه‌باره‌ت به‌ ئاست و بەرینایی خەباتەکەیەوە، سەبارەت بەو کۆسپانەی سەر ڕێگای ڕێکخراوبوونی چینی کرێکاردان، خاڵی ده‌ستپێكی هەڵسەنگاندی کۆنگرە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێران بوو. لە درێژەدا کۆنگرە بارودۆخ و پێگەی بۆرژوازی ئێرانی وەک چینێک، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی وەک دەوڵەتی سەرمایەداری ئێران، ڕیشە و بنەما ئابووریی و سیاسییەکانی ناکۆکی و کێشمەکێشی باڵەکانی نێوخۆی ڕژیم، دووڕێیانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداریی دەوڵەتی- میلیتاریستی، درێژەی قەیرانی سیاسی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ زل هێزە ڕۆژئاواییەکان، دخاڵەت و کێبڕکێ ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیی و لە کۆتاییدا پێویستی ڕووخاندنی شۆڕشگیڕانەی ڕژیمی، تاوتوێ کرد. ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی و ڕەوتە سیاسییەکان و ستڕاتێژییە جیاوازەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی دایەبەر هەڵسەنگاندن و قسەوباسیان لەسەر کرا و هەروەها لەسەر پێویستی چارەسەر و لابردنی کەمکورتیەکانی ڕاپۆرتی سیاسی سەبارەت بە بزوتنەوەکانی ژنان و لاوان لە ئێران جەخت کرایەوە.

لە باسی سەبارەت بە بارودۆخی کوردستانی ئێران، ژیان و بەڕێچوونی خەڵک، ستەم و هه‌ڵاواردن و نایەکسانی، ئازاره‌ کۆمەڵایەتییەکانی داوێنگیری خەڵک، خەبات و خۆڕاگری کردن لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا، لە زومڕەی سەردێڕە سەرەکییەکانی بارودۆخ لە کوردستانی ئێران بوون. کۆنگرە جارێکی دیکە جەختی لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی ستڕاتێژی سۆسیالیستی کۆمەڵە پشت بەستو بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بێبەشی لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا کردەوە. ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی بە کۆنگرە بە لەبەرچاو گرتنی پێشنیارە ئیسلاحییەکانی ئامادەبووان لە کۆنگرەدا، بە کۆی دەنگ پەسند کرا.

هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە، یەکێکی دیكه‌ لە دەستوور جەلەسەکانی کۆنگرە بوو. ئەم ڕاپۆرتە کە بە شێوەی کەتبی خرابووە بەردەست نوێنەرانی کۆنگرە، کاری ئۆرگانەکان و بوارە جۆراوجۆرەکانی هەڵسوڕانی کۆمەڵەی لە کوردستان تێدا جێکرابۆوە. ئەندامانی بەشدار بوو لە کۆنگرەدا بە ئاگادار بوون لە بوونی یەکێتییەکی قوڵی سیاسیی و هاونەزەری لە ئاڕاستە گرتنە بنەڕەتییەکاندا كه‌ له‌ كۆده‌نگی له‌سه‌ر ڕاپۆرتی سیاسیی دا خۆی نیشان دا، بە متمانە و باوەڕ بەخۆیی و ڕۆشن بینیەوە، کەموکوڕییەکانیان دایەبەر باس و ڕەخنە و لەسەر پێویستی بەرز کردنەوەی چۆنایه‌تی هەڵسوڕان و چالاکییەکانی کۆمەڵە و پتەو کردنی حیزبیەت لە پێوه‌ندییه‌كانی تەشکیلاتیدا جەختیان کردەوە.

کۆنگەری ١٧ی کۆمەڵە لە بەشێکی دیکە لە دەستووری کاری خۆیدا سەرلەنوێ جەختی لەسەر بڕیارنامه‌ی پەسند کراوی کۆنگرەی ١٥ سەبارەت بە، هاوکاری و تەنزیمی پێوه‌ندییه‌كان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان، کردەوە و سپاردی بە کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە تا ئەم بڕیارنامانه‌ بەڕۆژ بکاتەوە و بیكاته‌ بنەمای کاری خۆی. كونگره‌ هەروەها چه‌ند بڕیارنامه‌ی سه‌باره‌ت به‌ "بێکاری و کۆڵبەری"، "گیرۆدە بوون بە ماددەی هۆشبەر" و پاراستنی " ژینگە" شی ئامادە و پەسند کرد. کۆنگرە هەروەها پەیامی بۆ بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردوان و به‌ندكراوانی سیاسیی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە بەند کراوەکان نارد.

دوایین دەستوور جەلەسه‌ی کۆنگرە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی بوو کە لەم بەشەدا، کۆنگرە لەنێوان ئەو هاوڕێیانەدا کە خۆیان بۆ ئەندامییەتی کومیتەی ناوەندی کاندید کردبوو، ١٩ کەسی هەڵبژارد. ناوی ئەو هاوڕێیانەی هەڵبژێردراون بەپێی پیتی ئەلف و بێ بریتین لە:

١ – ئیبراهیم عەلیزادە، ٢- ئەحمەد ساڵحی، ٣- ئەسعەد ڕۆستەمی، ٤- روئیا مەحموودی، ٥- سیامەک شامی، ٦- سروە ناسری، ٧- سەعید ئەمانی، ٨- شۆکێ ئەحمەدی، ٩- شۆڕش کەریمی، ١٠- شەهرام ئەمانەتی، ١١- جەماڵ بۆزرگپوور، ١٢- حەسەن ڕەحمان پەنا، ١٣- فەرهاد شەعبانی، ١٤- فەرەیدون نازری، ١٥- عیسا پایبەندی، ١٦- عادڵ ئەلیاسی، ١٧- مۆحسین شێخی، ١٨- مێحدین ئیرەجی و ١٩ ناسر تاهیری. ڕۆژی پێنجەم و لە كۆبوونه‌وه‌ی کۆتایی کۆنگرە کە تێیدا کۆمەڵێک لە دۆستانی کۆمەڵە و هەواڵنێرانی ڕاگەیەنەرە گشتییەکانی هه‌رێمی کوردستان ئامادە بوون، ڕاپۆرتێک لە قسە و باسەکانی کۆنگرە و پەسند کراوەکانی بۆ ئاگاداری ڕای گشتی پێشکەش کرا. ده‌قی پەسند کراوەکانی ئەم کۆنگرەیە بە زوویی بڵاو دەبێتەوە. لە کۆتاییدا دەبێ بوترێت کە کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ یەکەم پلینۆمی خۆی بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە وەک چاودێر ئامادە بوون، بەڕێوەبرد و سازمان و دابه‌ش كردنی کاری نێوخۆی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی به‌ پێی جه‌هەت گیری، پەسند کراوەکان و ئەولەوییه‌تەکانی قۆناغی داهاتوو دیاری کرد. لەم کۆبوونەوەیەشدا هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە وەک دەبیر ئەوەڵی کۆمەڵە هەڵبژێردرا.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

"ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران"

یازدەی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٦ 

دووی مانگی ئووتی ٢٠١٧

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0