راپۆرتێك له لێكدانه‌وه‌ی گۆرانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێران له پلێنۆم سێهه‌می كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
سێهه‌مین پلێنۆمی كومیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوی كونگه‌ری ده‌هه‌می حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، له رۆژانی ٢١ و ٢٢ی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی ١٣٨٩، رێكه‌وتی ١٢ و ١٣ی ساڵی ٢٠١١ به به‌شداری هاورێیانی كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزب و هاورێیانی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه وه‌كوو چاوه‌دێر، به‌رێوه چوو. هه‌ڵسه‌نگاندنی راپۆرتی سیاسی و ته‌شكیلاتی كومیته‌ی ئیجرایی بۆ پلێنۆم و دابه‌ش كردنی كاری كومیته‌ی ناوه‌ندی ده‌ستووری كاری ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بوون.
١
به‌شی یه‌كه‌می راپۆرتی سیاسی بۆ پلێنۆم بریتی بوو له لێكۆلینه‌وه له گورانكارییه‌كانی مانگه‌كانی رابردووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باكووری ئافریقا. به پێی ئه‌م راپۆرته به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا و زۆرێك له خاوه‌ن بیرانی بۆرژوایی كه ئیدیعا ده‌كه‌ن گویا ئه‌م ئاخێزه جه‌ماوه‌ریانه كاردانه‌وه‌ی لیبرالیزه نه‌بوونی پێكهاته‌ی سیاسی زاڵ به سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌یه، له سه‌ر ئه‌م راستییه پێی داگرت كه ریشه‌ی ئه‌م ئاخێزه جه‌ماورییانه له قه‌یرانی ئابووری نیزامی سه‌رمایه‌داری جیهانی دایه.
كاتێك كه له‌م ده‌وره‌ییه‌دا قه‌یرانێكی ئابووری هه‌موو جیهانی سه‌رمایه‌داری گرته به‌ر، ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ كۆتایی هێنان به ره‌وتی روو له كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی قازانجی سه‌رمایه و بۆ هێنانه خواره‌وه‌ی هه‌زینه‌ی به‌رهه‌م هێنان، له هه‌موو شونێك هێرشیان برده سه‌ر كار و ژیانی چینی كرێكار و توێژه‌كانی كه‌م داهاتی كۆمه‌ڵگاكان. ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری له وڵاتانی پێشكه‌وتوو به خێراتر كردنی ره‌وتی راگواستنی به‌شه‌كانی خزمه‌تگوزاری گشتی له ده‌وڵه‌تییه‌وه بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، به لێدان له بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ره‌ها كردنی قیمه‌ته‌كان، به بێكار كردنی به كۆمه‌ڵی كرێكاران و له بین بردنی ئاسایشی پێشه‌یی، هه‌لومه‌رجێكی دژواریان به سه‌ر چینی كرێكار و به‌ش گه‌لێكی به‌رین له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا سه‌پاند. به‌ڵام ئاكامه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه ئابووریه كه له سه‌رده‌می ئه‌مپریالیزم و جیهانگیری سه‌رمایه‌دا به خێرایی گه‌شت جیهان داده‌گرێت، له وڵاتانی ناسراو به جیهانی سێهه‌م گه‌لێك توندتر خۆی ده‌رخست.
قه‌یرانی ئابووری جیهانی له وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داریه‌وه به‌ره‌و وڵاتانی دواكه‌وتوو، له رێگای داسه‌پاندنی كۆمه‌لێك سیاسه‌تی ئابووری له لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی دارایی نێوده‌وڵه‌تی و هێنانی گوشاری سیاسی بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كان به مه‌به‌ستی به‌رێوه بردنی ئه‌م سیاسه‌تانه، ده‌گواسترێته‌وه. ئاكامی ئه‌م سیاسه‌تانه بریتی بوو له ركوودی ئابووری، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری، قوولبوونه‌وه‌ی ده‌ره‌ی چینایه‌تی نێوان دارا و نه‌دار، په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌لی دارایی و هه‌ژاری و ماڵ وێرانی كۆمه‌ڵانی كرێكار و خه‌ڵكی ده‌ست ته‌نگی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه. به‌رامبه‌ر به وه‌ها بارودۆخێك ده‌وڵه‌تانی ده‌سه‌ڵاتدار له وڵاتانی دواكه‌وتوو بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ته‌نیا رێگایه‌ك كه له به‌رده‌ستیانه و ئه‌ویش بریتیه له توند كردنه‌وه‌ی زه‌نجیره‌كانی دیكتاتۆریه‌ت به سه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كانیاندا.
