لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی | به‌ڵگه‌نامه‌ | ڕاپۆرتی بەڕێوەچونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕاپۆرتی بەڕێوەچونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
ڕاپۆرتی بەڕێوەچونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردروای کۆنگرەی شازدە، رۆژی شەممە ٢٢ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ بەرابەر لەگەڵ ١٢ی نۆوامبری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێرانیش وەک چاودێر بەشدار بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبونەوەیە بۆ گوزارشی سیاسی کۆمیتەی ڕێبه‌ری کۆمەڵە بە پلینۆم و هەڵسەنگاندنی ئەم ڕاپۆرتە تەرخان کرا. ڕاپۆرتی سیاسی و باسەکانی پێوه‌ندیدار پێی، چووە سەر گرنگترین فاکته‌رەکان لە بەیان و روون کردنەوەی بارودۆخی ئێران و کوردستان لە مەودای نێوان دوو پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی. دواتر لەبەر رۆشنایی بارودۆخی خاوەرمیانە، سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی سیاسی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، عێڕاق، سوریە و تورکیە قسه‌وباس كرا.

ڕاپۆرت و قسەوباس کردن سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران تیشیکیان خستەسەر ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی کە لەسەر ڕێی دەوڵەتی رۆحانیدان بۆ ئیجرای بەرجام، هەوڵەکانی ڕژیم بۆ موهەندیسی کردنی شانۆی هەڵبژاردنی دەورەی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری و هەوڵی دەوڵەت و خاوەنکاران بۆ گۆڕینی قانونی کار لەسەر ناوەرۆکی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان. لەوێوە کە دەوڵەتی رۆحانی بەرەوپێش بردنی جیهەت گیریە ئابووریەکانی لەبواری گەشەی ئابووری و به‌ڵێنی ڕەخساندنی هەلی کار و باشتر کردنی ژیانی خەڵکی داناوە بۆ کاتی ئیجرایی بوونی بەرجام و دەورانی دوای تەوافوقی هەستەیی ناو ناوە " دەوارانی پەسا بەرجام" و ئەو وەک خاڵێکی جێی سرنج لە مێژووی حەیاتی ڕژیمی ئیسلامیدا باس دەکات، پێویستە تەبلیغاتی ئێمە وێنایەکی روون لە بەربەستەکانی بەردەم بە کرداری بوونی بەرجام و ئامانجە واقعیەکانی ڕژیم لە ئیجرا کردنیدا بدات بەدەستەوە. 

درێژەی هەڵوێستی دژە رۆژئاوایی و دخاڵەت کردن لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەیی بەبێ هاوئاهەنگی و هێندێک جاریش لە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئامریکا و رۆژئاوادا هەروا یەکێک لە کۆسپە سیاسیەکانی سەر ڕێگای بە کرداری بوونی بەرجامن. یەکێک لە کێشەکانی دیكه‌ کە بەرجام لەگەڵی بەرەوڕووه‌، دخاڵەت و کاریگەری تەحریمە هەڵنەگیراوەکانە لەسەر گەمارۆ لابراوەکانی پێوەندیدار بە توافوقی هەستەییەوە. کۆمەڵیک لە تەحریمەکانی سەر ڕژیمی ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە لایەن ئامریکا، شوڕای ئەمنیەت یان دەوڵەتانی رۆژئاواییەوە لە پێوەند لەگەڵ گەشەکردنی تواناییە موشەکی و فاعالیەتە تیرۆریستیەکانی ڕژیم گیراونەتەبەر و بەردوام بوون، کە ئەم دەستەیە لە تەحریمەکان لەباری بابەتیەوە پێوەندیان بە مەسەلەی هەستەییەوە نییە و بە وتووێژە هەستەییەکان هەڵنەوەشاونەتەوە و سەبارەت بەوان هیچ تەوافوقێک نەکراوە. کەوایە کۆسپی حوقوقی نێونەتەوەیی هەروا یەکێک لە کۆسپە جیددیەکانی سەر ڕێگای بەکردەوە دەرهاتنی بەرجامە و بە تایبەت ئامرازێکیشە بۆ کۆماریخوازەکانی ئامریکا لەو ڕاساتایەدا بیکەنە گوشاری زیاتر بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی. لە لایەکی دیکەوە خۆڕاگری دامەزراوە چکۆلە و گەورەکانی نێوخۆ کە بەر لە بەرجام خاوەنی دەرفەت و ڕانتی تایبەت بوون و بە دەوردانەوەی تەحریمەکان و تیجاره‌ت لە ڕێگای نا ئاساییەوە سود و قازانجی کەڵانیان دەستکەوتوە، هیچ مایل نین بۆ گەڕانەوەسەر شێوازی ئاسایی. کۆمەڵێک فاکتۆڕ نیشانی ئەدەن کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بە هیچ شێوەیەک نابێ دڵیان بە وەعدە و وەعیدەکانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ باشتر بوونی کار و ژیانیان خۆش بکەن و تەنیا دەبێ پشت بە هێزی خەباتی یەکگرتوانەی خۆیان ببەستن. 

ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی وەبیری هێنایەوە کە هەوڵەکانی ڕژیم بۆ موهەندیسی کردنی شانۆی هەڵبژاردنی دەورەی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری یەکێکی دیكه‌ لە فاکته‌رەکانه‌ بۆ روون کردنەوە و تەوزیحدانی بارودۆخی سیاسی ئێران لە باردۆخی ئێستادا. بەیانیەی وەلی فەقیە لەم پێوەندەدا و ڕاگەیاندنی تەعەهود بە " شەفاف سازی" لە ڕەوتی ئەم هەڵبژاردنەدا و باسەکانی پێوه‌ندیدار پێی، دەرخەری ئەوەیە کە موهەندیسی کردنی ئەم هەڵبژاردنە و ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان گرینگترین دڵەڕاوکێی باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمە. بە سرنجدان بەوەیکە بە ئیعتیڕافی هێندێک لە کاربەدەستانی خودی ڕژیم لە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مجلیس لە تاران و هێندێک لە شارەکانی دیكه‌ی ئێران کەمتر لە ٥٠ لەسەدی واجدینی شەرایەت لە هەڵبژاردندا بەشداریان کرد و هەروەها بە سرنجدان بە بارودۆخی قەیراناوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ سەرانی ڕژیم گەلێک گرنگە کە بە هەر فڕوفێڵ و شگردێک بووە بتوانن مەشروعیەتی هەڵبژاردنی خۆیان نیشان بده‌ن. لەم روەوە سەرەڕای بوونی ناکۆکی ستراتیژیک سەبارەت بە چلۆنایەتی زەمانەت کرانی مانەوەی ڕژیم لە نێو هەردوو باڵی سەرەکی حکومەتیدا و وێڕای ئەوەیکە هەردوو باڵەکە هیچ دەرفەتێک بۆ هێرش کردنەسەر یەکتر لەدەست نادەن بەم حاڵەشەوە هیچکام لە باڵەکان لادانی ئەویتری لە دەستوری کاردا نییە. هەردوو باڵەکە لەسەر ناوەرۆکی ئەم جۆرە شەڕ و کێشانە لە هەوڵدان کە بە هەر شێوە و شگردێک بووە جەماوەرێکی زیاتر بکێشنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. ئامانجی سەرەکی سپای پاسدارانی ڕژیم لە موهەندیسی کردنی هەڵبژاردن ئەمەیە. تەبلیغاتی ئێمە وێرای جەخت کردنەوە لەسەر زیانباربوونی هەموو جۆرە خۆش باوەڕیەک سەبارەت بە ماهیەتی کێشمەکێشی باڵەکانی حکومەت، دەبێ ئەم ئامانجە بکاتە نیشانە و هەوڵبدات کە ڕژیم لە دەست ڕاگەیشتن بەم هەدەفەی توشی ناکامی بکات.

هەوڵەکانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ گوڕینی قانونی کار لەسەر ناوەرۆکی گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاری یەکێکی دیكه‌ لە فاکته‌رەکان لە لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا بووە. ئەگەرچی دەوڵەت ئامانجی خۆی لە گۆڕینی یاسای کار و دژه‌ کرێکاری تر کردنی سودئاوەری زیاتری خاوەن سەرمایەکان لە بەشی خسوسی و یان نیوە دەوڵەتی و لە لایەکی دیکەوە هاندانی سەرمایەگوزاری و ئیشتیغاڵ زایی ڕاگەیاندوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بۆ گۆڕینی قانونی کار ئەساسەن روو بە داهاتوە. ڕەوتی بێکار سازیەکان، برەودان بە قەراردادی کاتی، حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاری دیاریکراودا، نەدانی لە کاتی خۆیدای حەقدەستەکان، برەودان بە کاری منداڵان و هیتر....... نیشانی ئەدەن کە زۆرێک لە مادە و بەندەکانی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار بەبێ ئەوەیکە لە لایەن مجلیسەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرابێت و پەسند کرابێت و لایەنی یاسایی وەرگرتبێت لە ژیانی واقعیدا بەکردەوە دەرهاتون. سەرەڕای ئەمانە ئەگەر دەوڵەتی رۆحانی لە ڕاستای داسەپاندنی بێ مافی زیاتر بەسەر کرێکاراندا لە هەوڵدایە یاسای کار بگۆرێت، ئەم هەوڵانە ئەساسەن روو بە داهاتوە. دەوڵەتی رۆحانی به‌نیازه‌ ئەگەر بێتو کۆسپەکانی ئیجرایی بوونی بەرجام لابەرێت و دۆخێکی لەبار بۆ تێکەڵ بوونی زیاتر لەگەڵ بازاڕی جیهانی دابین بکات، ئەوکات بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزارانی دەرەکی و نێوخۆیی، بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێران بە یاسایی کردنی داسەپاندنی بارودۆخی کۆیلەتی و بێ مافی کرێکاران تا ئاستێک كه‌ ئیمکانی هەبێت نیازمەندە. دەوڵەتی رۆحانی دەیەوێ لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا و لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران خاوەنی تەشەکولی چینایەتی و جەماوەری سەربەخۆ لە دەوڵەتن لایەنی یاسایی بدات بەم بێ مافیانە. ئەم هێرشە هەمەلایەنە و ئاشکرایە پێش پەردەی ئیجرای بەرجامە و نیشانی ئەدات کە ئیجرای بەرجام نە نەتەنیا باشتر بوونێک لە کار و ژیانی کرێکاراندا بەدی ناهێنێت، بەڵکوو دۆخێکی فەلاکەتبارتر بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنێ. لەم بواررەدا تەبلیغاتی ئێمە و زەرفیەتە تەشکیلاتیەکانمان دەبێ لە خزمەت پەرەدان بە ناڕەزایەتی کرێکاری لەدژی ئەم هێرشە ئاشاکرایانەدا بێت.

پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردروای کۆنگرەی ١٦، رۆژی شەممە ٢٢ ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ بەرابەر لەگەڵ ١٢ ی نۆوامبری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو. لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵەدا بە پلینۆم و باسەکانی سەبارەت بەو، چووە سەر گرنگترین فاکتۆڕەکانی بەیان و روون کردنەوەی بارودۆخی ئێران و کوردستان لە مەودای نێوان دوو پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا. دواتر به‌مه‌به‌ستی ڕووبوونه‌وه‌ی بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، قسە و باس له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی لە بەشە جۆراو جۆرەکانی کوردستان، عێڕاق، سوورییە و تورکییە کرا  .

بە شێک لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی و باسەکانی پلینۆم تەرخان کرا بۆ ئاخرین ئاڵوگۆڕەکانی بارودۆخی کوردستانی ئێران. ئەگەر لە ئاستی سەرتاسەریدا ڕەوتی بێکار سازییەکان و بوونی زیاتر لە حەوت میلیۆن و نیو بێکار، قەیرانی بێکاری کردۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئاوسان و بەرزتر بوونەوەی نرخەکانی پێداویستی ڕۆژانەی ژیان هەموو رۆژێ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵك بەرەو ژیان بەسەربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا پاڵ پێوەدەنێت، لە کوردستان ئەم بارودۆخە ئاستێکی گەلێک خراپتری بە خۆیەوە گرتوە. شاری کرماشان بەرزترین نرخی بێكاری لەنێو شارەکانی ئێرانیدا هەیە و لە شاری سنە و باقی شارەکانی دیکەی کوردستانیش نرخی بێکاری رووی لە زیاد بوون بووە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا هەژاری و حاشیە نشینی پەرەی سەندوە و خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕادە بەدەرن. بەم حاڵەشەوە ئەم کۆمەڵگایە پڕ جۆش و خورۆش و جوڵەیە. ناڕەزایەتی خەڵکی مەریوان لەدژی قەدەغەکرانی لێخوڕینی دووچەرخە بۆ ژنان، ناڕەزایەتی ئەوان لەدژی نائەمنی جادەکان و ئاوڕ نەدانەوەی کاربەدەستانی حکومەتی لەم مەسەلەیە کە نمونەی دیکەیمان لە شاری پیرانشار بینی و هەروەها ئەو کەمپەینانەی کە بۆ دیفاع لە ژینگە کە لە شارە جۆراو جۆرەکانی کوردستان دەکەوێتە ڕێ دەرخەری ئەو زەرفیەتانەی خەباتن کە حازر و ئامادە لەم کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە.