له وه‌ها بارودۆخێكدایه كه خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له تونێس و میسر و وڵاتانی دیكه‌ی باكووری ئافریقا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، كه ته‌نانه‌ت له هه‌لومه‌رجی ئاسایی به‌رهه‌م هێنانی سه‌رمایه‌داریشدا ئاستی ژیان و به‌رێ چوونیان گه‌لێك له خواره‌وه بووه و به درندانه ترین شێوه چه‌وساونه‌ته‌وه، له ئاكامی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داریدا به چه‌ند قات زیاتر هێرش ده‌كرێته سه‌ر ئاستی ژیان و به‌رێ چوونیان. رژیمه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و وڵاتانه كه له لوتكه‌ی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داریشدا ته‌نیا به پشت به‌ستن به سه‌ركوت و دیكتاتۆریه‌تی ئاشكرا ره‌وتی به‌رهه‌م هێنانی قازانجیان بۆ سه‌رمایه‌داری دابین كردووه، ئه‌م جاره به هێرش بردن بۆ سه‌ر ئاستی ژیان و به‌رێ چوونی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان، كێردیان گه‌یاندووه ئێسقانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ئه‌وانیان كێشاوه‌ته ناو نه‌به‌ردێكی مان و نه‌مان. له وڵاتێكی وه‌كوو میسر كه زیاتر له سه‌دا ٤٠ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له ژێر هێلی هه‌ژاریدا ده‌ژین و ٢٠ ملیۆن كه‌س له دانیشتووانی ئه‌م وڵاته به داهاتێكی به‌رامبه‌ر به ٢ دوڵار له رۆژدا ده‌ژین، له وڵاتانێكی وه‌كوو تونێس، یه‌مه‌ن، به‌حره‌ین و ئه‌وانی تر، كه بێكاری و گرانی زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ماڵ‌وێران كردووه و هه‌موو رۆژێك ژماره‌یه‌كی زۆرتر له خه‌ڵك ده‌خرێنه قورگی هه‌ژاریه‌وه، ئیتر رێگایه‌ك بۆ كرێكاران و خێڵی عه‌زیمی خه‌ڵكی هه‌ژار و ده‌ست ته‌نگ بۆ پاشه‌كشه كردن نامێنێته‌وه. به‌م جۆره‌یه كه ئاكامه‌كانی توند بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری جیهانی له ئالقه لاوازه‌كانی ئه‌م نیزامه‌دا، واته له وڵاتانی دواكه‌وتوو ده‌بێته هۆكاری بلێسه سه‌ندنی ئاوری توره‌یی جه‌ماوه‌ر و ئاخێزی شۆرشگێرانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م ئاخێزانه سه‌ره‌ڕای هه‌ر دروشم گه‌لێك كه له‌م یان له‌و قۆناغدا تێیاندا به‌رزبووبێته‌وه، سه‌ره‌ڕای شكل و شێوه‌ی ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ئاخێزانه، له ناوه‌رۆكی خۆیاندا دژ به نیزامی سه‌رمایه‌دارین. به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌یكه له‌و وڵاتانه‌دا ده‌وڵه‌تانێكی دیكتاتۆر و گه‌نده‌ڵ به پشت به‌ستن به سه‌ركوتی خوێناوی و به تالان و برۆ حكومه‌تیان به سه‌ر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا كردووه، جه‌ماوه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌تانه به هۆكاری هه‌ژاری و بێبه‌شی خۆیان ده‌زانن. كه وابێ ئاساییه كه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئاخێزی جه‌ماوه‌ری رووخاندنی ئه‌م رژیمه دیكتاتۆرانه بكات به ئامانجی خۆی. به پێیه به‌ره‌و پێش چوون و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م خه‌باته ته‌نیا به تێپه‌ر بوون له رووخاندنی دیكتاتۆره‌كان و به گۆرینی پێوه‌ندییه‌كانی ئابووری نیزامی سه‌رمایه‌داری زه‌مانه‌ت ده‌كرێت.
به له به‌رچاو گرتنی ریشه‌ی رووداوه‌كانی شۆرشگێرانه له‌م وڵاتانه، نه رێگا چاره‌ی بۆرژوا-ئه‌مپریالیستی كه بریتیه له لیبرالیزه كردنی پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌و وڵاتانه و شوێن گرتنی به‌رنامه‌كانی ئابووری نێئۆلیبرالی كه هه‌ر ئێستا ده‌وڵه‌تی ئا‌مریكا به یارمه‌تی شێوه كۆدتای ئه‌رته‌ش له میسر خه‌ریكی جێبه‌جێ كردنیه‌تی، نه ره‌وتی ناسیونالیسم و لیبرالی عه‌ره‌بی، لایه‌نگری رۆژئاوا، كه به هێندێك گۆرانكاری له پێكهاته‌ی سیاسی و هێوه‌ركردنه‌وه‌ی ره‌وتی سیاسه‌تی ریازه‌تی ئابووری هه‌وڵ ده‌ده‌ن قه‌یرانه‌كه كونترۆڵ كه‌ن، نه ره‌وتی ئیسلامی سیاسی كه به لیبرالیزه كردنی ستراتیژ و ئامانجی سیاسی خۆی له هه‌وڵی ئه‌وه دایه خۆی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ناوچه‌یی و جیهانی زڵهێزه‌كان بگونجێنێت، ئه‌مانه هیچ كامیان ناتوانن قه‌یرانه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی چاره‌سه‌ر بكه‌ن، كه ئه‌ویش بریتیه له پێكهێنانی گورانكاری له پێوه‌ندییه‌كانی ئابووری نیزامی سه‌رمایه‌داری.
ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب كه له ماوه‌ی ٢٠ ساڵی دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا توانیبووی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان به ده‌سته‌وه بگرێت و هه‌ر له‌م رێگایه‌وه له زۆریه‌ك له‌م وڵاتانه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتبوو، نیشانی دا كه ناتوانی هیچ چه‌شنه گورانكارییه‌ك بۆ باشتر بوونی ژیانی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش به‌دی بێنێت و ته‌نیا به سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه و سه‌ره‌ڕوویی سیاسی توانیبووی له سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه. ئه‌م ره‌وته‌ش كه به پشت به‌ستن به نه‌ته‌وه په‌ره‌ستی عه‌ربی به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا و ئا‌مریكا و دواجاریش به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ی ئیسرائیل له سه‌ر پێ راوستابوو، ئێستا ده‌مێكه خۆی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی ئا‌مریكا له ناوچه‌كه هاوئاهه‌نگ كردووه. ره‌وتی ئیسلامی سیاسیش كه له ده‌وره‌گه‌لێكی قه‌یراناواییدا گه‌شه‌ی كردبوو و به كرده‌وه له پشتیوانی ئا‌مریكا و رۆژئاوا به‌رهره‌مه‌ند بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌مپه‌رێك بێت به‌رامبه‌ر به په‌ره‌سه‌ندنی نفوزی ئیتیحادی شۆره‌وی، ئه‌ویش ئێستا چ له شكلی لیبراڵ و میانه‌ره‌وییدا و چ له شكلی توندره‌وییدا له‌م ناوچه‌یه تاقی كراوه‌ته‌وه. ئه‌م ره‌وته چ وه‌كوو ئۆپۆزیسیونێك و چ وه‌كوو هێزێك كه له ده‌سه‌ڵات دایه، نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه وڵامی واقعی به پێداویستییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه بداته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه به‌ره‌و دوا بردووه و بۆ ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ی ئێستاش هیچ رێگا چاره‌یه‌كی نییه. كه وابوو نه رێگا چاره‌یه‌كی په‌سه‌ندی ئا‌مریكا و رۆژئاوا، نه به‌دیلی ره‌وتی ناسیونالیسم و لیبراڵی لایه‌نگری رۆژئاوا و نه رێگا چاره‌ی ره‌وتی ئیسلامی سیاسی، هیچ كامیان به هۆی پابه‌ند بوونیان به پاراستنی پێوه‌ندییه‌كانی ئابووری سه‌رمایه‌داری، ئیمكانی چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌یان نییه. له هه‌لومه‌رجی ئێستادا ئه‌م ره‌وتانه له بۆشایی نه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ێكی رێكخراوی كرێكاریی و سوسیالیستیدا، ته‌نیا به پاشه‌كشه پێكردن به خه‌باتی جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو و تێكشكاندنی شۆرشی ناته‌واوی ئه‌وان، به هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سه‌ركوتگه‌ر، ده‌توانن به‌دیله‌كانی خۆیان به سه‌ر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكدا بسه‌پێنن.