لەسەر به‌ستێنی ئەم بارودۆخە و سەرنج دانان لەسەر ئەم ڕاستیە کە لەم ساڵانەی دواییدا پشتیوانیە ماڵیەکانی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی لە ڕەوتە ئیسلامیە سوننیەکان لە شێوەی توندڕەو و میانەیدا پەرەی سەندوە، ڕەوتی به‌ ڕواڵه‌ت ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی سوننی لایەنگری ئەحمەد موفتی زادە لەم مانگانەی دواییدا جۆڵەیەکی زیاتریان لە خۆیان نیشانداوە. سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەم ئامانجەی کە لاوانی کوردستان لە کۆمەڵە و لە هەموو جۆرە بیر و بۆچونێکی پێشکەوتن خوازانە و پێشرەو بە دوور بگرێت بە ئاشکرایی چاوپۆشی لە چالاکیەکانی ئەم گوروپە دەکەن. لەم روەوە ئەم باڵە لە ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی ئێران وەک کۆسپێک نابینێت لەبەردەم بەرەو پێش چوونی سیاسەتەکانیدا. ئەم ڕەوتە چالاکیەکانی زیاتر لە پەڕاوێزی شارەکانی باشوری کوردستاندا چڕ کردۆتەوە. ئەم ڕەوتە وێڕای بەرینتر کردنەوەی چالاکیە ئابووریەکانی و دامەزراندنی کۆمەڵێک شیرکەتی بیناسازی و دامەزراوەی بەرهەمهێنان بە وەڕێخستنی کلاسەکانی دەرسی ئینگلیسی و ئاموزشی مۆسیقی و ئامادە بوون لە بوارە جۆراو جۆرەکانی فەعالیەتی فەرهەنگیدا هەوڵ ئەدەن کە پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بەرینتر بکەنەوە. لەوێوە کە گەشەی ئەم جۆرە جەریانە وەک پاشەکشەی سیاسی و فەرهەنگی بۆ کۆمەڵگای کوردستان بە حێساب دێت و دەتوانێ وەک پێگەیەک بۆ دەخاڵەتگەری هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بەکار بێت، تەبلیغاتی ئێمە دەبێ بەرخوردێکی چالاکانەتر لە ڕاستای ئاشکرا کردنی ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم ڕەوتەدا لە خۆی نیشانبدات و هەڵسوڕاوانی ئێمە لەو شوێنانەدا نابێ بێڵن هیچ مەیدانێکی چالاکیە سیاسی و فەرهەنگیەکان ببێتە شوێنی تەڕاتێن و خۆ دەرخستنیان.

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانیدا سیاسەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ناردنەوەی هێزی پێشمەرەگە بۆ نێو خۆی لەژێر ناوی دەست پێکدنەوەی دەورەیەکی نوێ لە خەباتی چەکدارانەی دایەبەر باس. پلینۆم جەختی کردەوە کە گرتنە پێشی ئەم سیاسەتە لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە بە هیچ شێوەیەک پشت بەستو بە فاکتۆڕە نێوخۆییەکان و هەڵسەنگاندنێکی دیاریکراو لە بارودۆخی سیاسی و مەوقعیەتی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان و پێداویستیەکانی بەرەو پێش بردنی چالاکیە نیزامیەکان نەبووە و لەم روەوە هەروەک پێش بینی دەکرا، بەرەو رووی ناکامی بۆتەوە. گرتنە پێشی ئەم سیاسەتە بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەم فاکتۆڕە واقعیانە و سرنجدانە ئەو تەلەفاتە قورس و زیانبارەی کە بەشوێنیەوە بوو بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتەی خوڵقاند کە " قەدەرقودرەتی" خۆی پیشان بدات و ببێتە جێی نیگەرانی خەڵک. ئەودیوی دراوی ئەم سیاسەتە خۆش باوەڕی حیزبی دیموکراتی کوردستانە بە ئیمکانی ئاشتی و پێکهاتن لەگەڵ باڵیک لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کوتانی دەهۆڵی ئامادە بوون بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی. ئەم حیزبە و ڕەوتی پەڕاوێز خراوتری ناسیۆنالیزم لە کوردستان لە کاتی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیشی دەیەمدا بەو پاساوەی کە گۆیا لەم هەڵبژاردنە وەک سەکۆیەک بۆ تەرح و هێنانەگۆڕی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان کەڵک وەردەگرن، بە کردەوە بە ئاڕاستەی ڕەونەقدان بە شانۆیەکی دژی دیموکراتیک بەناوی " هەڵبژاردن" دا هەنگاویان نا.