له هه‌لومه‌رجێكدا كه هیچ كام له به‌دیله بوژواییه‌كان بنه‌مایه‌كی مادده‌یان بۆ دابین كردنی داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نییه، ته‌نیا به‌دیلی سوسیالیستی چینی كرێكاره كه ده‌توانێت به ده‌ست بردن بۆ بناغه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌داری زه‌مینه و ئیمكانی ماددی بۆ دابین بوونی داخوازییه‌كانی ئابووری و ریفاهی و ئازادیخوازانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی سته‌م لێكراو پێك بێنێت و به‌ره‌و پێش چونی شۆرشه‌كه‌یان تاكوو سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری زه‌مانه‌ت بكات. به‌ڵام به‌رده‌وام بوونی چه‌ند ده‌یه ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریه‌ت و نه‌بوونی هیچ چه‌شنه ئازادییه‌كی سیاسی له‌م وڵاتانه، مۆری خۆی له سه‌ر گۆرانكارییه‌كانی شۆرشگێرانه‌ی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ش داكوتاوه. له حاڵێكدا كه هێزه جۆراوجۆره‌كانی ئۆپۆزیسیونی بورژوایی به كرده‌وه له ئیمكانی خۆده‌رخستن و چالاكی سیاسی به‌هره‌مه‌ند بوون، چینی كرێكار و كۆمۆنیسته‌كان به هیچ چه‌شنێك ئیمكانی هه‌ڵسووڕان و رێكخستنی ریزه‌كانی خۆیان نه‌بووه. چینی كرێكار له تونێس و میسر له بارودۆخێكدا هاته ناو قه‌یرانی شۆرشگێرانه‌ی ئه‌م ده‌وره‌ییه‌وه كه رێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تی و حیزبی سیاسی خۆی نه‌بوو. له وه‌ها بارودۆخێكدا هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، كۆر و كۆمه‌ڵه‌كانی كۆمۆنیست رێگایه‌كیان نییه غه‌یری ئه‌وه‌یكه هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م كه‌م و كۆرییانه قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له بارودۆخێكی له‌بار كه خوڵقاوه، به‌دیلی سوسیالیستی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م قه‌یرانه شكل پێبده‌ن.
له‌م ناوه‌دا خه‌باتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له عێراق له ژێر كاریگه‌ری ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا له كاتێكدا دێته ئاراوه، كه ئه‌م وڵاته به هۆی حوزووری ده‌یان هه‌زار هێزی چه‌كداری ئا‌مریكا، سیمای وڵاتێكی داگیر كراوی به خۆیه‌وه گرتووه. سه‌دان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی عێراق له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه مه‌زهه‌بی و میلییه‌كاندا، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی چه‌كداری ئامریكادا، له ئاكامی شه‌ڕ و نه‌بوونی ئاسایش له‌م وڵاته‌دا، گیانی خۆیان له ده‌ستداوه و ئێستاش له هه‌لومه‌رجێكی دژواری ئابووریدان و له گه‌لێك خزمه‌تگوزاری شاریی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێبه‌شن. ئه‌م هه‌لومه‌رجه خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ی بێزار كردووه و ده‌یانهه‌وێت به خه‌باتی راسته‌وخۆی خۆیان رێگایه‌ك بۆ ده‌رباز بوون له‌م بارودۆخه ناله‌باره بدوزنه‌وه. خه‌ڵكی عێراق له ئه‌زمونی خۆیاندا ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه كه سندوقه‌كانی ده‌نگدانیش ناتوانی ئه‌وان له نه‌گبه‌تی كێشه و شه‌ڕ و كوشتاری مه‌زهه‌بی و فرقه‌یی رزگار كات. هه‌ر بۆیه ئێستا به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه به خه‌باتی راسته‌وخۆی خۆیان داهاتوویان بونیاد بنێن. به‌ڵام ئه‌م خه‌باته به هۆی نه‌بوونی رێبه‌رایه‌تێكی رادیكال و شۆرشگێر تا بونیادنانی داهاتوویه‌كی روون هێشتا مه‌ودایه‌كی زۆری له به‌ره، مه‌ودایه‌ك كه ده‌بێ به هه‌وڵ و كۆششی كۆمۆنیسته‌كان پڕ بكرێته‌وه.
له كوردستانی عێراق ماوه‌ی یه‌ك مانگه خه‌باتی ره‌وا و عادڵانه‌ی خه‌ڵك له شاری سلیمانی و چه‌ند شاری ده‌ورووبه‌ری درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌م خه‌باته ئه‌و راستیه مێژوییه و ئه‌م ده‌رس و ئه‌زمونه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستانی ئێران تێدایه كه داخوازییه‌كانی ریفاهی و ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵك، خۆی له خۆیدا له چوارچێوه‌ی هیچ نوسخه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی مه‌سه‌له‌ی میللی‌دا وه‌ڵام وه‌رناگرێته‌وه. به دیهاتنی ئه‌م داخوازییانه ته‌نیا ده‌توانێت به‌رهه‌می خه‌باتی راسته‌وخۆی خه‌ڵكی سته‌م لێكراو و بێبه‌ش له هه‌لومه‌رجی تازه‌دا بێت. په‌ره‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه له سلیمانیه‌وه به‌ره‌و شوێنه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان به هۆی ئه‌وه نییه كه داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی ناڕازی سه‌رتاسه‌ری نییه، به‌ڵكوو رێك به هۆی ئه‌وه‌یه كه كه‌ش و هه‌وایه‌كی جیاواز له ٢ ناوچه‌ی ژێر نفوزی ٢ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار وجوودی هه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یكه ده‌وترێت، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی خه‌ڵك بزووتنه‌وه‌ی گشتی خه‌ڵكی كوردستان به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی لاواز ناكات، ئه‌وه‌یكه هه‌ڕه‌شه له بزووتنه‌وی گشتی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌كات جۆرێك له بێ ته‌فاوه‌تی سیاسی بوو كه چه‌ند ساڵ بوو باڵی به سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا كێشابوو. ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه‌كانی ئه‌م دواییانه ده‌ستپێكێكه بۆ كۆتایی هێنان به‌م بێ ته‌فاوه‌تییه سیاسیه. بێ گۆمان ئه‌گه‌ر داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك وه‌ڵام وه‌ربگرێته‌وه، ده‌توانێ ببێت به ئامرازێكی به‌هێز بۆ گوشار خستنه سه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی له پێناوی به‌دیهاتنی داخوازییه‌كانی وه‌دینه‌هاتووی گشتی خه‌ڵكی كوردستان.
٢
پلێنۆم له باسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به بارودۆخی سیاسی ئێران جارێكی دیكه ته‌ئكیدی له سه‌ر ناوه‌رۆكی راگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزب له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی دوهه‌می خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، كرده‌وه. شه‌پۆلی دووهه‌می خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له ئێران له هه‌لومه‌رجێكدا ده‌ستی پێكرده‌وه كه سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی كودتایی سپای پاسداران نه‌ك هه‌ر ته‌نانه‌ت چینی سه‌رمایه‌داری ئه‌و وڵاته‌شی رازی نه‌كردووه، به‌ڵكوو قه‌یرانی ئابووری ئێرانی قوولتریش كردۆه‌ته‌وه. به‌رێوه‌چوونی یاسای لابردنی یارانه‌كان و درێژه‌ی سزا ئابوورییه‌كان، هه‌ژاری و دژوار بوونی باری گوزه‌رانی خه‌ڵك، كۆمه‌ڵگای ئێران گه‌یاندووه‌ته به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره. درێژه‌ی كێشه و ململانییه‌كانی سپای پاسداران له‌گه‌ڵ به‌شگه‌لێك له رووحانیه‌ت، كه‌لێن و كه‌له‌به‌ری نوێی خستووه‌ته ناو ده‌زگای ده‌سه‌ڵات و ئه‌زمه‌ی ناوخۆی رژیمی په‌ره‌پێداوه. رژیمی كۆماری ئیسلامی كه خه‌ونی ئه‌وه‌ی ده‌دیت ببێت به ده‌سه‌ڵاتێكی باڵاده‌ست له ناوچه‌كه، له ژێر كاریگه‌ری گورانكارییه‌كانی ئه‌م دواییانه و شه‌پۆلێكی به‌هێزی خه‌باتی خه‌ڵك كه رژیمه دیكتاتۆره‌كان یه‌ك له دوای یه‌ك گه‌یاندووه‌ته به‌رده‌م رووخان، له‌م بابه‌ته‌وه ئاسۆی له جارانیش لێل تر بووه‌ته‌وه. رێبه‌رانی رژیم ئه‌بینن كه هه‌ر ئه‌و به‌رنامه ئابوورییه‌ی كه ئه‌وان ئێستا له ئێران بۆ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی ئابووری به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن، هه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه كه ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه به شوێنی‌دا رۆیشتون و ئه‌زمه‌یه‌كی شۆرشگێرانه‌ی له وڵاته‌كانیاندا لێكه‌وتووته‌وه. په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی شۆرشگێرانه و راپه‌رین له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باكووری ئافریقا وره‌ی خه‌باتكارانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانی گه‌لێك به‌هێزتر كردووه و بروا به خۆی ئه‌وانی له خه‌بات بۆ رووخاندنی ئه‌م رژیمه‌دا گه‌ڵێك بردۆه‌ته سه‌رێ.