ئەم ڕەوتانە، چ له‌ئاست مەسەلەی خەباتی چەکدارانە و چ لە بواری وتووێژ لەگەڵ دوژمندا، فاکتۆڕی جەماوەریان بە تەواوی وەلاناوە. تاکتیکی وتووێژ لەگەڵ ڕژیم بەبێ شکڵ گرتنی هاوسەنگی هێزێک کە تێیدا جەماوەری خەڵک لە خەباتی خۆیاندا، ڕژیمیان ناچار بە هاتنە پای مێزی مزاکرە نەکردبێت، و دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکدارانە بەبێ بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی کاریگەری جەماوەری، تەنیا خزمەت بە تەفرەقەی زیاتر لە ڕیزی هێزەکانی نێو بزوتنەوەی کوردستان دەکات.

بە سرنجدان بەو بۆچونانەی سەرەوە سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە جەختی کردەوە کە چالاکیە روتینەکانی تەشکیلاتی لە سەرجەم بوارەکانی تەبلیغ و تەویج و ڕێکخستندا دەبێ پەرە و گەشەیان پێبدرێت. هەڵسوڕاوانی ئێمە بێجگە لە هەوڵدان بۆ ئاوێتە بوون لەگەڵ مەسایلی کرداری خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و ژیان و یارمەتی گەیاندن بە بەرز کردنەوەی وشیاری چینایەتی و سۆسیالیستی و ڕێكخستیان نابێ لە ئاوڕدانەوە لە باقی مەیدانەکانی دیکەی فەعالیەتی سیاسی و فەرهەنگیدا هیچ بۆشاییەک بێڵنەوە. تەبلیغاتی ئێمە دەبێ وێنایەکی گشت گیر لە مەوقعیەتی چینە کۆمەڵایەتیەکان و بێ ڕەبتی ئامانج و سیاسیەتەکانی ئەحزابی ئوپوزسیۆنی بۆرژاویی لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندیەکانی جەماوەری ستەم دیتو پیشان بدات. کاری تەرویجی و سازماندەهی ئێمە پێویستە ببێتە هۆی پەرەگرتنی تەشکیلاتی حیزبی بە شێوەیەک کە لەگەڵ پیوانە عەینیەکاندا شیاوی هەڵسەنگاندن بێت.

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانیدا ئاوڕی لە ئاخرین ئاڵوگۆڕەکانی پێوەندیدار بە عێڕاق، سوریە و تورکیە دایەوە و لەم پێوەندەدا جەختی لەسەر دروستی سیاسەت و هەڵوێستەکانی کۆمەڵە لە بەرانبەر ئەم ئاڵوگۆڕ و روداوانەدا کردەوە.

پلینۆم لە باسی سەبارەت بە ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، گوزارشی فەعالیەتی کۆمیتەی تەشکیلات ناوەوە و تەشکیلاتی ئاشکرای کوردستانی دایەبەر قسەوباس و هەڵسەنگاندن. وێڕای ڕەخنە گرتن لە کەموکوڕیەکان چووە سەر بەشی هێنانە گۆڕی پێشنیار و ڕێکارەکان بۆ باشتر کردنی ئەم چالاکیانە. کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسی سەبارەت بە تەقسیم کار و ئاڕایشی نێوخۆی کۆمیتەی ناوەندیدا، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆرا جۆرەکانی تەشکیلاتی لە جێی خۆیان دانایەوە و کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خەزەڵوەری ١٣٩٥

نۆوامبری ٢٠١٦

 

 

  • ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • چاپكردنی هه‌واڵ چاپكردنی هه‌واڵ
  • ته‌نها به تێکست ته‌نها به تێکست

Tagged as:

هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه

هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ

0