ئه‌م خه‌باته و كاردانه‌وه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵگای ئێران، بێ ئاسۆیی و بن به‌ستی ره‌وتی ئیسلامی سیاسی و ره‌وتی لیبراڵی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانێك كه وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی گرتۆه‌ته به‌ر، له هه‌مان كاتدا ستراتێژی رێفورمخوازانی حكومه‌تی له ئێرانیشی بۆ ئیسلاحی رژیمی ئیسلامی له چوراچێوه‌ی قانوونی ئه‌ساسی و نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه‌دا و هه‌روه‌ها ستراتێژی لیبراڵیزمی بوژروایی ئێرانی بۆ رووخاندنی رژیم به شێوه‌یه‌كی به ناو "مه‌خمه‌لی"، تووشی بن به‌ست كردۆه.
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ناڕازی له ئێران ئه‌گه‌ر چی هێشتا به ته‌واوی سه‌رپۆشی رێفورمخوازانی حكومه‌تیان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیان نه‌ناوه‌ته لاوه، به‌ڵام به ئاشكرا له ئامانج و ستراتێژی سیاسی ئه‌وان بۆ پاراستنی نیزامی ئیسلامی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و به هیچ شتێك كه‌متر له رووخاندنی رژیم ره‌زایه‌ت ناده‌ن. ئه‌وه‌یكه ده‌بیندرێت ئه‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له ئێران له حاڵێكدا كه هێشتا رێبه‌رایه‌تێكی رادیكاڵ و شۆرشگێری به ستراتێژی روونی سیاسیه‌وه شكل پێنه‌داوه و به بێ ئه‌وه‌ی هێزی پێویستی كۆ كردبێته‌وه، ستراتێژی رووخاندنی رژیمی كردووه به دروشمێكی تاكتیكێ رۆژ. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی خه‌باتكار و له پێشه‌وه‌یاندا لاوانی شۆرشگێر ده‌یانهه‌وێت له رێگه‌ی تاكتیكی خۆپیشاندان و تێكهه‌ڵچوون و بڵاوه كردن، له تاران و له چه‌ند شاری دیكه‌ی ئێران، ته‌كلیفی ئه‌م رژیمه یه‌ك لایی كه‌نه‌وه، كه به ئاشكرا دیاره وه‌ها ئامانجێك له رێگه‌ی وه‌ها تاكتیكێك، هه‌ر چه‌ندیش شكلێكی رادیكالی هه‌بێت، به‌دی نایه‌ت. رژیمی كۆماری ئیسلامی كه ئه‌و خاله لاوه‌زه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران ده‌ناسێت، ئیمكانی ئه‌وه‌ی وه ده‌ست هێناوه كه به جیگیر كردنی ده‌یان هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی له تاران و چه‌ند شاری دیكه، كۆبوونه‌وه‌كانی خه‌ڵك پێش ئه‌وه‌یكه فرسه‌تی ئه‌وه پێدا بكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ ببنه‌وه، هێرشیان بكاته سه‌ر و بلاوه‌یان پێبكات. رژیم له‌م رێگایه‌وه هه‌وڵ ده‌دات كه وره‌ی په‌لامار ده‌رانه‌ی جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو تێكبشكێنت و رێگا نه‌دات كه خه‌ڵك له كۆبوونه‌وه و حوزووری پڕ ئه‌ژماری خۆیان، هێز وه‌ربگرن.
لێره‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك قسه له سه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی گرینگی تاكتیكی خۆپیشاندان له سه‌ر شه‌قامه‌كان و تێكهه‌ڵچوونی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌كانی رژیم نییه. بێ گۆمان ئه‌م تاكتیكه خه‌باتكارانه‌یه مه‌دره‌سه‌یه‌كی گه‌وره‌ی شۆرش و راپه‌رینه و ئامرازێكی كاریگه‌ره بۆ زاڵ بوون به سه‌ر بێ ته‌فاوه‌تی سیاسی و هاندانی جه‌ماوه‌رێكی زۆرتر بۆ ئه‌وه‌ی بێنه مه‌یدانی ئه‌م خه‌باته‌وه. قسه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر دوژمه‌ن خالی لاوازی ئێمه‌ی له‌م قوناغه‌دا ته‌شخیس داوه و به ده‌ستێكی كراوه‌وه هێزه‌كانی كۆده‌كاته‌وه و له دژی به‌ره‌ی خه‌ڵك به كاری دێنێت و به‌رقی سه‌رنیزه‌ی هێزه‌كانی ده‌خاته به‌رچاوی خه‌ڵك، بۆ ئه‌وه چاو ترسێنیان بكات، بۆ چی ئێمه‌ش نابێ خالی لاوازی دوژمه‌ن ته‌شخیس بدێن و له تاكتیكی خه‌باتكارانه‌ی خۆماندا به كار بێنین؟ ئه‌گه‌ر تێكشه‌كاندنی ماشێنی ده‌وڵه‌تی ئه‌و رژیمه له نیهایه‌تدا به راپه‌رینی گشتی و به ده‌ست گرتن به سه‌ر ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتیدا مه‌یسه‌ر ده‌بێت، پێویسته پێشتر خۆمان بۆ ئه‌م به‌ره‌ورووبوونه‌وه چاره‌نووس سازه له سه‌ر شه‌قامه‌كان ئاماده كردبێت. تا كاتێك ئه‌م ئاماده‌ییه به ده‌ست نه‌هاتبێت نابێ له مه‌یدانێكدا ئیمكانی كۆ كردنه‌وه‌ی هێز به دوژمه‌ن بده‌ین كه هێشتا خۆمان بۆ نه‌به‌ردی یه‌ك لایی كه‌ره‌وه له‌م مه‌یدانه‌دا ئاماده نه‌كردبێت.
خالی لاوازی رژیمی كۆماری ئیسلامی وه‌كوو هه‌موو رژیمێكی سه‌رمایه‌داری دیكه له ناوه‌نده‌كانی پیشه‌سازی و له شوێنه‌كانی كار و به‌رهه‌م هێناندایه. به مه‌به‌ستی ئیفلیج كردن و زه‌وی گیر كردنی ماشێنی سه‌ركوتی رژیم پێویسته له ته‌دارۆكی رێكخستنی مانگرتنی كرێكاریی له ناوه‌نده‌كانی كار و به‌رهه‌م هێنان و پێكهێنانی خه‌له‌ل له دامه‌زراوه ئابوورییه‌كانی رژیمدا بین. هه‌وڵدان بۆ رێكخستنی مانگرتنی كرێكاریی و دابین كردنی حوزووری چینی كرێكار له مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی‌دا، ته‌نیا ئه‌ركێك نییه له پێناوی چاره‌سه‌ر كردنی خاله لاوازه‌كانمان له سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵكوو له هه‌مان كاتدا یه‌كێك له كۆله‌كه‌كانی ستراتێژی سوسیالیستی بۆ دابین كردنی رێبه‌رایه‌تی چینی كرێكار به سه‌ر بزووتنه‌وی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران و زه‌مانه‌ت كردنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه. له بارودۆخی ئێستادا كه چینی كرێكار رێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تی خۆی نییه، رێكخستنی مانگرتنی كرێكاریی به راده‌ی نفوزی كه‌لامی هه‌ڵسووڕاوان و پێشره‌وانی سوسیالیست له بزووتنه‌وه‌ی كرێكارییدا گرێدراوه. تۆری له یه‌ك هه‌ڵپێكراوی هه‌ڵسووڕاون و پێشره‌وانی كرێكاری كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ناو جه‌رگه‌ی خه‌باتی كرێكاراندا شكلی گرتووه، ده‌توانێت ده‌ورێكی گرینگ له هێنانه مه‌یدانی چینی كرێكاردا ببینێت.
پلێنۆمی كومیته‌ی ناوه‌ندی به له به‌رچاو گرتنی جێگا و شوێنی بزووتنه‌وی ژنان، بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاران و بزووتنه‌وی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان له خه‌باتی رزگاری خوازانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران، جارێكی دیكه له سه‌ر گرینگی ده‌وری هه‌ڵسووڕاوانی رادیكال و سوسیالیست له ده‌رخستنی ناوه‌رۆكی واقعی به‌رنامه‌ی رێفورمخوازانی حكومه‌تی و ره‌وته‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیونی بورژوایی، ته‌ئكیدی كرد. هه‌ڵسووڕاوان و رێبه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وانه به مه‌به‌ستی پۆچه‌ل كردنه‌وه‌ی وه‌حشیگه‌ری هێزه‌كانی رژیم به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك، ده‌توانن ده‌ورێكی گرینگ له جێ خستنی تاكتیكی مانگرتنی گشتی له ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ببینێن. له هه‌لومه‌رجێكدا كه رژیم له هیچ چه‌شنه وه‌حشیگه‌ریه‌ك له دژی خه‌ڵكی ناڕازی ده‌ست ناپارێزێت، تاكتیكی مانگرتنی جه‌ماوه‌ری و ئێبتێكار گه‌لێكی وه‌كوو نه‌دانی پاره‌ی ئاو و به‌رق و گاز به ده‌سته جه‌معی و شێوه‌گه‌لێكی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه، ده‌توانێت بۆ گۆرینی هاوسه‌نگی هێز به قازانجی خه‌ڵك گه‌ڵێك به كه‌ڵك بێت و ئارامشی ده‌روونی هێزه‌كانی دوژمه‌ن بشێوێنێت.
٣
پلێنۆم له ره‌وتی باسه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له ته‌شكیلاتییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی دامه‌زراوه‌كانی حیزبی‌دا، ته‌ئكیدیكی تایبه‌تی له سه‌ر كاركردی كانالی ته‌له‌فزیونی كۆمه‌ڵه كرد. به پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه له ناوه‌وه‌ی وڵاته‌وه ده‌گه‌ن، ژماره‌ی بینه‌رانی ته‌له‌فزینی كۆمه‌ڵه له ئاستی ئێران‌دا گه‌لێك زیادی كردووه. زۆربوونی ژماره‌ی بینه‌رانی ته‌له‌فزیونی كۆمه‌ڵه ئه‌گه‌ر چی تا راده‌یه‌ك به هۆی باشتر بوونی نێسبی به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیونه‌وه بووه، به‌ڵام ئه‌ساسه‌ن به هۆی گۆرانكارییه سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه و ئێران و روو تێكردنی به‌ربڵاوی خه‌ڵك له شه‌به‌كه ته‌له‌فزیونه غه‌یره ده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌وری ئه‌م شه‌به‌كانه له بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری‌دا بووه. ئه‌م گۆرانكارییانه و ئه‌م چاوه‌روانییه‌ی كه به تایبه‌ت له ته‌له‌فزیونی كۆمه‌ڵه ده‌كرێت، كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی تازه‌مان ده‌خاته سه‌ر شان. له‌م پێناوه‌دا پلێنۆم له سه‌ر ئیسلاحی شێوه كار و مودیریه‌تی به‌رێوه به‌رایه‌تی ته‌له‌فزیونی كۆمه‌ڵه، ته‌ئكیدی كرد. ئه‌م ناوه‌نده ئه‌بێ بتوانێت به پێكهێنانی هاوئاهه‌نگیه‌كی زۆرتر له به‌ینی ئاماده كارانی به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیون، ئه‌م زه‌رفیه‌ته بخوڵقێنێت كه ته‌له‌فزیون به‌رامبه‌ر به رووداوه گرینگه‌كانی رۆژ كاردانه‌وه‌یه‌كی خێراتری هه‌بێت. هه‌روه‌ها پێویسته ئاستی تیكنیكی ته‌له‌فزیون به مه‌به‌ستی پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌كان به شێوه گه‌لێكی سه‌رنج راكێشتر، بچێته سه‌رێ. كاری ته‌له‌فزیونی كۆمه‌ڵه ده‌بێت بگاته ئاستی ئه‌و چاوه‌روانییانه‌ی كه لێی ده‌كرێت.
بابه‌تێكی دیكه‌ی پلێنۆم بریتی بوو له دابه‌ش كردنی كار له ناو ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندیدا. له‌م به‌شه‌دا وێرای هه‌ڵسه‌نگاندێكی كۆرت له كار و چالاكی ئورگانه‌كانی ناوه‌ندی، پێشنیاری به كه‌ڵك بۆ باشتر كردنی كاری ئه‌م ناوه‌ندانه هاته گۆرێ. پلێنۆم له دوایین بابه‌تی كاری خۆیدا كومیته‌یه‌كی ٥ كه‌سی له ئه‌ندامانی خۆی بۆ به‌رێوه‌بردنی كار و باری حیزب له نێوان ٢ پلێنۆم دا هه‌ڵبژارد.
كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
١ی خاكه‌ڵێوه‌ی ١٣٩٠
٢١ی مارسی ٢٠١١




